مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
ماوه‌یه‌كی زۆره، مشتومڕێكی زۆر له‌سه‌ر دابه‌شكردن یان مانه‌وه‌ی عێراق به‌یه‌كپارچه‌یی له‌نێوه‌نده سیاسی و میدیایی و جه‌ماوه‌رییه‌كاندا ده‌كرێت.له‌ئاستی تیك تانكهكانیشدا، ئه‌و پرسه هه‌ڵسه‌نگاندنی جیدی بۆ ده‌كرێت.ئه‌وه‌ی كه له تینك تانكه‌كانه‌وه له‌دوای پرۆسه‌ی ڕزگاركردنی عێراق له‌باره‌ی عێراقه‌وه نووسراون و په‌خش كراون، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وان بۆ ئایندهی عێراق ته‌نها دابه‌شكردنه. به‌ڵگه‌ی ئه‌م بۆچوون و ئه‌نجامگیرییه‌ش، ئه‌و هه‌موو سیناریۆ و نه‌خشه جیاوازانه‌یه كه له‌و تینك تانكانهوه بۆ عێراق و ناوچه‌كه و شێوازه‌كانی دابه‌شبوون ده‌كێشرێن و بڵاوده‌كرێنه‌وه.لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه ئاماژه‌ی پێ بدرێت، ئه‌وه‌یه پرۆسه‌ی دابه‌شبوونی عێراق، له‌ئێستادا له‌حاڵه‌تی پراكتیزهبووندایه، هه‌نگاو له‌دوای هه‌نگاو دێته پێشه‌وه، بۆیه گۆڕانێكی دراماتیكی به‌رهه‌م ناهێنێت كه هه‌مووان به‌بێ وردبین هه‌ستی پێ بكه‌ن. به‌ڵكو گۆڕانه‌كه زۆر هێواشه و پێویسته مرۆڤ به‌چاوێكی زۆر ورد سه‌رنج بدات، تاكو له هه‌قیقه‌تی كارابوونی نه‌خشه‌ی دابه‌شكردنی عێراق تێبگات.
ئه‌و سیناریۆیه‌ی بۆ دابه‌شكردنی عێراق له‌كاردایه، جیاوازه له‌وه‌ی له‌سوریا له‌ئارادایه، ڕه‌نگه جیاوازییه‌كه‌ش له‌وه‌دابێت كه له‌و وڵاته‌دا ترۆپكی پراكتیزه‌بوونی "فه‌وزای خه‌لاق"مان بینی، دواتر هاتنه پێشه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی "كیری-لاڤرۆڤ" كه ڕه‌نگه ببێته ناوكی گه‌ڵاڵه بوونی ڕێككه‌وتنێكی تر، وه‌ك ڕێككه‌وتنی "دایتۆن" كه له كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، توانی كێشه‌ی یوگسلاڤیا چاره‌سه‌ر بكات و، ئه‌و وڵاته‌ی گه‌یانده دابه‌شكردنێكی دراماتیكی. سوریاش به‌هه‌مان شێوه، چونكه له‌ناو ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌سته‌كه‌دا، دان به‌سنووری ئێستای ده‌سته‌ڵاتی لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كانی سوریادا نراوه. ئه‌وه‌ش ده‌بێته دیفاكتۆ بۆ دابه‌شكردنی سوریا.
هه‌رچی دابه‌شكردنی عێراقه، له‌وه‌دا جیاوازه كه كلیله‌كه‌ی به‌ده‌ستی عێراقییه‌كان خۆیانه.
به‌واتایه‌كی تر دابه‌شكردنێكی جه‌بری نییه به‌هۆی ڕێككه‌وتنی زلهێزه‌كانه‌وه. به‌ڵكو به‌شێكی زۆری داینه‌مۆی دابه‌شكردنه‌كه خه‌ڵكی عێراق و گرووپه ئیتنیكی و تایفییه‌كان خۆیانن.
ڕاسته له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی عێراق ئیراده‌یه‌كی ئه‌مریكی له‌پشته‌وه‌یه، به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه زۆرینه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكا بۆئه‌وه‌ی عێراقییه‌كان تێ بگه‌یه‌نن كه وڵاته‌كه‌یان دابه‌ش ده‌بێت، له‌بۆنه جیاجیاكان و له‌ده‌رفه‌ته نافه‌رمییه‌كاندا هه‌میشه ئه‌وه به‌گوێی عێراقییه‌كاندا ده‌ده‌ن كه ئه‌م وڵاته دابه‌شده‌بێت. ئه‌وه‌ش بۆ تێگه‌یاندنی لایه‌نه عێراقییه‌كانه له‌مه‌رامی فه‌رمیی ئه‌مریكا. ئیتر ده‌كه‌وێته سه‌ر لایه‌نه‌كان كه چۆن له‌و په‌یامه تێده‌گه‌ن، ده‌نا هه‌وانته نییه كه به‌رپرسێكی باڵای وه‌ك"مایكڵ هایدن"، سه‌رۆكی پێشووی "سی.ئای.ئه‌ی" به ئاشكرا ده‌ڵێت: " ئه‌وه‌ی له‌عێراق و سوریا ڕووده‌دات جوڵه‌ی تهكهتۆنی ناوچه‌كه‌یه و ئه‌و دوو وڵاته دابه‌شده‌بن". به‌ڵام هه‌میشه پرسیارێك،كه سیاسییه‌كانی عێراقی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، ئه‌مه‌یه: بۆچی ئه‌مریكاییه‌كان له‌كاتێكدا كه له‌ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان ئه‌و جۆره قسانه ناكه‌ن، به‌ڵام كه خانه‌نشین ده‌بن یان له بۆنه نافه‌رمییه‌كاندا باس له‌دابه‌شكردنی عێراق ده‌كه‌ن؟.
به‌بڕوای ئێمه، هۆكاری ئه‌و حاڵه‌ته په‌یوه‌ندیی به دروستكردنی سابیقه له‌په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هه‌یه، واته، ئه‌مریكا نایه‌ت به‌فه‌رمی باسی دابه‌شكردنی وڵاتێك بكات، چونكه ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه و ده‌بێته سابیقه بۆ دابه‌شكردنی وڵاتانی تر. بۆیه په‌ناده‌باته به‌ر كه‌ناڵی نافه‌رمی بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی به‌عێراقییه‌كان به‌وه‌ی ئه‌وان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه عێراق دابه‌شده‌بێت. تاكو عێراقییه‌كانیش لهپهیامهكه بگه‌ن. به‌كورتی، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت: دابه‌شكردنی عێراق به‌دڵی منه، به‌ڵام به‌ده‌ستی من نییه.
ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر زیره‌كیی بڕیارده‌رانی عێراقی كه چۆن له‌و په‌یامه تێده‌گه‌ن و چۆن كاری پێده‌كه‌ن. به‌ڵام پرسیار ئه‌مه‌یه: له‌كاتێكدا لایه‌نی ئه‌مریكی به‌و هه‌موو ده‌زگا و كه‌ناڵه‌ی بڕیار و ته‌حلیله‌وه بگاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه دابه‌شبوونی عێراق شتێكی حه‌تمییه، چۆنه وا هه‌ندێك هێزی كلاسیكی له‌عێراقدا گره‌و له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كه‌ن؟ به‌پشت به‌ستن به‌كام ئه‌رگۆمێنت و ڕوكنی پته‌و له‌عێراقدا؟.
هه‌رچۆن بێت، ڕۆژ به‌ڕۆژ دابه‌شبوونی عێراق ئاڵقه‌كانی خۆی ته‌واو ده‌كات. له‌م میانه‌یه‌شدا چاودێران پێدراوی گرنگتریان دێته ده‌ست. یه‌كێك له‌و پێدراوانه‌ی كه‌پێویسته به‌جیددی وه‌ربگیرێن بریتی بوو له‌و بڕیاره‌ی كه ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌كۆی ده‌نگ په‌سه‌ندی كرد و، تیایدا به‌شداریكردنی "حه‌شدی میللی" له ڕزگاركردنه‌وه‌ی موسڵدا ڕه‌تكرایه‌وه.
پێموایه ئه‌و بڕیاره جومگه‌یه‌كی گرنگی دابه‌شكردنی عێراقه، چونكه ئاماژه‌یه له‌سه‌ر دوو خاڵی سه‌ره‌كی:
یه‌كه‌م: هێزه شیعییه‌كان بۆیان نیه بێنه ناوچه سونییهكان، كه ئه‌وه‌ش دابه‌شبوونی كرده‌یی عێراقه.
دووه‌م: دابه‌شبوونی سیاده و بڕیاری سیاسی له‌عێراق، چونكه پێشتر "حه‌یده‌ر عه‌بادی" سه‌رۆكوه‌زیرانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری عێراق گوتی: حه‌شد لهڕزگاركردنهوهی موسڵدا به‌شدار ده‌بێت" به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ئه‌و بڕیاره سیادییه‌ی به‌غدا ڕه‌تده‌كاته‌وه و، كاری پێناكات.
به‌كورتی: ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر هۆیه‌ك له‌هۆیه‌كان، حه‌شدی میللی لهڕزگاركردنهوهی موسڵدا به‌شداریی نه‌كرد، ئه‌وا هیچ گومانێكی تێدا نامێنێته‌وه كه عێراق دابه‌شبووه و، ئاهه‌نگی ڕزگاركردنه‌وه‌ی موسڵیش ده‌بێته خه‌نه‌به‌ندانی مه‌رگی عێراق. ئه‌گه‌رێكه و پێویسته كورد به‌چاوی گرنگییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.
4/3/2016