هیوا جەمال
ئێستا دوو بەش (پارچە)ی کوردستان نیمچە سەربەخۆیی هەیە. باشووری کوردستان، مامەڵەی سەربەخۆیی دەکات، هەرچەندە بەپێی دەستوور هێشتا هەرێمێکی سەر بە عێراقی فیدراڵە. رۆژئاوای کورستان مامەڵەی ئیدارەی سەربەخۆ دەکات، هەرچەند هێشتا دیمەشق هاتووچۆی تێدا دەکات.
بۆ کورد، هەلێکی زێڕین لە پێشە، باس لە هەنگاوەکانی داهاتوو بکات و نەخشەڕێی دەوڵەتی کوردستان دابنێ.
لەم بارەیەوە ئاماژە بە چەند سیناریۆیەک دەکرێت رەنگە بتوانرێت بخرێتە بەر توێژێنەوە و بڕیارلێدان.
سیناریۆی یەک؛
کۆبوونەوەی حیزبە کوردییەکانی باشوور، باکوور و رۆژئاوای کوردستان؛
رەنگە لەناوخۆیاندا (لە یەک بەشدا) نەتوانن باش بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەگەر کۆبوونەوەیەکی حیزبەکانی ئەو سێ بەشە ئەنجام بدرێت، ئەوا دەتوانن لەوێدا کۆمیتەیەک دروست بکەن بۆ دانانی ستراتیژی یەکگرتنەوەی بەشەکان، و دواتر رۆژهەڵاتی کوردستانیش.
چۆن ئەمە بکرێت؟
دەوڵەتی تورکیا کار لەسەر بەرفراوانکردنەی دەسەڵاتەکەی دەکات بۆ گەڕاندنەوەی سنووری خەلافەتی عوسمانی، هەرچەندە ئەمە خەونێکی تاڕادەیەک نەزۆکە، بەڵام کارئاسانییە بۆ کورد کە سوود لەم خەونە وەربگرێت.
ئێستا حکومەتی تورکیا بەچڕی کار بۆ ئەوە دەکات بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی دیکە لە باشووری کوردستان گرێ بداتەوە بە تورکیا، بۆیە بۆ ئەو سێ بەشە ئاسان دەبێ کە بچنە پاڵ تورکیا.
هەندێ دەڵێن؛ لە بری ئەوەی کوردستان لەژێر حوکمی چوار دەوڵەتدا بێت لە ژێر حکومی یەک یاخود دوو دەوڵەتدا بێت باشترە، ئەمە لەکاتێکدا نەتوانن سەربەخۆیی بەدەست بێنن (بێگومان لەم ساتەوەختەدا ئەستەمە).
بۆیە هەندێ پێیان وایە ئەم سینارۆیەی کە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بچنە سەر نەخشەی تورکیا، چەند سوودێکی هەیە؛
یەک؛ کورد دەبەستێتەوە بە دەریا
دوو؛ کورد دەبەستێتەوە بە ئەوروپا
سێ؛ سێ پارچە یەک دەگرنەوە
سیناریۆی دووەم،
سنووری سایکس بیکۆ، تێکبشکێندرێت یاخود درێژە بە شکاندنی بدرێت، چونکە یەکەمجار داعش ئەو سنوورەی لە نێوان عێراق و سووریا هەڵگرت، پێویستە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش ئەو سنوورە هەڵگرن و چیدی پابەند نەبن بە یاساکانی دیمەشق و بەغدا بۆ سنوورپارێزیی.
پێویستە واز لە ناکۆکییەکانی نێوانی پەکەک و پارتی بهێنرێت، (هەرچەند بەپێی زانیارییەکان هاوکاریی زۆر لە نێوان رۆژئاوا و باشوور هەیە لەڕووی دەرمان و نەوت)ەوە، هەندێک دەڵێن؛ ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم سنوورە لاببرێت، چونکە نە دیمەشق دەستی بەسەر ئەو سنوورەدا دەڕوات و نە بەغدا ئاگای لێیەتی.
ئەمەش چەند سوودێکی هەیە؛
یەک؛ یەکگرتنەوەی دوو پارچە دەبێتە ئەمری واقیع
دوو؛ هاتووچۆ لە نێوان هەولێر و قامیشلۆ وەک هەولێر و سلێمانی لێدێت
سێ؛ لەڕووی ئابوورییەوە گەشەی زیاتر دروست دەبێ
چوار؛ ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاد دەکات
سیناریۆی سێیەم
کورد لەگەڵ بەغدا رێک بکەوێت، لە پێکهێنانەوەی حکومەتی عێراقدا هیچ پۆستێک وەرنەگرێت، تەنها پەرلەمانتارەکانی بمێننەوە، و سەرۆکی پەرلەمان بۆ کورد بێت و سەرۆککۆماریش بدرێتە سوننە ( ئەمە سوننەش پێی رازییە)، لەبەرامبەردا، دەستوور هەمواربکرێتەوە هەندێ مادەی بە قازانجی کورد لێ زیادبکرێت یان ئەوانەی بە زیانی کوردن لاببرێن.
بەتایبەت سنووری ماددەی 140 جیابکرێتەوە، یان لانی کەم نەبەسترێتەوە بەو ناوچانەی ناکۆکن لە نێوان شیعە و سوننە لە ناوەڕاستی عێراق.
وەک چۆن بۆ نووسینەوەی دەستوور وەفدی باڵا لە سەرۆکی حیزبەکان لە بەغدا بوون بۆ ماوەی زیاتر لە شەست رۆژ، ئاوا وەفدێک بچێتە بەغدا و تا هەموو شت یەکلایی نەکاتەوە نەگەڕێنەوە.
وەفدەکە بە دوو شێوە بگەڕێنەوە؛
یەک؛ بەدەستهێنانی تەواوی مافی کورد لە باشووری کوردستان و سنووری کوردستان سنووری هەرێمی کوردستان بێت
دوو؛ کاتێ دێنەوە سەربەخۆیی لە عێراق و جیابوونەوە لێی رابگەیەنن.
14/5/2016