رێبوار قاسم و چۆمان تەقیەدین
100 ساڵی تەواو لەمەوبەر، دروست لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا (16/5/1916)، بەریتانیا و فەرەنسا بە رەزامەندیی رووسیای قەیسەری، لەسەر پڕۆژەیەك رێككەوتن كە ناوی لێنرا "رێككەوتنی ئاسیای بچووك"، دواتر ئەم رێككەوتنە بە رێككەوتنی "سایكس-پیكۆ" ناوبانگی دەركرد كە لە ناوی هەردوو دیپلۆماتكار و سیاسەتكاری بەریتانی "مارك سایكس" و "فرانسوا جۆرج-پیكۆ" وەرگیرابوو، لە كاتێكدا ئەوان داڕێژەری سەرەكیی رێككەوتننامەكە بوون.
ناوەڕۆكی سایكس-پیكۆ كە لە شاری سان پیتەرسبورگ واژۆ كرا، لەم خاڵانەی خوارەوە پێكدێت:
یەكەم: رووسیای قەیسەری ئیستەنبوڵی پایتەختی عوسمانی و چەند میلێك لە ناوەوە لەسەر هەردوو رۆخی گەرووی بۆسفۆر و بەشێكی زۆری باكووری كوردستان كە بریتی بوون لە ویلایەتەكانی (قارس، بەدلیس و وان و ئەرزڕووم) لەگەڵ تەواوی خاكی ئەرمەنستانی بەركەوت.
دووەم: بەریتانیا ناوەڕاست و خوارووی عێراقی ئێستا، هەردوو سنجاقی سلێمانی و كەركووك لە ویلایەتی مووسڵ، خۆرهەڵاتی ئوردن، هەردوو بەندەری حەیفاو عەككای لە ئیسرائیل (فەلەستین) بەركەوت.
سێیەم: فەرەنسا تەواوی سووریا و لوبنان، ناوچەی كیلیكیا (ئەدەنە) لە توركیا، هەرسێ سنجاقی هەولێر، دهۆك و مووسڵ لە ویلایەتی مووسڵ، ویلایەتی ماردین، ئورفا و گازی عەنتاب و تەواوی خۆرهەڵاتی كوردستانی بەركەوت.
چوارەم: ناوچەیەكی نێودەوڵەتی لە ئیسرائیل (فەلەستین) واتە ئورشەلیم (قودس) و دەوروبەری دروستكرا كە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەكانەوە بەڕێوە دەبردرا.
ئامانجە ستراتیژییەكەی رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ بریتی بوو لەوەی رێگە خۆش بكرێت بۆ ئەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانی لەناوەوە (واتە لەناو كۆمەڵگای ئیسلامیی غەیرە توركدا) هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەمەش بە تایبەتی ئامانجی بەریتانیا بوو.
لە پرۆتۆكۆڵی ئەو كۆبوونەوەیەی بیرۆكەی رێككەوتنەكەی لێوە هاتووە، دەردەكەوێت مارك سایكس بە متمانەیەكی تەواوەوە باسی لەو هێڵە سنوورییە كردووە كە دەبووایە لەگەڵ فەرەنسییەكان لەسەری رێكبكەون. لەو كۆبوونەوەیەدا ئارسەر بالفۆر، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی بەریتانیا لە سایكسی پرسیوە "حەز دەكەیت چ جۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ فەرەنسییەكان بكەی؟" سایكس لە وەڵامی بالفۆردا گوتوویەتی "حەز دەكەم هێڵێك لە خاڵی (e) لە عەككا بۆ (k) لە كەركووك بكێشم." وەكوو دەگێڕنەوە سایكس زۆر حەزی لە كێشانی هێڵ بووە.
بەر لە هەموو شتێك، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت كە نەخشەی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمی راستەوخۆی سایكس-پیكۆ نییە، بەڵكو ئەو رێككەوتننامەیە تەنیا بناغەی ئەو نەخشەیەیە كە دواتر بەهۆی رێككەوتننامەكانی سیڤەر و لۆزان دیاری دەكرێت. دووەم شت كە هەر پەیوەندی بەوەی پێشترەوە هەیە، ئەوەیە فەرەنسا و بەریتانیا بیریان لە دامەزراندنی دەوڵەت یان دەسەڵاتی سەربەخۆ بۆ كورد، عەرەب یانیش تورك لە ناوچەكەدا نەكردبووەوە، لە كاتێكدا هەر وەكوو لە رێككەوتننامەكەدا دیارە، هەر دەسەڵات یانیش كۆنفیدراسیۆنێكی عەرەبیش لە ناوچەی شین یان سووردا دامەزرابایە، دەبووایە لەژێر چاودێریی بەریتانیا و فەرەنسادا كار بكات. بەدەر لەمانە، شكستپێهێنانی عوسمانییەكان و دواتر گرتنی ئیستانبوڵ (كە رووسیا چاوی لەسەر بووە) دەكرا بۆ كۆتایی بە مەترسی هاوپەیمانێتی سیانە بهێنێت كە لە هەر سێ وڵاتی ئەڵمانیا، نەمسا و مەجەر پێكدەهات.
نهێنیبوونی رێككەوتننامەی ئاسیای بچووك تەنیا بۆ شاردنەوەی نیازەكان لە دەوڵەتی عوسمانی و هاوپەیمانیی سیانە نەبووە، بەڵكو دەبووایە كۆمەڵێك راستیش لە حوسێن بن عەلی، شەریفی مەككە بشاردرێتەوە، لەبەر ئەوەی هێنری مەكهۆن، كۆمیسیاری باڵای بەریتانیا لە میسر، پێشتر كۆمەڵێك بەڵێنی سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی عەرەبی بە سعودیە دابوو، سنوورەكانی ئەو دەوڵەتە تەنیا ئەو ناوچانەی نەدەگرتەوە كە بەرژەوەندیی فەرەنسای تێدا بوو، لەبەرامبەریشدا دەبووایە بن عەلی بە هاندانی عەرەبەكان لەدژی عوسمانییەكان یارمەتی بەریتانیا بدات. بۆ ئەم مەبەستەش لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی 1915 هەتا كۆتایی مانگی یەكەمی 1916 نامە گۆڕینەوە لە نێوان شەریفی مەككە و مەكهۆندا هەبووە. بەڵام وەكوو لە سایكس-پیكۆدا دەردەكەوێت، بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر ئەوە رێككەوتبوون كە بەشێك لەو ناوچانەی بەریتانیا بەڵێنی بە بن عەلی دابوو، لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیادا دابەش بكرێ.
خاڵێكی دیكە كە عەرەبەكان و بەتایبەت بن عەلیی دڵگران كرد، راگەیاندنەكەی ئارسەر بالفۆر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێك بۆ جووەكان لە فەڵەستین. بالفۆر رایگەیاند "زایۆنیزم راست بێت یان هەڵە، چاك بێت یان خراپ، رەگوڕیشەی لە نەریتێكی دوور و درێژ و لە پێویستییەكان و لە هیواكانی داهاتوودایە، ئەمەش زۆر لە ئارەزوو و دەمارگیریی 700 هەزار عەرەبی دانیشتووی وڵاتی دێرین (واتە فەلەستین) گرنگترە".
دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی بۆلشەڤیك لە رووسیا، رووسەكان چیدی داوای ئەو پشكەیان نەكرد كە بڕیاربوو لە دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی دەستیان بكەوێت، هەر بۆیە لە 23ی نۆڤەمبەری 1917دا كۆپییەك لە رێككەوتنی سایكس-پیكۆیان لە رۆژنامەكانی ئیزڤێستیا و پراڤدا-دا بڵاوكردەوە، سێ رۆژ دواتر كۆپییەكی لە رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیشدا بڵاوبووەوە. ئاشكرابوونی ناوەڕۆكی سایكس-پیكۆ نەك هەر عەرەبەكان بەڵكو جووەكانیشی نیگەران كرد، لەبەر ئەوەی سێ هەفتە پێشتر راگەیێندراوی بالفۆر بڵاوكرابووەوە.
ئەگەرچی سایكس-پیكۆ بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستی لە دامەزرانی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، بەڵام زۆربەی شرۆڤەكاران پێیانوایە هۆكاری سەرەكیی كێشەكانی ئێستای عێراق، سووریا، كورد و فەلەستین و ئیسرائیل بۆ ئەم رێككەوتنە دەگەڕێتەوە كە بەگوێرەی زۆربەی شرۆڤەكاران رێككەوتنێكی ئیمپیریالیستی هەڕەمەكییە و تێیدا تەنیا بەرژەوەندییەكانی بەریتانیا و فەرەنسا لە پێش و لە دوای جەنگی جیهانیی یەكەم رەچاوكراوە، نەك خواستی خەڵكی ئەو ناوچانە و ئەو كێشانەی كە بەم هۆیەوە لە ساڵانی دواتردا سەریان هەڵدا.
لە ساڵی 1915دا سایكس حكومەتی ئەوكاتی بەریتانیا دڵنیا دەكاتەوە كە "لە رۆژهەڵاتی دیجلە، كورد لایەنگری عەرەبە". كێشەی لە مێژینەی كورد و عەرەب لە سووریا و عێراق دەریدەخات كە مارك سایكس، هەرچەندە لە كێشانی هێڵدا لەسەر نەخشەكان شارەزا بووە، بەڵام نەیتوانیوە ئەنجامەكانی ئەو هێڵكێشانە بۆ ناوچەكە و بۆ نەزمی جیهانی ببینێت، بۆ نموونە نەیتوانیوە پێشبینی سەرهەڵدانی بیرۆكەی پان-عەرەبیزم، پان-توركیزم بكات لە ناوچەكەدا و لەپاڵ ئەواندا لە عێراق، سووریا و توركیاش بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد سەرهەڵبدات، ئەمە جگە لەوەی بە هیچ شێوەیەك پێشبینی شۆڕشی بۆلشەڤی نەكرابوو كە نەك بووە هۆی ئەوەی رووسیا رەزامەندی خۆی لە رێككەوتنەكە بكێشێتەوە، بەڵكو دواتر بۆلشەڤیكەكان بۆ راگرتنی دڵی توركەكان كۆمەڵێك رێككەوتنیشیان لەگەڵ مۆر كردن كە بەشێكی بۆ ئەوە بوو دەسەڵاتی توركیا كێشە بۆ پرۆسەی بە-سۆڤیەتیكردن لە قەوقاز دروست نەكات.
هەربۆیە سەیر نییە كە لە سییەكان و چلەكانی سەدەی رابردووەوە ئەم رێككەوتننامەیە و رێككەوتنەكانی دواتر بەهۆی خولیای شانشینە عەرەبییەكان و لە پەنجاكاندا بەهۆی دەسەڵاتی جەمال عەبدولناسر و لە نەوەتەكانیشدا بەهۆی دەسەڵاتی لەڕادەبەدەری سەدام حوسێنەوە هەڕەشەی لەسەر بووە. لە ماوەی چەند ساڵی رابردووشدا لاوازبوونی حكومەتەكانی ناوچەكە و بێتواناییان لە پاراستنی ئاسایش و كەڵەكەبوونی كێشە نێوخۆییەكان (كە بەشێكیان زادەی سایكس-پیكۆ و رێككەوتنە هاوشێوەكانین)، جارێكی دیكە هەڕەشەیان لە هەڵوەشاندنەوەی نەخشەی ناوچەكە كرد. ئەم نەخشەیە هەم بە بەهێزبوونی زلهێزەكانی ناوچەكە و هەمیش بە لاوازبوونیان مەترسیی لەسەر بووە.
لە دەستپێكردنی قەیرانی سووریا و سەرهەڵدانی داعشەوە جارێكی دیكە مەترسی لەسەر سنوورە "هەڕەمەكییە"كەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبووەوە، لە كاتێكدا بەشێك لە ناوچەكانی باكووری رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریایان پێكەوە بەستبووەوە.
پرسیارێك كە دوای سەت ساڵ دەبێ بكرێت، ئەوەیە كە ئایا رێكخراوێكی وەكوو داعش دەتوانێت سایكس-پیكۆ و سیڤەر و لۆزان وەكوو بیرۆكە هەڵبوەشێنێتەوە، یان تەنیا لەناو ئەو سنوورەی كە دانراوە، كۆمەڵێك دەستكاریی لاوەكی دەكات و لە بنەڕەتدا هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت؟ بە مانایەكی دی، ئایا دەستكاریكردنی كۆمەڵێك سنوور- بۆ نموونە سووریا و عێراق- دەتوانێت گەرەنتی كۆتاییهێنان بەو بیرۆكەیە بدات كە سایكس-پیكۆی لەسەر دامەزراوە و تێیدا لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەو كاتیان، كۆمەڵێك بنەمای بنەڕەتی بۆ دیاریكردنی سنوورەكان پشتگوێخراوە و لەوێشەوە ئەو هەموو كارەساتە روویداوە؟
سایكس-پیكۆ جیهانبینییە، بەر لەوەی داڕشتنێكی هەڕەمەكی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، كۆتاییهێنان بە سایكس-پیكۆ و رێككەوتننامە هاوشێوەكانی ئەگەر لە دەستكاریكردنی ئەو جیهانبینییە چەقبەستوو و تاكڕەهەندەوە دەستپێنەكات، ئەوە ناكرێت گەرەنتی ئەوە بكرێت قۆناغی دوای نەخشەكەی سایكس-پیكۆ لە قۆناغەكەی پێشتر باشتر بێت، لە كاتێكدا ئامانجی سەرەكی لە كۆتاییهێنان بە سایكس-پیكۆ دانانی كۆتاییەكی بنەڕەتییە بۆ هەموو ئەو كارەساتانەی ماوەی سەت ساڵە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست- بەتایبەتیش كورد- بەدەستیەوە دەناڵێنن.
16/5/2016