بەرهەم عەلی
ھەر مرۆڤێکی کورد، ئەگەر بە ڕەسەن و بنەچە کوردێکی بێ غەل و غەش بێ، مەبەستم ئەوەیە کە لە دایک و باوکێکی کوردی خالیس بێت، جا ئەو کوردە، زەردەشتی بێ یان ئێزدی، کاکەیی بێ یان سابئی، کریستیان بێ یان جوو یاخود موسڵمان، شیعە بێ یان سوننە، سەلەفی بێ یان سۆفی، لەسەر ھەر رێباز و تەریقەتێکی ئیسلامیش بێ، گوندیی بێ یان شاری، بێ ویستی خۆی ئاگری خۆش دەوێ.لە ھەر وەرزێکی ساڵدا، ھاوین بێ یان زستان، پایز بێ یان بەھار، لە چیا بێ یان دەشت و ئاقار، ئاگرێک بکەرەوە، بزانە چۆن ئەو مرۆڤە کوردە بە ئارامییەکی دەروونییەوە، لە ھەناوی ئاگرەکە دەڕوانێ، چۆن ھەست بە ئاسوودەیی رۆحی دەکات، بزانن چۆن بەدیاریەوە رادەمێنێ، من تەنانەت سەرنجم لە منداڵی ساوای کوردیش داوە، زۆر تایبەت لە ئاگر رادەمێنێ.رووداوی ئەو ھەورەتریشقەیەی نازانم لە چ ساڵێک و چ گۆشەیەکی ئەم دنیایە لە دارستانێکی داوە و سووتاندوێتی و دواتر بووەتە ھۆی ئەوەی مرۆڤە سەرەتاییەکان، بە ئاگر ئاشنا بن و سوودی لێ وەربگرن بۆ ژیان، رووداوێکی مێژوویی و وەرچەرخانە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، لەو رۆژەوە تا ئێستا، مرۆڤایەتی سوود لە ئاگر وەردەگرێ، بەڵام کەم نەتەوەی سەر رووی زەمین ھەیە، ھێندەی کورد بووبێتە یار و یاوەری ئاگر، کەم نەتەوە ھەیە وەک کورد ئاگر چووبێتە نێو میتۆلۆجیا و ئەفسانە و داستانەکانیەوە، چووبێتە نێو فەلسەفەی ئایینەکان و سرووت و رێوڕەسمەکانیەوە.
بۆیە کاراکتەری مرۆڤی کورد وەھا ھەڵکەوتووە ئاگر و تاو و رووناکیی ئاگری خۆش بوێت، سەرچاوە مێژووییەکان پێمان دەڵێن، کورد یەکێکە لە گرنگترین گەلانی ھیند و ئەوروپی، کە سەرەتا نیشتمانی خۆی لە زنجیرەچیای زاگرۆس پێکھێناوە، لەسەر ئایینی میترایی و میھرپەرستی و دواتریش زەردەشتی بووە، ئاڤێستا (کتێبی پیرۆزی زەردەشتییان) و دەقەکانی تری ئەم ئایینە کۆنەی کوردەواری، پێمان دەڵێن کە کورد بەر لە ھاتنی ئایینەکانی (جوو، کریستیان، ئیسلام) خودای تاک و تەنیای پەرستووە و بە سەرچاوەی ھێز و وزە و خوڵقێنەری سروشتی زانیوە، زەردەشت کە لەسەر خاکی کوردستان لەدایک بووە و لە کوردستان ژیاوە و دواتر بە ھەموو خاکی ئەوسای ئێران و کوردستانی گەورەدا، ئایینەکەی بڵاو کردووەتەوە، یەکێکە لە بیرمەند و رابەرە مەزنەکانی مرۆڤایەتی، بەڵام زەردەشتی، ئایینی ئاگرپەرستی نییە.
ئاسەوار و شوێنەوارەکانی ئاتەشگەکانی کوردستان (ئاتەشگە پەرستگەی زەردەشتییانە، بە مانای ئەو شوێنەی ھەمیشە ئاگرێ تێدا ناکوژێتەوە و رۆشنە) لە زۆربەی ھەرە زۆری ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی گەورەدا ھەن، ھەر بۆ نموونە لەم پارچەیەی کوردستانی خۆمان، ئاسەواری ئاتەشگەی زەردەشتییان لە شوێنێکی وەکو دەربەندیخان ھەیە، لە ھەورامان ھەیە، لە بتوێن و پشدەر و لە ئاکرێ و دھۆکیش ھەس، ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێ کە جاران نزیکەی ھەموو کورد پەیڕەوکاری ئایینی زەردەشتی بوون.
بەپێی ئایینی زەردەشتی، کە بەگوێرەی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان، 1500 تا 2000 ساڵ پێش لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح ئەگەر زۆرتر نەبێ، ئەم ئایینە لە کوردستاندا سەری ھەڵداوە، چوار توخمی سەرەکی پێکھێنەری ژیان و دنیان، ئەوانیش (خاک، ئاو، ھەوا، ئاگر)ن، فەلسەفەی ھزری زەردەشتی دەڵێ سێ توخمی یەکەم (خاک، ئاو، ھەوا) قابیلی پیسبوونن و پیسیش دەبن، تەنیا (ئاگر) کە نەک ھەر پیس نابێ، بەڵکوو شتی پیس پاک دەکاتەوە، کەواتە لەو سەرەمەدا مرۆڤی کورد کاتێ خۆراکی بە ئاگر کوڵاندووە و برژاندووە، پێیوابووە ئەو خواردنە بەو ئاگرە پاک دەبێتەوە.
جگە لە پیس نەبوون، خەسڵەتێکی تری ئاگر ئەوەیە کە بەردەوام رووە و ئاسمان ھەڵدەکشێ، ئایینە کۆنەکانی کوردستانیش پێیان وابووە کە خودا و بوون و ھێزی خودا لە ئاسمانە، بۆیە کاتێ مرۆڤی کورد دیقەتی داوە، ئاگر وەکو تەنەکانی تر تەسلیمی ھێزی موگناتیسیی زەوی نابێ و رووە و ئاسمان ھەڵدەکشێ، پێی وابووە ئەمە نیشانەی ھەڵچوونی ڕۆحی بێ گەردە بەرەو سەرچاوەی خۆی واتە خودا و ھێزی خودا.
مرۆڤی کۆنی سەر ئەم خاکە کە نیشتمانی کوردانە، دوای ئاشنابوونی بە ئایینی زەردەشتی، ئاگر و گەرمی و رۆناکیی خۆشویستووە و بە پیرۆزی زانیون، بەڵام نەیپەرستوون، ئەوانەی دەڵێن کورد ئاگرپەرست بووە، مەبەستی سیاسییان ھەبووە و ھەیە، دەنا کورد کاتێ خودای تاک و تەنیای ناسیوە و خۆشویستووە، کە ئەجدادی ئەوان بتپەرستییان کردووە!
خۆشەویستیی کورد بۆ ئاگر گەیشتووەتە ئاستێک کە تا ئێستاش لە کوردەواریدا کاتێ خێزانێکی کورد منداڵیان نابێ، دەڵێن ئەو ماڵە (ئۆجاخیان کوێرە) ئۆجاخ یان وەجاخ بە مانای ئاگر و ئاگردان دێت، کەواتە خێزانی بێ منداڵ، وەکو ماڵی بێ ئاگر و رۆشنایی وایە.
ھەر لە روانگەی خۆشەویستیی کورد بۆ ئاگر، زۆربەی جەژنە رەسەنەکانی کورد (نەورۆز، چوارشەممە سوورە، شەوی یەڵدا، سێزدەوەدەر..) بە ئاگر گوزارشتیان لێ دەکرێ، ئاگر و رۆناکی (خۆریش کە ھەردوو سیفەتی ئاگر و رووناھی)ی تێدایە، لە کوردەواریدا خەسڵەتێکی سیمبولیکیان وەرگرتووە، لۆگۆ و ھێما و سرووتەکانی ھەموو ئەو ئایینانەی لە کورستاندا ھەن، خۆر یان ئاگر لەخۆ دەگرن، زۆربەی ئاڵاکانی کورد و کوردستان بە درێژایی مێژوو یەکێک لەم دوانەیان تێدایە، تەنانەت کێلەقەبری شەھیدانی سوپای سەڵاحەدینی ئەیوبییش خۆری لەسەر نەخشێنراوە.
رەنگە زۆر لە گەلانی دنیا (نەورۆز) بە جەژنی خۆیان بزانن، بەڵام ھیچیان ھێندەی کورد، خاوەنی رەسەنی (جەژنی نەورۆز) نین، چونکە ئەوە پادشاکانی دەوڵەتی مادی باپیرانی ئێمە بوون کە جەژنی نەورۆزیان بەو گەلانە کردووە بە جەژنی رەسمیی ھەموو ئەو ناوچانەی لە قەڵەمڕەوی دەوڵەتی ماددا بوون، بۆیە ئاھەنگ گێڕان بۆ نەورۆز لە کوردستانی گەورەدا نە مانای ئاگرپەرستییە و نە خورافاتپەروەری و نە کوفر و لادانە لە ئایینەکانی ئێستای، بەڵکو ئاگری نەورۆز بۆ مرۆڤی کورد، جۆرێکی تایبەتە لە شانازی بەخۆکردن و ھەست بە سەروەری و خۆئاسوودەکردن و خۆئارامکردنەوەی رۆحی، گوزارشتێکی لە خۆشویستنی ژیان و سروشت و خاک و نیشتمان و گەشبینی بۆ ئایندە، ھەستێکە کە ئینسانی کورد، لە ھیچ جەژنێکی تردا لای دروست نابێ، کوردێک کە ئاگری نەورۆزی خۆش نەوێ، من گومانم لە کوردبوونی ھەیە.
23/3/2016