د. بەرھەم ئەحمەد ساڵح
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمێژووی خۆیدا، حزبی رەھەندە جیاجیاکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە . بۆیە لەکۆڕی خەباتی شۆڕشگێڕی، ئازادیخوازی و دیموکراتی کوردستان و ناوچەکەدا رۆڵی گەورەو پێشەنگی بینیووە، حزبی شارو دێھاتە.حزبی رەنجدەری بیرو بازووە، حزبی بەرگری و پێشمەرگایەتییە لەدژی داگیرکەران، حزبی خەباتی نھێنی و شەڕی پارتیزانی، خۆڕاگری بەردەم زیندان و ئەشکەنجە، حزبی ھەستانەوەی پاش شکست و کۆمەڵکوژی و ئەنفال و ھەڵەبجە، و سەنگەری خۆڕاگریی و حزبی راپەڕینە. چەندین نەوە، ھاونیشتمانییەکانمان لەچین و توێژی جیاجیای کوردەورای، لەیەکێتیی کۆبونەتەوە بەو ھیواو ئامانجانەی کەیەکێتیی:*خاوەن پڕۆژەی نەتەوەیی گەلی کوردستانە بۆ مافی چارەی خۆنووسین و رزگاریی یەکجارەکی.*حزبی ھەڵقوڵاوی واقیعی کوردەوارییە،حزبێک بووە پێشڕەوی خەباتی پێشمەرگانەو شۆڕشگێڕی و بۆ ئێستاو داھاتووش کۆڵەگەیەکی سەرەکی چەسپاندنی حوکمڕانیی دەستووریی و سەروەری یاسایە.*خاوەن پڕۆژەی ئاوەدانی و خۆشگەزارانی و دابینکاری دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.
ھیوای کۆمەڵگایەکی دیموکرات و مەدەنییە، لەسەروەرکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە کەسیی و گشتی و دیموکراسییەکان، یەکێتی حزبی بیری نوێیە، حزبی رێزگرتن لەکولتوری کوردەواری، پاراستنی ئازادییە دینییەکان و حورمەتگرتنی بەھا پیرۆزەکانی ئایین و رووبەرووبوونەوەی بەکارھێنانی ئایین بۆ مەرامی سیاسی و حزبی. وەڵامدەرەوەی وێستگەکانی ھەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و رێزگرتن لەئیرادەی جەماوەرە.*حزبی واقیعی جەنجاڵی وڵاتەکەمان و ناوچەکەیە، ئیرادەی دڵسۆزانی یەکێتیش وایە کەحزبی ئەمڕۆ و ئایندەش بێت.لەماوەی ٣٧ ساڵی رابردوودا، بەم دونیابینی و بەرنامانەیەوە، یەکێتیی سەروەری و دەسکەوتی مەزنی بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھێناوە، و وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی قۆناغە جیاجیاکان و گۆڕانکارییەکان بووە.رۆڵی مام جەلال بنچینیەیی بووە لەم کاروانە دوورو درێژەدا. مام جەلال کۆکەرەوەی رەھەندە جیاجیاکان و پشتیوان و ھاوکاری بەگەڕخستن و نوێبوونەوەی وزەو توانا شاراوەکانی یەکێتی و تێکۆشەرەکانی بووە. بۆیە لەم مێژووە پڕ سەروەرییەدا کەھەزاران شەھیدو قوربانی بۆ دراوە، یەکێتی رێی تێکۆشانی رزگاریخوازی شۆڕشگێڕیی، سیاسیی، پێشمەرگایەتی، دیپلۆماسیی، میدیایی، پەرلەمانی و دیموکراتی گرتۆتەبەر، تا بەئەمڕۆ گەیشتووە. ئەم ئەزموونە بۆ یەکێتیی، لەلایەک شانازییە و لەلایەکیش زەخیرەی قاڵبوونەوەی مەیدانیی تێدایە، کەدەبێ ئیلھامبەخشی ئایندەو پەندو ئەزموونیش بێت بۆ پەرەپێدانی باشییەکانو چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانمان.
ئێستاو لەساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا، لەھەموو کات زیاتر پێویستیمان بەگفتوگۆیەکی راشکاوانەی یەکێتییانە ھەیە، گفتوگۆیەک بۆ ھەڵسەنگاندنی رابردووی یەکێتی، رەچاوکردنی دەسکەوت و شانازییەکان، رەخنەکردنی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان، و لێرەشەوە ھەڵنانی ھەنگاوی پتەو بۆ ئایندەیەکی گەشاوەی پشتقایم بەڕابردووی چاو لەئاسۆی داھاتوو.پلەی یەکەمی باسوخواسەکانمان لەو گفتوگۆ ھەڤاڵانەیەدا، پێویستە تەرخان بێت بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی حزبی، و رەفتاری حزبایەتی خۆمان بەرەچاوکردنی سێ بنەمای سەرەکی:
بنەمای یەکەم: پاراستنی یەکێتی و بەرزراگرتنی مێژووی پڕ سەروەریی یەکێتی، بەو مانایەی ماڵە گەورەکەی یەکێتیی ماڵی ھەموو تیکۆشەرەکانێتی. رەھەندە جیاکانی یەکێتی، لەنێو ماڵی یەکێتی، بۆ پرۆژەی سیاسیی دیموکراتی نوێخواز بەئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بێت. شانازی و سەروەریی و دەسکەوت و مێژووی گەشاوەی یەکێتی، ئیلھام بەخشی خەباتی ئایندە بێت.
بنەمای دووەم: مام جەلال وەک چەتری کۆکەرەوەی ھەموو یەکێتییەکانە، مام جەلال لەمێژووی سەرکردایەتیکردنی جوڵانەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا، پێگەیەکی مێژوویی گەورەی ھەیەو، یەکێتی لەرەوتی خەباتی خۆیدا شانازیی بەم ھێزە مەعنەویی و مێژوویی و ئایندەییەی مام جەلالەوە دەکات، و وەک چۆن لەرابردوودا رێبەرو داینەمۆی کاروانی یەکێتی بووە، بۆ ئێستا چاوەڕوانیی لێ دەکرێ و لەمەودواش سایەی نوێبوونەوەو گشەپێدانی بێت.
بنەمای سێھەم: کارکردنی لێبڕاوانە بۆئەوەی یەکێتی بکەینە حزبی خاوەن پرۆژەی سیاسی و دیموکراتیی گونجاو لەگەل ئەم سەردەمەو بەرنامەریژ بۆ ئایندەیەکی دیموکراتی گەشەسەندووی کوردستان.
یەکێتی و بۆچوونە جیاوازەکانلەدروستبوونییەوە یەکێتی، چوارچیوەی بۆچوون و دیدو رەنگی جیاواز بووە. سەرباری ئەمەش، بوونی دیدی رەخنەگرانە، یەکێکە لەتایبەتمەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.بەداخەوە لەمێژووی یەکێتیدا، زۆرجار ھەبووە ئەم جیاوازیانە، یا ئەم رەخنەو ناڕەزاییانە، بوونەتە مایەی ململانێی توندو تیایدا کادری دڵسۆز ھاندراوەو بێ ئومێدکراوەو بەداخیشەوە چەندینجار لێکداترازان و جیابوونەوەی لێکەوتۆتەوەو حزبەکەمانی گیرۆدەی گێژاوی ململانیێ ناوخۆیی و دەستەگەری کردووە.
بێگومان یەکێتی دەبێت گوێبیستی تێبینی و ناڕەزاییەکان بێت و دەبێت بۆ قۆناغی دادێ، تێگەیشتنێکی قوڵتری بۆی ھەبێت، چونکە بوونی دیدی رەخنەگرانە نیشانەی وریایی یەکێتییەکان و نیشانەی بەھێزی و تۆکمەیی حزب، و بەڵگەی پەرۆشیی ئەندام و لایەنگرو کادرانە بۆ یەکێتی و چارەنووسی. رەخنەگرتنی دۆستانەی بنیاتنەر، نیشانەی ئەوەیە، ھێشتا یەکێتی جێگەی ئومێدو ھیوای خەڵکە، ھێشتا کەسانێک ھەن کەدەیانەوێت بەگوزارشتێکی سادە، یەکێتی چاک بکەن بەو مانایەی بۆ ئایندەیەک کەھەموو بوارەکان تیایدا گۆڕان ئامادەو تەیار بکەین.بەڵام، بوونی گلەیی و رەخنە لەگەڵ ئەوەی نیشانەیە لەسەر دروستی و بەھێزیی یەکێتی، نیشانەشە بۆ ئەوەی یەکێتی گرفتی ھەیە، کێشەی ھەیە، کەپێویستی بەچارەسەری گونجاوی دیراسەکراو ھەیە:
بەڵێ کێشەمان ھەیە. ئەم نموونەیەی حزبایەتی لەقەیراندایە بەھۆی گۆڕانکاری بابەتیی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی، نێوخۆو دەوروبەر. سەرباری ئەمەش، یەکێتیی بەھۆی کۆمەڵێک ململانێی نێوخۆیی و دەستەگەری، زیانی گەوری لێکەوتووە. بۆیە جەماوەرو ئەندامەکانی پەرۆشی ئایندەی حزبەکەیانن، و چاوەڕوانیان لەسەرکردایەتی ھەیە باشتر کار بۆ ئایندە بکات، دەرفەتی تێگەیشتنیان لەدنیابینی رۆژانەو قووڵی حزبەکە، بۆ بڕەخسێنێت و بەکردەوە بواری ئەوەیان پێ بدات، شانازی بەرەفتاری سیاسی سەرکردەو حزبەکەیانەوە بکەن. وەک چۆن (سەرخان رەنگدانەوەی ژێرخانە)، سەرخانی سیاسی، بەھۆی دەسەڵات و ئەرکی لێپرسراوانەیەوە، بەرەوپێشبردن و بنیادنانی ژێرخانی سیاسی لەئەستۆیەو قۆناغی داھاتوو، ئەوە لەیەکێتی دەخوازێت کەسەرکردانە رەفتار بکات و بنکەیەکی جەماوەریی یەکڕیزو تۆکمەو خاوەن فیکری ھەبێت.
کێشەمان ھەیە لەپێناسەکردنی دەوری حزب لەژیانی کۆمەڵگا، بەتایبەتی لەقۆناغی گۆڕانکارییەکان، لەتێڕوانینمان بۆ پرسی حوکمڕانی، لەدەستەگەری، لەرێوشوێنی گەڵاڵەکردنی بڕیار، لەھەرەمی رێکخراوەیی بڕیاردان و ئاستی بەشداری ھەڤاڵان لەدروستکردنی بڕیارو لەشێوازو رادەی جێبەجێکردنیدا. رەخنە ھەیە لەنەبوونی دنیابینیی گشتیی لەسەر زۆر مەسەلەی رۆژ و بابەتی ھەستیار، کەوایکردووە فرە لێدوانی، راجیایی لەکاروکاردانەوە رووبداو ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی بڕیاری دروستی وەرگیراو، پەک بخرێت و جێبەجێ نەکرێ یان بە لاڕێدا ببرێت کەناوەرۆکەکەی بەتاڵ بکرێتەوە. ئەمەش لەکۆتاییدا سەر لەکادری یەکێتی دەشێوێنێ و فەوزایەکی رێکخراوەیی دیدێکی لێڵ دروست دەکات.بۆیە پێویستە یەکێتی بۆ گرفتەکانی، پلانی چارەسەری ھەبێت و کاری لەسەر بکات، رای گشتی یەکێتییەکانی بۆ وەربگرێت، و شەرعیەتی حزبی و دیموکراتی بۆ ئەم چارەسەرییانە دابین بکا تا ھێزی جێبەجێکردنیانی ھەبێت.
فیکر و پێناسەی سۆسیال دیموکراسیسۆسیال دیموکراسی، یان خەڵکسالاریی، کار بۆ دابینکردنی مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ھاووڵاتیان دەکات. دەستگەیشتن و دابینکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (تەندروستی، پەروەردە، چاودێری مناڵ و بەساڵاچووان و مافی کار و کرێکار) بەئەرکی خۆی دەزانێت و دژی دروستکردنی جیاوازییە لەسەر بنەمای بیروڕای جیاواز، نەژادو دینی جیاواز و جێندەر، تەمەن و چینی کۆمەڵایەتی جیاواز. سۆسیال دیموکراسی، کار ئەکات بۆ دابینکردنی ئازادییەکان و یەکسانی لەکۆمەڵگەدا. سۆسیال دیموکراسی کار ئەکات بۆ چەسپاندنی دیموکراسیی نوێنەرایەتی، ئازادیی کۆمەڵایەتی، دیموکراسیی ئابوری، تەندروستکردنی بازاڕ و بازرگانی و پاراستنی سروشت و پاراستنی سیکۆلاریزم.لێرەشەوە یەکێتی پشت بەستوو بەسۆسیال دیموکراسی، خاوەن ناسنامەی دیموکراتی و نەتەوەییە، رێز لەئازادییە دینییەکان دەگرێ و حورمەتی بەھا پیرۆزەکانی ئایین دەگرێ و لەھەمانکاتدا دژی بەکارھێنانی ناڕەوای ئایین بۆ مەرامی سیاسی دەوەستێتەوە. شاراوە نییە کەسۆسیال دیموکراسی، پەیوەندیی بەبنەماڵەو ناوچەگەرێتییەوە نیە بەڵکو رێککەوتنە لەسەر یاساو پێوەری تایبەت.
لەم سیستمەدا لەبری ھاو حزب و ھاو نەتەوەو ھاو دین، ئەوەی بەھای ھەیە، ھاووڵاتی بوونە، ھاو بەھاییە. ئەم تێزە لەدوای جەنگی دووەمی جیھانییەوە لەوڵاتانی ئەوروپای خۆرئاوا سەری ھەڵداوەو رەگی داکوتاوە. لەو سیستمانەدا، (خەڵک) ، (بەرژەوەندی گشتی) و (کۆمەڵگە) زۆرترین بەھایان ھەیەو حزبی سیاسی کاردەکات تا بتوانێت جوانترین و شیاوترین پرۆژە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵگەو ژینگەکەی پێشکەش و جێبەجێ بکات. لەم قوتابخانە فیکرییەدا، دەنگدان جێی شەڕی چەکداری، و بەشداریی جێی مۆنۆپۆل و یەکسانیی جێی جیاوازی و ئازادیی جێی سەرکوتکاریی گرتۆتەوە.لێرەشەوە یەکێتی وەکو حزبێکی باوەڕدار بەسۆسیال دیموکراسی، بۆئەوەی بتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراو کاریگەر و پێشبینی نەکراوەکاندا ھەڵبکات، پێویستە رەوتی بەمەدەنی بوونی حزبایەتی بەردەوام بەرەو پێشەوە بباو ببێتە خاوەنی پڕۆژەی کراوە بەسەر گۆڕانکارییەکان و لەو رێگەیەوە ئایندە دابین بکا. پێویستە ببێتە حزبێک کەبەھای ھاووڵاتیبوون لەتیۆرو پراکتیکدا بسەلمێنێت و کار بۆ ئەوە بکا ببنە بەھای چەسپاو ئەگەر لەدەسەڵاتیشدا بوو، خزمەتی ھەموو چین و توێژو بیروباوەڕەکان بکات و ئەگەریش لەئۆپۆزسیۆندا بوو، باوەڕی بەوە ھەبێت کەدەتوانێت بەپێشکەشکردنی پرۆژەو خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی نوێ، بگاتەوە دەسەڵات. ئەم حزبە مەدەنییە دەتوانێت نوێنەرایەتی راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات لەداھاتووی سیاسی ناوچەکەدا.٥یەکێتی و شێوازی رێکخستنرێکخستنی حزبی، پێکھاتە و پەیکەرو مۆدێلی کارکردنی حزبی، یەکێکی ترە لەو بابەتە گرنگانەی پێویستی بەسەرلەنوێ پێداچوونەوەو شەنوکەو ھەیە. بەرەچاوکردنی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا و سیاسەت، و بەمەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵیدا، سیستمی رێکخستنی حزبی، پێویستی بەچاکسازی و تەنانەت بەدووبارە رێکخستنەوەش ھەیە.
یەکێتی لەرووی رێکخراوەییەوە، خاوەنی رێکخستنێکی فراوانە. رێکخستنێک کەشۆڕبۆتەوە بۆ ناو ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ، بەڵام شێوازی کاری حزبایەتی و شێوازی رێکخستنمان، شێوازێکی کلاسیکییە کەسەردەمێکی زۆرە ئەم مۆدێلە لەکاری حزبایەتی بەسەرچووە. ئێستا ئاسۆیەکی فراوان لەبەردەم یەکێتیدا کراوەتەوە کە بەرەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی ژینگەی سیاسی کوردستان، سوود لەئەزموونی حزبە سۆسیال دیموکراتەکان و توێژینەوە سیاسی و ستراتیژییەکانی حزبایەتی لەدونیادا وەربگرێت. ھەروەک چۆن سوود وەرگرتن لەتەکنەلۆژیای زانیاری بۆ دروستکردنی رایەڵەی پەیوەندیی سنوور-بەزێن، لەگەڵ گەنج و نەوەی نوێ و ژنان و فراوانکردنی بازنەی بەشدارییان لەکارو بڕیاری یەکێتییدا، یەکێکی ترە لەچانسە بەرزەکانی نوێکردنەوەی میتۆدی رێکخستنی حزبی. ئەم متیۆدە دەرگا دەکاتەوە بۆ بایەخدان بەپرسە تایبەتییەکانی نەوەی نوێ، و بۆ پرسە گشتییەکانی یەکێتی و وڵاتەکەشمان بەسوودە.
ئەگەر یەکێتی تاکو ئێستا لەسەر شێوازی کارکردن و خۆ رێکخستنی تەقلیدی، دەسکەوتی بەدەست ھێنابێت، ئەوا دۆزینەوەی شێوازێکی نوێ کەسەرچاوە گرتوو بێت لەتوانای راستەقینەی کادران و کۆکردنەوەی ئەندامان و لایەنگران لەدەوری بەرنامە یان پرۆژەیەکی دیاریکراو، کەرەنگدانەوەی خواست و داخوازییەکانی خەڵک و پێداویستی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستان بێت، سوودی زیاتر بەیەکێتی دەگەیەنێت و وێنایەکی نزیکتر لەقەبارەی راستەقینەی یەکێتی پێکدەھێنێت. شاراوە نییە وەکو زۆر لەحزبەکانی دەسەڵات لەرۆژھەڵاتدا، یەکێتیش خەڵکانیک بۆ ئیمتیازات روویان تێکردووەو رووی تیدەکەن لەئەزموونی خۆماندا، جار ھەبووە، ژمارەی دەنگدەران لەبازنەیەک کەمتر بووە لەژمارەی ناونووسی ئەندامان، کەئەمە نیشانەی ناسەرکەوتووییە بۆ حزبی ھەڵبژاردن. چیتر ئەم شێوازەی ریکخستن گونجاو نییەو تێچوو و زەحمەتییەکی زۆر دەخاتە ئەستۆی یەکێتی و بۆ لەمەودا، دەسکەوتەکانی ئەم میتۆدە، زۆر لەتێچوونەکانی کەمتر دەبن و بارێکی ناھاوسەنگ لەژینگەی سیاسی ناوخۆی حزب، و ناو کۆمەڵگا دروست دەکاو دەرگایەکی گەورە بەرووی دەستەگەریدا دەکاتەوە.ئەم شێوازە لەرێکخستن و ((ناونوس کردن))ی ئەندام، حزبی کردۆتە خاوەنی دەزگاو دامەزراوەیەکی ماندوی بیرۆکراتیی گەورەو بارگرانییەکی زۆری دروست کردووە. لەم شێوازەدا، زۆری و بۆری و قەبەیی ئامارەکان و ئەندامان، نیشانەی گەشەکردنی حزب نییە، بەڵکو نەخشەیەکە رێی ھەڵدێرو بەسەرچوون نیشان دەدات.
ھەمیشە حزبە حوکمڕانەکان لەسیستمی ناتەندروستدا، دەتوانن خاوەنی جۆرێک لەرێژەی ھەڵکشاوی ئەندامێتی بن کەھەرچەند بارێکی قورسی ناپێویست لەئەستۆی حزبەکە دەنێن بەڵام لەسەنگی مەحەکدا، کەھەڵبژاردن و کارتێکردنی رای گشتییە، زیانبەخش و بێ سوودن. بەمەش دەبنە زۆرو بۆرێک کە لەکاتی ململانێی سیاسیی یەکلاکەرەوەو ھەڵبژاردندا ناتوانن فریادڕەس و رەنگدەرەوەی قەبارەی راستەقینەی ئاسایی بن. بۆیە یەکێتی پێویستی بەوەیە ببێتە حزبێکی ھەڵسوراوی خاوەن پڕۆژە کەخەڵک وەک لایەنگرو بەشدار لەدەوری پرۆژەو بەرنامەی دیاریکراو کۆبکاتەوە، نەک بەرواڵەت لەدەوری بارەگاو مەکتەبەکانیدا.لەم سۆنگەیەوە دەبێت یەکێتی شێوازی کارکردن، رێکخستن، و ھەڵسوڕانی خۆی بگۆڕێت و لەبری پێشبڕکێ بۆ ناو نووسکردنی (ئەندام) و لەبری ئەوەی باسی زۆریی ژمارەی ئەندامانی رێکخستنەکانی بکات، (کە بەناو چەند سەد ھەزار ئەندامن)، پێویستە بایەخ بەچۆنایەتی بدات. یەکێتی پێویستە بەپەرۆشەوە کار بکات بۆ کۆکردنەوەی لایەنگر و دەنگدەرو نوێنەرایەتیکردنی خواستی خەڵک؛ چونکە لەپرۆسەی دیموکراسی و ھەڵبژاردنە جیاوازەکاندا ئەوانن کاریگەریی لەسەر ھاوکێشەو نەخشەی سیاسی دادەنێن.
پارتی کرێکارانی بەریتانی لەکۆی ٦٣ ملیۆن ھاووڵاتیی بەریتانی تەنھا ١٩٣ ھەزار ئەندامی ھەیە، بەڵام تەماشای ژمارەو ئامارەکان بکەن، تەماشای ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی بەریتانیا بکەن لەخولەکانی نیوەی دووەمی نەوەدەکان و نیوەی یەکەمی ساڵانی دوو ھەزاردا، ئەو پارتە لەچەندین ھەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەستھێناوەو کاندیدەکەی لەچەندین سەردەمی جیاوازدا حکومەت و سەرۆکایەتیی حکومەتی بەریتانیای بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەو پرۆژەکانی، وەرگرتووە..لەسوید لەکۆی دانیشتوانی کە ٩ ملیۆن کەسە، دەستەخوشکمان کەپارتی سۆسیال دیموکراتی سویدە ١١٠ ھەزار ئەندامی ھەیە. بۆیە یەکێک لەو ئەرک و ھەل و دەسکەوتانەی لەبەردەم ئێستای یەکێتیدایە، ئەوەیە یەکێتی دەستبەرداری شێوازی (ناونووسکردن)ی ئەندام بێت کە لەزۆربەی جاردا گوزارشت لە قەبارەی راستەقینەی یەکێتی ناکات، و لەبری ئەوە، پێویستە بەرنامەو پرۆژەی گونجاومان ھەبێت کە لایەنگر و دەنگدەرمان بۆ کۆبکاتەوە. ئەگەر یەکێتی کارێکی لەو جۆرەی کرد، ئەوا پێویستمان بەدەزگای بیرۆکراتیی گەورەو گران و بێکار نابێت، بەڵکو حزبەکەمان دەبێتە حزبێکی زیندووی پڕ لەجوڵە و کارکردن و بیرکردنەوەی دروست، کە بە گەڵاڵەکردنی بەرنامەو پرۆژەی زانستی سەرکەوتوو و گونجاو لەگەڵ خواست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکدا دەگونجێت و دەرفەتیش دەدات کەخزمەت و ھاوکاری ھەڤاڵەکانیشمان بکەین.
یەکێتی و حوکمرانیلەسیستەمی دیموکراتیدا، حکومەت لەلایەن حزب، یان ھاوپەیمانێتی براوەی ھەڵبژاردنەکان پێکدێت. لەسیستەمی دیموکراسی و یاسا سەروەریدا، حزب متمانەی پێ دەکرێت بۆ دامەزراندنی حکومەت، و چارەنووس و دەسەڵات و سامانی وڵاتی پێ دەستپێردرێت بۆئەوەی بەرنامەی ھەڵبژاردن و ئەو بەڵێنانەی کە بەخەڵکی داوە، جێبەجێی بکات. ئەرکی حزب لەسیستمی تەندروستدا خزمەتکردنە، خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، بەوانەشەوە کە لەپرۆسەی ھەڵبژاردندا دەنگیان پێ نەداوە. لەرووی بنچینەییەوە، حزب بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حزبەکەی دەسەڵات دەگرێتە دەست. ئەمەش واتە پاراستن و فراوانکردنی بنکەی جەماوەریی لەرێگەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حزبییەوە.لەرەوەندی سیاسیدا ئەوەی بەھای ئەندێشەو ھەنگاوی کارەکتەرەکان زیاتر دەکات بریتییە لەبوونی رێکخراو. بەتایبەت کەرێکخراو دەتوانێت ئەرکی رێکخستنی خواستی ھەزاران کەس بگرێتە ئەستۆ. لێرەشەوە حزب وەک یەکێک لەگرنگترین رێکخراوە سیاسییەکان دەردەکەوێت.بەبڕوای بیرمەندانی سیاسی، وەک چۆن حزبی سیاسی پردی نێوان خواستی خەڵک و دامەزراوە رەسمییەکانی بڕیاردانە لەحکومەتدا، پێکھێنەری حکومەتەو بواری ئەوەش بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەڕەخسێنێت کە بەردەوام لەکایەی سیاسیدا بوونیان ھەبێت.
ئەمەش وادەکات کەوەک ئامرازی سەقامگیری بڕوانرێتە حزب.شاراوە نییە کەئامانجی حزب بریتییە لەگەیشتنە دەسەڵات یان مانەوە لەدەسەڵاتدا. بەم پێیە، ئەرکە تایبەتەکانی حزب بریتیین لەھاوئاھەنگکردن، ئاسانکردن و سەقامگیری بەخشین بەپرۆسەی سیاسی. ئەوە حزبە کەدەتوانێت جیاوازییە ناوچەیی و تایەفی و ئایدیۆلۆژییەکان لەبۆتەی کۆدەنگیدا بتوێنێتەوە. حزبە کەدەتوانێت بێ سەروبەری بکاتە رێکخستن و بەنوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندی چین و توێژە جیاوازەکان، کۆدەنگی جەماوەرو ھێزی سیاسی بەدەست بێنێت.لەھەڵبژاردنی ٢٥/٧/٢٠٠٩، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلیستی کوردستانیدا، بەرنامەیەکان راگەیاند، بەناوی نوێبوونەوەو ئاوەدانی، وگفتماندا ھەوڵبدەین بۆ دامەزراندنی حکومەتی ھاووڵاتیبون و رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی و رەچاوکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دوورخستنەوەی دەستێوەردانی حزبی لەکاروباری حکومەت، و رێکخستنی پەیوەندیی نێوان حزب و حکومەت لەسەر بنەمای بەرنامەکەی جەنابی مام جەلال کە لەساڵی ٢٠٠٨ دا رایگەیاندبوو.جێبەجیکردنی چەند بڕگەیەک لەبەرنامەی لیستی کوردستانی و ھەنگاونان بەرەو حکومەتی ھاوڵاتیبوون، بەبەرجەستەکردنی لەبەرنامەی دامەزراندن و رەخساندنی ھەلی یەکسان، و تواناسازی و ..ھتد، رەنگە ھاوکار بووبین بۆ گێڕانەوەی نەک تەنھا متمانەی بەشێکی ئەندام و دۆست و لایەنگرانی خۆمان، بەڵکو متمانەی خەڵکی تریش بەدەستھات و توانرا نموونەیەکی حوکمڕانی پێشکەش بکرێ کەجیاوازو ھیوابەخش بێت.
یەکێتی لەئەزموونی خۆی، زەرەرمەند بووە لەتێکەڵاویی حزب و حکومەتدا، سەرەڕای ئەو گەشەکردنە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیەی نیۆخۆی کوردستان، زیاتر ئەو راستییە بەرجەستە دەبێت و دەبینین لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش، ئەو مۆدێلەی حوکمڕانی بەسەرچووە کەکەس، چ تاک چ حزب، بێباکانە خەڵک بەگوێڕایەڵی ھەتاسەری خۆی بزانیت. بۆیە یەکێتی، وەک ھێزێکی دەستپێشخەر، بە جێبەجیکردنی پرۆژەکەی ھەڤاڵ مام جەلال و بەرنامەکەی لیستی کوردستانی، دەتوانێ لەم قۆناغەدا چاکسازی بەرجەستەی بکاو ژێرخانی سیاسی و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی خۆی فراوان بکات. یەکێتی و بازاڕو ئابوورییەکێتی لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، حزبێک بووە ئاوێتەی بەرژەوەندییەکانی خەڵک. جگە لەخەبات و تێکۆشانی سیاسی، وەک ئەرکێکی سەرشانی، خزمەتی ھەمەجۆری پێشکەش بەکۆمەڵانی خەڵک کردووە، و مێژوو شاھیدی ئەوەی بۆ دەدات.بەسەرنجدان لەرێڕەوی بیست ساڵەی حوکمڕانیی کوردی، دەردەکەوێت کەپەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە. ئەمەش بەھۆی باشبوونی گوزەرانی خەڵک و دەرکەوتنی چینی ناوەند، خواستی سروشتی خەڵک بۆ گۆڕان و نوێبوونەوە، و کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک کێشەو کەموکورتیی چەند ساڵە، و پاڵنەری ئیقلیمی و ھۆکاری نێودەوڵەتی.ئابووری و بازرگانی و بازاڕ، کەرتی گرنگ و ھەستیارو بایەخداری وڵاتن، دەبێت یەکێتی تێگەیشتنێکی بابەتی و قوڵ و زانستیی ھەبێت بۆ ئەم کەرتانە، بەباشی و بەوردی لەئەرکەکانی سەرشانی بۆ کەرتی بازرگانی و ئابووری تێبگات، پێگەی خۆی بزانێت، مەودای بازرگانی و بازاڕو ئابووری بۆ خەڵکی زیاتر بکاتەوەو زەمینەی گەشەکردن و ھەڵسوڕان لەو کەرتە گرنگەدا مەیسەر بکاو ھاوسەنگی و بەرابەریی زیاتر دەستەبەر بکات.لەماوەی رابردوو، یەکێتی لەڕێی بەرنامەی لیستی کوردستانییەوە کۆمەڵیک دەستپێشخەریی گرنگی کرد، لەگەڕاندنەوەی موڵکی گشتی و ھەنگاونان بۆ ئازادکردنی بازاڕو رووبەڕوبوونەوەی مۆنوپۆل، کەھەندێکی جێبەجێکران، بەڵام ھێشتا زۆری ماوە تا دڵنیای تەواو ببەخشێتە خەڵک.لەم ھەلومەرجەدا، پێویستە یەکێتی سوور بیت لەسەر جێبەجیکردنی ئەو بەرنامانەی رابردووی و بەرنامەی نوێش بخاتەڕوو. دەبێ بەکردەوە ھاوکارو رێگەخۆشکەری ئازادکردنی بازاڕو دابینکاری ھەلی یەکسان بێت. تاکو پێ بەپێی گەشەکردنی کۆمەڵگای کوردستان، لەبوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ئابوورییش ھەنگاوی گەورەترو ئازایانەتر ھەڵنێت.
دەستوەردان لەکەرتی تایبەت و بەرتەسککردنەوەی دەرفەتە ئابورییەکان، ناڕەزایی لێدەکەوێتەوەو بوژاندنەوەی بازاڕ سست دەکاو، گرانی بەرھەمدەھێنێت و گەورە بازرگانی نەناسراوو سەرمایەی گوماناوی دروست دەکاو تەندروستی سیستم دەخاتە ژێر پرسیارو بواری گەندەڵی فراوان دەکات و بانگەشەی یەکێتی بۆ کرانەوەی بازاڕو رەخساندنی وەک یەکی ھەل و دەرفەتی بازرگانی و ھەوڵدان بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی پوچەڵ دەکاتەوە.بەبڕوای بیرمەندانی ئابووریی سیاسی، دەوڵەتی خاوەن نەوت، شێوازی بەکارخستنی سەرمایە تیایاندا جیاوازە. سەرمایەی نەوتی، تایبەتمەندی خۆی ھەیە لەبەگەڕخستندا.
کاتێک پترۆ دۆلار لەبنیادنانی حکومەت و کۆمەڵگەی نوێدا بەکاردەھێنرێت، ئەوا دامەزراوەو دەسەڵاتەکانی دامەزراوە رەسمییەکان لەو سیستمانەدا دەشێوێنرێن. لەم ھاوکێشەیەدا سیستمی سیاسی دەیەوێت پەلە بکات لەبنیادنانەوەی خۆیدا، کۆمپانیاکانی نەوت دەیانەوێت دەستبەسەر زۆرترین سەرچاوەی نەوتی خاودا بگرن و بەشێکی دەسەڵاتدارانیش ھەوڵدەدەن زۆرترین دەستوپێوەند بۆخۆیان کۆبکەنەوە. ئەم دەستوپێوەندگەراییە، دەسەڵات لەبازنەیەکی داخراوی بچووکدا کورتدەکاتەوە، تۆڕی گەندەڵی و کاری ژێر بەژێر، لەنێوان کارەکتەرە سەرەکییەکانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا دروست دەکاو باڵانسی پەرەپێدانیش دەشێوێنێت بەتایبەت کە لەم ھاوکێشەیەدا، دەسەڵات بۆ بنیادنانەوە تەنھا پشت بە پترۆ دۆلار و یەک سەرچاوەی بژێوی دەبەستێت و کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و وەرگرتنی باج فەرامۆش دەکرێن. بەمەش پەرەپێدانێکی نێگەتێڤ جێی گەشەپێدانێکی پۆزەتیڤ دەگرێتەوە.
یەکێتی و رێکخراوی جەماوەریی و پیشەییشارەزایان دەڵێن پێکھاتەی پارتی سیاسی، پەیوەندارە بەو میتۆدەی کەحزب بۆ پێکانی ئامانجەکانی سوودی لێ وەردەگرێت. بەم پێیە، ئەو حزبانەی کەدەیانەوێت حزبی ھەڵبژاردن و دەنگدەر بن، دەبێ پێکھاتەیان جیاواز بێت لەوانەی کە بەنھێنی کار دەکەن یان حزبی سەردەمی شاخ بوون. حزبی سیاسی پردی نێوان حکومەت و جەماوەرەو ھەوڵدەدات دەنگدەران ھۆشیار بکاتەوە، رێنماییان بکات و چالاکییان پێ بنوێنێت. لێرەشەوە بە سوود وەرگرتن لەمیدیا و رێکخراوەکان، ھەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ جەماوەر بەھێز دەکات و ھەم بە خستنەڕووی سیاسەتە جیاوازەکانیش، رێنماییان دەکات. بۆیە پارتە سیاسییەکان، سوود لە دامەزراندنی سەندیکاو کۆمەڵەو رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان وەردەگرن و بەم ستراتیژە کلاسیکییە، لەرووی پیشەیی و کۆمەڵایەتییەوە جەماوەرەکەیان رێکدەخەن. کەواتە بوونی رێکخراوی جەماوەری و پیشەیی، لەھەر حزبێکدا ئاماژەی گرێدراویی ئەو حزبەیە بەچین و توێژەکانی گەلەوەو بەڵگەیە لەسەر ئامادەگی کۆمەڵگە لەپەیوەستبوون و کۆبوونەوە لەسایەی رێبازی گشتی و تایبەتمەندی ئەو حزبەدا.ھەر حزبێک کەبەرفراوان و جەماوەری و خاوەن رەوتێکی دوورودرێژی تێکۆشانی پیشەیی بێت، وەک یەکێتی، ئەوا ئەو حزبە دەبێتە ساباتی رێکخراوی جەماوەری و پیشەیی ھەمەلایەن و نوێنەرایەتی بەرژەوەندی چین و توێژە جیاوازەکان لەئەستۆ دەگرێت، بەمەش رێکخراوەکانی، لەسیاسەتە گشتییەکاندا بۆی دەبنە ھاوکارو پشتیوان، و لەسەردەمی ھەڵبژاردن و خەباتی دیموکراتیشدا، دەبنە پاڵشتی مرۆیی و فاکتەری سەرخستنی بەرنامەکەی.یەکێتی، خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لەپشتیوانیکردنی خەباتی پیشەییدا، تەنانەت لە سەردەمی شۆڕش و خەباتی چەکداریشدا، مامەڵەی دروستی لەگەڵدا کردبوون.
لەسەردەمی شۆڕشدا، رێکخراوەکانی خوێندکاران، دواتریش ژنان و گردبوونەوەی جوتیاران و کرێکاران و نووسەران لەدەرەوەی قەوارەی حزبایەتیدا، ھێزی پشتیوان و پاڵپشتبوون بۆ خەباتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی یەکێتی. ھەندێک لەو رێکخراوانە، بۆ نموونە خوێندکاران، لەقۆناغی شۆڕشدا، ناوەندی پێگەیاندنی کادرو سەرکردەی سیاسی و پێشمەرگایەتی بوون لەناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا.لەدوای راپەرینیشەوە، رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان، رۆڵی کاراو بەرچاویان ھەبووە، بەڵام ئێستا ئەم خەباتە پێویستی بەگەشەکردنی چۆنایەتییە تا بتوانن لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی قۆناغی نوێدا ھەڵبکەن و سەردەستە بن. بۆ ئەم قۆناغە رێکخراوە دیموکراتییەکان، پێویستە رێکخراوی کاراو کاریگەرو ئازادبن، خەون و خواستی چین و توێژەکان بۆ یەکێتی بگوازنەوەو پشتیوانی یەکێتیش بن لەناو خەڵکدا، رێکخراوەکان دەبێت پرد بن، خواستی خەڵک بۆ یەکێتیی و پلانی خەمخۆرانەی یەکێتیش بۆ خەڵک بگوازنەوە و پەرەیان پێبدەن. بێ ئەوەی سروشتی پەیوەندیی نێوان یەکێتی و رێکخراوەکانی بشێوێت، پێویستە لەم نێوەندەدا بەرزترین ئاستی ھەماھەنگی و دیموکراتیترین رایەڵەی ئۆرگانی دابمەزرێنن، بەجۆرێک نە ئەوان وەک رێکخراوە دیموکراتییەکان لەیەکێتی پەرتبن، و نە یەکێتیش وەک حزب شەتەکیان بداو جوڵەو دەستپێشخەرییەکانیان پەکبخات. بەمەش پێویستە جۆرێک لە ھاوسەنگی ھەبێت، ھەم یەکێتی حسابیان بۆ بکات و ھەم ئەوانیش حساب بۆ ئەرکە گەورەکانی یەکێتی بکەن.لەم سۆنگەیەوە یەکێتی دەتوانێت ستراتیژی پەیکەری خۆگونجێن، پەیڕەو بکات. واتە توانای خۆگونجاندن و نیشاندانی جیاوازیی میتۆدی کارو بڕی تێوەگلان لەکاری رێکخستدا بخاتەڕوو، ئەویش بە پشت بەستن بە: جیاوازیی جوگرافیا، جیاوازیی نەخشەی سیاسی و ھێزە باڵادەستەکان، جیاوازی فەرھەنگ و پارێزگاکان، جیاوازی خواستی شارو گوندەکان، جیاوازی چین و توێژەکانی یەک ناوچە و جیاوازی رەگەزو تەمەن و ھیواکان.
شێوازی رێکخستنی کاسبکاران جیاواز بێت لەکارکردن لەناو مامۆستایانی زانکۆداو جیاوازیی کارکردن لەنێوان راکێشانی عەقڵی گەنجان و پشتیوانی جوتیاران بەروونی دیار بێت. جگە لەمیتۆدی کارکردن، پەیکەری رێکخستنیش دەبێت جیاوازو خۆگونجێن بێت. واتە ئەگەر بۆ کارکردن لەناو عەشایەرو کاسبکاردا، پشت بە پەیکەری ستونی ببەسترێت، ئەوا رێکخستن لەناو نوخبەی خوێندەوار، گەنجان، ژنان و خوێندکارانی زانکۆدا، پێویستە ئاسۆیی بێت.بەم رێگەیە، یەکێتیی دەبێتە پێشەنگ و رێکخراوە دیموکراتیی، پیشەیی و جەماوەرییەکان، بەپێی جیاوازی خواست و ھیواکان، لەم حزبەدا رۆڵ دەبینن، پێگەیان دەبێت و پرۆژەکانیان بەھا و سەنگی دەبێت.
یەکێتی و راگەیاندنراگەیاندن، یەکێک بووە لەکۆڵەکە پتەوەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان. دەزگاو ناوەندی راگەیاندنی یەکێتیی، خاڵی ھێزو جیاکەرەوەی سەرەکیی ئەم حزبە تێکۆشەرە بووە لەکۆڕی خەباتی شاخ و سەردەمی ئاوەدانیشدا. چونکە یەکێتی لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، تێگەیشتنێکی سیاسیی و رووناکبیریی قووڵ و مامەڵەیەکی سەرکەوتووی نوێگەری لەگەڵ میدیاو راگەیاندندا ھەبووە، بەجۆرێک بەکەمترین توانای مادیی و کەرەستەی بەردەستەوە، یەکێتی ئامرازێکی کاریگەری بۆ خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانی لەشۆڕشی نوێدا، لەمیدیا بەرھەمھێنا. بەمەش راگەیاندن بووە بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوی خەباتی بێ وچانی نەپساوەی یەکێتی.لەشۆڕشی نوێدا، میدیاو راگەیاندنکار رۆڵی گەورەو کاریگەریان ھەبووە لەروونکردنەوەی راستییەکان، داکۆکیکردن لە ئامانجە نەتەوەییەکان، و خستنەسەرپێی مافە دیموکراتی و نیشتمانییەکان. راگەیاندنی یەکێتی رۆڵی لێزانانەی ھەبووە لەھۆشیارکردنەوەی میللەت بەرامبەر ماف و خواستە رەواکانی، لەبەرپەرچدانەوەی سیاسەتی چەواشەکاری بەعس و داگیرکەران لەپەردە ھەڵمالێن لەتاوانە دڕندانەکانی رژێم دژ بەکۆمەڵانی خەڵک لەگەیاندنی سیاسەت و پەیامی یەکێتی و لەکۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی و کارکردن لەسەر بەجیھانیکردنی ئەو کارەساتانەی بەسەر کوردا ھات.لەشۆڕشدا، راگەیاندنەکانی یەکێتی، بەتایبەتی دەنگە دلێرو زوڵاڵەکەی یەکێتی: دەنگی گەلی کوردستان، بڵندگۆی شۆڕش و پێشمەرگەو تێکۆشانی میللەتێکی بەشخوراو بوو. رۆژنامە وگۆڤارو کتێب و بڵاوکراوەکانی شاخ، شۆڕشێک بوون لەبواری رووناکبیری و ھوشیاری نەتەوەیی و دیموکراتیدا.لەدوای راپەڕینیش، یەکێتی دامەزراوەی میدیایی جۆراوجۆری بەھێزی دامەزراند، وەختێک یەکێتی رۆژنامەیەکی رۆژانەی دەرکرد، ھیچ کەناڵێک بۆ گوزارشکردن لەخەڵک و خواستی کوردستانی راپەریوو لەئارادا نەبوو، بۆیە رۆژنامەی کوردستانی نوێ، تاقانە ھیوای کوردستانی نوێ بوو.یەکێتی لەدوای راپەرین پەرەی بەئەرکی پێشمەرگانەی میدیاییداو لەداھێنانێکی دەگمەندا، بەبیرو بازووی کادرو شارەزای خۆماڵی، تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانی خستەکار، ئێزگەش، وەک ھەمیشە، دەنگی گەلی کوردستان، دەنگی ھەقبێژی خەڵک و یەکێتی بوو.ئێستا و لەگەڵ فراوانبوونی یەکێتیدا، راگەیاندنی یەکێتیش فراوان بووە، جگە لەکەناڵە رەسمییەکانی، بەکوردی و عەرەبی و زمانەکانی تر، چەندین راگەیاندن و دەزگای رۆشنبیری و ئەدەبی ھەن کەیەکێتی ھاوکاریان دەکات و بەئازادیی کاردەکەن.بەڵام بە کاریگەریی تەکنولوژیای نوێ، گۆڕانی تێگەیشتن و خواستی ژیانی مۆدێرن لەراگەیاندن و فرەیی لە کەناڵ و بیروڕادا، ژینگەی کاری راگەیاندنییش گۆڕاوە.
بەم چەشنە، سەرباری بەگەڕخستنی کادری ھەڵکەتوو و تێچوونی دارایی و دابینکردنی ئازادیی رادەربڕین، ھێشتا بەھۆی سیاسەتی راگەیاندنی تەقلیدیمان و تێنەگەیشتن لەم ژینگە نوێیەی کۆمەلگا، کاری راگەیاندنی حزبی سنووردارکردووە بە بەراورد لەگەڵ دەزگای تری راگەیاندن.لەم ژینگە نوێیەدا، کەھەر ھەواڵێکی ناڕاست بەخێرایی بڵاودەبێتەوەو ھەر بەکاربەرێکی ئینتەرنێت، وەک سەنتەرێکی ھەواڵ رەفتار دەکات، پروپاگەندە ھێند بەھێزو بێزراو بووە، کەتەنانەت راستگۆترین سەرچاوەکانیش جێی گومانن. بێگومان لەوەھا ژینگەیەکدا، حزبی سیاسی، ناتوانێت بۆ پاراستنی پێشەنگیی خۆی، پشت بە پروپاگەندە ببەستێت، بەڵکو ئەوەی حزب دەکاتە پێشەنگ، پشتبەستنە بەراستگۆیی لەگەیاندنی زانیاری و کراوەیی لە رووماڵکردن و ئازادیی لەشیکار و بیروڕادا. پشتبەستن بەراستگۆیی و کراوەیی و ئازادیی، پشتبەستنە بە عەقڵانییەت لە دونیای نوێی راگەیاندندا و ئەم میتۆدەش بوژاندنەوەی راگەیاندنی حزبی لێدەکەوێتەوە.
یەکێتی ئەگەر دەرگای ئازادیی بیروڕا و رەخنە لەخۆ گرتن واڵا بکات، راستگۆیی دەزگاکانی بەھیزتر دەکات. یەکێتی بەم ھەنگاوە دەتوانێت ھەم گفتوگۆو رەخنەکان لەنێو ماڵی خۆی، لەسەر رووپەڕی رۆژنامەو ناو ژووری ھەواڵ و ستۆدیۆی بەرنامەو پەیجەکانی فەیسبوکی خۆیدا کۆنترۆڵ، سەرپەرشتی و چارەسەر بکات و ھەمیش ببێتە ئەلتەرنەتیڤێکی بەھێزو راستگۆو کراوە بۆ رکابەریکردن لەگەڵ کەناڵە میدیاییە ناحزبییەکاندا.راگەیاندنی یەکێتی وەک چۆن پارێزەری دەسکەوتەکان، و نیشاندەری چالاکیی و بەرەوپێشچوونە حکومەتی و حزبییەکانە، پێویستە پارێزەری مافی گشتی و داکۆکیکاری ھاووڵاتی و چاوی خەڵک بێت لەسەر کەموکورتییەکان.ئەگەر میدیا ئازاد بوو، رەخنەگر راستگۆ بوو، و توانی نوێنەرایەتی خواستی خەڵک بکات، دەشتوانێت لەگەڵ گەیاندنی پەیامی خۆیدا، سەرنجی خەڵک و رای گشتی بەرەو لای خۆی رابکێشێت. ئێستاش کەسەردەمی سۆشیال میدیاو چالاکیی خێراو ھەواڵی بەپەلەو پەیوەندی ئەلیکترۆنییە، پێویستە ئێستا یەکێتی، بایەخیکی تایبەت بەسۆشیاڵ میدیا دابمەزرێنێت، تا بتوانین بەپێی جیاوازی کات و ئامانجەکان، لەجوگرافیای بێ سنووری سۆشیاڵ میدیادا رۆڵی ستراتیژیی خۆی ببینێت. چوار ساڵ لەمەوبەر کاتێک باراک ئۆباما سودی وەرگرت لەسۆشیاڵ میدیا بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن، زۆر کەم بوون ئەو پارتە سیاسییانەی کەبەم رێبازە ئاشنابوون. بەڵام ئەمڕۆ سۆشیاڵ میدیا بووە بەچەکێکی کاریگەر بۆ کۆکردنەوەی دەنگدەرو یەکلاکردنەوەی دەنگی ناوچەی خۆڵەمێشی.باپرسین، ئایا یەکێتی، سیاسەتی سۆشیاڵ میدیای ھەیە؟ توانیوویەتی فەیسبوک و تویتەر، بۆ خستنەڕووی سیاسەتی گشتی خۆی، بۆ رۆشنگەری، بۆ کۆکردنەوەی ئەندامی نوێ، و بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاربھێنێت؟یەکێتی، وەک حزبێکی پشتبەستوو بەھەڵبژاردن و باوەڕدار بەئاڵوگۆڕی دەسەڵات، پێویستی بەسۆشیال میدیا ھەیە بۆ پاراستن و فراوانکردنی جوگرافیای دەنگدەرو لایەنگرەکانی. بەتایبەت کە ئەم میتۆدە بواری گفتوگۆ، خستنەڕووی بیرۆکەی نوێ، پرۆژەی سیاسی و بەدواداچوونیان دەڕەخسێنێت و ئاستی پەیوەندیی نێوان حزب، ئۆرگانە جیاوازەکان و لایەنگران، پەرەپێدەدا و سنورو رێگرییەکانی پەیوەندیی کلاسیکییش دەبەزێنێت.
بانگەشەکانی لیستی کوردستانی، رووداوەکانی فێبرایەرو دیسەمبەری ٢٠١١، و گرژییەکانی نێوان حزبە سیاسییەکان و ھەرێم و بەغداش، لەنێو ژینگەی سۆشیاڵ میدیادا، نیشانیدا کەسەرباری گرنگییەکەی، ھێشتا ئەم میتۆدە نەخەمڵیوە، بەکارھێنانی بەزانستی نەکراوەو حزبی سیاسی لەھەرێمی کوردستاندا نەیتوانیووە وەکو پێویست سودی لێوەربگرێت.لێرەشەوە باشوایە یەکێتی، بەرنامەی گونجاوی ھەبێت تایبەت بەسۆشیاڵ میدیا. کە ئەندامانی لەنوێنەرانی ئۆرگان و دەزگا جیاجیاکانی حزب پێکھاتبن بەجۆرێک کەئەم کۆمیتەیە بتوانێت، ھەم نوێنەرایەتی مەکتەبی راگەیاندن بکا، ھەم ئەرکی دەزگای ھەڵبژاردن جێ بەجێ بکو ھەم سەروەیی مەکتەبی شەھیدان بڵاو بکاتەوە و ھەم پەیوەندی لە نێوان گەنجانی یەکێتی و دەرەوەشیدا دروست بکا. کۆمیتەیەک کە بتوانێت بەپێی جیاوازی ئەرک و ئامانجەکان، لەجوگرافیای بێ سنووری سۆشیاڵ میدیادا رۆڵی ستراتیژیی خۆی ببینێت. سەرباری ئەمەش، دەستبەجێ پێویستە ماڵپەری رەسمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دابمەزرێنین!
١٠ ئەوەی مێژووی ٣٧ ساڵی رابردوو دەیسەلمێنێ ئەوەیە کەیەکێتی رۆڵێکی گەورەی ھەبووە لەرابردوودا، و چاوەڕوانی خەڵک، و تیکۆشەرە دێرینەکان، و کەسوکاری شەھیدان و گەنجانی ئەم وڵاتە، لەیەکێتی ئەوەیە کەببێتە حزبی ئایندە، لەئایندەشدا رۆڵ و پێگەی لەئاراستەکردنی رووداو و پێشھاتەکاندا مایەی دڵنیایی خەڵکی کوردستان بێت، بۆ ئەوەی یەکێتی ببیتە حزبی ئایندە بەرەچاوکردنی بەرنامەی بەرەو حزبێکی مەدەنی و ئاوێتەی بەرژەوندییەکانی خەڵک، پێویستی بە خۆ نوێکردنەوە و گۆڕانکاری ریشەیی ھەیە لە سیستەمی کارکردنی و لە بەرنامە و لە دونیابینییەکانی. ھیوادارم ئەم یادە بکەینە دەرفەتی ھەنگاونان بەو ئاراستەیە و دەرگای گفتوگۆیەکی ھێمنانە بۆ باشترین بژاردە بکەینەوە.
جێگری سکرتێری گشتی ی.ن.ک