فه‌رید زامدار
(ته‌كنۆكرات) ده‌سته‌واژه‌یه‌كى لێكدراوه، له بنه‌ڕه‌تدا له (ته‌كنیك و ته‌كنیككار)ه‌وه به وشه‌ى (كراته‌وه) گرێ دراوه و له‌به‌رامبه‌ریشدا بیرۆكراتییه‌ت سه‌ری هه‌ڵداوه، كه هه‌ردوو حاڵه‌ت چه‌مكێكى لێك نزیكیان هه‌یه (بیرۆ) (Buran) له وشه‌یه‌كى فه‌ره‌نسى وه‌رگیراوه، واته (مه‌كته‌ب) كه له بنه‌ڕه‌تیشه‌وه وشه‌یه‌كى لاتینییه (Burus) واته ڕه‌نگى نیوه‌تاریك، كه ماناكه‌ى له ژوورێك یان مه‌كته‌بێكى پڕ له هه‌یبه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه دێت.وشه‌ى (كراتییە) (cratio)ش واته (حوكم) (ته‌كنۆكرات)یش واته حوكمى ته‌كنیككاران و هونه‌ركاران و شاره‌زایان و تایبه‌تمه‌داران له یه‌كێك له بواره‌كانى زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و له هه‌مان كاتیش‌دا به (حوكمى مه‌كته‌به‌كان) لێكدراوه‌ته‌وه.
هه‌ر ده‌رباره‌ى ئه‌و بابه‌ته، له ڕۆژنامه‌ى (باس) ژماره (268)ى ڕۆژى (17/1/2016) وتارێكى دیكه‌م به شیكاریى ئه‌و ده‌سته‌واژانه بڵاو كردووه‌ته‌وه، لێره‌وه نامه‌وێ چیتر بچمه بنج و بنه‌وانى وشه و ده‌سته‌واژه‌كان و دێمه سه‌ر (ئه‌سڵى مه‌قسه‌د) كه سیسته‌مى حوكمڕانیى (ته‌كنۆكراته)، كه ئه‌مڕۆ له عێراق باس و خواسى زۆر له‌سه‌ر ده‌كرێت به‌وه‌ى گونجاوترین و باشترین شێوازى حوكمڕانییه بۆ وڵاتێكى وه‌كو عێراق، له‌كاتێكدا ئه‌و ئه‌زموونه له سیسته‌مى حوكمڕانیدا له زۆر له وڵاتانى دیكه‌ى جیهان شكستى هێناوه، له‌وانه (میسر، سووریا، فه‌له‌ستین، تونس) هه‌روا ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و زۆر وڵاتى دیكه به‌و ئه‌زموونه‌دا تێپه‌ڕیون و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌ى ناوبراو.
حكوومه‌تى ته‌كنۆكرات هه‌ر له یه‌كه‌مین كابینه‌ى حكوومه‌تى عێراق، دواى ڕووخانى ڕ‌ژێمى به‌عس و دواى (ئه‌نجومه‌تى حوكم له عێراق) بێ ئه‌وه‌ى بزانین پێكهاته‌كه‌ى له كه‌سانى (ته‌كنۆكرات) بوون، واته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له حكوومه‌ته‌كه‌ى (ئه‌یاد عه‌لاوى) و (ئیبراهیم جه‌عفه‌رى) و (نوورى مالكى) و (حه‌یده‌ر عه‌بادى) بێ ئه‌وه‌ى ئاگایان لێ بێت به سیسته‌مى (ته‌كنۆكرات) به‌ڕێوه چووه، چونكه ئه‌و جۆره حوكمڕانییه سه‌ركه‌وتوو نییه و هه‌رچى دزى و گه‌نده‌ڵیى دارایی و ئابوورى و ئیدارى و ئه‌منى و زۆر بوارى دیكه‌ى حكوومیى تێدایه، هه‌ر بۆیه‌ش له‌وساوه تا ئێستا عێراقى نوێیان به‌و ڕۆژه گه‌یاند و ئابووریى عێراقیان داڕماند و له هه‌مووش سه‌یرتر كڕین و فرۆشتنى وه‌زاره‌ته‌كان و ده‌زگا ئه‌منى و داراییه‌كان و پله باڵاكان و ..هتد. له لایه‌كى دیكه‌وه وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستانى سیسته‌مى (ته‌كنۆكرات) كاره‌كانیان به شێوه‌یه‌كى (تیۆرى) له‌ناو مه‌كته‌به هه‌یبه‌تداره‌كانیان به كات كوشتن له‌گه‌ڵ سكرتێره و سكرتێر و نووسراو ئیمزاكردن و پێشوازیى میوان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و خه‌ڵكانى (مه‌یدانى) نین و ئاگایان له ورد و درشتى ده‌زگاكه‌یان نییه، به تایبه‌تى ده‌زگا به‌رهه‌مهێنه‌كان له بوارى گرێبه‌ست و گرێبه‌ستى (وه‌همى) و كۆمپانیا (وه‌همییه‌كان).
له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى به‌رفراوانى وه‌كو وڵاتى (هیندستان)، هه‌ر له سه‌رده‌مى ده‌رچوونى له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى (به‌ریتانیا) له سه‌ده‌ى ڕابردوودا به ده‌یان حزب و ده‌یان جۆرى فره‌ئایینى هه‌ن و هه‌ر هه‌مووشیان ئازادن له بیروڕاى سیاسى و ئایینى، (بت)په‌رست بن یان (گا)په‌رست بن و یان (هه‌تاو)په‌رست بن..هتد، تا ئێستا ململانێیه‌كى سیاسى و ئایینى و مه‌زهه‌بىی ئه‌وتۆیان نییه ببێته هۆى داڕمانى بوارى ئابوورى، هه‌ژاریى وڵاته‌كه‌شیان له‌به‌ر زۆریی دانیشتووانه‌كه‌یه‌تى، ده‌نا له هه‌موو بواره‌كانى زانست و پیشه‌سازى و كشتوكاڵ و بوارى پزیشكى و ئامێره نوێیه‌كانى ته‌ندروستى پێشكه‌وتوون و حكوومه‌ته‌كانیشیان (ته‌كنۆكرات) نه‌بوون.
(ته‌كنۆكرات) زیاتر له سیسته‌مى (بیرۆكرات)ه‌وه نزیكه و به مانا و چه‌مكه فه‌لسه‌فى و سیاسییه‌كه‌ى واته (حوكمى مه‌كاتب)، حوكمى مه‌كاتبیش وه‌كو ژوورێكى بێ ده‌رگا و په‌نجه‌ره و تاریك و ڕوون وایه و له ڕووداوه‌كانى ده‌ره‌وه بێ ئاگایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێكهاته نوێیه‌ى حكوومه‌تى (حه‌یده‌ر عه‌بادى) كه ڕۆژى پێنجشه‌ممه له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانى عێراق ناوه‌كان ئاشكرا كران له هه‌مان كه‌سانى (ته‌كنۆكرات) بن، ئه‌وه هیچ له مه‌سه‌له‌ى جۆرى حوكم ناگۆڕێ و دزى و گه‌نده‌ڵى و كێشه سیاسییه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانى وڵاتانى ناوچه‌كه و ئه‌مه‌ریكا قووڵتر ده‌بنه‌وه له‌وه‌ى كه پێشووتر هه‌بوو... (ئه‌گه‌ر زانیت ئه‌زم، ئه‌گه‌ر نه‌تزانى دزم).
10/4/2016
سەرچاوە: باس نیوز