هێمن عەبدوڵڵا
تۆپبارانكردنی دەوروبەری سیدەكان و حاجی ئۆمەران لەلایەن ئێرانەوە رووداوی چاوەڕواننەكراو نییە. كارێك كراوە و ئێستا كاردانەوەی بەدوادا هاتووە. كاتێك حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و دوای ئەویش حیزبی دیموكراتی كوردستان لەسەر سنوور نمایشی سەربازییان دەكرد، پرسیاری كەمتر پرسراو بەڵام هەمیشە ئامادە ئەوەبوو كە بۆچی ئێران بێدەنگە؟ بەڵام پرسیاری ئەوەشی بەدوای خۆیدا دەهێنا كە: تاكەی تەڤگەری رۆژهەڵات لەبەر خاتری باشوور بێدەنگ بكرێت؟
لێدوانی نوێنەری حكومەتی كوردستان لە تاران، كە لەگەڵ دەستپێكردنی تۆپبارانەكان قسەی بۆ رووداو كرد، سەرنجڕاكێش بوون. چونكە قسەكانی دروست ئەوە بوون كە چاوەڕوان دەكرێت كاربەدەستێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئەو رووداوانە بیكات. جا مادام كاربەدەستانی ئێرانی لە میدیاكاندا وا بەڕاشكاوی قسە ناكەن، نازم دەباغ باش دەكات قسەكانی ئەوانمان بە كوردییەكی رەوان بۆ تەرجەمە دەكات. هۆشداریی تاران، وەك دەباغ بۆ رووداو باسی كرد، ئەوەیە كە رێككەوتنیان لەگەڵ هەولێر هەیە و نابێ باشووری كوردستان بۆ "تێكدانی ئاسایشی ئێران" بەكار بهێنرێ. ئەمەشیان لە رۆژانی رابردوودا لە جڤینی تایبەتدا بە سەركردایەتیی كوردستان گەیاندووە.
هەولێر لەو نێوانەدا كەوتووەتە پێگەیەكی دژوارەوە. لەلایەكەوە دەبێ دڵنیایی بداتە تاران كە هاوسێیەتییەكی باش و ئارام و بەرهەمداری لەگەڵ ئێران دەوێت، لەلایەكی دیكەشەوە دەبێ لەڕووی ئەخلاقییەوە جوابگۆی ئەو پرسیارە دڵتەزێنەی تەڤگەری رۆژهەڵاتی كوردستان بێت كە لە باشووری دەكات: چەند ساڵی دیكە لەبەر خاتری ئێوە چاوەڕوان بین و شۆڕشی خۆمان بەقوربانی پەیوەندیی باشی هەولێر و تاران بكەین؟
ئارگومێنتی بەهێز لەدەست حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەتایبەتیش حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەوەیە كە پەكەكە قەت رەچاوی تایبەتمەندیی باشووری نەكرد. ئێستاش لە قەندیلەوە سەرپەرشتی شەڕێكی خوێناوی دەكات كە لە باكووری كوردستان روودەدات. ئەمەش پێگەی پەكەكەی هێندە بەهێز كردووە كە دەوڵەتی وەك رووسیا و ئەمریكاش ناتوانن مامەڵەی لەگەڵ نەكەن. ئەوان دەڵێن: كاتێك پەكەكە ئەمەی كرد، ئەزموونی باشوور لەنێو نەچوو، كەواتە بۆچی بە دەستپێكردنەوەی تەڤگەری چەكداری لە رۆژهەڵات ئەزموونی باشوور لەنێودەچێت؟
هەولێر لەنێوان بەرداشی گوشار و چاوەڕوانییەكانی ئێران لەلایەك و گلەیی و پێداگیرییەكانی تەڤگەری رۆژهەڵات لەلایەكی دیكەوە، پێویستی بە دۆزینەوەی رێگەی سێیەم هەیە، ئەویش بریتییە لە گێڕانی رۆڵی نێوانگیر. ئەمە رێگەیەكی درێژە و كاری زۆری دەوێت، بەڵام كاتی خۆی لە توركیاش دانوستاندن لەنێوان دەوڵەت و پەكەكە لە مەحاڵ بە مەحاڵتر دەزانرا. ئەوكات هەوڵەكانی سەركردایەتیی كوردستان و بەتایبەتیش نێوانگیریی نێچیرڤان بارزانی، داننان بە ئۆجەلان و گەیشتنی فراكسیۆنی گەورەی كوردی بە پەرلەمانی توركیای لێكەوتەوە، كە بەداخەوە دواتر ئەو هەوڵانە لەباربردران.
دەكرێ بۆ رۆژهەڵاتیش لەجیاتی ئەوەی هەولێر موجامەلەی تاران یان تەڤگەری رۆژهەڵات بكات، بەڕاشكاوی تێیانبگەیەنێت كە ناتوانێت لەبەرخاتری لایەكیان دژی لایەكەی دیكە بێت. بەڵكو دەتوانێ ئەو رۆڵی نێوانگیرییە بگێڕێت كە هەم واقیعبینانەیە و هەم رێگەی راستیشە بۆ گەیشتنە چارەسەری درێژخایەن بۆ دۆزی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
27/6/2016