فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-12-15-08-33 زیانی یەکجار زۆری پێکەتووە و دەبێت چاوەڕوان بکات لە یەمەن و عێراقیش هەمان زیان و خراپتریشی پێ بکرێت. لەهەمان کاتدا نایشارنەوە "ئەوان دژی گفتوگۆ لەگەڵ...
2025-04-04-11-24-39قۆڵی لەنێوان (ئێران و تورکیاو رووسیا)، بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی ناوخۆ لەسوریا سازدرا. کە ڕۆژێک پێشتر لە (١٢/٦ )هێزەکانی دەستەی تەحریری شام، شاری (حەمایان ) کۆنترۆڵ کردبوو. بەمانایەکی...
2025-04-04-11-19-41هەڵبژاردوە. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم هەموو کتێبەکە تەرجومە بکەمەوە .خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ هەر مرۆڤێکی ڕادیکاڵ و عەدالەتخواز پێویستە. ئێمە تورک نین، ئێمە کوردین! جواهیر لال نەیهرۆ*...
2025-03-31-05-08-32حکومەتی دیفاکتۆ و خۆماڵی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات چێ بکات و دەگەل گەلانی دیکەی مووسلمانی ئێران بە هاوژینی بەئاشتی و باش بژیویی‌ گشت ڕەهەندی بژێت، و...
2025-03-30-02-45-13 زەفەریان پێ نەبات و هەموو کات پێکەوە بن تا بتوانن سەرکەوتوو بن "" ئەوانەی دەیانەوێ کورد لە مافە نەتەوەیەکان پاشگەز بکەنەوە خەیاڵیان خاوە، ئەوانەش...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

ئازا حەسیب قەرەداخی

هێشتا، كە شەڕی جیهانی ئازاد بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، لەگەڵ داعش بەردەوامە، ئەم پرسیارە ئیلحاحمان لێ دەكات: ئایا پاش تێكشكاندنی داعش لە عێراق و شام، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریست و توندڕۆی هاوشێوەی داعش چەندە و چۆنە؟!
(مەسرور بارزانی) راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی Viceی ئەمەریكیدا دەڵێ: ئەگەر كێشەكانی ناوچەكە لە رەگوڕیشەوە چارەسەر نەكرێن، لەوانەیە لە ئایندەدا گرووپی هاوشێوەی داعش‌ دەربكەوێتەوە.ئەم پێشبینییە، لەسەر بناغەی تێڕوانین و حیسابكردن بۆ هۆكارەكانی سەرهەڵدانی كولتوور و رەفتاری توندوتیژی لەم ناوچەیەدا دامەزراوە. هۆكارەكانیش كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ئایینی- مەزهەبین.لە عێراقدا دوای رووخاندنی رژێمی بەعس، سوننەكان خۆیان خستە پەراوێزی پرۆسەی سیاسییەوە و لاتەریك وەستان و نیازیان بوو بە بەرخودانی میللی "حكوومەت و دەسەڵاتی داگیركاریی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی"!! بڕووخێنن و جارێكی دیكە هەژموونی سیاسی سوننە بونیات بنێنەوە. ئەم شەڕە بووە زەمینەی لەبار بۆ هاتنی رێكخراوی ئەلقاعیدە و تەحویل بوونی ناوچە سوننەنشینەكان بۆ موڵگەی تیرۆریستان كە دواجار ئەوەندەی لە سوننەكانیان كوشت زۆر زیاتر بوو لەوانەی لە شیعەیان كوشت. بۆیە عەشایەری سوننە لەگەڵ ئەمریكییەكان و حكوومەتی عێراق هێزی سەحوەیان پێكهێنا و قاعیدەیان لەناوبرد.
بەڵام چەوسانەوەی شیعە بۆ سوننە و پەراویزخستن و غەدری زۆر لێیان لەلایەن حكوومەتەكەی مالیكییەوە وای كرد رێكخراوی داعش لەناویاندا پەیدا بێت. كەواتە تا حكوومەتێك لە بەغدا بێت "شەراكەت" قبووڵ نەكات و پێی وابێ مادەم شیعە زۆرینەیە و دەبێ حوكمڕان بێ و بەشی ئەوانی دیكە بدات وەكو "بەشدار"، هۆكار و زەمینەی دروستبوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر هەردەمێنێ.
تا حكوومەتێك لە بەغدادا بێت لە بری لەشكرێكی نیشتمانی،حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی لەدەست داعش ئازاد دەكرێن، باڵادەست بكات و ئەوانیش خەڵكەكەی لەسەر ناسنامە و نەتەوە بكوژن و بچەوسێننەوە و راگوێزن، ئەوا هۆكار و بیانووی سەرهەڵدانەوەی داعشێك و قاعیدەیەكی دیكە هەردەمێنێ.
كە بە پێی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی هەژاریی لە عێراقدا " بە بێ هەرێمی كوردستان" تا كۆتایی ساڵی پار 30%ی تێپەڕاندبێ.
كە رێژەی بێكاریی"بە بێ هەرێمی كوردستان" تا كۆتایی پار، 25%ی تێپەڕاندبێ. كە لە وڵاتانی عەرەبیدا 33 ملیۆن كەس لە خوارووی هێڵی هەژارییەوە بن.
كە كوشتن و سەربڕین و راگواستن لەسەر ناسنامە و ناو و مەزهەب پەیڕەوێكی رۆژانە بێ. واتە لە عێراق و ناوچەكەماندا كەرەستەی خاوی كاركردنی كارگەی بەرهەمهێنانی تیرۆر و توندوتیژی هەر دەمێنێ.
لە هەرێمی كوردستانیشدا، سەرەڕای ئەوەی كە بەڵگەكان دەیسەلمێنن تیرۆر بەرهەمێكی كوردستانی نییە و لە دەرەوە بەگشتی و بە تایبەتیش لەو وڵاتانەوە بۆمان رەوانە دەكرێن كە نیشتمانی كوردستانیان داگیركردووە، بەڵام بە شێوەیەكی رێژەیی كۆمەڵگای ئێمەش بێ بەش نییە لە بەگەڕخستنی ئەو كارگە مەترسیدارە.
كاتێك حزب و كەسانی ئیسلامەوی دەست لەگەڵ ئەجندای گوماناوی دژی كوردستانیی تێكەڵ دەكەن، واتە دەبنە داینەمۆی جموجوڵی توندڕۆیی دژی میللەتەكەمان.
كاتێك بانگخوازێك دەڵێ وەرگرتنی ئیقامە لە ئەوروپا و وڵاتانی كافر حەرام و كوفرە. لەسەر ئەو بنەمایەی كە گوایە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: نابێ موسڵمان دراوسێی نەسارە و یەهود، واتە كافران بێ و دەبێ ماڵی موسڵمان ئەوەندە دوور بێ لەوانەوە كە رووناكی ئاگریان نەبینێ، ئەوە ئەم بانگخوازە كولتوور و هوشیاری دژی هەموو غەیرە موسڵمانان بڵاودەكاتەوە و دەبێتە هەڕەشە لەسەر بنەماكانی پێكەوه‌ژیانی ئاشتەوایی كە كۆمەڵگای كوردستانی پێناسراوە و بۆتە شانازی بۆی لە ناوچەكە و جیهاندا.
كاتێك "مەلا كرێكار" هاوار دەكات؛ پێویست ناكات هەموو جارێ بۆ كوشتنی پارتییەك یان یەكێتییەك بگەڕێنەوە بۆ من فەتواتان بدەمێ، بیانكوژن و ئەجرەكەی مسۆگەر بكەن، كەواتە فەتوای كوشتن كراوەیە. خۆ ئەگەر مەلا كرێكار بڵێ ئەوە چەند ساڵ پێشتر وتوومە، دەبێ وەڵام بدرێتەوە كە ئیبن تەیمیە و سەید قوتب و ئەوانی دیكەیش بە هەزار ساڵ و چەندین ساڵ پێشتر فەتوایان داوە یان لێكدانەوەیان كردووە، بەڵام ئێستا دەقاودەق بەكاردەهێنرێنەوە بۆ شەرعییەت دان بە كوشتن و سەربڕین.
كاتێك نەورۆز بە جەژنی كافران دادەنرێ و هاوار بۆ موسڵمانان دەكرێ بەشداری لە ئاهەنگەكانی نەورۆزدا نەكەن، كەواتە مافی ئەوەیشیان دەدرێتێ كە تێكی بدەن و ئەوانەی بەشداری تێدا دەكەن تەكفیر بكەن.
كاتێك مەلایەك بڵێ لەبەركردنی پانتۆڵ لەلایەن ئافرەتەوە كوفر و حەرامە، واتە هانی كولتوور و رەفتاری توندوتیژ دەدات بەرامبەر ژنان.
كاتێك مەلایەك زانكۆكانی كوردستان بە " رووتكۆ" وەسف دەكات واتە هانی كولتووری نەخوێندنی ئافرەتان و داخستنی زانكۆكان بە رووی ئافرەتاندا دەدات و لەناو زانكۆشدا كوڕان بە گژ كچاندا دەكات چونكە ئەوە كچەكانن رووت بوونەتەوە.
تا ئەم هۆكارانە و سەدانی تریش لە ئارادابن، واتە كارگەی دروستكردنی فیكر و رەفتاری توندوتیژی و تیرۆر هەر دەمێنێ. شەڕكردن لەگەڵ تیرۆر و توندڕۆیی تەنیا سەربازی و ئەمنی نییە. بەڵكو شەڕێكی كولتووری و ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییشە. جا كە ئێمە خەریكی بیناكردنی كوردستانێكی سەربەخۆین، كەواتە دەبێ سیاسەت و بەرنامەی شەڕی توندڕۆییمان لەو هەموو بوارانەدا هەبێ.
واتە لە ریشەوە هۆكارەكانی دروست بوونی تیرۆر هەڵكێشن. لە سەرچاوەكانیانەوە فیكری توندڕۆیی لەناوببەین. پێكەوەژیان بە گیان بپارێزین. ژنانمان بكەینە بەشێكی راستەقینە و كاریگەر لە مەنزومەی حوكمڕانی و یاسادانان و پێشمەرگە و بەرگری و چەندین هەنگاوی دیكە بۆ بنەبڕكردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی ئیداری و ئابووری بنێین. سیاسەتێكی روونمان هەبێ بۆ گەشەكردنی هەمەلایەنە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بەرەنگاربوونەوەی ئەگەرەكانی زیاتر بوونی رێژەی هەژاری و بیكاری و بەلاڕێدا بردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە.
13/4/2016
سەرچاوە: KDP.info

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان