کارزان سەباح هەورامی
ھەموولایەنەکان چاوەڕوانی ئەوەبوون جارێکی دیکە ھەرێمی کوردستان داوای گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا بکاتەوە، بەڵام ئەوەی دواجار ھەموو دوودڵیەکانی رواندەوە قسەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کورستان بوو کە لەڕۆژی نەورۆزدا پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کوردستانکرد و بەراشکاوانە رایگەیاند کە "مەسەلەی ریفراندۆم لەگەڵ عێراق باس دەکەین و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین و پاشان ریفراندۆم دەکەین". قسەکانی بارزانی نیشانەی ئەوەیە کە جارێکی دیکە ھەرێمی کوردستان ناگەرێتەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی کە دووبارە لەبارەی بودجەی و مووچە و بابەتی پێشمەرگەوە قسە بکات، بەڵکو ئەم جارە بۆ بابەتی ڕیفراندۆم و پرسی سەربەخۆی لەگەڵ بەغدا قسەدەکات، ھەڵبەتە لەوە دەچێت ھەندێک لایەن لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش پێیان وایە کە ھەرێمی کوردستان ناتوانێت لەم کاتەدا ھەنگاوی سەربەخۆی بنێت، بەڵکو دەبێت جارێکی دیکە دەرفەت بەبەغدا بدرێتەوە، بەڵام لەڕاستدا لەماوەی رابردوو دەرکەوت کە گروپێک لە عێراق بەبیرکردنەوەی حکومەتەکانی رابردوو دەیەوێت کورد بەپلەدوو سەیربکات.
ھیچ کات بەقەد ئێستا عێراق تووشی قەیران نەھاتووە، چونکە قەیرانەکانی رابردوو بابەتی دیکاتۆریەت و نایەکسانی بووە لە عێراق بەڵام ئێستا جیاوازە، دەسەڵاتی شیعە دەیەوێت تەواوی ناوچە سوننیەکان دووبارە بگەرێنێتەوە بۆ سەر دەسەڵاتی خۆی بەپارەی و بە پۆست و ئیمتیاز لەماوەی رابردوو کۆمەڵێک سەرکردەی سوننەیان راکێشاوە بۆ خۆیان تا بەھیچ شێوەیەک دژایەتی بەغدا نەکەن، بەشێکیشیان بەھۆی فشارەوە شار بەدەرکراوون، ھاوکات گەورەترین گرفتی سوونەکان لەم کاتەدا ئەوەیە کە بەبێ مەرجەعیەت ماونەتەوە بۆیە سونەکان لەھەموو پێکھاتەکانی دیکە ئامادەن ببنە قوتی سەرکردە شیعەکان، بەڵام ئەمە بۆ کورد پێچەوانەیە چونکە ئەو نییەتەی بەغدا لەگەڵ ناوچە سوننییەکان ھەیە ناتوانێت بەسەر کورد دووبارەی بکاتەوە، چونکە لە ھەرێمی کوردستان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتارێکی بەھێزی ھێزە بەرانبەر بە دۆزی کورد لە عێراق و ناوچەکە.
ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق باش لەوە گەیشتوون کە کورد ھیوای بەعێراق نەماوە، گومانیش دەکرێت بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە بۆ ئەوە بێت کە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەست لە بابەتی سەربەخۆی و ڕیفراندۆم ھەلبگرن، تەنانەت ھەوڵی دیکەشیان ھەبووە بۆ ئەوەی لە سەربەخۆی کوردستان بدەن بەتایبەتی دروستکردنی حەشدی شەعبی لە شنگال و ھەندێک ناوچەی دیکە تا لەو رێگایەوە خەڵک ھیوای بەھێزی پێشمەرگە نەمێنێت و لە پێناوی مووچە ڕووبکەنە حەشدی شەعبی بەڵام ئەمەش سەری نەگرت بەدوای پیلانی دیکەوە.
ماوەیەکە لە راگەیاندنەکانەوە باس لەوە دەکرێت کە ھادی عامری فەرماندی سوپای بەدر و نوێنەرایەتی موقتەدا سەدر دەیەوێت سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رازی بکات کە فشار بخاتە سەر لایەنە سوننەکان بۆ ئەوەی رێگا بدەن کە حەشدی شەعبی بەشداری بکات لە ئازادرکدنەوەی موسڵ چونکە لەم پیلانەی ھەندێک لایەنی عێراق دوو ئامانج ھەیە یەکەم جارێکی دیکە موسڵ بگەرێتەوە دەست سوپای عێراق لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و دەنگی نارەزای سوننە کەسپ بکەن ھاوکات مەترسی لەسەر سنووری سعودیە و تورکیاش دروست بکەن کە وەک کارتی فشار بەکاریان بھێنن، دواتر دەیانەوێت سنووری خۆیان لە گەڵ ھەرێمی کوردستان جۆر بکەن بۆ ئەوەی دواتر گرفت بۆ ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دروست بکەن بەتایبەتی ئێستا باسی ئەوە دەکرێت کە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەخرێتە چوار چێوەی ریفراندۆمەوە، بۆیە قسەکانی بارزانی لەوە دەچێت لەو ڕوانگەوە بێت کە نییەتی بەغدا نییەتێکی باش نییە.
لە ئاستی نێودەوڵەتیش کۆمەلێک وڵات ئامادەییان نیشان داوە کە پشگیری لەسەربەخۆی کوردستان بکەن و دەشبێت پشگیری بکەن چونکە جارێکی دیکە ئەم ناوچەیە دڵنیای نابەخشێتەوە بە جیھان کە ناوچەیەکی ئارام بێت ئێستا داعشە دوای داعش چی دیکە دێت؟؟ چونکە سنووری گرفتەکان لەوە دەرچوو لە ناوچەیەکی دیاری کرابێت ئێستا داعش لە عێراق و سوریاوە ھەڕەشەی لە ھەموو جیھان دەکات ھەڕەشەی شەری کۆڵان بە کۆڵانی وڵاتانی ئەروپا دەکات و کردووشیەتی بۆیە وڵاتان باش بیریان لەوە کردوەتەوە کە ئەگەر بێت شوێنێکی وەک ھەرێمی کوردستان بەسەربەخۆی بمێنێتەوە و ببێتە وڵاتێکی بەھێز ئەو کاتە لەرێگیا کوردستانەوە دەتوانن بەسەر گرفتەکاندا سەرکەوتن وەک نمونەی لەناو بردنی داعش کە ئەمەش ھەنگاوی گرنگە بۆ سەربەخۆی کوردستان.
22/3/2016