زنجیرە سیمینارێکی شێرزاد حەسەن،لە شارەکانی ئهڵمانیا
شێرزاد حەسەن، کە لە لایەن ناوەندی ئهڵمان و کورد بۆ پێکەوەژیان/ واتە ناوەندی کولتوریی کورد/ لە شاری نورنبێرگ - ەوە بۆ دەرەوەی وڵات بانگهێشت کرابوو، توانی لە ڕۆژانی 23/1 تا 7/2/2016 له حەوت شاری ئهڵمانیادا (نورنبێرگ، میونشن، فرانکفورت، هانۆڤەر، بەرلین، مانهایم و کوڵن) لەژێر سەردێڕی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەقین لەناو بازنەکانی زەبروزەنگدا)، سیمینارێکی بەپێز پێشکەشی کوردەکانی هەندەران بکات.لەم سیمینارانەدا، شێرزاد حەسەن، هەوڵی ئەوەی دەدا کە سەرەتا بە شێوەیەکی گشتی و بنەڕەتی، سەرنجی گوێگران بۆ مێژووی زەبروزەنگ ڕابکێشێت. ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ کۆتاییهاتنی دایکسالاری و سەرهەڵدانی پیاوسالاری، کە دوا جار بەوەش کۆتایی هاتووە کە ژن لە مێژوو بۆ هەزارەها ساڵ دەربکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە پیاوان بۆ هەمیشە وەک ڕاوچی و شەڕڤان نەسرەوتوون، هەر لە سەرەتاوە مرۆڤ بەبێ توندوتیژی نەژیاوە، وەك دیارە مێژووی نێرسالاری خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە کە ماوەکەی بۆ دە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، هەندێکیش بۆ پێنج هەزار ساڵ نزیکی دەخەنەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ پەیدابوونی سێ ئایینەکە: مووسایی و عیسایی و ئیسلام کە چڕبوونەوە و دەرکەوتەی ڕۆحی باوکسالاری (پاتریارکی) بووە لە امیزۆپۆتامیاب کە ئەستوندەگی سەرەکیی ئەو دەواری بابسالارییە لەسەر زەبروزەنگ وەستاوە. ڕێگاخۆشکەریش بووە کە سەردەستەیی زاڵبوونی پیاوان بسەلمێنێت و بیچەسپێنێت کە زادەی کولتوور بووە لە قۆناخی ڕاووشکاری و شوانکارەیی و دەرەبەگی و کشاوەرزی، هەر سێ ئایینەکە دەیکەن بە یاسا و ڕێسایەکی پیرۆزی نەگۆڕ کە تا هەنووکەش بەردەوامە.
شێرزاد حهسهن وای دهبێنێ كه هەمان ئەو ڕۆحە تەماعکار و جەنگاوەرە مێژووی مرۆڤایەتی پڕ کردووە لە خوێن و فرمێسک و ئارەقە، کە دەمارگیری و خۆپەرستی و کوشتنی عەقڵ و لەژێرپێنانی مافی ژنان و دۆگماتیزم و ناعەقڵانی لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی بوون. دیارە بە گەڕانەوە بۆ به پیرۆز دانان و لەسەر بنەمای پەروەردەیەکی بەدوور لە گومان و پرسیار و شیکاری عەقڵانی، ئیتر دەرگای عەقڵ دادەخرێ و مرۆڤ بۆی نییە گومان و ڕەخنەی هەبێت، سەرباری ئەوەش کە هیچ بوارێک بۆ چاکسازیی ئایینی لە ئیسلامدا نامێنێت و کەس بۆی نییە و ناتوانێت ڕەخنە لە کرێکار و کارەکتەرەکانی ناو کایەی ئایینەکە بگرێت، ئەو کاتەی خودی دینەکە دەبێت بە سەنگەری خۆپاراستن و خۆبەدوورگرتن لە هەر پرسیار و گومانێک، بە واتا پەکخستنی عەقڵ بە ناوی پیرۆزییەکانەوە، ئەوەش دابڕانی ئایینە لە مێژوو، گەرچی ئایین بۆ خۆی زادەی قۆناغێکی مێژووییە، بەرهەمی ژیار و ژینگەیەکی دیاریکراوە، لێرەدایە کە ڕەهاگەری دەبێت بە کۆسپ لەبەردەم بیرکردنەوە و ڕاڤەکردن.
ئەو ڕیفۆرمەی ئایینی عیسایی پیایدا تێپەڕی دوای زەریایەک لە خوێن، تاوەکو ئێستا ئایینی ئیسلام ئامادە نەبووە خۆی بۆ شل بکات،. ئەگەر چاکسازی لە ئایینی کریستیان و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، 500 ساڵی خایاندبێت، بە وتەی ابرنارد لویسب لەوانەیە مووسڵمانان هێشتا 200 ساڵی ڕەشیان لەبەردەمدا مابێت. هێشتا ئایینی ئیسلام نەیتوانیوە خۆی لە چنگی زەبروزەنگ بێنێتە دەرەوە. لە دیدگای جەنگاوەرانی ئاسماندا: بەهەشت وا لەژێر سێبەری شمشێردایە، جیهان بە دوو کەرتی جیاواز و دژ بەیەک دابەش دەکرێ، جیهانی مووسڵمانان و جیهانی کافران کە دەمانباتەوە سەر جیاکردنەوەی (ماڵی ئیسلام) لە (ماڵی جەنگ). مووسڵمانانی جیهادیست بۆ سەلماندنی ئیمان و بڕواداریی خۆیان، بە ئەرکی خۆیان دەزانن ڕۆژئاوا بە دوژمن بزانن، بەتایبەتی ئەمریکا کە بە کافرستانی دەزانن، بگرە بە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم بڵاوکردنەوەی پەیامی یەزدان. جهنگاوهرانی جیهادیستی ئیسلام عاشقی خۆیانن و خۆیان لە سەرووی گومان و پرسیار و ڕەخنەوە دەبینن، جەنگاوەرانی ئاسمان خۆیان بە پاکتر و ئەوانی تر کە هەڵگری هەمان پەیام نین بە چەپەڵ و غەیرەدین دەزانن کە بیانەوێت یان نا، مەرجە بێنە ژێر ئاڵای پیرۆزی ئیسلام.
شێرزاد حەسەن ئەم اشەختەبەندییەی بڕوادارییەب کە مێشککوژە وەک دیاردەیەکی تاقانە و جیاواز ناهێنیتە بەرباس. ئەم لە پەیوەندییەکی نەپچڕاو و بەردەوام لەگەڵ ڕەوتی مێژوو و دواکەتوویی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییدا دەبێنێتەوە. بە ڕای ئەو هەرەسهێنانی سۆشیالیزم لەسەر ئاستی دونیادا و بەتایبەت شکستی ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دڵداریکردنی ڕۆژئاوا لەگەڵ ستەمکارانی ڕۆژهەڵات، دڵداریکردنی دەسەڵاتدارانی ناوەخۆ لەگەڵ سەلەفییەکان، پەروەردەی وەهابیزم کە لە سەرەتای سەدەی هەژدەوە سەری هەڵدا و تێکئاڵان و زەماوەندی ناجۆر و ناپەسندی لەتەک ئالی سعوود کە دوا جار بوو بە مۆڵگەی تیرۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.
سەرباری هەبوونی هیلالی سەر بە شیعە کە لە بەرامبەر جەمسەری سوننەدا بوون بە دوژمنی یەکتری کە ئاسان نییە ئاشت ببنەوە، هەموو ئەمانە کارێکی وەها دەکەن کە بهشێك له مووسڵمانان بەرەو سەدەکانی پێشووی سەرەتای ئیسلام بگەرێنەوە و بۆ هەمیشە ئیسلام و سەلەفی ساڵح بە سەرچاوە و چارەسەر بزانن. هەموو ئەمانە هۆگریی جەنگاوەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ زەبروزەنگ و چەقینی لەو زەلکاوەدا قووڵتر دەکەنەوە و ئەمەش لە خراپترین و بێبەزەیییانەترین چەشنی خۆیدا، دیاردەی وەک داعش دەخۆڵقێنێ کە لە ناوەڕۆکی خۆیدا، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بیروباوەری سەلەفی و وەهابیزمدا نییە.
شێرزاد حەسەن بەگشتی ڕەشبینە و پێی وایە هێشتا سەدەها ساڵی دیکەی ماوە کە گەلانی ڕۆژهەڵات، خۆیان لەدەست زەبروزەنگ ڕزگار بکەن، وەک چۆن ڕۆژئاوا خوێن ڕشایەوە، دوای چەندین جەنگی جیهانگیر، لەوە دەچێت و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژهەڵاتیش خوێن بڕشێتەوە.. لە هەمووی کارەساتبارتر ئەوەیە کە ڕۆژئاوا لەمڕۆکەدا لە خۆی دەپرسێت: ئێمە چۆن بتوانین لە بەرامبەر کەسانێکدا بجەنگین کە مەرگیان لە ژیان خۆشتر دەوێت؟
شێرزاد حەسەن توانی لەم سێمینارانەدا، بە چەشنێکی زۆر وەستایانە، بە هێنانەوەی نموونەی زیندوو، ئەم بابەتە بە زمانێکی وەها ساکار و پڕ لە گاڵتە و گەپ بهێنیتە سەر زمان کە گوێگرانی ئەو، هەست بە وەڕسبوون و ئاڵۆزیی بابەتەکە نەکەن و زۆر جار بدەنە پڕمەی پێکەنین، بەڵام خەنینێکی غەمهێن، پاش کۆتاییهاتنی وتەکانی شێرزاد حەسەن لە هەموو ئەم سیمینارانەدا، هەلی ئەوەش بۆ هەمووان دەڕەخسا کە بە شێوەیەکی ئازاد و کراوە، تێبینی و ڕەخنەی خۆیان ئاراستەی ئەم بکەن و بابەتەکەش تێرتر بکەن.
پێشوازیی گەرم و پڕ لە سۆزی کوردەکانی دەرەوەی وڵات لە سیمینارەکانی شیرزاد حەسەن، ئەوە دەسەلمێنێ کە هێشتا دەنگی بوێر ڕەخنەگرانە و کراوەی ڕۆشنبیرانی ڕاستگۆ، وەک ویژدانی ئازادی مرۆڤایەتی، گوێگری زۆرە و بۆ وریاکردنەوەی هزری کۆمەڵگا چەند بەنرخە.
با بە شێرزاد حەسەن - یش بڵێین دەستت خۆش و ماندوو نەبیت!
15/3/2016