فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

عارف قوربانیarf qurbaniii 

هەرچەندە باوەڕم وایە ستراتیجیەتی شیعە لە عێراق و تێڕوانینیان بۆ خورماتوو، داقوق و تازە و تەنانەت بۆ كەركووكیش زۆر جیاوازە لەو خەیاڵە دۆستانەیەی كورد بۆ پەیوەندیی نێوان خۆی و شیعە دروستی كردووە، لە رووی ستراتیجییەوە ئامانجی پرۆسەی تەشەیوع بەبێ‌ ئەو ناوچانە پرۆسەیەكی تەواونەكراوە، بۆیە لە هەر هەلومەرج و دۆخێكدا كە بۆ ئەوان لەبار و گونجاو بێت، ئەوەی داعش بە شەنگالی كرد، ئەمان هەمان سیناریۆ لەو ناوچانە دووبارە دەكەنەوە.

كورد چی بكات و چۆن خۆی لە داوی شەڕی شیعە بپارێزێت، بە چ ئامراز و شێوازێك حاڵەتی ئەمری واقیع لەو ناوچانە بسەپێنێ، ئەمانە دەكرێت لە دەرفەتی دیكەدا بە وردی قسەیان لەبارەوە بكرێت و هێشتاش دەرفەت لەپێش ماوە بە كەمترین قوربانی خۆمان لە بەڵای گەورە بپارێزین، بەڵام ئەوەی مەبەستمە لێرەدا سەرنجی بخەمە سەر، شەڕ و پشێوی و رووداوەكانی یەك دوو رۆژی رابردووی نێوان حەشدی شەعبی و كوردە لە خورماتوو كە پێموایە بەغدا وەك پاساوێكی ناڕەوا و بە مەبەست ئەم رووداوانەی لە خورماتوو خوڵقاند، تا كەوتنی بەغدای پێ راست بكاتەوە.

وا بۆ نزیكەی دوو مانگ دەچێت دۆخی سیاسیی بەغدا تەواو ئاڵۆز بووە، فشارەكان لەسەر حوكمڕانیی ئێستای عێراق گەیشتووەتە ئاستێك، دەسەڵات ناچارە مل بۆ گۆڕانكارییەك بدات كە خوازیاری نییە، هەرچەندە پاساوەكەش بریتییە لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و پرۆسەی چاكسازی لە عێراق، بەڵام ئەوە رووپۆشكراوی جەوهەری كێشەكەیە، دیدو تێڕوانینی بەندە ئەوەیە كە بەرەیەك لە ناوخۆی عێراق كە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە، بەغدایەكی جیاوازتر لەم بەغدایەی ئێستایان دەوێت.

رەنگە لێرەدا نە دەرفەتی ئەوەمان هەبێت و نە پێویست بەو روونكردنەوانە بكات كە عێراق چۆن بوو بە پاشكۆ، چۆن دەسەڵاتەكانی دامەزراوە دەوڵەتییەكانی لەژێر سێبەری پایتەختی دیكەدا بەڕێوە دەبرێن؟ بەڵام ئەوە روونە كە هەم لە ناوخۆی عێراق و هەم لەسەر ئاستی رۆژئاوا، نیگەرانیی گەورە هەیە لەو (بەشێنەیی داگیركردنەی عێراق)، مەیلێك هەیە بۆ بەعێراقیكردنەوەی بەغدا. ئەوەی كە ئێستا لە بەغدا دەگوزەرێت شەڕی ئەو ناسنامەیەیە نەك شتی دیكە.

فشارەكان لە بەغدا تادێت زیاتر دەبن، خراپیی گوزەرانی خەڵك و گەندەڵی و فەسادی سیاسی و ئیداری، بە قازانجی بەهێزبوونی ئەو بەرە عێراقیەیە كە دەخوازن سنوور بۆ حوكمڕانیی زاڵی شیعە دابنێن. ناوماڵی شیعی لەبەردەم لێكترازانی گەورەدایە، نە مەرجەعیەت و نە ئێرانیش نەیانتوانی رێگە لە دروستبوونی ئەو درز و كەلێنانە بگرن كە لە نێوانیان دروست بووە، داهاتووی شیعە لە عێراق و كاریگەرییان لە تەواوكردنی ئامانجە ستراتیژییەكە پەیوەستە بەم رووداوانەی ئێستاوە. بۆیە (عوقەلاكانیان) بەدوای دەروازەیەكدا دەگەڕێن كە لەلایەك شیعە و لەلایەكیش بەغدای لەو مەترسیانە پێ رزگار بكەن.

هیچ دوور نییە ئەوەی لە خورماتوو دەگوزەرێت سەرباری بوونی زەمینەی لەبار بۆ سەرهەڵدانی كێشەی لەم جۆرە و تەقینەوەی ناكۆكیەكانی نێوان كورد و حەشدی شەعبی، بەڵام لەو سیناریۆیە بەدوور نییە كە ئامانج لێی گۆڕینی ئاراستەی رووداوەكانی بەغدا و ورووژاندنی هەست و سۆزی خەڵكی شیعە بێت لە عێراق، تا لەلایەك فشارەكان لەسەر بەغدا كەم ببێتەوە و سۆزی گشتیی شیعەی پێ یەكبخرێتەوە.

بۆیە وێڕای ئەوەی پاراستنی ئەو ناوچەیە و پێگەی سیاسیی كورد لەو هاوكێشانە، ئەركێكی نیشتمانیی گەورەیە، دەبێت سەركردایەتی سیاسیی كورد بەرپرسیارانە ئەركی پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی كورد بگرێتە ئەستۆ، لەگەڵ ئەوەدا پێویستە ئاگای لەوەش بێت كورد نەكرێتە ئامراز و پاساوی كێشەكانی بەغدا. دەبێت زۆر بە وردی بیر لە رێگەچارەیەك بكرێتەوە كە چیتر بەغدا بۆ خۆدەربازكردنی لە قەیرانەكانی خۆی، كورد پەلكێشی ناو كێشەكانی نەكات، یان كورد نەكاتە پاساوی خۆدەربازكردن.

بۆیە چۆن بەغدا ئیستیغلالی بوونی ئەو زەمینەیەی خورماتوو دەكات و ئەمە چەند جارێكە لە كات و دۆخی جیاجیادا بەكاری دەبات. پێویستە كوردیش ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و چارەسەری ریشەیی كێشەكانی خورماتوو بكات كە ئەویش بە وەدەرنانی حەشدی شەعبی دەبێت لە ناوچەكە و دواتر مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع بكرێت. چونكە ئەوە روونە كە بەغدا نیازی خراپە لەگەڵ ئەو ناوچانەی كوردستان، شەڕی داعشی كردووە بە پاساو و بیانوویەكی ناڕەوا بۆ دروستكردنی هێزی میلیشیای شیعی و هێنانی حەشدی شەعبی.

وا نزیك بە دوو ساڵە (گوندی بەشیر) لە نزیك شاری كەركووك لەلایەن داعشەوە داگیركراوە و كراوەتە پاساو بۆ بەهێزكردنی پێگەی شیعە لە ناوچەكانی كەركووك و خورماتوو. هیچ لۆژیكێك لەوەدا نییە بە نزیكەی دوو ساڵ بە هەموو سوپای عێراق و چەندین هەزار چەكداری حەشدی شەعبییەوە نەتوانن گوندێك كۆنترۆڵ بكەنەوە، ئەگەر مەسەلەكە هێشتنەوەی نەبێت وەك پاساوێك بۆ داگیركاریی ناوچەكە و چاوەڕوانكردنی هەلی گونجاو.

دەبێت كورد وردتر بیر لەو سیناریۆیانە بكاتەوە، بەر لە هەر شت پێویستە كورد خۆی وەك لایەنی سەرەكی لە شەڕی داعش و هێزی یەكلاكەرەوە لە ناوچەكانی كەركووك، داعش لە گوندی (بەشیر) وەدەرنێت، بەوەش لەلایەك مەترسیی داعش لەسەر كەركووك و تازە خورماتوو و داقوق ناهێڵێت و لەلایەكی دیكەشەوە پاساوی مانەوەی حەشدی شەعبی و چەكداركردنی شیعەی ناوچەكە نامێنێ كە بەشی هەرە زۆریان عەرەبی پرۆسەی تەعریبی سەردەمی سەدامن.

مانەوەی ئەو دۆخە هیچ خزمەت بە ئایندەی كورد و ئەو ناوچەیە ناكات، كارتێكی گوشاری بەردەوامە بەدەستی بەغداوە و لە هەر دەرفەت و بۆ هەر مەبەستێك ویستی بەكاری دەبات، هیچ دەربەستی ئەوە نییە ئەو گەمەیە لەسەر حسابی خوێنی كورد و ناسەقامگیری و دڵەڕاوكێی خەڵكی ناوچەكەیە. دەبێت كورد بە وشیارییەوە ریشەی كێشەكان ببچڕێت تا نەبووەتە گرێی شێرپەنجەیی لەسەر جەستەی كوردستان.

26/4/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان