فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

هێمن بابان

28 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفال "هۆڵۆكۆستی كوردان" تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا هەزاران خێزان هەن چاوییان لە ئێسك و پروسكی كەسوكارەكانییانە، كێ و چۆن ناوی شاڵاوەكانی ئەنفال بەو ناوەوە نرا؟ بۆچی 14ی نیسان وەكو رۆژی ئەنفال دیاریكراوە؟ لەم راپۆرتەدا زانیاریی ورد لەسەر ئەو تاوانە كە تێیدا 182 هەزار هاووڵاتی بوونە قوربانی دەخرێتەروو.ئەو فەرماندەیەی كە ناوی شاڵاوەكانی ئەنفالی بەو ناوەوە نا لەلایەن قوسەی كوڕی سەدام حوسێنەوە كوژرا.- ئەنفال.. لە شەڕی بەدرەوە بۆ پاكتاوكردنی كوردئەنفال سورەتی هەشتەمی كتێبە ئاسمانییە پیرۆزەكەی مسوڵمانان"قورئان"ە كە بەهۆی باسكردنی شەڕی یەكەمی ئیسلام "شەڕی بەدر" بەسوورەتی شەڕیش ناودەبرێت، هۆكاری دابەزینیشی وەكو لە ناوەڕۆكەكەیدا روونە كە شەڕو جیهادی پترتێدا زاڵە بۆ ناكۆكی نێوان مسوڵمانان لەسەر دەستكەوتەكانی شەڕ دێت.ئەنفال بەواتای دەستكەوتەكانی شەڕ دێت، ئەو دەستكەوتانەی مسوڵمانان لە شەڕەكانییاندا لە نەیارەكانییان كە بەبێ باوەڕەكانییان ناودەبەن چنگیان دەكەوێت، بەڵام لە عێراق پاش هەزار و 406 ساڵ لە دابەزینی ئەو سوورەتە و بە دیاریكراوی لە شوباتی 1988 ئەو ناوە لە دڕندانەترین پرۆسەكانی پاكتاوی كورد لەمێژوویدا لە دژی نەتەوەیەكی مسوڵمانی عێراق نرا، پرۆسەیەك وەكو چۆن ئەنفال سوورەتی هەشتەم بوو، ئەنفالی كوردیش بە هەشت قۆناغ و زیاتر لە 200 رۆژ بەردەوام بوو، ئەنجام بێسەروشوێنكردنی 182 هەزار كورد كە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون و دواتریش زیندە بەچاڵكردنییان لە بیابانەكانی لێكەوتەوە كە لە سایەی ئەو پرۆسەیەدا كە زۆرێك بە"هۆڵۆكۆستی كوردان"ی ناودەبەن سەدام حوسێن، عێراقی كرد بە گۆڕی كۆمەڵ و كورد و موڵكەكانیشی بە غەنیمەی جەنگ چاو لێكرد.

- كێ ناوی ئەنفالی لە پرۆسەكانی قڕكردنی كورد نا؟

سەبارەت بە ناولێنانی ئەنفالیش لەو پرۆسەیە سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق لەسەردەمی ئەنفالدا نزار خەزرەجی باس لەوە دەكات كە لە قۆناغی یەكەمی ئەنفالدا هێرشیان كردووەتە سەر سەرگەڵو و بەرگەڵو كە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لێ بووە كە سەركۆماری پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی سەركردایەتی دەكات بۆ لەناوبردنی، پاش سەركەوتنی هێرشەكە وەكو دەیڵێت شەڕی پیرەمەگروون، سەرگەڵو و بەرگەڵو تەواو دەبێت سەركردەی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق لیوا روكن كامل ساجت جەنابی كە خەزرەجی بە"پیاوێكی دیندار"دەیناسێنێت ناوی ئەنفال لە پڕۆسەكە دەنێت لە رۆشنایی سوورەتی ئەنفال لە قورئاندا.

سەركردەی دیاری بەعس و تێوەگلاو لە تاوانی ئەنفال سوڵتان هاشم ئەحمەد لەسەروبەندی دادگاییكردنی خۆی و سەركردەكانی دیكەی بەعس لەنێویاندا سەدام حوسێن لە ساڵی 2006 جەختیكردەوە لەوەی كامل ساجت جەنابی ناوی ئەنفالی لە پرۆسەكە نابوو.

فەریق روكن كامل ساجت عەزیز جەنابی لە ساڵی 1998 لەلایەن قوسەی سەدام حوسێنەوە پاش بانگهێشتكردنی بۆ نووسینگەكەی مشتومڕێكی توند لەنێویاندا دروست دەبێت و ئەنجام قوسەی بەسێ گولـلە كۆتایی بە ژیانی دەهێنێت، هۆكاری كوشتنەكەش تەواو روون نییە، بەڵام زانیارییە باوەكان دەڵێن كە لەلایەن نزار خەزرەجییەوە كە لە دانمارك دەبێت نامەی پێدەگات تا عێراق بەجێ بهێڵێت و داوای مافی پەنابەرێتی بكات.

- ئەنفال لە شوباتەوە بۆ ئەیلوول بۆچی 14ی نیسان؟

چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری ئەنفال و جینۆساید عەلی مەحموود كە لە رۆژانی ئەنفالدا پێشمەرگە بووە شاهێدحاڵی رووداوەكانی تاوانی ئەنفالە، لە دوای راپەڕینەوە بەشێكی زۆری كاتەكانی بۆ بەدواداچوونی كەیسی جینۆساید تەرخانكردووە بەشێوەیەك وەك دەڵێت زیاتر لە 20 ساڵی تەمەنی دەبێت لەو بوارە كار دەكات.

عەلی مەحموود دیاریكردنی رۆژی 14ی نیسان وەكو رۆژی یادكردنەوەی تاوانەكە ئاشكرا دەكات و لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی دەڵێ " پرۆسەكانی ئەنفال 200 رۆژی خایاندووە، بۆ دیاریكردنی رۆژێك سەرەتا لە ساڵی 1992 كەسێك بەناوی رەحمان خانی لە نووسێنێكیدا لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ "زمانحاڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" ئەگەری ئەوەی دانابوو كە ئەو رۆژە بكرێت بە رۆژی ئەنفال، دواتریش نووسەری كتێبی" تونی مەرگ" نەجمەددین فەقێ عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ هەمان بابەت كردبوو و بۆ ئەوەش لەگەڵ گرووپێكدا چالاكیشیان هەبووە".

ناوبراو دەشڵێ "ئێمە لە ساڵانی 1994 تا 1996 كۆمەڵێك چالاكییمان كرد و بەتایبەت داوامان لە حكوومەت و حزبە سیاسییەكان كرد بە رەسمی رۆژی 14ی نیسان بكرێت بە رۆژی ئەنفال، چالاكییمان بەردەوام پێدا لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵكی دیكە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام لەگەڵ پاڵپشتییەكان هەندێك رێگریشیان لێ كردین و دژیشمان وەستانەوە و بە هەرزەكاریش ناویان بردین، بەڵام ئێمە كردمان بە نەریت و هەموو ساڵێك بەردەوام بووین تا گەیشتە ئەوەی لە ساڵی 2007 حكوومەتی هەرێم بڕیاری دیاریكردنی رۆژی 14ی چواری دا كە بكرێت بە رۆژی یاكردنەوەی ئەو تاوانە".

عەلی مەحموود لە درێژەی قسەكانیدا وردتر هۆكاری دیاریكردنی 14ی نیسان وەكو رۆژی ئەنفال باس دەكات و دەڵێت: "ئێمە 13 ساڵ خەریك بووین تا حكوومەت لە كۆتاییدا ئەو رۆژەی وەكو رۆژی ئەنفال دیاریكرد، هۆكاری دیاریكردنی ئەو رۆژەش ئەوەیە لەو رۆژەدا نزیكەی 20 هەزار كەس ئەنفال كراون، ئەنفالی سێ و چوار زۆرینەی قوربانییەكان لە هەردوو دیوی كەركووك دەگرێتەوە و هۆكاری دیاریكردنی ئەو رۆژەش بۆ ئەوەیە كە لەو قۆناغە و لەو رۆژەدا زۆرترین كەس ئەنفالكران".

- ئەنفال.. هەشت قۆناغ، قڕكردنی 182 هەزار كەس، وێرانكردنی چوار هەزار و 300 گوند

ئەنفال پڕۆسەیەكی گشتگیربوو بۆ لەڕیشەوە هەڵتەكاندنی نەتەوەی كورد و بچووككردنەوە و توانەوەی لەشۆڤێنیزمی عەرەبی، ئەو شاڵاوە لە 9ی شوباتی ساڵی 1988 دەستیپێكرد و شەشی ئەیلوولی هەمان ساڵ كۆتا رۆژی پرۆسەكەبوو، لەو هەڵمەتانەدا هێزەكانی سوپای عێراق لە زەوی و ئاسمانەوە، هێزە رێكخراوەكان بەشێوەیەكی راستەخۆ بەشداربوون لەوانە فەیلەقی یەك كە بارەگاكەی لە كەركووك بوو لەگەڵ فەیلەقی پێنج كە لە هەولێر بوو، هێزی ئاسمانی، هێزی تایبەت، گاردی كۆماری، هێزەكانی مەغاویر، فەرمانگەكانی ئەمن و هەواڵگری و هەواڵگری سەربازی و جاشەكان، بەشەكانی چەكی كیمیاوی و بایولۆجی سەرباری هەموو فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان خرابوونە خزمەتی ئەو شاڵاوەوە.

لەبارەی دەستپێكی شاڵاوەكانی تاوانی ئەنفال دوو بۆچوون هەیە، بۆچوونی یەكەم كەپشت ئەستوورە بە زانیارییەكانی دەزگاكانی ئەمریكا پتر باس لەوە دەكات رۆژی 22ی شوباتی 1988 دەستپێكی پرۆسەكەیە، بۆچوونی دووەمیش كە بە بەڵگەنامەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق پشت ئەستوورە 9ی شوبات بە دەستپێك دەزانێت، بەڵام هەردوو بۆچوون كۆكن لەسەر كۆتا رۆژی قۆناغی كۆتایی پرۆسەكە، نووسەر و چالاكی بواری ئەنفال وجینۆساید تەها سلێمان لەوبارەیەوە داكۆكی لەم بۆچوونەیان دەكات، بەگشتی قۆناغەكانی ئەو تاوانە بەپێی بەڵگەنامەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كە ناوبراو باسی لێوەكردووە بەمشێوەیەیە:

-قۆناغی یەكەم، 9ی شوبات تا 23ی شوباتی 1988:

ناوچەكانی سەرگەڵو و بەرگەڵو سنووری شارۆچكەی سوورداشی سەربە قەزای دوكان لە پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە.

-قۆناغی دووەم، 22ی شوبات تا یەكی نیسانی 1988:

ناوچەكانی قەرەداغی گرتووەتەوە.

-قۆناغی سێیەم، حەوتی نیسان تا 20ی نیسانی 1988:

ئەم قۆناغە ناوچەكانی گەرمیان لە سنووری پارێزگای كەركووك و سنووری شارەكانی"خوورماتوو، كەلار، كفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و چەند شوێنێكی دیكەشی گرتەوە"، ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی گرتوویەتییەوە و زۆری قوربانی لەقۆناغەكانی تر جیاكراوەتەوە، هەربۆیە ساڵیادی ئەو تاوانەش خراوەتە ئەم قۆناغە.

-قۆناغی چوارەم، سێی ئایار تا هەشتی ئایاری 1988:

ناوچەكانی دۆڵی زێی خوارووی گرتەوە كە ئاغجەلەر و گۆپتەپە و عەسكەر و ناوچەكانی شێخ بزێنی، كۆیە، خەلەكان، دوكان بوون.

-قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم، پێنجی ئایار تا 26ی ئایاری 1988:

ناوچەكانی بالیسان، شەقڵاوە، هیران، نازەنین، سماقوڵی، دۆڵی ئالان، رواندوز، چۆمان، زنجیرە چیای قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، هیزۆپ، چیای باواجی، بەشێك لە گوندەكانی كۆیە، دیبەگە، ئاڵتون كۆپری".

-قۆناغی هەشتەم، 25ی ئاب تا 6ی ئەیلوولی 1988:

ناوچەی بادینانی گرتەوە لە ئامێدی، دهۆك، زاخۆ، شێخان، ئاكرێ، بارزان.

كۆی پرۆسەكە زیانی زۆر گەورەی لێكەوتەوە لە سەروویاندا بێسەروشوێنكردن و زیندەبەچاڵكردنی 182 هەزار كەس و رووخانی نزیكەی چوار هەزار و 300 گوند و گەیاندنی زیانی ملیارەها دۆلار لە ئابووری ناوچە كوردییەكانی عێراق.

- تاوانبار و تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفال

لە تاوانی ئەنفالدا زۆر كەس و لایەن بەشدار بوون، بەتایبەت لە سەركردەكانی بەعس و ئەوانەی پێیاندەگوترا جاش و موستەشارەكانی كورد، بەڵام دیارترینییان لێرەدا دەخەینە روو:

-سەدام حوسێن سەرۆكی ئەوكاتەی عێراق، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بوو.

-عەلی حەسەن مەجید ئەمینداری نووسینگەی باكووری عێراقی حزبی بەعس كە هەموو دەسەڵاتەكانی سەركۆمار و سەركردایەتی بەعس و هێزە چەكدارەكانی پێدرابوو بەمەبەستی قڕكردنی كورد كە راستەوخۆ سەرپەرشتی هەڵمەتەكانی ئەنفال و كیمبارانكردنی هەڵەبجەشی كردووە و بەرپرسە لە كوشتنی هەزاران هاووڵاتی.

-سوڵتان هاشم ئەحمەد، بەرپرسی فەیلەقی یەكی سەربازی و شاڵاوی یەكەمی ئەنفال بوو.

-سابر عەبدولعەزیز حوسێن دووری، بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی بوو، ئەندامی سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان بوو.

-حوسێن رەشید محەمەد تكریتی، جێگری سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق بوو لە سەردەمی شاڵاوەكانی ئەنفال.

-تاهیر تۆفیق عانی، سكرتێری لێژنەی باكووری عێراق و پارێزگای نەینەوا بووە.

-فرحان موتڵەك جبووری، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی باكووری عێراق و بەڕێوەبەری ناوچەی رۆژهەڵات بووە.

لەگەڵ ئەو تاوانبار و تۆمەتبارانە پتر لە 400 كەسی دیكە هەن كە بەشێكیان كوردن و بە"جاش و موستەشار" دەناسرێن داواكراون و هێشتا لە دادگا ئامادەنەبوون كە بەشێكی ئەوانە لەلایەن حزبەكانەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش داڵدەدراون وبەشێكیشیان مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی بیانی وەرگرتووە.

عەلی مەحموود گوتی: "بەشێكی زۆری ئەو جاش و موستەشارانە ئێستا لەلایەن حزبەكانەوە داڵدەدراون و باسی لەوەشكرد كە ئەگەرچی بەشی هەرە زۆری ئەوانەی ناویان لە لیستی داواكراوندا بەو ناوەوە هاتووە "خائینن"."

دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق تایبەت بە تاوانەكانی ئەنفال رۆژی 24ی حوزەیرانی ساڵی 2007 بڕیاری بەسەر پێنج تاوانبار لە دۆسیەی ئەنفالدا دەركرد ئەوانیش:

-لەسێدارەدانی عەلی كیمیاوی.

-لەسێدارەدانی سوڵتان هاشم ئەحمەد وەزیری بەرگری.

-لەسێدارەدانی جێگری سەرۆكی ئەركان حوسێن رەشید تكریتی.

-زیندانیی هەتاهەتایی بۆ تاوانبار سابر عەبدولعەزیز دووری بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی.

-زیندانی هەتا هەتایی بۆ تاوانبار فەرحان موتڵەگ جبووری بەتۆمەتی بەشداریی كردن لە ئامادەكاری بۆ تاوانی قڕكردنی بە كۆمەڵ.

-دادوەر تاوانەكانی لەسەر تاهیر تۆفیق عانی پارێزگاری پێشووتری نەینەوا هەڵگرت بەهۆی نەبووی بەڵگەی تەواو.

ئەنفال بۆ كورد لەگەڵ رووخانی رژێمەكەی سەدام حوسێن هێشتا بەردەوامە و لە ئابی ساڵی 2014دا چەكدارانی داعش پاش كۆنترۆڵكردنی مووسڵ هێرشیان كردە سەر ناوچە ئێزدی نشینەكانی پارێزگای نەینەوا و بە سەدان ئێزدییان كوشت و هەزارانی دیكەیان بێ سەروشوێن كرد كە بەشێكیان دواتر لە گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزرانەوە.
سەرچاوە: باس نیوز
14/4/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان