ژیان به‌بێ ئازادی بۆ نووسه‌ر مانای زیندانێكی رانه‌گه‌یه‌نراوه، له‌به‌رامبه‌ریشدا نووسه‌ره جدییه‌كان هه‌ستیان به‌وه كردووه كه یه‌كێك له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و فه‌زایه‌ی به ناوی ئازادییه‌وه هاتووه‌ته ئاراوه، دواڕۆژێكی خراپی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.
كۆتایی سه‌ده‌ی رابردوو، سه‌ده‌ی گه‌شه و هه‌ڵدانی ته‌كنۆلۆژیا بوو، به‌شێكی زۆر له بیرمه‌ندان هه‌ستیان به مه‌ترسییه‌ك كرد كه له ئه‌نجامی ئه‌و گه‌شه‌یه سه‌ره‌تای بێبه‌هاكردنی ئه‌و شتانه‌یه كه ئینسان شانازیی پێوه ده‌كات و به‌تایبه‌تیش نووسین، هه‌ر یه‌ك له بیرمه‌ندانی وه‌كو (ئه‌ریك فرۆم و هابرماس) دركیان به‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه كردبوو كه به ناوی شۆڕشی ته‌كنۆلۆژی و جیهانگه‌راییه‌وه هێرشی هێناوه و هه‌رچی به‌های فكری هه‌یه رای ده‌ماڵێ، چونكه ته‌كنۆلۆژیا پانتاییه‌كی فراوانی فه‌راهه‌م كرد بۆ به‌شداربووه‌كانی خۆی، له‌وێشه‌وه هه‌ركه‌س بیه‌وێ ده‌توانێ ببێته خاوه‌ن ئیمێڵ و ده‌ستكه‌وتنی داتا له رێگه‌ی كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێته‌كه‌ی له ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه، كه كۆمپانیا درۆزنه‌كان به‌خۆڕایی پێیان ده‌به‌خشن، ئه‌مه به‌بێ هیچ ماندووبوونێك، ئه‌م دیارده‌یه كه سه‌ره‌تاكه‌ی دیار بوو به نیازه هیچ به‌هایه‌ك بۆ فكر نه‌هێڵێته‌وه، ئه‌و مه‌ترسییه‌ی خوڵقاند كه كێشه‌یه‌ك به ناوی ئازادیی نووسین و بیركردنه‌وه و نه‌هێشتنی موڵكییهتهوه نه‌مێنێت و مۆدێلی ته‌مبه‌ڵیی بیركردنه‌وه دروست ببێت، بۆیه كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌وه‌ی به ناوی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیاوه هات، ئه‌وه‌بوو ده‌ستی هه‌موو كه‌سێكی واڵا كرد تاكو ببێت به نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند له هه‌موو بواره‌كاندا، ئیتر هه‌ركه‌س له‌ماڵی خۆی هه‌م بوو به سه‌رنووسه‌ر و هه‌م خاوه‌ن ستۆدیۆ و هه‌م بوو به كامێرامان و مۆنتێر و به‌ڕێوه‌به‌ری میدیا و هتد، به‌وپێیه‌ی مه‌ترسی سانسۆرێك نه‌ما كه له‌ده‌ره‌وه‌ی سانسۆری ئازادی و بیركردنه‌وه هه‌بوو له سه‌ده‌كانی پێشوو، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه كارێكی كرد هه‌رچی ناوی موڵكییهته نه‌مێنێ و موڵكییهتێكی دیكه بێته ئاراوه كه به‌ناوی ماسمیدیاوه له فه‌یسبووكدا نه‌خوێنده‌وار و بیرمه‌ند وه‌كو یه‌ك به‌شداریی ته‌كنۆلۆژیا بن، بگره بازاڕی نه‌خوێنده‌واری ره‌واجی باشتری وه‌رگرت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م فه‌زایه له شوێنێكی دیكه‌دا كێشه‌ی بۆ سیاسه‌تیش دروست كرد.
سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی میسر و تونس و لیبیا و سووریا له ناوچه‌كه، باشترین سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن كه سیاسه‌ت له رێگه‌ی ته‌كنۆلۆژیاوه خه‌ڵكی له دژی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌ڵخران و كردنی به كۆمبارسی فیلمێك و هه‌ر خۆیشی پاڵه‌وانی كارتۆنیی بۆ دانا و دۆخه‌كه‌ی گۆڕی.
به‌پێی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی كه ده‌زگایه‌كی گرنگی ئه‌مه‌ریكی بۆ راپرسی له‌باره‌ی به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆژیا به‌بێ سانسۆر، ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه كه 48 %ی خه‌ڵك دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه له بابه‌تی جدی و بیركردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی كتێب و ده‌ستیان داوه‌ته گه‌مه‌ی نێو ئینته‌رنێت و... هتد، ئه‌مه كاریگه‌ریی نه‌رێنییشی كردووه‌ته سه‌ر بازاڕی چاپه‌مه‌نی، ده‌زگاكه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته روو كه ئه‌م دیارده‌یه جگه له دروستكردنی نووسه‌ری وه‌همی و رۆشنبیری وه‌همی و فه‌رهه‌نگێكی بێ بنه‌ما، جۆرێك له تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌شی دروست كردووه كه چیتر كۆمه‌ڵناس و كه‌سانی پسپۆر له ده‌ره‌وه‌ی مامۆستای زانكۆ دروست نه‌بن بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و دیارده پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤه‌كانی.
هه‌ڵبه‌ت میدیا كه ئێستا له كاره‌كه‌ی خۆی كه ئه‌خلاقه ترازاوه و وه‌كو پێوه‌ر ته‌ماشا ناكرێ و هیچ میدیایه‌ك نییه له 100% كاری پێ بكات، ئه‌مه به‌شێكه له‌و هۆكاره‌ی كه نووسین و خوێندنه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م خوێنه‌ر سووك كردووه، به‌ده‌ستهێنانی داتا له رێگه‌یه‌كی ئاسانه‌وه و به‌تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌هلی خوێندنه‌وه نین و دژی موڵكییه‌تی فكرین و بیرناكه‌نه‌وه، له هیچ كام له‌و كایانه‌ی كه ژیانی پێ به‌ڕێوه ده‌چێ، هه‌ڵبه‌ت میدیاكاریش كه به‌شێكی زۆریان وه‌كو بووكه‌ڵه‌ی ژێر ده‌ستی سیاسییه‌كان و گهمهپێكردنیان له‌نێو كایه‌ی سیاسی و كاری هه‌واڵگریدا ئاسانه، به‌هۆی نه‌زانینیانه‌وه له موماره‌سه‌كردنی سیاسه‌ت، تاكو نووسین سووك بكه‌ن، به‌مه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنییان هه‌بووه له‌سه‌ر خودی خۆشیان و له سووككردنی نووسین و ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی تاك و خوێنه‌ر و بیسه‌ر و بینه‌ر.
خزمه‌تكاره‌كانی ئایدیۆلۆژیا
به‌شێكی زۆر له‌و به‌ناو رۆشنبیرانه‌ی كه له‌سه‌ر حیسابی رۆشنبیری جدیی هاتن و كۆمه‌ڵێك جومگه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له هه‌موو دونیا به‌ده‌سته‌وه گرت، ئه‌وانه بوون كه به‌ده‌ر له‌بیركردنه‌وه و خه‌می رۆشنبیری له داهاتووی ئینسان، بوون به خزمه‌تكاری ئیدیۆلۆژیای حزبی و كاركردن بۆ سه‌رخستنی هاوكێشه‌ی سیاسیی لۆكاڵی و نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وانه‌ی له ئاستی لۆكاڵی ده‌نووسن و قسه ده‌كه‌ن زۆرترن له‌وانه‌ی كه له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تی شته ناحه‌زه‌كان تیۆریزه ده‌كه‌ن بۆ خوێنه‌ری ته‌مبه‌ڵ، ئه‌م فه‌زایه له كاتێكدا به‌رهه‌م هاتووه كه به هه‌موو پێوه‌رێك ده‌بوو له‌دوای رووخانی بلۆكی سۆڤیه‌تی به‌ناو سۆسیالیستی، ئه‌و جۆره خزمه‌تكاره ئیدیۆلۆژیایه نهمابوونایه، تاكو ئینسان بكه‌ن به خزمه‌تكار و كۆیله‌ی سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیای وشك و هه‌ندێك جاریش مه‌ترسیدار، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م ته‌رزه له‌و به‌ناو رۆشنبیرانه زۆرتر بوون و ئه‌وه‌ی حزبه‌كان ترسیان لێ نیشتبوو، ئه‌وان كه‌لێنه‌كه‌یان به نووسین و بابه‌تی كرچ و كاڵ به‌ناوی هونه‌ره‌وه بۆ پڕكردنه‌وه و ترسه‌كه‌یان ره‌وانده‌وه. ئه‌م حاڵه‌ته له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرت كه ستایلێك له خوێندنه‌وه په‌یدا بوو جێگه‌ی به ره‌خنه‌ی جدی و فكری له‌ق كرد، تاكو ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه ئایدیۆلۆژیا ئه‌و مه‌ترسییه‌ی نه‌مێنێ كه‌سێكی وه‌كو (ئه‌نتۆنیۆ گرامشی) كه له سه‌ده‌ی رابردوودا ژیا و جارێكی تر به زمانێكی ره‌خنه‌ئامێزه‌وه سه‌رهه‌ڵبدات و ره‌خنه له‌و ته‌رزه رۆشنبیره بگرێ كه ئه‌و ناوی نابوون رۆشنبیری ئۆرگانی، ئه‌وانیش له چه‌شنی مه‌لا و قه‌شه و مامۆستای كۆلكه خوێنده‌وار و هتد ئۆرگانه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ڕیوه‌به‌رن.
دروستبوونی ئه‌و فه‌زایه كارێكی كرد كه ئیتر نه‌ك نووسین و ره‌خنه له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ت و جومگه‌كانی پاشه‌كشه بكات، بگره بێ به‌ها بكرێت و هه‌ركه‌س به‌و جدییه‌ته‌وه كار بكات بكه‌وێته به‌ر تانه و گاڵته‌جاڕیی ئه‌و سوپایه‌ی كه وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤی رۆشنبیری خۆی نمایش كرد و قه‌بوڵیش كرا، به‌پێی تێگه‌یشتنی كۆڵن ولسنیش بێت رۆشنبیر ده‌ستی هه‌یه له پارێزگاریكردن له ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه ئه‌وان هۆشیارترن له‌وه‌ی سیاسییه‌كان به‌هه‌ڵه‌یاندا ببه‌ن، ئه‌مه ئێستا له‌ژێر چنگی رۆشنبیر ده‌ركراوه و راده‌ستی به‌ناو رۆژنامه‌نووس و میدیاكار كراوه، بۆیه ئه‌و ئاشته‌واییه كۆمهڵایهتییهش مه‌ترسیی تێكه‌وتووه.
جیاوازی وه‌كو مه‌ترسی
چه‌مكی جیاوازی چه‌مكێكه بۆ قه‌بوڵكردن و نه‌مانی فكری شمولی و كۆنكریتی سه‌ری هه‌ڵدا و تیۆریزه كرا و له‌نێو رۆشنبیری‌دا بوو به ستایلێك كه فكر خۆی وه‌كو به‌شێك له چه‌مكه‌كه كاری پێ بكرێ، به‌ڵام ئه‌م چه‌مكه‌ش له سایه‌ی بازاڕی سیاسه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتی توندڕه‌وی تیرۆریستی و ئه‌و نووسه‌رانه‌ش كه پشتگیری ئه‌و ره‌وته بوون، له‌بری ئه‌وه‌ی به ئه‌رێنی خۆی به‌رهه‌م بهێنێـتهوه و ئه‌ویتر له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر قه‌بوڵ بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌ژێر عینوانی جیاوازی بیروبۆچوون و بیركردنه‌وه‌ی جیاواز، گورزێكی گه‌وره‌تری له‌و فه‌رهه‌نگه دا كه بۆچوونی بیرمه‌ندانی رابردووشی پێ بێبه‌ها كرا، ئیدی هه‌ر كه‌س له ئه‌نجامی بێكاری و ئاره‌زوویه‌كی بۆ خوێندنه‌وه و به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت و جیاوازی له بیروبۆچوونی ئایینگه‌رایی و پشتگیری له یه‌كێك له‌به‌ره‌كانی جه‌نگی سیستم و تیرۆر، به‌ناوی جیاوازییه‌وه رووبه‌ڕووی ئه‌و چه‌مكه فكرییانهش بوونه‌وه و جیاوازیی بیركردنه‌وه بوو به بازاڕێك بۆ ره‌واج پێدانی بیری ته‌سك و نالۆژیكی و هتد، به‌شێك له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م كاره‌ساته فه‌رهه‌نگییه‌ی زۆربه‌ی زۆنه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌ویی گرته‌وه، به‌تایبه‌تیش ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات، ته‌نیا بۆ ئه‌وه بوو كه چیتر له رێگه‌ی فكره‌وه ململانێ له‌گه‌ڵ ته‌كنۆلۆژیا نه‌كرێ، سه‌ره‌نجام نووسین له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی جهانگهراییهوه، مه‌ترسیدارترین چه‌مك، چه‌مكی ئازادیی بیروبۆچوون بوو كه خراپ كه‌ڵكی لێ وه‌رگیرا، ئه‌وه‌بوو وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك هه‌ستی پێكرا كه هه‌وڵێك هه‌یه بۆ سووككردن و بێبه‌هاكردنی و هاندانی كۆلكهخوێندهوار بۆ نووسین، ئیدی ئه‌م هه‌وڵه له شوێنێكی دیكه‌شدا بازاڕێكی گه‌وره‌تریشی به‌رهه‌مهێنا، ئه‌ویش به‌رهه‌مهێنانی خوێنده‌واری شه‌یدا بڕوانامه‌ی زانكۆكانی كه‌رتی تایبه‌ت و نووسه‌ری كرچ و كاڵ بۆ گه‌رمكردنی بازاڕی میدیا، تا هاتنی میدیای ئه‌لیكترۆنی و گه‌شه‌كردنی تاكو ئه‌م سه‌رده‌مه.
8/7/2016