هێمن سەیدی
لە فارسییەوە: مەسعوود مەناف
جەژنەکانی شێستەمین ساڵوەگەڕی پاشایەتی شاژن "ئێلیزابێتی دووهەم"، پەیامێکی تایبەتی بۆ هەژمارێکی زۆر لە ئێرانییەکان پێبوو و هاوکات، بۆ هەژمارێکی تر زیندووکەرەوەی هەندێک بیرەوەی تاڵ بوو. ئەوەی کە لە باکینگهام لە ئارادایە، دەیتوانی کە لە کۆشکی سەعدئابادیش لە ئارا دابێ، بۆیە کە بەر لە شۆڕشی ساڵی 1357، هەر دوو حکوومەتی بریتانیا و ئێران، بە فەرمی، "پاشایەتی مەشرووتە" بوون بەڵام بە کردەوە، مەشرووتەبوونی پاشایەتی لە ئێران،تەنیا ڕەستەیەک بوو کە لە یاسای بنەڕەتی وڵات دابوو و لە کردەوەدا هەست بە بوونی نەدەکرا.
ئەحمەد شای قاجار بەڵکوو یەکەم کەسێک بوو کە پوتانسیەلی مەشرووتەبوونی تێدابوو و دەیتوانی دەیان ساڵ دواتریش شایەتی جەژنی بەدەسەڵاتگەیشتنەکەی بێت. پاشایەک کە هەر کات سووکایەتییەکی پێدەکرا یا تۆمەتێکی دەخسترایە پاڵ، بە پێچەوانەی پاشاکانی پێشووتر لەخۆی، دەڕۆیشتە دادگا و سکلاڵایەکی تۆمار دەکرد. ئەوەندە دێمۆکرات بوو کە ناوی "سوور و سۆسیالیست"یان لێنابوو، بۆیە کە ڕێزی لە هەموو کەس دەگرت. ناوبراو بە کودەتایەک دەسەڵاتی لێ زەوت کرا و لایەنگرانی ئەو کودەتایە تاکو ئێستاش هەوڵ دەدەن، سەرەداوێکی ناوخۆیی بۆ بدۆزنەوە بەڵام بەڵگەکانی پێوەندیدار بە دەستێوەردانی دەرەکی لە کودەتاکەدا تۆکمەتر و جێیی متمانەترن. کودەتای ئاماژەپێکرا، کۆتایی بە پاشایەتی مەشرووتە لە ئێران هێنا و چوار دەرفەتی مێژووییش کە بۆ گەڕاندنەوەی سیستمی پاشایەتی مەشرووتە -کە دەکرا کەلكی لێوەرگیرێ و لە درێژەی وتارەکە دا باسیان لێوەدەکرێ- بەفیڕۆ چوو.
سەردەمی ڕەزاشا
هۆکار و ئاماژەگەلێکی زۆر هەن بۆ ئەوەی کە بڵەین ڕەزاشا پابەند بە پاشایەتی مەشرووتە نەبووە و ئەمەش بە گوێرەی پێویست باسی لەسەر کراوە. تەنانەت لایەنگرە هەرە توندڕۆکانیشی ناتوانن ناوبراو وەک "پاشایەکی مەشرووتە" پێناسە بکەن و تەنیا پاساوێکی لە بەرانبەر ئەو ئیدعایە دەیهێننەوە ئەوەیە کە سەردەمی ڕەزاشا، سەردەمی "تێپەڕبوون" بووە. سەردەمێکی کە بیست ساڵی خایاند و ئاخیریش نەزانرا کە بڕیار بوو "تێپەڕین" لە چی بێت و بە کوێ بگات؟ گەلۆ "سەردەمی تێپەڕبوون" لە ناهێمنی و ئاڵۆزی بوو؟ خۆ ناوبراو وڵاتی لەوپەڕی ئاڵۆزی و ناهێمنایەتی دا ڕادەست کرد! گەلۆ "تێپەڕبوون" لە گرێدراوێتی بە بێگانان و گەیشتن بە سەربەخۆیی بە تەواو مانا بوو؟ خۆ ئەو وڵاتەکەی ڕادەستی نەک یەک دوژمن، بەڵکوو سێ دوژمنی بیانی کرد! گەلۆ سەردەمی تێپەڕبوون لە پێوەندی سالاری بە لێهاتوویی سالاری بوو؟
ئیتر جێگەی ئەوەش نیە کە باس لەو کۆمەڵە پاڕادۆکسە بکەم کە سەبارەت بەو دێتە گۆڕ بۆ وێنە، تێپەڕبوون لە دێسپۆتیسم بۆ مۆدێرنیسم، لە نەزانی بۆ ڕۆشنبیری، لە بەربڵاوی بۆ یەکگرتوویی و ... کە هیچ کامیان تێپەڕبوون لەو شتانە نەبوون کە ئیدعا دەکرا و نەشگەیشتنە هیچ یەک لەو ئاکامانەی کە چاوەڕوان دەکرا. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، نووسراوەکە لە سەر قەبووڵی ئەو بنەمایە دەبەینە پێش کە سەردەمی ڕەزاشا بە سەردەمی تێپەڕبوون، پێناسە دەکات و ئەو گریمانە کە ناوبراو دەرفەتی نەبووە پاشایەتی مەشرووتە بەکردەوە پێڕەوبکات و هەر بۆیەش تەنیا سەردەمی 37 ساڵەی دەسەڵاتداری کوڕەکەی دەخەینە بەر باس و گفتگۆ.
چوار دەرفەتێک لە محەممەد ڕەزا شا لە کیسی دا
پاش لەسەرکار لادرانی ڕەزاشا، سەڕەڕای دادگایی و سزادانی هەژمارێک لە بەرپرسانی حکوومەتەکەی، کوڕەکەی بوو بە جێگری ناوبراو. (هەندێک حەز دەکەن، رۆڵی کەسایەتی ناوخۆیی پڕڕەنگ بکەنەوە، بەڵام دواتر ئاماژە بەوەش دەکرێ کە لەو سەردەمەش دا، هەر وەک کودەتای باوکی، ئەو بڕیارەش لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە گیرابوو). هەموو دەرفەتێک ڕەخسا بۆ ئەوەی کە محەممەد ڕەزا شا، ببێتە پاشایەکی مەشرووتە و پابەند بە یاسایی بنەڕەتی وڵات. ئەو بە پێچەوانەی باوکی، کەسێکی خوێندەوار بوو، ژیانی ئەورووپا و وڵاتانی پێشکەوتووی تەجربە کردبوو، دەرفەتی خوێندن لە باشترین قووتابخانە تایبەتەکانی دنیایی بۆ ڕەخسابوو و لە نزیکەوە سیستەمی پاشایەتی مەشرووتەی چەند وڵاتی دیتبوو. بەڵام ئەویش نە تەنیا نەبوو بە پاشایەکی پابەند بە مەشرووتە بەڵکوو، چوار جاریش ئەو دەرفەتەی لەکیس دا کە خۆی لەگەڵ ئەو سیستمە بگونجێنێ.
یەک
لە چەند ساڵی سەرەتایی دەسەڵاتداری ناوبراو دا، کەش و هەوایی ئازادی سیاسی – بەناچار و لە ژێر شوێندانەری هەل و مەرجی پاش ناردنی ڕەزاشا بۆ مەنگا- لە وڵات جێگیر ببوو. حیزبی سیاسی شکڵیان گرت و چاپەمەنییەکان دەستیان کرد بە تەمرینی پیشەیی بوون و دێمۆکراسی. ڕێکخراوەکان و سەندیکاکانی سنفی دامەزران و سەرەڕای هەموو کەم و کورتییەکان، هەڵبژاردنگەلێک بەڕێوەدەچوو.
بەڵام حەوت ساڵ دوایی بەدەسەڵات گەیشتنی، پاشای گەنج و خوێندەوار، هەر لە یەکەمین بیانووی دا کە بۆی هەڵکەوت، ڕێی باوکی گرتە بەر. نە تەنیا کەش و هەوای ئاوەڵای سیاسی/ کۆمەڵایەتی کۆتایی پێهێنا بەڵکوو دەستیوەردایە ناو دامەزراندن و لەسەرکار لابردنەکانی بەرپرسان، هەڵبژاردنی پارلەمان، بەڕێوەبەرایەتی ئەرتەش و .. تەنانەت ئەو مڵک و مەزرایانەشی کە باوکی پێشووتر داگیری کردبوو و پاش لەسەرکار لادرانی، درابۆوە خاوەنەکانیان یا گەڕێندرابۆوە گیرفانی خەڵک، دیسانەوە دەستیان بەسەر داگیرایەوە. ئەو نیشانی دا کە سەرەڕای جیاوازییەکان، زۆریش وەک باوکی خۆی دەچوو.
دوو
دوای ئەو سەرکەوتنەی کە پاش بزووتنەوەی بەنیشتمانی کردنی سەنعەتی نەوت و پەرەسەندنی خۆشەویستی موسەدیق، محەممەد ڕەزا شا، پاشەکشەی لە شوێنپێگەی چەند ساڵ پێش خۆی کرد و بەڵێنی دا کە ئەو سەڵتەنەت بکات و موسەدیقیش حکوومەت. ناوبراو دەیزانی کە نە لە ناوخۆی وڵات، کەش و هەوا بۆ دیکتاتۆریەتی تاکەکەسی گونجاوە و نە لە دەرەوەی وڵاتیش، دیکتاتۆرەکان، لە ڕەوشێکی باش دان. شەپۆلێکی بەرفراوان لە ناڕەزایەتی دژ بە پاشا و سوڵتانەکانی دیکتاتۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕواست و ئافریقا دەستیپێکردبوو.
محەممەدڕەزا شا لانیکەم لەوە دڵنیا بوو کە موسەدیق مەشرووتەخوازە و نایەوێ کە سیستەمی پاشایەتی لەناوبەرێ، کەوابوو دیسان، بە ناچاری، دەرفەتێکی کەوتە دەست کە پاشایەتی مەشرووتە بێت بەڵام دیسان لەیەکەم دەرفەت دا کە بۆی هەڵکەوت، تێکەڵ بە کودەتایەک بوو کە دیسان لەوپەڕی سنوورەکانەوە پلانی بۆ داڕێژڕابوو و پاش سەرکەوتنی کودەتاکە، دیسان خۆی بووە بە تاکە دەسەڵاتی ڕەهای وڵات.
سێ
دە ساڵ دوایی ئەو ڕووداوە، کەسایەتییەکی سەربەخۆ، خوێندەوار، بە ئەزموون بەناوی دوکتۆر "عەلی ئەمینی"، بوو بە سەرۆک وەزیری وڵات. ئەوەش هەڵبەت نەک لە بەرەکەتی گۆڕانی بیروبۆچوونی باوەڕەکانی محەممەد ڕەزا شا، بەڵکوو، لە ژێر شوێندانەری بەدەسەڵات گەیشتنی "جان ئێف، کێنێدی" لە ئەمریکا بوو. لە کۆشکی سپی، دوایین هۆشدار بە پاشای دیکتاتۆری ئێران درابوو کە سیاسەتەکانی ئەمریکا گۆڕانی بەسەر داهاتووە و لەمەودوا ناتوانێ، وەکوو پێشوو، پشت ئەستوور بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بێت مەگەر ئەوەی کە چاکسازی بکات و پلانی چاکسازی ئابووری، کۆمەڵایەتی و لە ئاکام دا، سیاسی ئامادەکراوی ڕاوێژکارانی کێنێدی، خاڵ بە خاڵ جێبەجێ بکات. بڕیار درا کە لەو چاکسازییە، تەنیا عینوانەکەی بۆ شا بە میرات بمێنێتەوە و پڕۆژەکە ناوی "شۆڕشی شا و میللەت" ناوبنرێ بەڵام گەڵاڵەداڕێژ و بەڕێوەبەری سەرەکی، عەلی ئەمینی سەرۆک وەزیر بێت. دیسانیش ئەو دەرفەتە زێڕینە، پاش تیرۆری جان ئێف کێنێدی لە ئەمریکا، بۆ محەممەدڕەزا شا لەکیس چوو. هەم دوکتۆر عەلی ئەمینی، سەرۆک وەزیر، لە سەر کار لابرا و هەم چاکسازی بەلاڕێدا ڕۆیشت و هەم پاشا دیسان بۆوە دیکتاتۆرەکەی جاران.
چوار
پازدە ساڵ پاش ئەو ڕووداوەش و دوابەدوایی پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکان، محەممەد ڕەزا شا، لە نوتقێکی تەلەفزیۆنی ناسراو دا، بە خەڵکی ئێرانی وت کە "دەنگی شۆڕشی ئێوەم بیست". تا ئەو کات، هێستا، کەسانێک لە ناو دژبەرانی پاشا پەیدا دەبوون کە لە بەرانبەر بە گاڕانتی کردنی چاکسازییەکی ڕاستەقینە و بەرفراوان و دەستێوەرنەدانی شا لە کاروباری حکوومەتی، ئامادەبوون کە پەیامەکەی بە جیددی وەربگرن. کەسانێک وەک شەریعەتمەداری، بازرگان، فرووهەر، بەختیار و هتد هێستا نەببوونە شۆڕشی و ڕووخێنەر. بەڵام شا لە کردەوەیەکی تەواو بە پێچەوانەی روحی پەیامەکەی، بە جێگەی کەڵکوەرگرتن لەو کەسایەتیانە، کەسێکی دەرباری چەکداری گوێڕایەڵی خۆی کردە سەرۆک وەزیر و حکوومەتێکی نیزامی پێکهێنا و بەم شێوە، دوایین دەرفەتی بۆ مەشرووتە بوونی پاشایەتی لەکیس خۆی دا. ناوبراو سەڕەڕای ئەوەی کە لە پەیامەکەی پێشووتری دا وتبووی کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی دا، تووشی کۆمەڵێک هەڵەی گەورە بووە، بەڵام لە وتووێژەکانی پاش چوونەدەری لە وڵات، کارنامەکەی خۆی پاراست و نیشانی دا کە هیچ پابەندی پەیامەکەی خۆی نەبوو کە وتبووی "دەنگی شۆڕشی ئێوەم بیست".
بۆچی محەممەدڕەزا شا نەیتوانی پاشایەکی مەشرووتە بێت؟
لە هەر چوار دەرفەتی کە ئاماژەیان پێکرا، مەشرووتەخواز بوون، ڕێگەیەکی دەرچوون بوو، بۆ ئەوەی محەممەدڕەزا شا، دەسەڵاتەکەی خۆی بپارێزێ و دووبارە بگەڕێتەوە بۆ تاج و تەخت و هەموو جارێ دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی پێش بە لەناوچوونی کۆی دەسەڵاتداری و حکوومەتەکەی بگرێ و شوێن پێی خۆی و بنەماڵەکەی بپارێزێ. لە ڕاستیدا، مەشرووتەخوازی، هەرگیز بۆ ناوبراو، بژارێکی دڵخوازانە نەبوو.
یەکەم جارم پەیامێکی پێگەیشت، پەیامێک لە لایەن دوو لە سێ وڵاتی داگیرکەری ئێران [شۆڕەوی و ئەمریکا] کە بژاری "کۆمار"یان بۆ ئێران هێنابوویە بەر باس و مەترسییەکە جیددی بوو و ئەگەر پێداگری و دژایەتی ئەمریکا نەبا، ئەو بژارە لەسەر مێز لانەدەچوو. جاری دووهەم، دیکتاتۆریەتی ناوبراو، ببوو بە هۆی ئەوەی کە دەنگی کۆماریخوازی، نەک لە دەرەوەی وڵاتەوە، بەڵکوو لە ناو لایەنگرانی موسەدیقەوە ببیسترێ، بە شێوەیەک کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، زۆر بە ئاشکرا، باسی لە گۆڕانی سیستەمی سیاسی دەکرد. لە دەرفەتی سێهەمیش دا، دەیزانی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەڕەشەکانی سەر سیستەمی پاشایەتی ئێرانی بە ئاشکرا دیتبوو و بە ناوبراوی گەیاندبوو. بۆ وێنە هەر لە جیرانێتی وڵاتەکەی، لە عێراق، بنەماڵەی پاشایەتی ئیعدام کرابوون. لە دوایین و چوارەمین دەرفەتیش دا، محەممەدڕەزا شا، تەنیا ئەرکی ئەوەبوو کە تێکستی نووسراوەیەک بخوێنێتەوە کە ڕاوێژکارانی بۆیان نووسیبوو و لە راستیدا ئەوەی کە بۆخۆی دەیزانی و ئەوەی کە دەیگووت و دەیکرد، هیچ پێوەندییەکیان پێکەوە نەبوو.
لەڕاستیدا هەرچوار جار، مەشرووتەخوازی و ئیدعای "سەڵتەنەت"ی تەنیا نەک "حکوومەت"، بیانوویەک یا ئامرازێک بوو بۆ ڕاگرتن یا گەڕانەوە بۆ دەسەڵات. بەڵام لە دوایین دەرفەت دا، بە پێچەوانەی جارەکانی پێشوو، ئەو خۆدزینەوە نەیتوانی کاریگەر بێت و دوایین پاشای ئێران، هاوکات، سەڵتەنەتی خۆی و دەرفەتی بە مەشرووتەبوونی ئێرانی بە با دا!
تێبینی: ئەو وتارە، لە ماڵپەڕی بیبیسی فارسیدا بڵاوکراوەتەوە