رێبوار کەریم وەلی
11 رۆژ بەسەر هەڵگەڕانەوە شكستخواردووە سەربازییەكەی توركیادا تێپەڕی. بەڵام رۆژ بە رۆژ پرسیارەكان و گومانەكان لەوبارەیەوە زیاتر و زیاتر دەبن. پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە ئایا ئەوەی روویدا سیناریۆیەكی رێكخراو بوو، یان بەڕاستی هەوڵێكی لەو چەشنە هەبوو؟ لە مێژووی توركیادا، چوار كودەتا هەن كە تەنیا یەكێكیان بە هەڵگەڕانەوەی ناو سوپا (واتا سەرۆكی ئەركانی سوپا لەگەڵ كودەتادا نەبووە) سەری گرتووە. هەڵگەڕانەوەی سەربازیی 1971 كە ژمارەیەك ئەفسەر كردیان و سەری گرت. نموونەی سەركەوتووی ئەو هەڵگەڕانەوانە لە وڵاتانی عەرەبیش گەلێك زۆرن كە زۆربەیان لەژێر ناوی ئەفسەرانی ئازاددا، كران و رێڕەوی مێژوویان گۆڕی.
هەر لە چركەساتی یەكەمی راگەیاندنی كودەتاوە، پەنجەی تۆمەت بۆ فەتحوڵڵا گولەن درێژ كرا. ئەم تۆمەتباركردنە لایەنێكی لۆژیكیی تێدایە، بەوپێیەی لە دەرەوەی پارتە سیاسییەكانی توركیا، تاكە هێزێك كە بتوانێ ئەو هەموو هێزە لە خۆیدا كۆبكاتەوە، تەنیا بزووتنەوەكەی فەتحوڵڵا گولەنە، چونكە لە 2008 ەوە لەژێر ناوی دۆسیەی ئەرگەنەكۆن، ریزەكانی سوپا لە تێكڕای ئەو كەسانە پاك كراوەتەوە كە گومانی كودەتایان لێ دەكرا. ئینجا دوای رووداوەكانی 17 تا 25ی كانوونی یەكەمی 2013، ئەردۆغان قۆڵی لە پاكتاوكردنی لایەنگرانی گولەن لە هەموو بوارەكاندا هەڵماڵی و لە سێ ساڵی رابردوودا، بە هەزاران پۆلیس، دادوەر و سەرمایەدار و...هتد، لە كار دوورخرانەوە. بەڵام خاڵی سەرنجڕاكێش ئەوە بوو كە هەر لە بەرەبەیانی رۆژی 16ی مانگدا لیستی هەزاران كەس لە ریزەكانی سوپا، پۆلیس، ئاكادیمیسیەن، دادوەر و تەنانەت خەڵكی ئاسایی بڵاوبوونەوە كە گومانیان لێ كراوە پەیوەندییان بە هەوڵی كودەتاوە هەبووبێ!
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو حەجمە گەورەیە لەو كەسانەی كە لە ملی سەربازی و سیڤیل دەستبەسەر و دەستگیركراون، ئەو راستییە بەدەردەكەوێ كە یان ئەوەتا حكومەتی توركیا لاوازیی زانیاریی هەبووە، یانیش بە تەواوەتی ئاگای لە هەوڵی كودەتاكە هەبووە و خۆی لێ نەبان كردووە تا بیكات بە بیانوویەك بۆ هەموو ئەو كردارانەی ئێستا دەیانكات.
پرسیاری ترسناك!
گومان و پرسیار، یەكێكە لە جیاوازییە بنچینەییەكانی نێوان مرۆڤی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی. رۆژئاوایی گومان دەكات و دواتر بڕیار دەدات، بەڵام رۆژهەڵاتی بە پێچەوانەوە دەجوڵێتەوە، دواییش كە گومانی كرد، ئیتر كار لەكار ترازاوە. دە رۆژە نە میدیا و نە سیاسەتی توركیا رێگە بە خۆیان نادەن هیچ پرسیارێك لە خۆیان بكەن و حكومەت (بە ئامادەسازیی پێشوەختەوە) گەمە بە سایكۆلۆژییەتی مێژوویی خەڵكی توركیا دەكات. ئەوان دەزانن كە خەڵكی توركیا چییان لە كودەتاچییەكان چەشتووە و، دڵنیان لەوەی كە كەس ناتوانێ پشتیوانی كودەتاچییەكان بێت. بەڵام ئەو سەربازانەی كە هەوڵی كودەتایان دا، شارەزای ورد و درشتی مێژووی توركیان و باش دەیانزانی كە ناتوانن بە میتۆدی 40 ساڵ پێش ئێستا و بە بەرچاوی هەموو دنیاوە كودەتا بكەن.
سەرانی حكومەت دەڵێن كە هەواڵی كودەتاكەیان لە خزم و دۆست و نزیكەكانی خۆیانەوە بیستووە! ئەوەش لە كاتێكدایە كە دەزگای هەواڵگریی توركیا سەعات چواری پاش نیوەڕۆی 15ی تەمموز هەواڵی كودەتایان پێگەیشتووە، لەوبارەیەوە سەرۆكی میت هاكان فیدان كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەركانی سوپا كردووە، ئایا رێی تێدەچێت هاكان فیدانێك كە بووە هۆی ئەوەی نێوانی ئەردۆغان و فەتحوڵڵا گولەن لە 2012دا تێكبچێت، تا سەعات 10ی شەو هیچ زانیارییەكی بە ئەردۆغان نەدابێت و زاواكەی ئەردۆغان خەبەرداری كردبێت!؟ چۆن دەبێ 40 سەربازی پسپۆڕ بچن بۆ دەستگیركردنی ئەردۆغان، بەڵام ئادرێسی هوتێلەكە نەزانن و لە خەڵكی سەر جادە بپرسن؟ چۆن فڕۆكەكەی ئەردۆغان توانی بێتەوە ئیستانبوڵ؟ چۆن حكومەت توانی دوای هەوڵی كودەتا، بێ ئامادەسازی ئەو هەموو زانكۆ، قوتابخانە و نەخۆشخانەیە دابخات؟ ئەو هەموو خەڵكە لابدات و دەستگیریان بكات؟ ئەوانە دەیان پرسیاری دیكەی بێ وەڵامن.
ئەڵبەتە هیچكەس ناتوانێ بڵێ كە ئەوەی لە شەوی 15 لەسەر 16ی تەمموز لە توركیا روویدا، هەمووی سیناریۆ بووە و ئەو هەموو ژەنەراڵ و پلەدارەش ئاگایانە خۆیان كردووەتە قۆچی قوربانی، بەڵام گومان لەوەدا نییە كە كەسانێك، پاشماوەی بچووكی لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەنیان لەناو سوپا و دامەزراوەكانی دیكەدا، پاڵ پێوە نا بۆ ئەوەی دەرگا بەسەر ئەو تەسفییە گەورەیەدا بكەنەوە كە ئێستا لە توركیادا لە ئارادایە.
مەترسیی كودەتا ماوە؟
سێ تیۆری هەیە، یەكیان ئەوەی كە كەمالیستەكان جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەنیان لەناو سوپادا پاك كردبێتەوە (كە خۆیان بە مەغدووری كودەتاكان دەزانن)، بیرۆكەی دووەم ئەوەی كە هەڵگەڕانەوەكە گەمەیەك بێت بۆ بەرزكردنەوەی پلەی سەربازیی ئەوانەی دەیانویست پێش شوورای باڵای سەربازی بەسەر بكەون و، بیرۆكەیەكی دیكەش دەڵێ حكومەت هەردوو گرووپی فەتحوڵڵاچی و كەمالیستی بەگژ یەكدا كرد و، كۆتایی بە رۆڵی سوپا لە كایەی سیاسیدا هێنا.
بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئێستا ئەردۆغان دەیەوێ دامەزراوەی سوپا كە تا راددەیەك سەربەخۆیی هەبوو، پارچە پارچە بكات و بیخاتەوە ژێر فەرمانی حكومەت. بەوەش هەوڵی كودەتای سوپا بكرێتە بیانوویەك بۆ ئەوەی كە سوپا توانای كودەتای نەمێنێت و بەوەش تیرێك و دوو نیشان، لە كۆڵ هەژموونی سوپا و هەژموونی گولەن دەبێتەوە.
یەك رستەش بۆ ئەوانەی دڵیان بە كودەتا خۆش بوو، ئەگەر كودەتا سەری گرتبایە، پەیوەندیی پارتی و توركیا نەك هەر تێك نەدەچوو، بگرە باشتریش دەبوو.
27/7/2016