فه‌رید زامدار
هه‌موو كه‌سێك شایسته‌ى وه‌رگرتنى پۆستى سیاسى و حكوومى و به‌رپرسیاریه‌تى، یان هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌و جۆره پۆستانه نییه، به‌تایبه‌تى پۆسته (سیادییه‌كان)، هه‌موو كه‌سێكیش ناتوانێ به‌ڕێوه‌ى ببات و ئه‌ركه‌كانى ڕابپه‌ڕێنێ. به‌رپرسیاریه‌تى ئه‌رك و به‌رهه‌م و به‌خشش و خزمه‌تگوزارییه نیشتمانى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه بۆ چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگه و پاراستنى ئه‌منى نه‌ته‌وه‌ییه، نه‌ك ته‌نیا چوونه سه‌ر كورسیى ده‌سه‌ڵات و هیچى تر نا!
له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا، سه‌ركرده‌ى سیاسى كۆمه‌ڵێك سیفاتى سه‌ركرده‌یی و جیاوازى هه‌بووه و هه‌یه، كه له‌گه‌ڵ كه‌سانى ئاسایی جیاى ده‌كاته‌وه، هه‌ر ئه‌و سیفات و جیاوازییانه‌شه واى لێ ده‌كات متمانه‌ى خه‌ڵك به‌ده‌ست بهێنێ، كه بریتین له به‌رزیى ئاستى ڕۆشنبیریى گشتى و ڕۆشنبیریى سیاسى و هێز و هه‌یبه‌تى كه‌سایه‌تیى ئه‌و كه‌سه له‌ناو كۆمه‌ڵ و وڵات و ده‌ره‌وه‌ى وڵات، ده‌شێ كه‌سێكى دیار و ناسراو بێت و له هه‌موو ئاسته‌كانى ژیانى سیاسى و دبلۆماسیدا كارا و شاره‌زا و پسپۆر بێت، خاوه‌نى خه‌بات و ئه‌زموونێكى شارستانى شیاو بێت.
بۆ نموونه كاتى خۆى، زۆربه‌ى زۆرى لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌كان و غه‌یره عێراقیش، به چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقیشه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بوون كه جه‌نابى مام جه‌لال بكرێت به سه‌ركۆمارى عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه نا كوردێكى عێراقییه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌و سیفات و جیاوازییانه‌ى له كه‌سایه‌تیى مام جه‌لالدا وه‌ك سیاسه‌تمه‌دار و سه‌ركرده‌یه‌كى پڕ له ئه‌زموونى سیاسى و فیكریدا هه‌ن، كه له هه‌موو كه‌سێكدا نین و له هه‌موو كه‌سێكدا كۆ نابنه‌وه، جگه له‌وه‌ش مام جه‌لال سه‌ركرده‌یه‌كى خۆشه‌ویستى جه‌ماوه‌رى كوردستانه، له‌به‌رامبه‌ردا جه‌نابى كاك مه‌سعود بارزانى هه‌مان ئه‌و سیفات و جیاوازییانه‌ى له سه‌ركردایه‌تى كردن‌دا هه‌یه و خاوه‌نى ئه‌زموونێكى دوورودرێژه له هه‌موو بواره‌كانى پێشمه‌رگایه‌تی و سیاسى و ڕ‌ۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تىدا.
له هه‌مان كاتیش‌دا خاوه‌نى كه‌سایه‌تیى تایبه‌تى خۆیه‌تى و سه‌ركرده‌یه‌كى دیار و له‌پێش چاوه، به هه‌مان شێوه‌ى جه‌نابى (مام جه‌لال) متمانه‌ى پێكراوه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌رى كوردستان و وڵاتانى ناوچه‌كه و عێراق و وڵاتانى عه‌ره‌بى و بگره له‌سه‌ر ئاستى سیاسه‌تى جیهانى له هه‌موو وڵاتانى ئه‌وروپا، پێگه‌ى كه‌سایه‌تیى خۆى هه‌یه.
به‌ڵام له دنیاى سیاسه‌تدا، گه‌مه‌ى سیاسى زۆرن و هه‌ندێك شه‌تره‌نجیانه گه‌مه‌كانى خۆیان ده‌كه‌ن و باشیش ده‌زانن به‌و جۆره گه‌مانه ناتوانن (كش) له‌و هه‌موو سیفات و جیاوازییانه بكه‌ن، كه له‌نێوان ئه‌وان و مام جه‌لال و كاك مه‌سعود بارزانى- دا هه‌ن، ڕه‌نگه هه‌ندێك بڵێن گوایه من به‌رگرى له ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى كوردستان ده‌كه‌م، به‌ڵام ڕاشكاوانه ده‌یڵێم، من موماره‌سه‌ى قه‌ناعاتى تایبه‌تیى خودى خۆم ده‌كه‌م و ئه‌وه‌ش به مافێكى ڕه‌واى خۆمى ده‌زانم وه‌ك هاووڵاتییه‌كى كوردستانى، ئه‌و مافه‌ش مافى هه‌موو هاووڵاتییانى كوردستانه.
ئه‌گه‌رچى ئه‌مڕۆ قه‌یرانى ئابوورى و دارایی هه‌موومانى گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێمه‌ى كورد ڕۆژانى سه‌خت و ئه‌سته‌ممان زۆر بڕیوه و پشت به‌خوا ئه‌و قۆناغه سه‌خته‌ش ده‌بڕین و هۆكاره‌كانى قه‌یرانى سیاسیى كوردستانیش زۆرن، به‌تایبه‌تى دواى نه‌خۆشبوونى جه‌نابى (مام جه‌لال) و له‌وه‌ته‌ى ئه‌ویش نه‌خۆشه هه‌موو عێراق نه‌خۆشه و كوردستان نه‌خۆشه و یه‌كێتى و پارتى نه‌خۆشن، به‌ڵام تاكه‌كه‌س كه بتوانێ ئه‌و نه‌خۆشییانه چاره‌سه‌ر بكات جه‌نابى كاك مه‌سعوده، هه‌ر ئه‌ویش ده‌توانێ وێڕای ئه‌ركی گرنگی خۆی له‌م ساته چاره‌نووسسازه‌دا جێگاى جه‌نابى مام جه‌لالیشمان بۆ بگرێته‌وه، لێره‌وه‌ش هیوادارم (مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى) به هاوكاریى (مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تیى پارتى) ڕوو له جه‌نابى كاك مه‌سعود بكه‌ن و ببن به هاوكارێكى جددى، بۆ ئه‌وه‌ى تواناكانى جه‌نابى مام جه‌لال بگاته كاك مه‌سعود، چونكه كاریگه‌ریى تاك له هه‌موو بواره‌كانى ژیان كاریگه‌رییه‌كى یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ى هه‌یه.
6/3/2016