بەهرۆز جەعفەر
یەکەم: ھەموو پەیوەندییەکی تورکیا و ئیسرائیل لەسەر حیسابی کوردی باکور و پەکەکەیە. چونکە فاکتەرە نێوخۆییەکان ھەمیشە ھۆکاری بەستنی پەیوەندیین لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا. لە نەوەدەکاندا تێچووی شەڕی پەکەکە بۆ تورکیا ساڵانە (٨-١٠) ملیار دۆلار بو. ئیسرائیل باری تورکیای سووککرد.بە پوختی ئەم ڕێککەوتنە دژی پشتیوانی نێودەوڵەتی یە بۆ ڕۆژئاڤا. وە لەدەقەکانیشیدا نەوتراوە ئیسرائیل ئەمە بۆ تورکیا ئەکات، باسی ئەو شتانە کراوە کە تورکیا بۆ ئیسرائیلی ئەکات.
دووەم: خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە زۆربەیان بۆ چاوبەست کردنن. بەتایبەتی ئەوەی تورکیا ھاوکاری حەمماس نەکات. بەپێچەوانەوە قەتەر و تورکیاو سعودییەش لە (٢٠١٥) ەوە ئیش لەسەر ئەوە ئەکەن حەمماس لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندیی ستراتیجی ببەستێت. ھەروەکو یەکەمین جار بەسەرۆکایەتی "جیمی کارتەری سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی میریلاندی ئەمریکا ڕێککەوتننامەی کامپ داڤید-١٩٧٨ مۆرکرا لەنێوان میسر (وەک سەری جیھانی عەرەبی) لەگەڵ ئیسرائیل. ساڵی دوای ئەوەش خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەو بۆنەیەوە درایە ساداتی سەرۆکی میسر و موناحیم بیغنی ئیسرائیل. دواتریش کۆنگرەی مەدریدی ١٩٩١ ی بەدواداھات..ئیتر ئەمانە سەرەتای ئاشتی نێوان عەرەب-ئیسرائیل بون .. تاوای لێھات میسر بۆ ماوەی (١٥) ساڵ غاز بە ئیسرائیل بفرۆشێت و، سنوری فەلەستین یش بۆ ئیسرائیل بگرێت!.
سێھەم: تورکیا تاقە وڵاتی ئیسلامی بوو، کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی موسڵمانی ھەیە، بۆ یەکەمجار دانی نا بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا.
چوارەم: ھەر پەیوەندییەکی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریکا تیایدا بەشدارە لە (١٩٤٨ە وە تا ٢٠١٦). جونکە لەبەرژەوەندی ویلایەتە یەکگرتوەکان نییە ھاوپەیمانەکانی لەناوچەکە لەیەک داببڕێن.
پێنجەم: تێکدان لەگەڵ ئیسرائیل لەساڵی (٢٠١٠) سەرەتای شۆک و قەیرانێکی گەورە بو لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا. کە دواتریش بەھاری عەرەبی بەسەرداھات لە (٢٠١١) بەو بۆنەیەوە ھەموو ڕۆژھەڵات بە ئێران و ڕووسیاشەوە لەگەڵ تورکیا تێکچوون. ئەڵمان و یۆنان و کێشەی قوبرێ و کوردیش لەولاوە بوەستێت..فشاری میدیای جیھانی و سۆشیال میدیاش لەسەر ئاکپارتی بووە سەرباری ھەمووی.
شەشەم: ووزە، بەتایبەتی غازی سروشتی ھۆکاری سەرەکی پەیوەندیی تورکیا ئیسرائیلە. تورکیا ساڵانە (٢٥) ملیار پێ سێجا غازی لە ڕووسیا وەرئەگرت، (٩,٥) ملیاری لە ئێران، (٤,٥) لە ئازەرباینجان وەرئەگرێت ، گریبەستی (١٠) ملیار یشی لەگەڵ ھەرێم ھەیە، لە کێڵگەی " میران" و " بینا باوی" ەوە ساڵی (٢٠١٧) ئە کەوێتە رێ . لەناوخۆی خۆیشیدا کەمێکی زۆرکەم بەرھەم دێنێت. ڕووسیا (٢٥) ملیار پێ سیجاکەی خۆی ڕاگرت. بۆیە ئیسرائیل ئێستا بۆتە وڵاتێک کە غاز ھەناردە ئەکات، لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە تورکیا غازی لێ ئەکڕێت.
حەوتەم: ئیسرائیل ئەیەوێت نفووسی ھەواڵگریی و جاسووسی و ئابووریی خۆی بەناو خاکی تورکیادا بگەیەنێتە ناوچەی قەوقاز و ئۆراسیا (کە بەدڵی جیھانی ناسراوە). وە لە تورکیاشەوە چاودێریی ئێران -سوریا-عێراق بکات.
ھەشتەم: ھەرچەندە لەماوەی شەش ساڵی لاوازی پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسیەکانیاندا ماوەیەکی چۆڵیان لەپەیوەندی بەڕێکردووە. بەڵام ژمارەی گەشتیار و کۆی گشتی بازرگانی ھەردولا زۆر گەشەی کردووە لەماوەی (٢٠١٠- ئایاری ٢٠١٦). قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەردولا لە (٢٠١٥) دا بڕی (٥،٥) ملیار دۆلاربووە. لە (٢٠١٥) دا کە ڕێژەی گەشتیاری تورکیا زۆریش کەمی کردووە (٤٢) ملیۆن گەشتیار بووە. ژمارەی گەشتیاری ئیسرائیلیەکان ھەر زیاتری کردووە.
نۆیەم: ھەموو ڕێککەوتنێکی تورکیا-ئیسرائیل، جێگەی تەتەر و مەترسی عێراق و سوریایە ئەوجا ئێران. تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیە کە ئەندامە لە ناتۆ و، ڕاستەوخۆ سنوری لەگەڵ دوو وڵاتی گرنگی نیشتمانی عەرەبیدا ھەیە، ئەوانیش عێراق و سوریان.. چونکە لە پەنجاکاندا عێراق و سوریا شوێنی بڵاوبونەوەی فکری شیوعیەت بووە، ئەمەش دژی پرەنسپیی ئەمریکا-تورکیا-ئیسرائیلە. لەشەستەکاندا عێراق و سوریا مەڵبەندی سەرھەڵدانی بیری عروبەو بان-عەرەبیزم و بەعسیەت بووە. وە لە سەدەی بیستویەکیشدا عێراق و سوریا شوێنی سەرھەڵدانی تیرۆریزم و توندوتیژی بووە. ئەمەش وا ئەکات تورکیا-ئیسرائیل- ئەمریکا لەپەیوەندیدا بن..
دەیەم: سروشتی تورکیاو ئیسرائیل وایە، کە دەست بەرداری یەکتر نەبن. ئەگەرچی ناوەندی بڕیاری ئیسرائیلی و ڕای گشتی جولەکە متمانەی بە تورکیایەک نییە لەسەردەمی ئاکپارتی دا.
خوێندکاری دکتۆراو ماستەر لە پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل لەسەردەمی حوکمی ئاکپارتی دا.
1/7/2016