پێشه‌كی
به‌گوێره‌ی یاسای نوێی خزمه‌تی زۆره‌ملێی سه‌ربازی له‌سوپای عێراقدا، پێویسته هه‌موو ئه‌و نێرینانه‌ی له‌نێوان 19 بۆ 45 ساڵیدا، هه‌ریه‌ك بۆماوه‌یه‌كی دیاریكراو خزمه‌ت بكه‌ن و ببنه سه‌رباز، جگه له‌وانه‌ی كه‌هه‌ڵگری بروانامه‌ی به‌رزن.
كاردانه‌وه‌كان
كاردانه‌وه‌ی پێكهاته و فراكسیۆنه سیاسییه‌كان جیاوازه به‌رانبه‌ر ئه‌و پرۆژه یاسایه، هاوكات په‌سه‌ند كردنی یاساكه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه‌وه، كاردانه‌وه‌ی توندی لای گه‌نجان دروست كردووه. پێشتر ئه‌و وه‌زاره‌ته په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌كه‌ی به‌كۆی ده‌نگ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ته‌وه ڕاگه‌یاند. جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه ئاشكرا كردنی ئه‌و بابه‌ته له‌ئێستادا به‌به‌رنامه‌یه‌و شتێكی هه‌ڕه‌مه‌كی نیه. هۆكاره‌كه‌یشی بۆ هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییه‌كانی سه‌ر وڵات گه‌ڕانده‌وه.یه‌كێك له‌هاووڵاتییه عێراقییه‌كان، ده‌ڵێت: " بڕیاره‌كه شاراوه‌یه‌و ورده‌كاری تێدانیه، تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشتر خزمه‌تی سه‌ربازییان كردووه، چونكه من خۆم خزمه‌تی سه‌ربازیم له‌دوای زانكۆ كردووه، نازانم ئایا دووباره ناچارده‌كرێمه‌وه به‌خزمه‌ت یان نا؟".
"بارع ئه‌حمه‌د" كه‌ئێستا ته‌مه‌نی 42 ساڵه، ده‌شڵێت: " ئه‌و یاسایه له‌هه‌ندێك ڕووه‌وه باشه، ئه‌گه‌ر به‌چاكی جێبه‌جی بكرێت، چونكه داهاتێك بۆ گه‌نجه‌كان دابین ده‌كات، تاكو بتوانن به‌رگه‌ی قه‌یرانی دارایی بگرن".
جێبه‌جێكردنی یاسا
"ئه‌حمه‌د سامر" ته‌مه‌ن 31 ساڵ، ڕۆژنامه‌نوسێكی عیراقییه، سه‌باره‌ت به‌جێبه‌جێكردنی یاساكه به‌سه‌ر به‌رپرسه‌كان و كه‌سوكاریاندا پرسیارده‌كات. جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه‌زۆرێك له‌به‌رپرسه‌كان ته‌مه‌نی 45 ساڵییان تێنه‌په‌ڕاندووه. بۆیه گرنگه بزانرێت ئایا ئه‌وانیش ده‌كرێنه سه‌رباز و یاساكه به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت یان نا؟ بۆیه باس له‌وه ده‌كات كه‌ئامانج له‌و یاسایه ئه‌وه‌یه شه‌قام توڕه بكرێت، له‌ڕێی بڕیاری دیراسه‌نه‌كراوه‌وه.
پسپۆڕان چی ده‌ڵێن؟
"هیشام هاشمی" پسپۆڕی ئه‌منی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌وه ده‌ڵێت: " ئه‌و بڕیاره له‌م قۆناغه‌دا خزمه‌ت به‌عێراق ناكات".
ڕوونیشی كرده‌وه: " عێراق پێویستی به‌و ژماره زۆره‌ی چه‌كدارو سه‌رباز نیه، چونكه ئێستا ژماره‌ی سه‌ربازی زۆر زیاتره له‌پێویست".
له‌باره‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ش له شه‌قامدا، گوتی: " ئه‌وه كاردانه‌وه‌یه‌كی چاوه‌ڕوانكراوه، چونكه یاده‌وه‌ری عێراقییه‌كان پڕه له گومان له‌باره‌ی خزمه‌تی سه‌ربازییه‌وه كه‌له‌سه‌رده‌می ڕژێمی پێشوودا لێوان بوو له گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی به‌رپرسیارێتی وبه‌كۆیله‌كردن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: " حكوومه‌ت ده‌توانێت ته‌نها له‌كاتی نائاساییدا په‌نا بۆ یاسای زۆره ملێ به‌رێت، به‌ڵام ناچاركردن له‌گه‌ڵ دیموكراسییه‌تدا ناگونجێت، ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه وڵات توشی ئاژاوه‌ی زیاتر ده‌كات".
شیاوی باسه له‌دوای 2003ه‌وه خزمه‌تی زۆره‌ملێی سه‌ربازی به‌فه‌رمانی "پۆل بریمه‌ر" حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌مریكا له‌عیراقدا هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
ڕێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان
"زافیر ئه‌لعانی" په‌رله‌مانتاری "ێه‌كێتی هێزه عێراقییه‌كان" ده‌ستگرتنی خۆیانی به‌یاسای گاردی نیشتمانییه‌وه ڕاگه‌یاند. گوتیشی: " هیچ جێگه‌گره‌وه‌یه‌ك نیه بۆ ئه‌و یاسایه كه‌هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوون. به‌گویره‌ی ئه‌و كارنامه‌یه‌ی كه حكوومه‌تی عه‌بادی له‌سه‌ردروستكراوه.
عانی دانی به‌وه‌شدا ناوه كه یاسای خزمه‌تی سه‌ربازی زۆره ملێ، له‌م كاته‌دا زۆر سه‌خته. له‌كاتێكدا دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربازی به‌هێز و چاودێریكاری وامان نیه كه بتوانێت سزای سه‌رپێچیكاران بدات.
هاوكات"ماجید غه‌ڕاوی" په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی ئه‌حرار، پێی وایه یاساكه پێویستی به ماوه‌یه‌كی زۆره بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت، له‌ئێستادا یاساكه ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژی ده‌وڵه‌ت كراوه. دوای تاوتوێ كردنی ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێت بۆ په‌سه‌ند كردن و ده‌نگ له‌سه‌ر دانی. دواتر ده‌نێردرێته په‌رله‌مان.
غه‌ڕاوی دانی به‌وه‌شدا ناوه كه ئه‌و یاسایه پێویستی به‌بودجه‌یه‌كی تایبه‌ته، بۆ دروستكردنی سه‌ربازگه و مه‌شق و مووچه و خۆراك و پێداویستی تر بۆ ئه‌و ژماره زۆره‌ی سه‌رباز. گوتیشی: " هیوامان وایه تاكو كاتی جێبه‌جێ كردنی یاساكه، دۆخی ئابووری باش ببێت".
هاوكات "خه‌ڵه‌ف عه‌بدولسه‌مه‌د" پێی وایه ڕه‌نگه ئه‌و یاسایه بتوانێت عێراقییه‌كان پێكه‌وه كۆبكاته‌وه، به‌هه‌موو تایفه‌و مه‌زه‌به‌كانیانه‌وه، تاكو بارودۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وا دروست ببێت كه ئیتر خواحافیزی بكرێت له حیزبایه‌تی و گروپگه‌رایی.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتیشی: " ڕه‌نگه یاساكه بتوانێت هاوسه‌نگی نیشتمانی بگێڕێته‌وه‌و، دابه‌شبوونی تایفی وڵات كۆتایی پێ بێنێت.
دواجار
ئه‌و یاسایه‌ی له‌عێراقدا تاوتوێ ده‌كرێت، ڕه‌نگه ئاماژه‌یه‌ك بێت له‌سه‌ر سه‌پاندنی مه‌ركه‌زیه‌ت و، پاشه‌كشه‌كردن له دروشمه‌كانی دیموكراسی، چونكه سه‌ربازیكردنی زۆره‌ملێ، له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسیدا ناگونجێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ڕه‌چاوی تایبه‌تمه‌ندی هه‌رێمه فیدراڵییه‌كان ناكات. بۆیه ترسێك هه‌یه له‌وه‌ی بریارێك هه‌بێت له‌وه‌ی به‌غدا له‌هه‌ردوو بواری دیموكراسی و فیدراڵییه‌ت بكشێته‌وه. ئه‌وه‌ش پێشهاتێكی تازه‌ده‌بێت و دێته ناو كه‌یسه ئاڵۆزه‌كانی عێراقه‌وه.
ژێده‌ر:
به‌ده‌ستكارییه‌وه له جه‌زیره.نێت وه‌رگیراوه.
18/3/2016