فاروق حه‌جی مسته‌فا
له دووه‌مین گه‌ڕی دانوستانی (ژنێڤ3)وه، له نێوانی لایه‌نانی سووریا، سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری سیاسییانه (یان گواستنه‌وه‌ی سیاسی) له سووریا، هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك تێپه‌ڕ نابێت، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك تێبینی و سه‌رنجی له‌سه‌ر نه‌بێ، تا راده‌ی ئه‌وه‌ی، ئێمه كه مافی كوردی سووریامان به لاوه گرنگه و به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین، وا دێته پێش چاومان، كه كورد ده‌ستبه‌تاڵ له‌م گه‌مه‌یه ده‌رده‌چێت.كه كۆنگره‌ی ریاز گرێ درا، هه‌ر زوو په‌نجه‌ی تۆمه‌تی هه‌مووان ئاراسته به كه‌موكوڕی له هێنان و بردنی ئۆپۆزسیۆن كرا، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی له ئاستی پرسی كورد، تا راده‌ی ئه‌وه‌ی كورد خه‌ریكه له لای ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت به فۆبیا.جێی ئاماژه‌یه، كه دیدی دوو لایه‌نی دانوستانه‌كه جیاوازه، ئۆپۆزسیۆن پرۆسه‌كه وه‌ك گواستنه‌وه‌ی سیاسی ده‌بینێ، كه‌چی رژێم وه‌ك چاره‌سه‌ری سیاسی لێی ده‌ڕوانێت، به‌ڵام گرنگ نییه، مادام هه‌موو رێیه‌كان به‌ره‌و ئاشه‌كه ده‌چنه‌وه!سه‌ره‌تا، له ریازدا، كه ئێمه زۆر دوور ناڕۆین، دوو كه‌سایه‌تیی كورد له كۆی 120
نوێنه‌ر، ئاماده‌ی كۆنگره‌كه بوون. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ژماره‌یه به رێژه‌ی كورد به‌راورد بكه‌ین، كه 18%ی سووریا پێك ده‌هێنن، ئه‌وا ده‌بێ به لای كه‌مه‌وه كورد له سه‌دا (20)ی نوێنه‌رانی به‌ربكه‌وێت. هێنده‌ی نه‌برد ناكۆكی گه‌یشته سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ی سیاسی، به‌وه‌ی كه ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد و پارته‌كانی دی، په‌یوه‌ستن به به‌ڵگه‌نامه‌ی (هه‌ولێر2)ه‌وه، هه‌روه‌ها به‌وه‌ی فیدراڵی باشترین چاره‌سه‌ره بۆ سووریا، به‌وه‌ی سووریا وڵاتێكی فره‌ڕه‌گه‌ز و فرهتایهفهیه، به‌وه‌ی كه به‌ر له شۆڕش حكوومه‌تێكی ناوه‌ندیی قورس حوكمڕان بوو، كه هه‌ر ده‌بێ باری سیسته‌می مه‌ركه‌زی و شموولی لا بده‌ین، هه‌بوونی حكوومه‌تی لۆكاڵ و خۆجێیی، كه داد و ده‌رفه‌ت به یه‌كسانی دابین ده‌كات، ئه‌ویش به چاودێریی حكوومه‌تی ناوه‌ند، ئه‌مه‌یان بۆ سووریا سه‌ركه‌وتووتره. وه‌ك كه له عیراقدا كورد و عه‌ره‌ب ئه‌م جۆره حوكمڕانییهیان تاقی كرده‌وه، تێكڕای پێكهاته‌كان هه‌ستیان به ئارامییه‌كی رێژه‌یی كرد، پاش ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕی حكوومه‌تی فرهمهركهزییان له عیراقدا پێچایه‌وه. ئیدی به‌م پێودانگه ئاكامی كۆنگره‌ی ریاز سه‌باره‌ت به خواستی كورد گونجاو نه‌بوو، روونیش بووه‌وه، كه ده‌رچوونی له قاوغی فرهمهركهزی ته‌نیا بریتی بوو له فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاتی شاره‌وانییه‌كان.
جموجۆڵی (ژنێڤ3) هێنده جیاواز نییه له‌وه‌ی له ریازدا به‌دی دێت، خۆ ئه‌گه‌ر پاساوی ئه‌وه‌ی بهێنینه‌وه كه بهڵگهنامهكهی ریاز له ئاكامی ده‌ستتێوه‌ردانی هه‌رێمی بوو، كه ئاسۆی هه‌رێمی به‌رگه‌ی تێزی فیدراڵی ناگرێت، ئه‌وا له دانوستانی ژنێڤدا، به‌ڵگه‌نامه به گوێره‌ی كه‌یفی رژێم و ئۆپۆزسیۆن و به ره‌زامه‌ندیی رووس و ئەمەریکا گه‌ڵاڵه ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه ئه‌و سازانه‌ی له ته‌لاری سیاسی‌دا به‌دی دێت، ئه‌وا سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه بوو كه له دانوستانی (ژنێڤ3)دا پێی گه‌یشتن.
سه‌ره‌تا میدیا لاپه‌ڕه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆنی دزه پێ كرد، كه ئاماژه به هه‌ڵبژاردن ده‌كات، ئاماژه‌ش ده‌كات كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له پاش 2011دا ره‌گه‌زنامه‌ی سووریایان وه‌رگرتووه، بۆیان نییه له هیچ پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردندا به‌شدار بن. كاتێك له گۆشه‌ی كورده‌وه له‌و بابه‌ته ده‌ڕوانی، ئه‌وا پتر له 90 هه‌زار كورد له‌و ساڵه به دواوه ره‌گه‌زنامه‌یان وه‌رگرتووه، پاش ده‌یان ساڵ له بێبه‌شكردنیان له ره‌گه‌زنامه. ئۆپۆزسیۆن به‌وه پاساوی هێنایه‌وه، كه ئه‌وان مه‌به‌ستیان ئێرانی و ئه‌فغانه، كه له پاش 2011دا ره‌گه‌زنامه‌یان وه‌رگرتووه، نه‌ك كورد. كاتێك كورد گوتی، باشه بۆچی له‌و خاڵه‌دا نه‌گوتراوه كه كورد ناگرێته‌وه، به‌رسڤیان ئه‌وه بوو، كه له بنه‌ڕه‌تدا قسه‌مان له‌م باره‌یه‌وه نه‌كردووه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ده‌قه به نووسراوی هه‌یه و درایه ده‌ستی دیمستۆراش. كاره‌كه له‌و زیاتره كه خۆیان له‌ناو هێنانی كورد نه‌بان كردووه، به‌ڵكوو ئۆپۆزسیۆن چاوی له ئاست مافی كورد نوقاندووه، وه‌ك پرسی فیدراڵی یان هه‌ر چاره‌سه‌رێكی سیاسی كه به ره‌وای بزانن.
ماوه بڵێین، سه‌باره‌ت به وڵاتانی سه‌رپه‌رشتیاری پرۆسه‌كه، ئه‌وا به شێوه‌یه‌كی گشتی به لای پرسی كورددا دێن، به‌وه‌ی كورد له ده‌ستووری نوێ‌دا مافی هاووڵاتیبوون به‌ده‌ست ده‌هێنن، جا ئه‌وه چ واتایه‌كی هه‌یه كه ده‌بینین ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی خراونه‌ته به‌رده‌م رژێم و ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه، بۆنی گوتاری به‌عس به‌ر له 2011یان لێ دێ؟
سەرچاوە: باس نیوز
3/4/2016