عارف قوربانی
لە دوای رێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا، ئەو هەڵوێستەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەرامبەر بە رێككەوتنەكە، وەك لە راگەیێندراوی دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیان و لە گوتاری میدیاكانیانەوە هەستی پێدەكرێت. پارتی ئێجگار ناڕەحەت و نیگەرانە بەو رێككەوتنەی نێوان یەكێتی و گۆڕان، لە كاتێكدا ئەم دوو هێزە پێش زیاتر لە ساڵێك لەسەر ئاستی (زۆنی سەوز) رێككەوتنێكی دیكە لەنێوانیاندا ئیمزا كراوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و، هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین.
لە رووداوەكانی پارساڵیشدا لە پەرلەمان، لە پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و لە كۆبوونەوەكانی 23ی حوزەیران و لە 19ی ئاب، هەردوولا یەك هەڵوێست بوون و وەك یەك فراكسیۆن مامەڵەیان كردووە. واتا نزیكبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان و هاوهەڵوێستییان بەرامبەر پارتی، شتێكی تازە نییە، ئیتر بۆچی پارتی بەو ئەندازەیە لە رێككەوتنی 17/5 نیگەرانە؟
لەكاتێكدا لە چوار پێنج ساڵی رابردوودا، بەتایبەتیش دوای بەشداریكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتی زۆرترین موعاناتی هەبووە لەوەی چۆن لەیەك ئاست و بە جیاجیا مامەڵە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بكات. هەر جۆرە نزیكبوونەوەیەكی لەگەڵ یەك لەو دوو هێزە لەسەر حسابی نیگەرانیی لایەكەی دیكە بووە.
كەواتە پێش هەر كەس و لایەنێكی دیكە، ئەم رێككەوتنە ئەو قازانجەی بۆ پارتی هەبوو كە بۆ لەمەولا ئاسانتر دەتوانێ مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ (زۆنی سەوز) بكات. بەتایبەت ئەگەر وەك دەگوترێت ئەم دوو هێزە ناوەندێكی بڕیاری هاوبەش لەنێوان خۆیان دروست بكەن كە ئەمەش چەند قازانجی بۆ یەكێتی و گۆڕان هەیە، ئەوەندەش پارتی لێی سوودمەندە، چونكە لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە، ئەم ناوچەیە ناوەندی بڕیاری نەمابوو.
بزووتنەوەی گۆڕان هەرچەندە لە هەڵبژاردنەكاندا براوەی یەكەم بوو، بەڵام نەیدەتوانی لەبری زۆنی سەوز بڕیار بدات. یەكێتی نیشتمانیش بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانییەوە، نەك نەیدەتوانی وەك پێشتر نوێنەرایەتی بڕیاری ئەم زۆنە بكات، بەڵكوو نەیدەتوانی بڕیارێكی یەكگرتووی خۆیشی هەبێت. بەهۆی ناكۆكیی نێوان یەكێتی و گۆڕانیشەوە، پێكەوەش نەیاندەتوانی هیچ بڕیارێكی هاوبەش بدەن، بۆیە لەلایەك سلێمانییان تووشی پاشەكشێ كرد و لەلایەكی دیكەشەوە ناوەندی بڕیاریان لەدەست دا.
هەر ئەوەش بوو خەریك بوو دابڕانی سیاسی لە نێوان هەولێر و سلێمانی دروست بكات و ئێستاش دڵنیایی تەواومان نییە لەوەی لەو ئەگەر و پێشهاتانەی دێنە رێمان، ئەم دوو ناوەندە سیاسییە (سلێمانی و هەولێر) پێكەوە دەبن، یاخود لێكترازان لە نێوانیان روودەدات؟
ئەمە لە كاتێكدایە زۆرترین ناوەندەكانی توێژینەوە لەسەر ئاستی جیهان، چاودێرانی سیاسی و بڕیاربەدەستانی وڵاتە زلهێزەكان، باس لە ئەگەری گۆڕانكاری لە نەخشەی جوگرافیای ناوچەكەدا دەكەن، زۆرێك باوەڕیان وایە كورد یەكێك دەبێت لەو میللەتانەی پێویستە ببێتە خاوەن قەوارەیەكی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی خۆی هەبێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، بارزانی چەندین جارە تەئكید لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكاتەوە، ئیدارەی كەركووك و خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش دەخوازن دڵنیاییان بدرێتێ كە ریفراندۆم هەموو كوردستان دەگرێتەوە و ئەو ناوچانەش بە دەرفەتی دەزانن لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدا ئەو حاڵەتی ئەمری واقیعەی بە خوێنی پێشمەرگە دروست بووە، بچێتە قۆناغێكی ترەوە.
بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین ئەم هەڵوەستەكردنەی پارتی دەربارەی رێككەوتنی سیاسیی نێوان یەكێتی و گۆڕان لەپای چییە؟ یاخود پارتی پاساوی چییە بۆ نیگەرانیەكانی؟ تەنیا بەهۆی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و گۆڕانەوەیە، یان ترسی لە سەرلەنوێ سەنگەربەندی و دوو جەمسەری هەیە لە هەرێمی كوردستان؟ ئێستا ئەگەر خراپترین بژارە بۆ پارتی ئەوە بێت كە یەكێتی و گۆڕان نەك تەنیا لەڕووی سیاسی و لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان یەك هەڵوێست بن، بگرە ئەگەر ببنەوە بە یەك حیزبیش، پارتی بۆ دەبێت بەو جۆرە نیگەران بێت؟
كە ئێمە پێشتر قۆناغی سەختترمان بڕیوە، لەبەر بوونی دوو ناوەندی بەهێزی بڕیار، توانرا بە رێككەوتنی نێوان مام جەلال و كاك مەسعود كۆتایی بەشەڕی ناوخۆ بهێنرێت. باشە ئەگەر یەكێتی و گۆڕان ببن بە یەك هێزی سیاسی و نوێنەرایەتی زۆنی سەوز بكەن، بۆچی پارتی ناتوانێ لەگەڵیان هەڵبكات، لە كاتێكدا چەندین رێككەوتنی دیكەی ئەمنی و ئابووری و سەربازی و سیاسی لە نێوان هەردوولادا هەیە.
پێویستیی قۆناغی ئایندە ئەوەمان لێدەخوازێت ناوماڵی خۆمان رێكبخەین، كورد ئەگەر بە نیازی دەوڵەت بێت، پێویستی بەوەیە پێش هەرشت ناكۆكییە ناوخۆییەكانی چارە بكات.
بۆیە جێی خۆیەتی بڵێین هەڵوەستەی پارتی لەو رێككەوتنە، هەڵوەستەیەكی بێ بنەماو نالۆژیكییە. یاخود ترسی پارتی لە نزیكبوونەوەی ئەم دوو هێزە، تەنیا وەهمێكە پارتی بۆخۆی دروستی كردووە. پێویستە سەركردایەتی پارتی ئەو تەلیسمی ترسە بشكێنێ و بەشێوەیەكی واقیعی مامەڵە لەگەڵ ئەو لێكەوتە تازانەی دوای رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان بكات و خوازیاری ئەوە بێت ببنەوە بە یەك حیزب، بەوەش سەرئێشە و كێشەكانی پارتی كەمتر دەبنەوە و ئاسانتر دەتوانن پێكەوە بەرپرسیارێتی تێپەڕاندنی قۆناغی داهاتوو هەڵگرن.
دەبوو پارتی لەبری ئەو نیگەرانیە، خۆشحاڵ بێ و نامەی پیرۆزبایی بنێرێ كە لە دوای قووڵبوونەوەی كێشە و ناكۆكیەكانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، ئەم رێككەوتنە سیاسیە و دۆستایەتی نێوان یەكێتی و پارتی بكردایە بە دەرفەت بەهۆی نزیكیی یەكێتییەوە لە پارتی، ناكۆكیەكانی لەگەڵ گۆڕانیش چارە بكردایە، نەك وەك ئێستا كە خەڵك ترسی تێكچوونی نێوان یەكێتی و پارتیشیان لێ نیشتووە.
ئەم دۆخە پێویستی بە بڕیاری ئازایانە هەیە، بارزانی كە سەركردایەتی ئەو ئاراستەیە دەكات كوردستان سەربەخۆ بێت و خەونی دەوڵەتی كوردی ببێتە واقیع، پێویستە زۆر گەورەتر لەم كێشانە مامەڵە بكات و خۆی تەرخان بكات بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكانی نێوان هێزە سیاسیەكان، تا بەرەكەی فراوانتر بكات بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی رابەرایەتی دەكات.
26/5/2016