سامان ڕەشید
هەرێمى کوردستان لە ماوەى سەدەى ڕابردوودا بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە و هەر قۆناغێکیشى خەسڵەت و تایبەتمەندیى خۆى هەبووە، بە شێوەیەک لە شێوەکان هەلەومەرج و هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچەکە بە گشتى و عێراق بە تایبەتى، کاریگەرى هەبووە لەسەر کۆى قۆناغە مێژووییەکان لە میژووى نزیکى سەد ساڵى ڕابردووى هەرێمى کوردستان. زۆر کات قۆناغەکان بە شێوەیەک بوون کە وڵاتانى هەڵگرى دروشمەکانى مافى مرۆڤ و دیموکراسى، لە هاوکیشە سیاسییەکانى ناوچکە هاوپەیمانى داگیرکەرانمان بوون و جگە لە بێدەنگبوونیان بەرانبەر ئەو تاوانانەى کە دەرهەق بە نەتەوەکەمان کرا، یارمەتىدەرى ڕژێمە داگیرکەرەکان بوونە.کاروانى خەباتى مێژووى گەلەکەمان بە چەندین وێستگەدا تێپەڕیوە و لە هەر وێستگەیهکدا، سەرکردایەتیی بزاڤى ڕزگاریخوازى کوردستان ئامانجەکانى بەپێى باردۆخ و هەلومەرجى سیاسى ئەو کات دیارى کردووە کە هەر هەموویان لەپیناو گەیشتن بە ویستگەی سەربەخۆییى هەرێمى کوردستان و دەوڵەتبوونمان بووە.
لە هەموو قۆناغەکان و لە هەموو کاتێک، بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلى کوردستان، بەپێى هەلومەرجى سیاسیی ئەو قۆناغە خەباتى درێژە پێداوە و توانیوێتى خۆى بگونجێنى لەگەڵ ژینگەى سیاسیى قۆناغەکە. بە واتایەکى تر، خەبات و بەرخودانى بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلى کورد لە پیناو بەدیهێنانى ئامانجى نەتەوەکەمان لە قۆناغێکەوه بۆ قۆناغێکى تر گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە بەپێى هەلومەرج و ژینگەى سیاسیى ئەو سەردەمە. ئەمەش ڕیالیستى و پراگماتیەتى سیاسەتى حەکیمانەى سەرکردایەتیى کوردمان بۆ دەرئەخات کە بارزانیى نەمر وەک دامهزرێنەرى ئەو بزاڤە، لە سەردامانیک ڕابەرایەتى کردووە و ئێستایش سەرۆک مەسعوود بارزانى ڕابەرایەتیى ئەو ڕەوتە دەکات کە درێژەپێدەرى هەمان ئەو ڕێبازهن کە لەسەر دەستى بارزانیی نەمر بۆنیاد نرا.
بە شێوەیەکى گشتى سەرکردایەتیى بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلى کوردستان، بۆ هەر قۆناغێکى میژوویى و بۆ هەر گۆڕانکاریێک لە هەلومەرج و هاوکێشەى سیاسى لە ناوچەکەدا، پرۆژەى خۆى هەبووە بۆ بەدهێنانى ئامانجى نەتەوەکەمان و، توانیوێتى داواکارى و بژاردەکانى هەر لە سیستەمى لامەرکەزیەتەوە تا ئۆتۆنۆمى و دواتریش فیدڕاڵى بکاتە دیفاکتۆ لە قۆناغە جیاوازەکاندا.
ئەگەر ڕاپەڕینەکەى 1991ى سەدەى ڕابردوو قۆناغى زیوینى مێژووى گەل و هەرێمەکەمان بێت، کە پەرلەمان و حکوومەت و دەزگاى دامەزراوەیى کوردستانى لێ بەرهەم هات، ئەوا ئەمڕۆ لە قۆناغى زێڕینى سەربەخۆییداین، بەوپێیەى کە هەلومەرج و باردۆخى سیاسى بە شیوەیەک لە بەرژەوەندیى کوردە، کە هیچ کات و لە هیچ قۆناغێکى میژوویى ئەم دەرفەتە بۆ کورد نەڕهخساوە، تەنانەت کۆمەڵێ ئامرازى گرینگمان لە بەردەستن بۆ گەیشتن بەو ئامانجەى کە چەندین ساڵە خەباتى لە پێناودا دەکەین، لەوانە هێزى نەرم (سۆفت پاوەر) و ئابوورییەکى سەربەخۆ، کە لەهیچ قۆناغێکى میژووییدا ئەم ئامرازانە وەک ئەمڕۆ بوونى نەبووە، ئەمەش بێگومان لە سایەى هەوڵە دیپلۆماسییەکانى جەنابى سەرۆک بارزانى هاتوونەتە بەرهەم.
ئەمڕۆ لە قۆناغى زێڕینى سەربەخۆیین و قۆناغى زیوینى ڕاپەرین و سیستەمى فیدراڵى بۆ هەرێمى کوردستان بووەتە مێژوو و، ئەو فاکتەى لە واقیعدا هەیە هەرێمى کوردستان لەنێوان فیدڕاڵیەتى مێژوو و سەربەخۆیى ئایندەدایە و، ناکرێت لە بازنەى فیدڕاڵییەت چەق ببەستین و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیى نەگرینە بەر، چونگە ئەو هەلومەرجى ئەمڕۆى ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێ و هاوکێشە سیاسییەکان و فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان هەموویان بوونەتە ئامرازەکانى گەیشتن بە وێستگەى سەربەخۆیى.
12/3/2016