زكری مووسا
بۆچی گەلان دەست بە مێژووی خۆیانهوه دەگرن و شانازی پێوە دەكەن؟ بۆچی ڕێزی هێما و سیمبۆلە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانیان دەگرن؟ بۆچی ئەوەندە پێداگرن لەسەر خاك و جیۆگرافیایان؟ بۆ جەخت لە سەروەریی خۆیان دەكەنەوە؟ ڕاستە زێدەڕۆیی لە خۆشەویستیی خاك و نیشتیمان ڕەنگە ببێتە هۆی نەژادپەرستی و فاشیزم؛ بەڵام ڕێزگرتنی مێژوو و سیمبۆلەكان و پاراستنی خاك لەنێو گەلە پێشكەوتوو و دیموكراتخوازەكانیشدا هەیە و، بگرە قووڵتر و ڕەگ داكوتاوترە. بۆیە دەكرێ لە یەك كاتدا ڕێزی مێژوو و توراسی خۆمان بگرین و خاكمان خۆش بوێت و ئاشتیخواز و مرۆڤپارێزیش بین و، نەبینە سەرئێشە بۆ گەلانی تر.گەلان شانازیی بە مێژووییەكەیان دەكەن بۆ ئەوەی بە جیهانیان بڵێن دەستكەوت و سەركەوتنەكانیان بەرهەمی ماندووبوون و قوربانیدانیانە، ئەوەی هەیانە مەكرەمە و بەخشیش نییە بەڵكو دەرئەنجامی خەباتی خۆیانە. دەیانەوێ بڵێن ئێمە كردوومانە و ئەوەی هەمانە پەرچەكردار نییە. بە خۆیان دەڵێن مێژوومانە و ئێمە دروستمان كردووە و ئێستا و داهاتووییش هەر خۆمان دروستی دەكەین.
گەلان دەست بە خاك و جیۆگرافیای خۆیان دەگرن بۆ ئەوەی بتوانن تێیدا مێژوو دروست بكەن، بەرەو پێشەوە بچن. گەلان داوای سەروەری دەكەن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و گەشە بكەن و بگەنە سەقامگیری و، لە مرۆڤبوون و بەهاكاندا قووڵ ببنەوە.
ئەو گەلەی حەزی لە پاشكۆیەتی و كۆیلایەتی نییە، مێژوو و جیۆگرافیای خۆی خۆش دەوێت. چاك دەزانێ بۆ ئەوەی بتوانێ كار بۆ ئاشتی و بووژانەوە و بنیاتنانی فەرهەنگ بكات دەبێ خاك و مێژووی هەبێت بەبێ ئەوەی ڕێی ستەمكاری بگرێتە بەر لە دژی گەلانی دیكە.
لەنێو گەلی كورددا بەتایبەت بەشێك لە سیاسی و ڕۆشنبیرانیدا هەزمكردنی بایەخی جیۆگرافیا و مێژوو زۆر ئەستەمە. سەیر بكەن بەشێكی زۆری سەرقاڵی بنكۆڵكردنی مێژوو و سووكایەتیكردن بە دەستكەوت و هێماكانن. دەیانەوێ گەلەكەیان لە هەبوو و نەبووی بشۆرێنن. بەشێكیان ئاواز بۆ لەتلەتكردنی جیۆگرافیا و ناوچەگەری و كانتۆنسازی و بچووككردنەوە دەخوێنن. ئەوانە نازانن مانای وڵات و دەوڵەت و خاك و سەروەری چییە. هەردەم كاتی دەژیین و تەنیا بەرپێی خۆیان دەبینن، خوماری شار و كوچە و گەڕەكەكانیانن. ئەگەر هەموومان وەك ئەوان بین لە بێناویدا و لەنێو مێژوو و گۆڕانكارییەكاندا ون دەبین. ناتوانین وەك مرۆڤ بژیین و بۆشمان ناڕەخسێت خزمەتی مرۆڤایەتی بكەین.
كورد بە باشی لە ئەهەمیەتی مێژوو و جیۆگرافیا نەگەییشتووە. دەرهاوێشتەی ئەو ناتێگەییشتنە، گورجتربوونی پەتی كۆیلایەتی و پاشكۆبوونە بۆ نەتەوە باڵادەست و خۆبەزلزانەكان. بەهێزتربوونی مەكینەی بەرهەمهێنی جاشایەتییە بەهەموو جۆرەكانیەوە. تۆختربوونی هەستی خۆبەكەمزانین و ئەویتر بەزۆرزانینە. دەرئەنجامی بەهەندوەرنەگرتنی مێژوو و خاك، تەمبەڵی و سووك سهرنجدانی خود و مایەپووچبوونە، ونبوونە لەنێو ئەشكەوتە تاریكەكانی مێژوودا.
10/3/2016a