فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

ناسر باباخانیnaser babaxani

لە توركیا تەنانەت لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانییشدا كودەتا وەك نەریتێكی باو بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی بەكارهاتووە، تەنانەت سەری چەند سوڵتانێكی عوسمانیشی خواردووە و لە سەردەمی كۆماری توركیاشدا، لە ساڵی 1960ـەوە تا ئێستا نیزیكەی 6-7 كودەتا روویانداوە كە رەنگە كودەتای سەركەوتووی ساڵی 1980 بە سەركردایەتی ژەنڕاڵ كەنعان ئێڤرەن تەنیا وێكچوونی لەگەڵ كودەتای ئەمجارەیان یەك شت بێ، ئەویش ئەوە بوو كە 36 ساڵ لە پاش 12ی ئەیلولی 1980، دیسان تانكەكانی سوپا رژانە سەر شەقامەكان و هیچی دی! بەڵام پرسیار ئەوەیە سەرەڕای بەسەرچوونی سەردەمی كودەتاكان، بۆچی كودەتای 15ی تەمووز سەرنەكەوت؟ بە باوەڕی من دەكرێ سێ یاریكەری سەرەكی بۆ ئەم سەرنەكەوتنە دەستنیشان بكەین:

(1) رای گشتی:

شەقام بە شێوەیەكی راستەوخۆ هەر لە یەكەم ساتەكانی كودەتا لە پاش بانگەوازەكەی ئەردۆغان لە مەڕمەڕەوە كە گوتی: وەرنە مەیدان منیش دێم! دژكردەوەیەكی زۆر خێرای لەخۆی نواند. خەڵك رژانە سەر شەقامەكان بۆ پشتیوانی لە دەوڵەت (ئەوەی من لە ناوەندی ئاناتۆلی بە چاوی خۆم بینیم ئامادەیی ئەم خەڵكە بوو بۆ گیانبەختكردنیان لە پێناو مانەوەی دەسەڵات)، میدیا و سۆشیال میدیا دەورێكی بەرچاویان بینی بۆ راوەستان لە بەرامبەر كودەتاچییەكاندا، تەنیا لە هەندێ ناوچەی دوو گەورە شاری ئانكەرەی پێتەخت و بە تایبەتی ئیستانبوڵ شڵەژانێكی كورتخایەن دیترا و لە شارەكانی دیكە بەپێچەوانەوە هەستی هاوسۆزی بۆ دەوڵەت جەماوەری هێنایە سەر شەقام، كودەتاچییەكان چەند شوێن و بنكەیەكی - بە باوەڕی خۆیان گرینگ -ی وەك فڕۆكەخانەی ئیستانبوڵ، والیلیكی ئیستنابوڵ، بارەگای TRT و پارلەمانیان لە ئانكەرە بۆ ماوەیەكی كاتی خستە ژێر كۆنترۆڵ، بەڵام مەیدانی تەقسیم و پردی گەورەی ئیستانبوڵ بوو بە ناوەندی كۆبوونەوەی خەڵك و هاوكێشەكانی گۆڕی، دەوری پیاوانی ئایینی و مزگەوتەكان یەكجار گرینگ بوو بۆ جاڕدان و رێكخستنی جەماوەر بۆ پرۆتێستۆكردنی كودەتا، هەر لە شەوی كودەتاكەوە واتە 15ی جوڵای تا نیوەڕۆی 16ی جوڵای لانیكەم دەیان جار بانگ درا!

(2) خودی AKP:

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەوە بوو كە خودی ئەردۆغان لەڕێگەی موبایلێكەوە توانی بەر بە كودەتایەكی نیزامی بگرێ و بە بانگەوازەكەی خۆی، خەڵك بڕژێنێتە سەر شەقامەكان، ئەوەی ئەردۆغان كردی خۆبەدەستەوەنەدان بوو. 2- خێرایی بوو، 3- عەبدوڵڵا گول و بولەنت ئارینچ و تا ڕادەیەك ئەحمەد داودئۆغڵوو كە وەك باڵی ناكۆكی ناو AKP سەیر دەكران، بە لێدوانی خۆیان پشتوانییان لە ئەردۆغان كرد، بە تایبەتی كارتێكەریی قسەكانی عەبدوڵڵا گول وەك سەركۆماری پێشووی توركیا زۆر بەرچاو بوو. هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و میت زۆر وەفادارانە كەوتنە بەربەرەكانی لەگەڵكودەتاچییەكان.

دیارە لەم نێوەدا سەرجەم حیزبە سەرەكییەكان واتە CHP، HDP، MHP بە دژی كودەتا هەڵوێستیان گرت (هەرچەندە زۆر بە پارێزەوە)، بەڵام دەوری پارلەمان كە لە راستیدا شیلەی سیاسی خەڵك و حیزبەكانی توركیا بوو، بە دەستپێشخەریی AKP دژی كودەتا وەستان.

(3) كودەتاچییەكان:

ئەوانەی پلانی كودەتایان داڕشتبوو تووشی چەندین هەڵەی حساباتی و ستراتیژیكی بوون كە دەكرێ ئاماژە بە چەند خاڵێك بكرێ: نەبوونی سیمایەكی كاریزماتیك و ناسراو وەك رێبەری كودەتا، بە جۆرێك كە تەنانەت سەربازە ساكارەكەی سوپا گوتەنی، نەیدەزانی فەرمانی لە كێ وەرگرتووە و هەر پێیان گوتووە بچووە سەر شەقام و مەهێڵە خەڵك هاتوچۆ بكەن! سنوورداربوونی ناوچەی كودەتاكە كە تەنیا لە دوو گەورە شاری ئانكارا و ئیستانبوڵ بوو و شارەكانی تری نەگرتەوە، نائاگایی لە دەور و كاریگەریی میدیای ئازاد و سۆشیال میدیا كە بوو بەهۆی خۆڕێكخستنی خەڵك بۆ هاتنە سەر شەقامەكان، كودەتاچییەكان پێیانوابوو بە دەستگرتن بەسەر TRTدا ئیتر كار تەواوە، زەینییەتی ئەوان لەڕاستیدا هی سەردەمی كودەتا كلاسیكەكان بوو. ئەم كودەتایە تەنانەت لەناو سوپاشدا سەرجەم ئەفسەر و پلەدار و سەربازەكانی لەخۆنەگرتبوو، لە كۆتاییدا ترسی میدیایی و سۆشیال میدیایی و كاردانەوە جیهانییەكانی نەیهێشت سوپا قامك بۆ پەلاپیتكەی تفەنگان بەرێ.

ئەردۆغان لە ماوەی مانگی رابردوودا، داوای لێبوردنی لە رووسیا كرد، پەیوەندە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل خستە قۆناغێكی نوێوە و بەنیازە لەگەڵ میسریش بكەوێتەوە گفتوگۆ و دەنگۆی ئەوە هەیە كە لەگەڵ سووریاش سەرەتاتكێیەك بكات.

ئەمانە هەر هەمووی وەرچەرخانێكی جیددین لە سیاسەتەكانی توركیادا و بەمەبەستی هاتنەدەر لەم پەراوێز و ئیزۆلاسیۆنەیە كە ماوەی دوو سێ ساڵێكە تووشی بووە و لەباری ئابووری و سیاسییەوە كەوتووەتە نزمترین ئاستی خۆی، رەنگە بە بیری ئەردۆغاندا نەهاتبێ كە ئەو لە كاتێكدا خەریكی چاكسازیی گرژی و ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دیكە بوو، لە كاتی پشوودانی لە مەڕمەڕە سوپای توركیا لێی راستەوەبێ. بەڵام كودەتا روویدا و بە خێراییش كۆتایی هات. ئەوەی دەبێ ئێستا بیری لێبكرێتەوە ئەوەیە كە لە دوای كودەتاكە مێژووی توركیا و ئاكەپە و بە تایبەتی شەخسی ئەردۆغان ئاوا دێتەبەر چاو:

ئەردۆغانی پێش كودەتا و ئەردۆغانی پاش كودەتا. ئەردۆغان ئەگەرچی وەك باسمكرد بەر لە كودەتا دەستی كردبوو بە چاكسازیی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، بەڵام دوای كودەتا ئێستا دۆخێكی سەقامگیرتر و زۆر بەهێزتری هەیە و دەتوانێ درێژە بە سیاسەتەكانی بدا، بۆیە بۆ خەڵكی توركیا ئەردۆغانی پاش كودەتا بە پەیامە سكایپییەكەی رەنگە لایەنی كاریزماتیكییەكەی چەند قات بەرزبێتەوە، بەڵام دیسان گەورەترین گرفت بۆ ئەردۆغان كێشەی كوردە. كوردێك كە لە درێژایی مێژووی خۆیدا بەهۆی بیرەوەریی تاڵ و كارەساتباری لەگەڵ سوپای توركیا، وەباڵی بۆ ئەم كودەتایەش نەكێشا و بگرە ئیدانەشی كرد، بۆیە ئەردۆغان و تیمی راوێژكارانی سەركەوتنیان بەسەر ئەم كودەتایەدا دەبێ لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی كورد لە باكوور گرێبدەن. من وای بۆدەچم سەركەوتنی كودەتای سەربازی بە قازانجی كورد لە باكوور و باشوور نەدەشكایەوە!

24/7/2016

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان