هێمن عەبدوڵڵا
مەسعود بارزانی لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا دەڵێ سنووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوونەتە سنووری سەر كاخەز. دەشڵێت لە كێشانەوەی ئەمجارەی سنوورەكانی ناوچەكەدا دەبێ، بەپێچەوانەی سەت ساڵ پێش ئێستا، خەڵكی ناوچەكە خۆیان رۆڵیان هەبێت. ئەم قسەیە لەكاتێكدا دەكرێت كە جیهان دوای چەندین هەوڵ بۆ لابردن و كاڵكردنەوەی سنوورەكان، سەرلەنوێ بیر لە پڕڕەنگكردنەوەی سنوورەكان دەكاتەوە. وەك بارزانیش دەیڵێت، دەبێ ئەمجارە سنوورەكانی كوردستانێكی سەربەخۆ بكێشرێن.هەرچەندە شەڕی چەند هەزارەی مرۆڤایەتی لەگەڵ یەكدی لەسەر كێشانی سنوورەكان بووە و چیرۆكی نێو كتێبە ئاسمانییەكانیش لە باسی شەڕدا هەمیشە باسی كێشانی سنوورەكان دەكەن، بەڵام زۆر جووڵانەوە هەبوون لە مێژووی ئێمەدا كە هەرچەندە هەوڵیان بۆ كێشانی سنووری نوێ داوە، بەڵام لە نێوەڕۆكدا ئامانجیان كاڵكردنەوەی سنوورەكان بووە. بیر لە ئایینی ئیسلام و فتووحاتەكانی بكەنەوە. یان بیر لە كۆمۆنیزم و بیرۆكەی كۆمارە سۆڤێتییەكان بكەنەوە. یان نازیزمەكەی هیتلەر كە دەیەویست هەموو جیهان بكاتە یەك و خۆی رێبەرایەتی جۆرێكی "پاك" و "رەسەن"ی مرۆڤایەتی بكات، كە پاش پاكتاوكردنی جۆرەكانی دیكە لە جیهاندا دەمایەوە. هەروەها دروستكردنی یەكێتیی ئەوروپا و بەدوایدا بیرۆكەی جیهانگەرایی و زاڵكردنی كۆمپانیا مەڵتی ناشناڵەكان كە لەجیاتی گەلان و سەركردەكانیان بوونەتە بڕیاربەدەستی شەڕ و ئاشتی لە جیهاندا. تەنانەت داعشیش بەو مانیفێستەی كە جاڕیدا، داوای لابردنی سنوورەكان و كۆتاییهێنان بە سایكس-بیكۆ و دروستكردنی خەلافەتێكی ئیسلامیی لە سەرتاسەری جیهاندا كرد.
ئەم بیرۆكانە هەموویان هاتن، بەڵام دواجار قەیرانی سووریا و لێشاوی كۆچبەری بەرەو ئەوروپا و بەشێكیش بۆ ئەمریكا وایكرد وڵاتانی رۆژئاوایی بەخۆیاندا بچنەوە و پرسیارێكی گرنگ لەخۆیان بكەن: جیهانگەرایی و كاڵكردنەوەی سنوورەكان هەر ئەوەیە كە كۆمپانیا مەڵتی ناشناڵە رۆژئاواییەكان خێر و بێری وڵاتانی جیهانی سێیەم ببەن و دوایی ئەو وڵاتانە بە دەردی قەیرانە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانیانەوە لەنێو خۆیاندا بتلێنەوە؟ ئەوەی كە دوو كۆمپانیای چەكفرۆشتن لە شەڕی نێوخۆیی سووریا و سۆماڵ و عێراق و شوێنەكانی دیكە قازانج بكەن، بەسە بۆئەوەی هاووڵاتییەكی فەرەنسی یان ئەمریكی گەرەنتیی كاری هەبێت لە كۆمپانیا چەكفرۆشییەكە و پارەیەكی زۆرتر بڕژێتە وڵاتەوە و وڵاتیش هیچ باجێكی بۆ نەدات؟ ئەزموونی پاش هاتنی داعش پیشانیدا كە ئەمە گوزەشت و چیدی سنووری عەقڵی مرۆڤی جیهانی سێیەم لەگەڵ مرۆڤێكی رۆژئاوایی هێندە زەق نییە كە مرۆڤی جیهانی سێیەم تێنەگات لەودیوی دەریاكانەوە ژیانێكی خۆشتر لەسەر حیسابی ئەو دروستكراوە و ئەویش مافی خۆیەتی لەو خۆشییە بەرخوردار بێت. بۆیەش بە لێشاو ئەو مرۆڤە جیهانی سێیەمییانە سەری خۆیان هەڵدەگرن و ئەوروپا و ئەمریكا تووشی شۆك دەكەن.
ئەنجامەكەی چییە؟ ئەوەیە كە ئەو وڵاتانەی جاران داوای هەڵگرتنی سنوورەكانیان لەنێوان زۆرترین وڵاتی ئەوروپی و نزیك لە ئەوروپا دەكرد، ئێستا سنوورەكانیان تەلبەند دەكەن و نایانەوێ چیدی باجی سیاسەتە هەڵەكانیان لە جیهانی سێیەمدا بدەن. هەر هەمان تێگەیشتنیشە وایكردووە لە دیبەیتی كاندیدەكانی سەرۆكایەتیدا لە ئەمریكا یەكێك لەو خاڵانەی گەنگەشەی زۆری دروستكردووە، قەدەخەكردنی هاتنی ئاوارەی سووری بێت بۆ ئەمریكا.
ئەنجامی ئەم وەخۆهاتنەوەیەی رۆژئاوا شتێكی روونە. ئەویش ئەوەیە كە وردە وردە تێگەیشتنێكی نوێ بۆ كێشانەوەی سنوورەكانی جیهان دروست دەبێتەوە و هەر شوێنێك بەپێی بەرژەوەندییەكانی بڕیار دەدات لەو سنووركێشییە نوێیەدا چەندی بەربكەوێت و ببێتە چی. بۆنموونە لەژێر كاریگەریی ئەو تێگەیشتنە نوێیەدا لە بەریتانیا بیرۆكەی دەرچوون لە سنوورەكانی یەكێتیی ئەوروپا و گەڕانەوە بۆ سنوورە كۆنەكانی بەریتانیای مەزن زاڵ دەبێت. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا ئەوەی كورد بەهۆی جەبری مێژوو و جوگرافیاوە لە سەت ساڵی رابردوودا لەدەستی دا، ئەمجارە بەهۆی تێگەیشتنە نوێكەوە بۆ سنوورەكان دێتە بەردەستی. وادیارە بارزانیش باش هەستی بەم گۆڕانكارییە كردووە، بۆیە وا زوڵاڵ ئاوازی سەربەخۆیی دەخوێنێت. بەڵام ئەركە قورسەكە لەوەوە دەستپێدەكات كە تەنانەت ئەگەر رێككەوتنێكی ستراتیژیی نوێش لەنێوان پارتی و یەكێتیدا سەریگرت، لایەنەكانی دیكەی وەكو گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووش لەبیرنەكرێن. چونكە وەكچۆن هەموو كەس دەتوانێت خشتێك بخاتە سەر دیواری ئاواتە لەمێژینەكە، ئاواش هەموو كەس دەتوانێت خشتێك لەو دیوارە دەربهێنێت.
24/3/2016