فاروق حه‌جی مسته‌فا
ئێمه، لێره‌دا نابێ به دوای كێشه‌ی ناسنامه‌دا بگه‌ڕێین، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستمان به نیچه و ئه‌مین مهعلوون (ناسنامه‌ی كوژه‌ر) هه‌یه، با لێره‌دا په‌یڤه‌كه، په‌یڤی (ئێمه) به واقیع حاڵ به‌راورد بكه‌ین. ئێمه كێین؟ سیاسه‌توانان، یان گه‌له‌كۆمه‌ی ئۆپۆزسیۆن، كامیان ده‌بێت، با ببێت، چونكه ڕژێم له ناخماندا خۆی مه‌ڵاس داوه، ئێمه‌شی له‌نێو خانه‌ی مێگه‌لدا هێشته‌وه. ئه‌و ڕژێمه سه‌یره هیچ جۆره حاڵه‌تێكی نیشتمانیی نه‌هێنایه به‌رهه‌م. پێم وایه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه، كه به لۆژیكێك له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین یان له پرسه‌كانی تایبه‌ت و گشتیی یه‌كدی نزیك ده‌بینه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی، ئه‌و كه‌سه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین، كه‌سێكی نامۆیه نه‌ك خۆمانه. خۆ ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ده‌م بكاته‌وه، ئه‌وه واتای ئه‌وه‌یه كه ده‌یه‌وێ ملمان پێ كه‌چ بكات یان بمانخاته نێو ته‌ڵه و داوێكه‌وه.
هه‌ر بۆیه سیاسه‌توانان و سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن، به لۆژیكێكی نامۆ هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كه‌ی كورددا كرد، به لۆژیكی كه په‌یڤی (فیدرالی) بوو به (دابه‌ش كردن) . واته ئه‌وان فنجانی به‌ختی كوردیان خوێندنه‌وه و به خواست و نییەتی ئاشنا بوون. باشه له‌باره‌ی چ دابهشكردنێكهوه قسه ده‌كه‌ین، كه‌چی ئێمه له ئاست گرێی به‌رژه‌وه‌ندی و تێكه‌ڵبوونی دانیشتووان و په‌رتبوونی ناوچه و ئهتنیكهكاندا ده‌ژین؟
هه‌ڵبه‌ت، من ته‌نیا له ڕوانگه‌یه‌كی گشتییه‌وه له په‌یڤی (ئێمه) ده‌ڕوانم، واته ئێمه وه‌ك لۆژیكی (هه‌مووان) ئاخۆ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆین؟ به‌ره‌و بنیاتنانی ئایینده‌ی گه‌شی وڵاتمان ده‌چین؟ باشه وڵات به یه‌ك ده‌ست و به یه‌ك له‌پ بنیات ده‌ندرێت؟ یان هه‌مووان پێویستن، واته هه‌مووان به‌رپرسن له بنیاتنانی ئایینده‌یه‌كی ئارام بۆ خه‌ڵك و بۆ خۆشمان. ئایا له‌گه‌ڵم كۆكن، كه ئه‌و هه‌مووه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پێكه‌وه كار بكه‌ن، ئه‌وان پێویستیان به لێبورده‌یی و بازدان هه‌یه به‌سه‌ر ئازار و ئێشی تایبه‌تیدا؟ ئێوه بینیوتانه كه‌سێك له خه‌ڵك ببوورێ و شتێ له به‌های دیموكراسیی نه‌بێت؟
به‌داخه‌وه، ئێمه لێره به دوای ناونیشانی دووه‌مدا ده‌گه‌ڕێین، ئێمه له زه‌مانی (دیموكراتانی بێ كولتووری دیموكراسی)داین. پێیتان سه‌یر نه‌بێت، به‌ها دابه‌ش نابێت، وه‌ك چۆن ویژدان قابیلی دابه‌شبوون نییه. هیچ ماقووڵ نییه، ئێمه له ساڵانێكداین كه به ساڵانی مه‌رگ و ئازار و بێ به‌شی داده‌ندرێن، كه‌چی ده‌زگا یان كه‌سێكی سه‌ر به ئۆپۆزسیۆن لێمان بێته ده‌نگ، كولتووری ڕق و كینهشمان له نێودا بڵاو بكاته‌وه. ده‌ڵێن: ڕقمان له كورد ده‌بێته‌وه، چونكه خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌كی جیابوونه‌وه‌ن. ئایا گه‌ل له چێوه‌ی پارت یان چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی‌دا قه‌تیس ده‌بێت؟
ئه‌وان له‌بری ئه‌وه‌ی كار بۆ ده‌وره‌دانی پرسه‌كه بكه‌ن، كه خۆی به خاوه‌ن و به‌رپرسی هه‌مووان بزانێ، په‌نا بۆ عه‌شیره‌ت ده‌به‌ن تا شه‌ڕی هه‌مووانی پێ بكه‌ن. پێم وایه دیموكراسیبوونی هه‌ر كه‌سێكی ئۆپۆزسیۆن، وابه‌سته‌یه به ڕاده‌ی تێگه‌یشتن و نزیكبوونه‌وه‌ی له پرسی كورد؟ پاشان وه‌رن با له دیمه‌نی كارگێڕییه‌كه بڕوانین. ئایا ئێمه‌ی سووری به ده‌ست گرفتی كارگێڕییه‌وه ناناڵێنین؟ ئه‌م گرفته هی به‌ر له شۆڕشه نه‌ك زاده‌ی شۆڕش، ئه‌گه‌ر نا له‌به‌ر چی ڕژێم به‌ر له شۆڕش چه‌ند پارێزگایه‌كی نوێی دروست كرد، له ده‌ستووری 2012شیدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆجێیی فراوان كرد؟ كه‌واته ئێمه له به‌رده‌م كێشه‌یه‌كی داراییداین، ده‌با واز له تانه و ته‌شه‌ریش بهێنین، ڕق و كینه‌ش له‌نێو جڤاكدا بڵاو نه‌كه‌ینه‌وه، چونكه ئه‌وكات گه‌ڵاڵه‌كردنی ئایینده‌مان، به زه‌حمه‌تدا ده‌كه‌وێت.
با واز له هه‌موو شتێك بهێنین، بۆ چركه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ویژدانی خۆماندا بژین، ئه‌ركی خۆمان بگرینه ئه‌ستۆ، دروستكردنی ئایینده‌ش كاتی ده‌وێ. له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كار بۆ خۆشگوزه‌رانیی گه‌له‌كانیان ده‌كه‌ن، یاسا و مه‌رسوومی نوێ ده‌رده‌كه‌ن و پرۆگرامی خوێندن ده‌گۆڕن، تا ئێستاش به ئایینده‌ی گه‌شی خۆیان نه‌گه‌یشتوون، ئیدی وای له حاڵی ئێمه كه تۆوی ناته‌بایی ده‌چێنین؟ واز له پارته‌كانی كورد بهێنن، ئایا ئه‌ركی كه‌سانی دیموكرات نییه، كه پرسهیلی پێكهاته‌كانی وڵات بگرنه ئه‌ستۆ؟ بۆچی ئۆپۆزسیۆنی ئێمه چاوی له‌وه نییه، كه پرسی پێكهاته‌كانی گه‌لی سووریا به ڕۆحێكی دیموكراسی بگرنه ئه‌ستۆ، هه‌ر كاتێ بیر له ئایینده‌ی وڵات ده‌كه‌نه‌وه. ئێمه قسه له‌باره‌ی ناونیشانی سێیه‌م ده‌كه‌ین. ده‌بێ ئه‌وان خواستی هه‌موو پێكهاته‌كان ڕه‌چاو بكه‌ن. پێم وایه ئه‌مه زه‌حمه‌ته، چونكه كولتووری دیموكراسی بارێكی گرانه، هیچ نا له‌م قۆناغه‌دا. كه‌واته ئێمه پێویستمان به شۆڕشی كولتووری هه‌یه، شۆڕشێك ئێمه له كولتوور و سیاسه‌تی كۆچه‌رایه‌تی ڕزگار بكات، ئێمه‌ش بكاته مرۆڤێك كه له په‌تای خێڵه‌كی یان توندڕه‌وی ڕزگاری بووه.
(*) ئه‌م وتاره، له‌و ناوه‌رۆكی ئه‌و سیمیناره هه‌ڵم هێنجاوه، كه له (كۆڕبه‌ندی كولتووریی سووری له غازی عه‌نتاب) له 9ی نیسان پێشكه‌شم كرد.
سەرچاوە: باس نیوز
19/4/2016