کارزان گلی
دوێنێ شه‌و بۆ هاووڵاتیانی توركیا رۆژێكی مێژوویی بوو، ره‌نگه تا به‌یانی له خه‌ونیاندا كابوسیان بینیبێت، وه‌لی كه به‌یانی له خه‌و هه‌ستان بینیان وڵاته‌كه‌یان كوده‌تاچییه‌كانیان ریسوا كردووه و دیموكراتی بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تۆمار كردووه. توركیا نموونه‌یه‌كی جوانی دیموكراتی پێشكه‌شی دنیا كرد، به‌وه‌ی ئیراده‌ی گه‌ل به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا سه‌ركه‌وت و هیچ لایه‌نێك نه‌یتوانی چۆكی پێدا بدات. توركیا بۆ دنیای سه‌لماند كه راسته له رووی ناوه‌خۆییه‌وه كێشه‌ی گه‌وره‌یان هه‌یه، راسته پارته سیاسییه‌كانی توركیا به توندترین شێوه دژایه‌تی یه‌كتری ده‌كه‌ن به تایبه‌ت دژایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان به‌وه‌ی به‌ره‌و تاكڕه‌وی رۆیشتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاسایشی وڵاته‌كه‌یان بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه هه‌موو ره‌نگه‌كان ده‌ست ده‌خه‌نه ناو ده‌ستی یه‌كتری و رووبه‌رووی ده‌بنه‌وه.
ئه‌وه بۆیه جه‌هه‌په و هه‌ده‌په و مه‌هه‌په له دره‌نگانی شه‌ودا داوایان له خه‌ڵك كرد رێگه نه‌ده‌ن كوده‌تاچییه‌كان سه‌ربكه‌ن و بڕۆن رێگه‌یان لێ بگرن. هه‌ده‌په ئه‌گه‌رچی له ناخۆشترین ساته‌كانیدا ده‌ژیت له‌گه‌ڵ ئاك پارتی و ئه‌ردۆگاندا به‌وه‌ی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانیدا هه‌ڵگیراوه و داوا ده‌كه‌ن بخرێنه زیندانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان پشتگیری‌یان له ئه‌ردۆگان كرد و دژی كوده‌تا وه‌ستانه‌وه. هه‌ده‌په بڕیارێكی زۆر ژیر و عاقڵانه‌ی دا، چونكه زانی كورد مێژوویه‌كی یه‌كجار خراپی له‌گه‌ڵ هێزی سه‌ربازی توركیا هه‌یه و له هه‌رسێ كوده‌تاكه‌ی توركیا له ساڵی 1960 و 1971 و 1982 كورد زۆرترین زیانی گیانی و مادی به‌ركه‌وتوه، بۆیه نه‌یویست خوێنی كورد به ده‌ستی كوده‌تاچییه‌كان بڕژێت و خۆی به خاوه‌نی توركیا زانی.
گروپی ئایدن دۆغان كه به ئیمپڕاتۆری میدیای توركیا ناو ده‌برێت و ده‌یان ته‌له‌ڤزیۆن و رۆژنامه و رادیۆی هه‌یه، له‌وه‌ته‌ی ئاك پارتیش هاتووه‌ته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، دژایه‌تییه‌كی سه‌ختی ئه‌و پارته ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگانیشدا له ناخۆشترین ساته‌كانیدایه به‌وه‌ی چه‌ندین رۆژنامه‌نووسی سه‌ر به‌و ده‌زگا میدیاییه ده‌ستگیر كراون، به‌ڵام دوێنێ پشتگیری له ئه‌ردۆگان كرد به ده‌نگی به‌رز ده‌یگوت نا بۆ كوده‌تا و بژی دیموكراتی و ئاشتی.
یه‌كێك له هۆكاره هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی شكستی كوده‌تاكه‌ی دوێنێ، پشتگیریكردنی میدیا بوو له حكوومه‌ت، بۆیه سه‌عات 4ی شه‌و گروپێك چه‌كداری كوده‌تاچییه‌كان به 2 هه‌لیكوپته‌ر له باخچه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی سی ئێن ئێنی توركی نیشتنه‌وه و كه‌ناڵه‌كه‌یان په‌ك خست و له په‌خش رایانگرت، چونكه زانیان ئه‌و كه‌ناڵه چی خزمه‌تێك به حكوومه‌ت ده‌كات دژی كوده‌تا. بۆیه ده‌كرێت بڵێین رزگاركه‌ری حكوومه‌تی توركیا له ده‌ستی كوده‌تاچییه‌كان و شكست پێهاتنیان میدیای توركیا بوو، به تایبه‌ت میدیای بێلایه‌ن و سه‌ر به ئۆپۆزسیۆنی توركیا.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بهاتبوایه خه‌ڵك پشتی له حكوومه‌ت بكردایه و بێده‌نگ بوونایه به‌رامبه‌ر به‌و كوده‌تایه له ماوه‌ی 4 سه‌عاتدا ته‌واوی جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی حكوومه‌ت ده‌كه‌وته ده‌ست كوده‌تاچییه‌كان و ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م رۆژی حوكمڕانیان ده‌بوو، به‌ڵام میلله‌ت ئازاری زۆری به ده‌ست كوده‌تاوه دیوه، رابردووی ئه‌و میلله‌ته له‌گه‌ڵ كوده‌تادا تاڵه، بۆیه خوێنیان رشت تا نه‌هێڵن وڵاته‌كه‌یان ئارامی لێ بشێوێت و كوده‌تاچییه‌كان حوكمی بكه‌ن.
ده‌كرێت ئێمه‌یش وه‌كو هه‌رێمی كوردستان سوود له‌و یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزییه‌ی توركیا وه‌ربگرین، به‌وه‌ی كاتێك وڵاته‌كه‌یان كه‌وته مه‌ترسییه‌وه هه‌موویان گۆرانی دیموكراتییان چڕی دژی كوده‌تاچییه‌كان، با ئێمه‌یش گۆرانی ئاشتی بڵێن بۆ دانوستاندن و یه‌كڕیزی.
17/7/2016