عەبدوڵڵا حەوێز
دوای کۆنترۆڵکردنەوەی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ لە کودەتاچییەکان، ئەردۆغان گوتی" ئەم کودەتایە دیارییەک بوو لەلایەن خوداوە بۆ پاککردنەوەی سوپاکەمان". ئینجا لە رۆژی دوای کودەتاکەوە تا ئێستا زیاتر لە 50 هەزار کەس لە کەرتی حکومی و دادگا و سوپا و پۆلیس و هەوڵگری لەسەر کارەکانیان لابراون. هەندێک لە میدیا رۆژئاوایی ولۆکاڵییەکانیش پێیانوایە شەپڕێوی لە کودەتاکە و پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت ئاماژەن کە ئەردۆغان خۆی کودەتاکەی ئەنجام داوە بۆ ئەوەی پاساوی زیاتری هەبێت بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن وکۆنترۆڵکردنی ئەو جومگانەی وڵاتیش کە تا ئێستا کۆنترۆڵی نەکردووە.
لەراستیدا رووداوەکە بەم شێوەیە نیە، زۆرێک لەوانەی دەیانەوێ لە گەورەیی وترسناکی کودەتاکە کەم بکەنەوە ئایدیۆلۆژیا بەسەریان زاڵە. دوای پێنج رۆژ لە کودەتاکە ئێستا چەندین زانیاری نوێ و سەرنجراکێش لەلایەن میدیای تورکی و جیهانیەوە بڵاودەکرێتەوە کە دەریدەخەن لەراستیدا پیلانی کودەتاکە زۆر بە پتەوی دارێژراوە وخەریک بوو سەرکەوتوو بێت. بەڵام هۆکاری خراپ جێبەجێکردنی پیلانەکە ئەنجامدانی کودەتاکە بووە چەند کاتژمێرێک پێش وادەی خۆی ئەمەش دوای ئەوەی هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەردۆغان کاتژمێر چواری عەسر بە پیلانەکە دەزانێت بەمەش کودەتاچیەکان دەشڵەژێن و پێش وادەی خۆی پیلانەکە جێبەجێ دەکەن.
بەپێی هەندێ سەچاوەی نزیک لە حکومەت بەشێک لەوانەی بەشداریی کودەتاکەیان کردووە ناویان لەو لیستە هەبووە کە بڕیاربووە ئەنجوومەنی سەربازی مانگی داهاتوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەسەر کارەکانیان لایان ببات.
بەپێی زانیاریەکانی رۆژنامەی حوریەت، کە رۆژنامەیەکی سەربەخۆیە و پێش دوو ساڵ لەلایەن لایەنگرانی ئاک پارتیەوە هێرشی کرایە سەر، چەند زانیاری گرنگی بڵاوکردۆتەوە کە جددیەتی کودەتاچیەکان دەردەخات بۆ دەستگیرکردن یاخود کوشتنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری وسەرۆکی ئەرکانی سوپا.
ئەوەی رۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە سەرنەکەوتنی کودەتاکە هاکان فیدان بووە. پێش چەند ساڵێک لەڕێی یاسایەوە کە لە پەرلەمان دەرچوو دەسەڵاتی هەواڵگری هەموو دامەزراوەکانی تورکیا بە سوپاشەوە کەوتە دەست دەزگای هەواڵگری گشتی تورکیا، ئەمەش هەوڵی کودەتای لەلایەن سوپاوە تا راددەیەکی زۆر لاواز کرد هەر ئەم زانیاریە هەواڵگریانەش بوو کە بووە هۆی چەند جوڵەیەکی پێشوەختە لەلایەن هاکان فیدانەوە کە خۆی و ئەردۆغان و یڵدرمی لە تیرۆرکردن یاخود کوشتنی کودەتاچیەکان پاراست.
شەوی کودەتاکە ئەردۆغان لە هاوینەهەواری مەرمەریس بووە کە یەکێک لە بەناوبانگترین هاوینەهەوارەکانی تورکیا و لەگەڵ خانەوادەکەی لە پشوویەکی پێنج رۆژەدابووە، سەرەتا فیدان نەیویستووە ئەردۆغان ئاگاداربکاتەوە بۆ ئەوەی پشووەکەی لێ تێک نەدات بەڵام بەپێی چەند بەرپرسێکی حکومەتی دوای ئەوەی دەردەکەوێت ئەگەری تیرۆرکردنی ئەردۆغان هەیە، فیدان ئەردۆغان ئاگاداردەکاتەوە وداوای لێدەکات کە شوێنەکەی بەجێ بهێڵێت، بەمەش تەنها نزیکەی سی بۆ چل خوولەک دوای بەجێهێشتنی هوتێلەکە کودەتاچیەکان لەرێی سێ تیمی کۆماندۆ وسێ فڕۆکەوە کە لە بنکەی ئاسمانی جیگلی لە نزیک شاری ئیزمیرەوە فڕیون هێرشدەکەنە سەر شوێنەی مانەوەی ئەردۆگان کە وەک لە چەند ڤیدیۆیەک دەردەکەوێ بەهۆی هێرشەکەوە شوێنەکە زیانی زۆری پێگەیشتووە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرزیش دوای بەجێهێشتنی مەرمەریس لەڕێی دوو فڕۆکەی ئێف شازدەوە لە ئاسمان کودەتاچیەکان فڕۆکەکەی ئەردۆغانیان بێزارکردووە، بەڵام فڕۆکەکەی ئەردۆغان کە فرۆکەیەکی بزنس بووە خۆی وەک فڕۆکەیەکی بازرگانی تورکیش ئێرلاینز بە کودەتاچیەکان ناساندووە هەر ئەوەیش وای کردووە کە دوو دڵ بن وبۆردومانی فڕۆکەکە نەکەن. بەشێوەیەکی گشتی لە پێکدادانەکانی نێوان کودەتاچیەکان وپشتیوانانی حکومەت 240 کەس کوژران.
هەر لە سەرەتاوە ئەردۆغان کە لە کەناڵی سی ئێن ئێن تورک لەرێی فەیس تایم قسەی کرد، گویلەنیەکانی بەم کودەتایە تۆمەتبارکرد کە لەلایەن فەتحوڵڵا گویلەن کە پیاوێکی ئایینی تەمەن 76ساڵە و لە ویلایەتی پەنسلڤینیا لە ئەمریکا دەژی بە ئەنجامدانی کودەتاکە تۆمەتبارکرد.
لەم کاتەوە ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە راست بێ و گویلەنیەکان لە پشت کودەتاکەوە بن، یان بەلایەنی کەم بەشێکی سەرەکی کودەتاکە بوون وهاوپەیمانیان لەگەڵ ئاڕاستەیەکی دیکەی ناو سوپا کردبێت.
دوێنی لەکاتی لێکۆڵینەوەکان یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا موقەدەم لەڤەت تۆرکان کە پلەیەکی زۆر باڵایە و زۆر نزیکە لە سەرۆکی ئەرکانی سوپا دانی بەوەدانا کە سەر بە گویلەنیەکانە.
موقەدەم لەڤەنت وتی کە ئەو بۆ ماوەی چەندین ساڵ جاسوسی بەسەر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێستا و پێشوو کردووە و زانیارییەکانی داوەتە کەسێکی دیکەی سەر بە گویلەن لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی تورکیا.
ئەو وتیشی کە بۆ کودەتاکە ئەمری لە جەنەراڵ محەمەد دیشلی، کە جەنەراڵێکی خانەنشینی دوو ئەستێرەیەی هێزی وشکانیە وەرگرتووە و برای پەرلەمانتارێکی ئاک پارتیە. ئەمەش ئاماژە بەوەی دیشلی سەر بە گویلەنیەکانە.
دیشلی بە لیڤەتی وتووە کە داوا لە سەرۆکی ئەرکانی سوپا بکات هاوکارییان بکات وپێی وابووە هاوکاریان دەکات، بەڵام سەرۆکی سوپا رەتیکردۆتەوە کە هاوکاریان بکات.بەپێی زانیاریەکان محەمەد دیشلی ئەمری بە دەستپێکردنی کودەتاکە کردووە وسەرپەرشتی کردووە.
جگە لە دیشلی کەسێکی دیکە کە رۆڵی گەورەی هەبووە لە کودەتاکە، عەقیدی روکنی خانەنشین موحەڕەم کۆسا، راوێژکاری یاسایی پێشووی سەرۆکی ئەرکانی سوپا، بووە کە بەپێی بەرپرسێکی حکومی یەکێکە لە شانە خەوتووەکانی گویلەنیەکان لەناو سوپا. نوسەری ناوداری تورکیا موستەفا ئەکیۆلیش، کە پێشتر لە زانکۆ فاتیح کە زانکۆیەکی سەر بە گویلەنیەکانە وانەبێژبوە، لە نوسینێکدا لە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز گویلەنیەکان بە تێوەگلان لە کودەتاکە تۆمەتبارکرد.
بەپێی رۆژنامەی حورییەت تا ئێستا 103 ئەدمیرال و جەنەرال لەکۆی 358 لە پلە باڵاکانی سوپا دەستگیرکراون کە دەکاتە 28٪ی ئەندامانی پلە باڵای هێزە چەکدارەکانی تورکیا. لەنێو دەستگیرکراوەکانی سەرۆکی سوپای دوو، کە بەرپرسە لە پاراستنی سنوورەکانی سوریا و عێراق و ئێران و بەرپرسی سوپای سێ وبەرپرسی بنکەی ئەنجەرلیک کە ئەمریکیەکان بەکار دەهێنن لەگەڵ سەرۆکی پێشووی هێزی ئاسمانی تورکیا هەن.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی باوەڕپێکراویش سەرۆکی هێزی دەریایی تورکیا لەگەڵ چەندین کەشتی دەریایی لەوەتەی بەڕێوەچوونی کودەتاکەوە ونبوون ونازانرێت کە لەگەڵ کودەتاکە بوون یاخود لەلایەن کودەتاچیەکانەوە دەستگیرکراون.
تێوەگلانی ئەم ژمارە زۆرەی جەنەراڵەکانی سوپا دەریدەخات کە سوپای تورکیا بەشێوەیەکی ترسناک دابەش بووە بەشێوەیەک کە بەشێکی سوپا نەک هەر هەوڵی کودەتا دەدات بەڵکو ئامادەیە تووندوتیژیش بەکاربهێنێت بۆ لادانی ئەردۆغان.
پێش دەچێت هاوپەیمانیەتییەک لەنێوان بەشێکی سوپا کە ئاراستەیەکی عەلمانی توندیان هەیە لەگەڵ گویلەنیەکان هەبووبێت بۆ ئەنجامدانی کودەتاکە. بەتایبەت لەنێو هێزی ئاسمانی. لەکاتی کودەتاکە چوار فڕۆکەی جۆری ئێف 16 لە بنکەی ئاکنجی لە نزیک ئەنکەرە و دوو فڕۆکەی ئێف 16لە بنکەی سەربازی دیاربەکر بەشداریان کردووە لە کودەتاکە بۆ سەر ئەنکەرای پایتەخت.
بەپێی هەواڵەکانیش ئەم فڕۆکانە لە بنکەی ئەنجەرلیک کە لەلایەن ئەمریکیەکانەوە لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا بەکاردەهێنرێت سووتەمەنیان تێکراوەتەوە. جگە لەمانە دوو هیلیکۆپتەری جۆری کۆبرا وفڕۆکەیەکی جۆری سیکۆرسکی ئێس یو 70 بەشداریان لە کودەتاکە کردووە.
لەم کاتە هەستیارە کە تورکیا لە شەڕە لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان و لەدژی داعش ئەم کودەتایە سوپا لاواز دەکات و هیچ ئەگەرێکی هێرشکردنە سەر سوریا ناهێڵێت بەتایبەت چونکە سوپای دوو کە ئەرکی پاراستنی سنووری تورکیایە لەگەڵ سووریا و عێراق و ئێران پێدەچێت بەشێکی گرنگی بەتایبەتی سەرۆکی سوپاکە لە کودەتاکەوە گڵابن.
بەڵام پێدەچێت ئەم پاکتاوە عەلمانیەکان لەناو سوپا بەهێزتر بکات چونکە ئەردۆغان لە پلە باڵاکانی کەسی نزیک لە ئاک پارتی لێنیە چونکە بۆ گەیشتن بەو پلانە پێویستت بە دەیەیەک یان دوو دەیە هەیە.
لەدوای کودەتاکەی ساڵی 1980كودەتا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەم کاتە کینان ئێڤرین گویلەنیەکان کە بەشێکی گرنگی تەیاری ئیسلامی بوون هەستیان بەگرنگی سوپا کرد بۆیە باشترین رێگا بۆ دروستکردنی بڕیار لەنێو سوپا ئەو بوو کە بتوانن ئیخراقی سوپا بکەن لەرێی ناردنی کادیری خۆیان بۆ نێو سوپا بەمەش دوای دوو سەدە توانیان چەندین سەرکردە لەنێو سوپا پێبگەیەنن، تا هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیەتییەکەی لەگەڵ گویلەن، ئەردۆگان پشتی بە کادیرانی گولەن دەبەست لە دەزگا گرنگەکانی دەوڵەت بەتایبەت دادگا و پۆلیس وسوپا، ئەردۆغان خۆی ژمارەیەکی ئەوتۆ کەسی نییە لەنێو پلە باڵاکانی ئەم دەزگایانە بەتایبەت لەنێو سوپا، ئەمەش دەبێت هۆی بەهێزترکردتی عەلمانیەکان نێو سوپا.
تەنانەت چەند چاودێر و رۆژنامەنوسێکی ناوداری تورکیا کە خۆم قسەم لەگەڵ کردوون بەدووری نازانن کە عەلمانیەکان گویلەنیەکانیان فریو دابێت بەوەی کە لەکاتی کودەتاکە لەگەڵیان دەبن دواتر پشتیان تێکردبن بۆ ئەوەی لە سوپا پاکیان بکەنەوە.
ئەوەی بووە هۆی سەرنەکەوتنی کودەتاکە بەپلەی یەکەم بەهێزی هەواڵگری ناوەندیە کە لەلایەن هاکان فیدان کەسی نزیکی ئەردۆگانەوە بەرپەرچ درایەوە. شتێکی سەرنجڕاکێشە کە هۆکاری یەکەمی تێکچوونی پەیوەندیەکانی ئەردۆغان لەگەڵ گویلەن ئەو کاتەبوو کە گویلەنییەکان لەرێی کەسەکانیانەوە لەنێو دادگا ویستیان فیدان لاببەن، دوای دانووستانە نهێنیەکانی نێوان فیدان و سەرکردەکان پەکەکە لە ئۆسلۆ چونکە گویلەنیان لەدژی دانووستانەکان بوون. ئەردوغان دژی ئەم هەنگاوە وەستایەوە وبە یاسا پێگەی هەواڵگری بەهێزترکردن ئیتر لەوکاتەوە کێشەکان لەنێوان ئەردۆگان و گویلەن قوڵبوونەوە.
هۆکارێکی تری گرنگی فەشەل پێهێنانی کودەتاکە میدیای سەربەخۆ وتەکنەلۆژیا بوون. ئەردۆغان سەرەتا لەرێی کەناڵی سی ئێن ئێن کە ئاراستەیەکی لیبراڵی هەیە وخاوەنەکەی گرووپی دۆگانە کە لەلایەن ئەردۆغانەوە زۆر دژایەتی کراون و لە 2015 بە یارمەتیدەری کودەتا تۆمەتباریکردن، دەرکەوت.
ئەم دەرکەوتنە دەتوانرێت بوترێت خاڵی یەکلایی کەرەوەبوو لە شكست پێهێنانی کودەتاکە چونکە دوای چەندین کاتژمێر لە دەرنەکەوتنی، بەشێوەیەکی کتوپڕ لەم کەناڵە دەرکەوتوو وداوای لە خەڵکی کرد بەشێوەیەی فراوان برژێنە سەر شەقامەکان بۆ روبەڕووبونەوەی کودەتاچیەکان کە ئەمە بووە سەرەتای پاشەکشەی کودەتاچیەکان.
جێی سەرنجە کە ئەردۆغان لەجیاتی ئەم هەموو کەناڵەی کە لەوەوە نزیکن، لە کەناڵێک کە بە دژایەتیکردنی ئەو تۆمەتباریکردوون دەرکەوت. ئەمەش بەهێزی و زۆری ژمارەی بینەرانی ئەم کەناڵە دەردەخات وگرنگی میدیای ئازاد دەردەخات.
هۆکارێکی تری زۆر گرنگ رۆڵی مزگەوتەکان بوو کە زۆربەی مزگەوتەکانی تورکیا بۆ پاڵپشتی ئەردۆغان وداواکردن لە خەڵک بۆ رژانە سەر شەقامەکان دەستیان بە بانگدان کرد لە کاتێک کە کاتی هیچ یەک لە بانگەکان نەبوو ئەمەش رۆڵی گرنگی هەبوو لە چوونە دەردەوەی جەماوەری ئاک پارتی کە زۆربەیان خەڵکی دیندارن.
بەمەش کۆمەڵێک هۆکاری زۆر دوور لە یەک: هەواڵگری وتەکنەلۆژیا و مزگەوت بەیەکەوە هاوکاربوون لە شکستپێهێنانی کودەتاکە. ئەمە جگە لەوەی کە کودەتاکە بە ستایلی کۆنی حەفتا و هەشتاکان بەڕێوە چوو کە هاوڵدان بوو بۆ دەستگرتن بەسەر چەند جومگەیەکی دەوڵەوت وخوێندنەوەی بەیاننامەکەی کودەتاکە لەرێی تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەت لەکاتێکدا ئەم جۆرە لە کودەتا چیتر ناتوانێت سەرکەوتوو بێت بەتایبەت چونکە تەلەفزیۆنی فەرمی جگە لەوەی کەناڵی فەرمیە کاریگەریەکی ئەوتووی نیە.
سەرباری ئەوە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بە عەلمانی ونەتەوەیی وکوردەوە دژی کودەتاکە وەستانەوە ئەمەش کاریگەری گەورەی هەبوو لە شکست هێنان بە کودەتاکە.
جگە لەمانە سەرنەکەوتنی کودەتاکە بەهێزبوونی پێگەی ئەردۆغان دەردەخات بەتایبەت لەنێو پۆلیسی تورکیا کە رۆڵێکی کاریگەری گێڕا لە بەرپەرچدانەوەی کودەتاکە ودەستگیرکردنی سەربازە کودەتاچیەکان. بەڵام ئیتر پێگەی ئەردۆغان ئەوەندە بەهێزبووە کە ئەگەر کودەتاکە سەریشی بگرتایە لە باشترین حاڵەت دەبوو بە شەری ناوخۆیی.
ئێستا داهاتووی تورکیا بەتایبەتی لە ئایندەی نزیک پێدەچێت زۆر ئاڵۆز بێت. کودەتاکە کاریگەری نەرێنی سەر ئابوری دەبێت و باوەڕی وەبەرهێنەران بە تورکیا لاواز دەکات. جگە لەمە پێدەچێت گویلەنیەکان بەشێوەیەک چوبنە نێو جومگەکانی دەوڵەت، پاکتاوکردنی تەواوەتیان رەنگە ئەردۆگان وتورکیا تەواو شەکەت بکات وچەند ساڵێکیان بووێت تا بکەونەوە سەرخۆیان.
چونکە جگە لە هێزە ئەمنیەکان و دادگا، پێگەی گویلەنیەکان لە کەرتی پەروەردەی تورکیا یەکجار بەهێزە، رەنگە تەواو پاکتاوکردنیان کاریگەری نەرێنی گەورەی هەبێت لەسەر ئاڕاستەی خوێندن و داهێنان لەنێو زانکۆکانی تورکیا کە پێویستی بە چەندان ساڵ بێت بۆ دووبارە دروستکردنەوەیان.
سەرباری هەموو ئەوانە پێدەچێت ئەردۆغان بڕیاری تەواوەتی خۆی دابێت کە بنبڕکردنی گویلەنیەکان لە هەموو جومگەکانی دەوڵەت تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتخایەن کاریگەری نەرێنیشی لەسەر دەوڵەت هەبێت. دوێنێ شەویش ئەردۆغان حاڵەتی نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ لە تورکیا راگەیاند، واتە پاکتاوکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرداوم دەبێت.
وەڵامی تووندو خێرای حکومەت و ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک کە دەستگیرکراون ئاماژەن بۆ پاکتاوکردنی گەورەتر لەنێو دامەزراوەکانی تورکیا، ئەمەش کاریگەری و زیانی بۆ بیرۆکراسیەتی تورکیا دەبێت وئاماژەی ئەوەشن کە دامەزراوە سەرەکییەکانی تورکیا تەواو دابەشبوو و شەکەتن. تێکڕای ئەمانە ئاماژەن بەوەی کە لە ئایندەی نزیک تورکیا دەکەوێتە نێو تونیڵی تاریک، زوو یان درەنگ دەرهاتنی لەم تونیڵە دەکەوێتە سەر چۆنیەتی رووبەرووبوونەوەی کێشەکان لەلایەن ئەردۆغانەوە.
21/7/2016