هێمن عەبدوڵڵا
ئەو هەرایەی لە بەغدا لەسەر دابەشكردنی كورسی و دەسەڵات هەیە، هیچ نییە لەچاو ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی لە ناوچەكەدا، بەتایبەتیش بۆ باشووری كوردستان بەڕێوەن. گرنگترینیشیان ئەوەیە كە وەك دەردەكەوێت قۆناغی داهاتوو قۆناغی نزیكبوونەوەی زۆرتری هەولێر و تاران دەبێت. بەڵام دەكرێ چاوەڕوانی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هاوشێوەی گۆڕانی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە بین: تا دوێنێ تا سەر ئێسقان لەیەكدی دڕدۆنگ و ئەمڕۆ دوو پارتنەری ئابووری و سیاسیی ستراتیژی؟
شتێك هەیە كە چیدی دوودڵی هەڵناگرێت. ئەو دەوڵەتۆكەیەی پێیدەگوترا عێراق كۆتایی هاتووە. هەرای چەند رۆژی رابردوو لە زۆنی سەوز بیرخەرەوەی راستییەكە كە عێراقییەكان خۆیانی لێ نەبان دەكەن: عێراق ئەو ماڵەیە كە گەورەی تێدا نەماوە و براكان دەیانەوێ لەیەكدی جیاببنەوە، بەڵام نە خزمانیان دەهێڵن و نە خۆشیان بوێریی ئەوەیان تێدایە بەبێ سەرئێشە كۆتایی بەو هاوماڵییە بهێنن.
هەم ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی لەژێر لێوەوە دركاندوویانە و هەم ئەوەش كە هەندێك كاربەدەستی كوردستان باسی دەكەن، پەیوەندییەكانی كوردستان و ئێران، بەتایبەتی لە بواری وزەدا، وردە وردە بەرەوپێش دەچن. ئەگەر زانیارییەكان راست بن، هەنگاوی یەكەم بەوە دەستپێدەكات كە لەجیاتی تانكەر، بە بۆڕی نەوتی كوردستان بۆ پاڵاوگەكانی كرماشان و تەورێز هەناردە دەكرێن و بەدوایدا پڕۆژەی گەورەی دیكەش دەستپێدەكەن. لەو نێوانەدا بەغدا-ی شیعە تێداهەمەكارە، كە هەرچییەكی پێكرا كردی بۆئەوەی شكست بە پەیوەندی و رێككەوتنە وزەییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە بهێنێ، تووشی هەڵوێستێكی دژوار دەبێت و ناتوانێت بە هەمان دەنگی زوڵاڵ دژایەتی پەیوەندییە وزەییەكانی هەولێر و تاران بكات. كوردستانیش لەوە دەردەچێت كە هەموو هێلكەكانی لە سەبەتەی توركیادا دابنێت.
بەڵام ئەمە دیوە رەنگینەكەی چیرۆكەكەیە. دیوەكەی دیكەی ئەوەیە كە ئەگەر ئەو پرۆژەیە سەربگرێت، هەژموونی ئێران بەسەر باشووری كوردستانەوە زۆرتر دەبێت. هەولێریش ناچار دەبێت زۆرتر لە جاران لە سیاسەتگوزاریی خۆیدا رەچاوی نیگەرانی و بەرژەوەندییەكانی تاران بكات. دەشكرێ مەسەلەكە بەو دیوەدا ببینین كە مادام بەرژەوەندیی گەورەی هاوبەش لەنێوان كوردستان و ئێراندا دروست دەبن، كەواتە هەردوولا ناچارن موراعاتی یەكدی بكەن و لەجیاتی ئەوەی لەیەكدی بترسێن، مانەوەی یەكدی وەكو گەرەنتیی سەقامگیری لە ناوچەكەدا دەبینن.
هەرچەندە روحانی لە دیداری هەفتەی رابردوویدا لەگەڵ ئەردۆغان باسی ئەوەی كرد كە هەردوو دەوڵەت دژی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتانی ناوچەكەن (كە ئاماژە بوو بۆ عێراق و سووریا)، بەڵام هەردوو سەرۆك دەزانن هەڵوەشانەوەی عێراق حەتمییە و تەنیا مەسەلەی كاتە. بۆیە بیانەوێ و نەیانەوێ لە ئایندەی نزیكدا دەبێ مامەڵە لەگەڵ كوردستانێكی سەربەخۆدا بكەن كە هاوسنووریانە و پایتەختەكەی هەولێرە. كەواتە بەستنەوەی ئەو كوردستانە سەربەخۆیە لەڕێگەی پڕۆژەی وزەییەوە بەخۆیانەوە كارێكی ستراتیژییە، بۆئەوەی بڵێسەی سەربەخۆییخوازی كورد لە ناوچەكەدا لەدەست دەرنەچێت و بۆیان كۆنترۆڵ بكرێت. بۆ هەولێریش ئەو بەستنەوەیە گرنگە بۆئەوەی لەجیاتی مێژوویەكی نەخشاو بە رووباری خوێن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە، بەرژەوەندی و نەوت ببنە گەرەنتی بۆ مانەوەی.
21/2/2016