رابرت بی تلیس
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی: كلاسیك و مۆدێرن
جگه له‌و ئه‌سڵه زێدهوێژانه و دڵنشینه له سه‌ره‌تای كتێبی “ما بعد الطبیعه” دا كه ده‌ڵێ: “هه‌موو مرۆڤه‌كان به پێی سروشتیان خوازیاری زانستن”، به‌ناوبانگترین وته‌ی ئه‌ره‌ستوو ئه‌م وته‌یه‌ی له ناو كتێبی سیاسه‌تدایه كه ده‌ڵێ: “مرۆڤ به پێی سروشته‌كه‌ی حه‌یوانێكی سیاسییه”.(Aristotle 1997, 1253a3). ره‌نگه ئه‌م رسته‌یه زیاتر له‌وه‌ی لێی تێبگه‌ن، پشتی پێ ده‌به‌سترێ. ئه‌گه‌ر واتای ئه‌م رسته‌یه روون بكه‌ینه‌وه، ده‌رده‌كه‌وێ كه به ئاشكرا هه‌ڵه‌یه. ئه‌م وته‌یه‌ی ئه‌ره‌ستوو به‌لای ئێمه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی ئاشكرایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هزری سیاسیی ئێمه، ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تاییترین و ئاشكراترین ئاستی خۆیدا، هه‌ڵگری تێڕوانینێك بۆ سیاسه‌ته كه له بنه‌ڕه‌ت دا جیاوازه له‌گه‌ڵ تێڕوانینی ئه‌ره‌ستوو بۆ سیاسه‌ت. له‌م به‌شه دا ئێمه تێگیشتنی ئه‌ره‌ستوو له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، و جێگرێكی مۆدێرن و ئاشنا، واتا لیبرالیسم، له‌به‌ر یه‌ك رۆدهنێین.
تێڕوانینی كلاسیك بۆ سیاسه‌ت: تیۆریی ئه‌ره‌ستوو
مه‌به‌ستی ئه‌ره‌ستوو چ بوو كاتێك دهیكوت ئێمه به پێی سروشتمان سیاسیین؟ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی ئه‌ره‌ستوو، له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌یه‌كی گشتی تر و ئاراستهبهندیی فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی داڕێژراوه. ئێمه ئه‌و فه‌لسه‌فه گشتیترهی ئه‌و ناو ده‌نێین: “سروشتخوازیی مهبهستباوهڕ”. پێش هه‌موو شتێك قه‌بووڵی ده‌كه‌م كه ئه‌و ناولێنانه‌ی من تۆزێك قه‌به‌یه، به‌ڵام به ورده لێكدانه‌وه‌یه‌ك، ماناكه‌ی روون و فامكردهكی ده‌بێته‌وه. مه‌به‌ست (له یۆنانیدا telos) به واتای “ئامانج”ـه. یه‌كێك له‌و نموونهگهلهی ئه‌ره‌ستوو بۆی دێنێته‌وه ئه‌وه‌یه كه خاڵی ئامانج، “مه‌به‌ست”ی كهمانگیره. ئه‌و نیشانه‌یه‌ی سیله‌ی لێ ده‌گرێ. ده‌توانین بڵێین پێكانی خاڵ، مه‌به‌ستی كهمانگیره. كه‌واتا ده‌توانین بڵێین شی كردنه‌وه‌ی مهبهستباوهڕانهی هه‌ر كردار یا رووداوێك، شی كردنه‌وه‌یه‌كه، كه ئه‌و كردار یا رووداوه، به‌پێی مه‌به‌ست یا ئامانجی ئه‌و كردار یا رووداوه شی ده‌كاته‌وه. كه‌واتا ئه‌گه‌ر پرسیار بكرێ “ئێوه بۆ ئه‌م رستهگهله ده‌خوێننه‌وه؟” و وڵامی ئێوه ئه‌وه بێ كه: “بۆ تێگه‌یشتن له فه‌لسه‌فه‌ی جان راوڵز”، ده‌توانین بڵێین وڵامه‌كه‌ی ئێوه مه‌به‌ست باوه‌ڕانه بووه؛ چونكه كرداری خۆتان به پێی ئه‌و ئامانجه‌ی هه‌تانه شی كردۆته‌وه.
به‌ڵام هۆكاری ئه‌وه‌ی روانگه‌ی ئه‌ره‌ستوو سروشتخوازیی مهبهستباوهڕانه بێ، ئه‌وه‌یه كه به باوه‌ڕی ئه‌و، هه‌ر بوونه‌وه‌رێكی سروشتی، مه‌به‌ستێكی هه‌یه كه سروشت تێیدا جێگیری كردووه. وێنه‌ی باو ئه‌وه‌یه كه دانه‌ی به‌ڕوو، به پێی سروشتی خۆی ده‌یهه‌وێ ببێته دار به‌ڕوو و دانه‌ی به‌ڕووی زیاتر به‌رهه‌م بێنێ. كه‌واتا ده‌توانین بڵێین دانه‌ی به‌ڕوو به پێی سروشتی خۆی ده‌یهه‌وێ ببێته دار به‌ڕوو. به‌و پێیه دانه‌ی به‌ڕوو به پێی ئامانج و مه‌به‌سته‌كه‌ی پێناسه‌ی بۆ كراوه. كه‌واتا له ریزبه‌ندیی شیكردنه‌وه‌دا، دار به‌ڕوو له پێش دانه‌ی بهڕووهوهیه، واتا بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی دانه‌ی به‌ڕوو چییه ده‌بێ سه‌ره‌تا بزانین داربه‌ڕوو چییه.
به‌ڵام نابێ “مه‌به‌ست”(telos) ته‌نیا به واتای “ئه‌نجام” یا “ئامانج” دابنێین. ئه‌و مه‌به‌سته‌ی له سۆنگه‌ی ئامانجێكی سروشتییه‌وه وێنا ده‌كرێ، ره‌هه‌ندێكی ئه‌خلاقیشی هه‌یه. “ئه‌خلاقی نیكوماخوسی”ی ئه‌ره‌ستوو به‌و خاڵه ده‌ستپێده‌كات كه “مه‌به‌ست”(telos)ی هه‌ر شتێك له راستیدا “خێر”ی ئه‌و شته‌یه. بۆ دروست تێگه‌یشتن له‌و خاڵه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر نموونهكهمان. ئه‌گه‌ر دانه‌ی به‌ڕوو به پێی سروشتی خۆی شتێكه كه ده‌یهه‌وێ ببێته دار به‌ڕوو، كه‌وایه بێگومان له خۆیدا ناته‌واو و ناپێگهیشتوووه. دانه‌ی به‌ڕوو كاتێك ده‌بێته دار به‌ڕوو، خۆی “ته‌واو” ده‌كا یا “پێده‌گه‌یێنێ”، واتا ده‌گاته ئامانجی سروشتیی خۆی. چونكه ئه‌وه به‌شێكه له سروشتی دانه‌ی به‌ڕوو كه ببێته دار به‌ڕوو، دانه‌ی به‌ڕووی “پێگه‌یشتوو” هه‌مان دار بهڕوویه. كه‌واتا شتێك بۆ دانه‌ی به‌ڕوو “خێر”ه كه یارمه‌تیی بدا بۆ ئه‌وه‌ی به “مه‌به‌ست”ی خۆی بگا. به‌و واتایه “مه‌به‌ست”(telos)، “پێگه‌یشتنه” و هه‌ر شتێك كه شتێكی تر به‌ره‌و پێگه‌یشتن ببات، بۆی ده‌بێته “خێر”.
ئێستا كه زانیمان سروشتخوازیی مه‌به‌ست باوه‌ڕانه‌ی ئه‌ره‌ستوو چییه، ده‌بێ پرسیار بكه‌ین ئه‌و بیره چ په‌یوه‌ندییه‌كی به سیاسه‌ته‌وه هه‌یه؟ ئه‌ره‌ستوو ده‌ڵێ چونكه مرۆڤه‌كانیش بوونه‌وه‌رگه‌لێكی سروشتین، “مه‌به‌ست”(telos)ێكی سروشتییان هه‌یه، كه ئه‌ره‌ستوو ئه‌و مه‌به‌سته ناو ده‌نێ “كامه‌رانی” یا “به‌خته‌وه‌ری”(eudaimonia). سه‌رجه‌م كرداره‌كانی ئێمه له ئه‌نجامدا بۆ گه‌یشتن به كامه‌رانی و به‌خته‌وه‌رییه و باشترین و “ته‌واو”ترین ژیانی مرۆڤ ئه‌و ژیانه‌یه كه تێیدا به‌خته‌وه‌ری مسۆگه‌ر كرابێ. كه‌واتا “خێر”ی مرۆڤ له شتێكدایه كه یارمه‌تیی ده‌دات به‌و به‌خته‌وه‌رییه بگات.
دروسته كه به‌خته‌وه‌ری ئامانجی سروشتیی مرۆڤه، به‌ڵام بیروڕای جیاواز له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ری چییه له ئارادایه. هێندێك كه‌س ده‌ڵێن به‌خته‌وه‌ری له وه‌ده‌ست هێنانی سامان یا ناوبانگ دایه. كه‌سانی تر ده‌ڵێن به‌خته‌وه‌ری له خۆشگوزه‌رانی دایه. ئه‌ره‌ستوو ده‌ڵێ ئه‌و بۆچوونانه له‌مه‌ڕ به‌خته‌وه‌ری هه‌موویان هه‌ڵه‌ن. ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ڵێ باشترین ژیان ئه‌و ژیانه‌یه كه زۆرترین چێژ له‌خۆ بگرێ، به هه‌ڵه‌دا چووه، و كه‌سێكیش كه ژیانی خۆی بۆ كۆ كردنه‌وه‌ی سامانی زۆر ته‌رخان ده‌كات، ژیانی به لاڕێ دا چووه. له “ئه‌خلاقی نیكوماخوسی” دا ئه‌ره‌ستوو ده‌ڵێ به‌خته‌وه‌ری له په‌روه‌رده كردن و ده‌كاركردنی هێزه ئاوهزییهكان دایه. (Aristotle 1997, 1098a 12-15). ئێمه لێره ده‌رفه‌تی لێكدانه‌وه‌ی ته‌واوی بۆچوونه‌كه‌ی ئهرهستوومان نییه، ئه‌و خاڵه‌ی په‌یوه‌ندیی به باسه‌كه‌ی ئێمه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌رچی هه‌موومان به پێی سروشتی خۆمان به شوێن كامه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری داین، به‌ڵام ره‌نگه رای ئێمه له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی كامه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری له چی دان هه‌ڵه بێ و هه‌ر بۆیه‌ش له ژیانماندا به شوێن هێندێك شتی هه‌ڵه دا بڕۆین.
كه‌واتا بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به راستی به‌خته‌وه‌ر بێ ده‌بێ تێگه‌یشتنێكی دروست له به‌خته‌وه‌ری وه‌ده‌ست بێنێ. ئه‌ره‌ستوو ده‌ڵێ تێگه‌یشتنی كه‌سه‌كان له به‌خته‌وه‌ری له “ژیان”ی ئه‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. (Aristotle 1997, 1095b 15) واتا تێگه‌یشتنی هه‌ر كه‌سێك له‌وه‌ی كه به‌خته‌وه‌ری چییه، به‌ر له هه‌ر شتێك په‌یوه‌ندیی به په‌روه‌رده و راهێنانی ئه‌وه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندیی به كه‌لتووری ئه‌وه‌وه هه‌یه؛ كه‌وایه هه‌ر كه‌سێك “بۆ ئه‌وه‌ی باش بێ ده‌بێ باش راهاتبێ و باش په‌روه‌رده كرابێ” (Aristotle 1997, 1180a 15) . به‌و پێیه‌ش به باوه‌ڕی ئه‌ره‌ستوو كه‌س ناتوانێ له خۆوه یا هه‌ر خۆی ژیانێكی باش و خۆشی هه‌بێ، بۆ به‌خته‌وه‌ری، هه‌وڵی دیتران پێویسته، به تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌بێ په‌روه‌رده‌مان بكه‌ن و رامانبێنن. ئه‌ركی په‌روه‌رده و راهێنان له سه‌ر شانی بنكه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك بنه‌ماڵه، گه‌ڕه‌ك و حكوومه‌ته.۳ به‌و پێیه‌ش مرۆڤه‌كان ئه‌گه‌ر بخوازن به‌خته‌وه‌ر بن ده‌بێ ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌بێ. ئه‌گه‌ر بنكه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به رێكحستنی پێویسته‌وه بوونیان نه‌بێ، گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ری نامسۆگه‌ر ده‌بێ.
چونكه بنه‌ماڵه، گه‌ڕه‌ك و حكوومه‌تی باش، بۆ به‌خته‌وه‌ری پێویستن و چونكه به‌خته‌وه‌ری ئامانجی سروشتیی مرۆڤه‌كانه، كه‌واتا بنه‌ماڵه‌كان، گه‌ڕه‌كه‌كان و حكوومه‌ته‌كانی بوونه‌وه‌رگه‌لێكی سروشتین، چونكه هه‌ر شتێك كه بۆ گه‌یشتن به “مه‌به‌ست”(telos)ی شتێكی سروشتی پێویسته، بوونی خۆشی سروشتییه. ئه‌ره‌ستوو ده‌ڵێ له ناو هه‌موو بنكه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دا، حكوومه‌ت له هه‌موان گرینگتره. (Aristotle 1997, 1252a 105). هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه بنه‌ماڵه و گه‌ڕه‌ك ته‌نیا كاتێك ده‌توانن هه‌بن، كه به‌شێك له حكوومه‌ت بن. وه‌ك چۆن ته‌نیا به پێوه‌ری دار به‌ڕوو ده‌توانین له دانه‌ی به‌ڕوو تێبگه‌ین، له بنه‌ماڵه و گه‌ڕه‌كیش ته‌نیا به پێوه‌ری ئه‌و حكوومه‌ته‌ی كه به‌شێكن له‌و ده‌توانین تێبگه‌ین. هه‌ر بۆیه‌ش به رای ئه‌ره‌ستوو حكوومه‌ت یه‌كه‌م شێوه‌ی ته‌ڤگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه.
چونكه حكوومه‌ت بوونێكی سروشتیی هه‌یه، كه‌واتا ئامانجێكی سروشتییشی هه‌یه، و ئه‌و ئامانجه سروشتییه‌ش هیچ نییه جگه له باشترین ئاستی پێگه‌یشتنی ئه‌خلاقیی هاووڵاتییان. ئه‌وه ئه‌ركی سروشتیی حكوومه‌ته كه به داڕشتنی یاساگه‌لێك، شارۆمه‌ندان ناچار بكات هه‌ر له سه‌رده‌می مناڵییه‌وه، ئاكارێكی دروستی‌یان هه‌بێ و به‌و شێوه‌یه‌ش یارمه‌تییان بدات بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی خۆشیان هه‌بێ.
به‌و پێیه‌ش به رای ئه‌ره‌ستوو، فه‌لسه‌فه‌ی بوونی حكوومه‌ت، ته‌نیا یارمه‌تیدان بۆ ژیانی باش و باش ژیانه. (Aristotle 1997, 1252b 27) و یه‌كه‌م ئه‌ركیشی دانان و به‌ڕێوه‌بردنی یاساگهلێكه كه رای دروست له‌مه‌ڕ به‌خته‌وه‌ری، له‌وان دا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێ. واتا حكوومه‌ت ده‌بێ له باری ئه‌خلاقییه‌وه خه‌ڵك باش بكات.
ئێستا ده‌توانین له مانای وته به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئه‌ره‌ستوو تێبگه‌ین. چونكه به‌خته‌وه‌ری ئامانجی مرۆڤه‌كانه، و چونكه به‌خته‌وه‌ری وه‌ده‌ست نایه مه‌گه‌ر له سێبه‌ری حكوومه‌تێكی باش دا، مرۆڤه‌كان به پێی سروشتیان سیاسین، چونكه مرۆڤه‌كان به پێی سروشتیان شارۆمه‌ند و ئه‌ندامی حكوومه‌تێكن. كه‌واتا ده‌توانین بڵێین مرۆڤ بوون واتا شارۆمه‌ند بوون، واتا مرۆڤ به شارۆمه‌ند بوونی پێناسه ده‌كرێت. له راستیدا به پێی بۆچوونی ئه‌ره‌ستوو، بوونه‌وه‌رێك كه به پێی سروشتی خۆی بتوانێ به بێ حكوومه‌ت بژی، هه‌ر به‌و هۆیه مرۆڤ نییه، به‌ڵكوو “یا حه‌یوانه یا خودا”. (Aristotle 1997, 1253a 2)
ئه‌م رایه‌ی ئه‌ره‌ستوو كه مرۆڤه‌كان به پێی سروشتیان سیاسین، چوار پێویستیی مه‌نتیقیی هه‌یه كه به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌م باسه‌ی ئێستای ئێمه گرینگن.
یه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر مرۆڤ بوون به‌ستراوه‌ته‌وه به ئه‌ندام بوون له حكوومه‌ت دا، كه‌واتا حكوومه‌ت ده‌كه‌وێته پێش مرۆڤه‌وه. (Aristotle 1997, 1253a 18) ئه‌گه‌رچی هه‌موومان له وڵاتێكدا چاو به ژیان هه‌ڵدێنین، كه به‌ر له ئێمه‌ش بووه. به‌ڵام ئه‌و كه‌وتنه پێشه‌ی ئه‌ره‌ستوو مه‌به‌ستێتی، كه‌وتنه پێشی كاتی نییه. به بڕوای ئه‌ره‌ستوو، حكوومه‌ت له باری ئه‌خلاقییه‌وه له پێش مرۆڤه‌وه‌یه، واتا “خێر”ی حكوومه‌ت له پێش خێری خه‌ڵكه‌وه‌یه. ئه‌ره‌ستوو ده‌نووسێ:
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خێری تاك و خێری حكوومه‌ت یه‌ك خێر بێت، ئاشكرایه كه ده‌ستڕاگه‌یشتن به خێری حكوومه‌ت و راگرتنی ئه‌و، كارێكی گه‌وره‌تر و ته‌واوتره. ئه‌گه‌رچی سه‌رگرتنی ئه‌و شته‌ی خێری تاكه‌كه‌سێكی پێوه‌یه مایه‌ی خۆشحاڵییه، به‌ڵام سه‌رگرتنی ئه‌و شته‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌كان و حكوومه‌ته‌كان مایه‌ی خێره، كرده‌وه‌یه‌كی جوانتر و خودایی تره. (Aristotle 1962, 1094b 6-10) چونكه بوونی حكوومه‌تێكی باش بۆ په‌روه‌راندنی شارۆمهندگهلێكی باش پێویسته، خێری حكوومه‌ت، له باری ئه‌خلاقییه‌وه سه‌رتر و گرینگتره له خێری تاكه شارۆمه‌ندێك.
دووهه‌م، ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ری “مه‌به‌ست”ی سه‌ره‌كیی مرۆڤه‌كانه، و ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ری ته‌نیا له جۆرێكی دروست له حكوومه‌ت دا مسۆگه‌ر ده‌بێ، كه‌واتا ئه‌و مرۆڤانه‌ی له ناو حكوومه‌تێكدا ده‌ژین كه یارمه‌تیی شێوهژیانێكی دروست نادا، بێگومان مرۆڤگه‌لێكی نابه‌خته‌وه‌رن و ژیانیان ناسروشتی و فه‌وتاوه. چونكه فه‌لسه‌فه‌ی بوونی حكوومه‌ت، یارمه‌تیدانه به ژیانی باش و باش ژیان، حكوومه‌تێك كه په‌ره به بۆچوونێكی هه‌ڵه له‌مه‌ڕ به‌خته‌وه‌ری ده‌دا، یا هیچ رایه‌كی تایبه‌تی له‌مه‌ڕ به‌خته‌وه‌ری نییه، ئه‌ركی خۆی به باشی به‌ڕێوه نابات، به‌و پێیه‌ش وه‌ها حكوومهتگهلێك گه‌نده‌ڵ و نادادپه‌روه‌رن.
سێهه‌م، ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ری “مه‌به‌ست”ی مرۆڤه‌كانه، و ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ری له په‌روه‌رده كردن و ده‌كار كردنی هێزه عهقڵانییهكاندایه، كه‌واتا ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاوه‌زیان ناته‌واوه، مرۆڤگه‌لێكی ته‌واو نین. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌ره‌ستوو ئه‌م قسه ریسوایه دێنێته‌وه كه ژماره‌یه‌ك له مرۆڤه‌كان، به شێوه‌ی سروشتی ناته‌واون. ئه‌ره‌ستوو دوو ده‌سته له مرۆڤه‌كان كه به شێوه‌ی سروشتی “گه‌نده‌ڵ” و “ناته‌واو”ن ده‌ستنیشان ده‌كات: ژنان و كۆیله سروشتییه‌كان. (Aristotle 1997, 1254a 13)
ژنان و كۆیله سروشتییه‌كان ئه‌و مرۆڤانه‌ن كه به هۆكارگه‌لی جۆراوجۆر، به شێوه‌ی سروشتی به ته‌واوی ئاوه‌زمه‌ند و ئاوه‌زمه‌ندانه نین. ۴ كه‌واتا ئه‌وان به شێوه‌ی سروشتی به به‌راورد له‌گه‌ڵ مرۆڤه ئاوهزمهندهكان كه به شێوه‌ی سروشتی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانیان هه‌یه، ژێر ده‌سته‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وان توانایی په‌روه‌رده كردنی هێزه‌كانی ئاوه‌زیی خۆیانیان نییه، شایانی شارۆمه‌ند بوون نین، كه‌واتا حكوومه‌تێك كه شارۆمه‌ندیی ته‌واو به كه‌سێك ده‌به‌خشێ كه به شێوه‌ی سروشتی ناتوانێ شارۆمه‌ندێكی ته‌واو بێ، حكوومه‌تێكی گه‌نده‌ڵه.
چواره‌م، ئه‌گه‌ر ئامانجی راسته‌قینه‌ی حكوومه‌ت، گه‌یشتنی شارۆمهندهكانی به به‌رزترین ئاستی ئه‌خلاقه، و ئه‌گه‌ر شارۆمه‌ندان ته‌نیا به یاساكانی په‌روه‌رده و راهێنانی دروست، چاكسازییان له‌سه‌ر ده‌كرێ، كه‌واتا حكوومه‌تی باش ئه‌و حكوومه‌ته‌یه كه یاساگه‌لی باش و ناوه‌ندگه‌لی په‌روه‌رده‌یی باشی هه‌بێ. به‌ڵام ته‌نیا كه‌سانێك ده‌توانن یاساگه‌ل و ناوه‌ندگه‌لی باش دامه‌زرێنن و چاوه‌دێرییان به‌سه‌ردا بكه‌ن كه بزانن چ شتێك له باری ئه‌خلاقییه‌وه دروسته. هه‌ر بۆیه‌ش باشترین حكوومه‌ت ئه‌و حكوومه‌ته‌یه كه باشترین كه‌سه‌كان له باری ئه‌خلاقییه‌وه به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن. به‌و پێیه‌ش ئه‌ره‌ستوو، رێچكه‌یه‌كی سیاسی په‌سند ده‌كا كه له‌ودا باشترین كه‌سه‌كان حكوومه‌ت به‌سه‌ر كه‌سانی تر دا ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش به بڕوای ئه‌ره‌ستوو، دێموكراسی جۆرێكی “گه‌نده‌ڵ و فه‌وتاو” له حكوومه‌ته. (Aristotle 1997, 1279a-1279b)
زۆر گرینگه ئه‌وه‌مان له‌بیر بێ كه رای ئه‌ره‌ستوو، ته‌نیا هێنانه‌ئارای زه‌نجیره‌یه‌ك له پێشنیارگه‌لی كرده‌كی له دارشتنی سیاسه‌تدا نییه، به‌ڵكوو هه‌ڵگری تێڕوانینێكی تایبه‌ت له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییدایه و تێگه‌یشتنێكی تایبه‌ته له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی. ده‌توانین ئه‌و تێروانینه گشتییه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، كه رای ئه‌ره‌ستوو نموونه‌یه‌كه له‌و تێڕوانینه، ناو بنێین تێڕوانینی “كلاسیك” بۆ سیاسه‌ت. له‌م تێڕوانیه “كلاسیك”ـه دا فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی به‌ر له هه‌ر شتێك ده‌بێ خۆی به خێری به‌رینه‌وه سه‌رقاڵ بكات. ئامانجه‌كه‌شی دیاری كردنی ئه‌و كرداره سیاسییانه‌یه كه زیاتر له هه‌موو شتێك بۆ پێكهاتنی باشترین شێوه‌ی ژیان، یارمه‌تیده‌ر بێ. ۵
تێڕوانینی كلاسیك بۆ سیاسه‌ت به درێژایی مێژوو گه‌لێك لایه‌نگری هه‌بووه، به‌ڵام به سه‌رهه‌ڵدانی زانستی مۆدێرن، سروشتخوازیی مه‌به‌ست باوه‌ڕانه‌ی ئه‌ره‌ستووش له كزیی دا. ئێستاكه ئێمه هیچ گومانمان نییه كه سروشت، ئامانجێك له ناو شته‌كاندا ده‌گونجێنێ و هیچ شیكردنهوهیكی مه‌به‌ست باوهڕانهش له‌مه‌ڕ رووداوه سروشتییه‌كان قه‌بووڵ ناكه‌ین. كاتێك پێشگریمانه مێتافیزیكییهكانی تێڕوانین، جێی خۆیان به پێشگریمانه‌كانی تر سپارد، شێوازێكی نوێی بیركردنه‌وه‌ی سیاسی هاته ئاراوه.۶ هه‌ر بۆیه‌ش سیسته‌می سیاسیی ئه‌مڕۆیی و بیركردنه‌وه سیاسییه رۆژانه‌كانی ئێمه، پشت به گریمانهگهلێكی ته‌واو جیاواز له‌و گریمانه‌گه‌له ده‌به‌ستێ كه له ناو تێڕوانینی كلاسیك دا خۆیان حه‌شار داوه.
………………
ئەم بابەتە بەشێکە لە کتێبی “فەلسەفەی راوڵز” بەرهەمی رابرت بی تلیس
و بە فارسی: خشایار دیهیمی / و بۆ کوردی: کامیل نەجاڕی
سەرچاوە: گوتاری کوردستانی رۆژهەلات
21/6/2016