مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
ئێستا كورد به‌قۆناغێكی ڕاگوزه‌ردا تێده‌په‌ڕێت، ته‌واوی جوڵه‌كانی له‌ژێر سانسۆر و لێكۆڵینه‌وه‌و چاوی كراوه‌ی لایه‌نه‌كانی تردان. بۆیه لایه‌نی كوردیش پێویستی به‌وه هه‌یه له‌و سۆنگه‌یه‌وه كارته‌كانی خۆی بجوڵێنێت.دۆخه‌كه به‌م جۆره‌یه، میلله‌تێك ده‌یه‌وێت له‌قۆناغی ژێرده‌سته‌ی ئیمپریالیزمی عێراقییه‌وه بگاته قۆناغی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری. بۆئه‌م ئه‌ركه مێژووییه میدیایه‌كی چۆنمان ده‌وێت؟.ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه پێویسته هه‌ڵوێسته‌ی جیدی له‌سه‌ر بكرێت، چونكه وێڕای ئاماده‌سازییه ئابووری و مادی و مرۆییه‌كان، گه‌یشتن به‌قۆناغی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی، به‌تایبه‌تی بۆ كورد كه خاوه‌نی ئه‌زمونی سه‌روه‌ری نیه‌و، له‌وه‌ته‌ی ده‌وڵه‌تی نوێی نه‌ته‌وه(ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه) دروست بووه، كورد چانسی ئه‌وه‌ی نه‌بووه خۆی خاوه‌نی خۆی بێت، هه‌میشه هاووڵاتیی پله دووی ناو وڵاتانی داگیركهربووه.
بۆیه بۆئه‌م میلله‌ته ته‌غزیه‌ی فه‌رهه‌نگی پێویستی پله یه‌كی تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كه‌یه، یانی وه‌ك چۆن پێویستمان به‌ژێرخانی ئابووری ومرۆیی هه‌یه، به‌هه‌مان ڕاده‌و بگره زیاتریش، پێویستمان به‌ژێرخانی فه‌رهه‌نگی هه‌یه.
له‌ئێستادا سهقافهتێك له‌ناخی تاكی كورد، له‌ناو سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی و پێگه‌یشتنی مرۆڤی كورددا بنجی داكوتاوه، كه خۆی زۆر بهبچوكتر ده‌بینێت له‌وه‌ی بیر له شتێك به‌ناوی ده‌وڵه‌ته‌وه بكاته‌وه.
میدیای كوردی له‌م نێوه‌نده‌دا هاتووه زیاتر قوڕه‌كه‌ی خه‌ستتر كردۆته‌وه، به‌وه‌ی سه‌رنجه‌كانی خۆی چڕ كردۆته‌وه له‌سه‌ر نیوه‌ی به‌تاڵی په‌رداخی بچوكی ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان.
به‌بێ ئه‌وه‌ی قه‌ت له‌خۆی بپرسێت: ئایا ئه‌كرێت و له‌گه‌ڵ لۆژیكدا ده‌گونجێت كه ته‌مه‌نی پتر له 2700 ساڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، و شایسته‌گی بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردن و سه‌ربه‌خۆیی به 23 ساڵ بپێورێت كه تیایدا ئه‌زمونێكی بچوكی ئیداریمان هه‌بووه؟ باشه له‌كوێی دنیادا شكستی ئیداره یه‌كسانه سقوتی مافی بنچینه‌یی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی میلله‌تێكی خاوه‌ن مێژوویی گه‌وره‌ی وه‌ك كورد؟ چۆن و له‌به‌رچی 23 ساڵ ده‌بێته بڕیارده‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی 2700 ساڵ بچوك بكرێته‌وه و چاو ترسێن بكرێت له‌وه‌ی داوای مافی سه‌ربه‌خۆیی خۆی بكات؟.
میدیای كوردی قه‌ت له‌خۆی پرسیوه كه تۆخ كردنه‌وه‌ی گرێی شكست له‌ناو ناخی تاكی كورددا، به‌جێ گه‌یاندنێكی هه‌رزانی ئه‌و ئه‌ركه‌یه كه تابوری پێنجه‌م، یان جیهازی پڕوپاگه‌نده‌ی دوژمن له‌ساته‌كانی جه‌نگدا بۆ تێكشكاندنی وره‌ی نه‌یاره‌كانی ئه‌نجامی ده‌دات؟.
بۆیه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر بابه‌ت و پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌م چه‌ند دێڕه و ده‌ڵێم: بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه كورد پێویستی به‌دروستكردنی ژێرخانی فه‌رهه‌نگیش هه‌یه، ئه‌و ژێرخانه‌ش به‌چه‌ندین لایه‌نی وه‌ك په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا‌و مزگه‌وت و ڕێكخراوه‌كان و، دواجار بهمیدیاكانیش دروست ده‌كرێت. به‌ڵام هیچكام له‌و دامه‌زراوانه‌ی ئاماژه‌مان پێدان، وه‌ك میدیا كاریگه‌ر نین، چونكه پرۆسه‌ی تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كه بۆ كورد خێرایه، به‌ڵام كاریگه‌ری ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی تر درێژخایه‌نن، ته‌نها كاریگه‌ری میدیا خێرا ده‌رده‌كه‌وێت. بۆیه میدیا بۆ ئاماده‌كردنی سایكۆلۆجیای تاكی كورد بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی میكانیزمێكه كه هه‌رگیز قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه.میدیایه‌ك بۆ كورد پێویسته كه ته‌غزیه‌ی كورد له ئاستی قۆناغه‌كه‌دا بكات، وه‌ك كۆی پێدراوه‌كانی ناوچه‌كه، كاره‌كته‌ری كوردی له‌ناو سیاقی گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ببینێت، نه‌ك له‌سه‌ر قیرتاو نه‌كردنی شه‌قامێكی 10 مه‌تری بێته ده‌نگ، به‌ڵام له‌ولاوه ئاگای له‌و ده‌رفه‌ته گه‌وره‌یه نه‌بێت كه‌له‌ناوچه‌كه‌دا هاتۆته پێشه‌وه.
میدیایه‌ك ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێ ده‌سپێردرێت كه بتوانێت باڵانس ڕابگرێت له‌نێوان ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه گه‌وره‌كانی، له‌گه‌ڵ ئه‌ركه پیشه‌ییه‌كانی ڕۆژانه‌یدا.
میدیا له‌م جۆره قۆناغه هه‌ستیارانه‌دا، پێویستی به‌زیادكردنی چه‌مكێكی نوێ بۆناو ئیتیكی كاری خۆی هه‌یه، ئه‌ویش ئیتیكی ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌تی سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانێك، نه‌كاته قوربانی قیرتاو نه‌كردنی گه‌ڕه‌كێك.. مێژوویه‌كی 2700 ساڵی و ئایندهی سه‌دان ساڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، نه‌كات به‌قوربانی 5 مانگی بێ مووچه‌یی. ئه‌و جۆره میدیا به‌شدار ده‌بێت لهتهغزیهی فیكری مرۆڤی كورد، تاكو ئاماده‌بێت بۆ تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كه و گه‌یشتن به‌سه‌ربه‌خۆیی. بۆئه‌وه‌ش ستراتیژ و ئیتیكی كارێكی هاوبه‌شی میدیای كوردیمان پێویسته كه سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كان بچنه ژێر باری جێبه‌جێ كردنیه‌وه.
11/3/2016