فه‌رید زامدار
گرفتى دره‌نگ ئاشنابوونمان به پره‌نسیپ و مه‌وداكان و چه‌مكه‌كانى ڕۆشنبیریى دیموكراسیگهرایی و جۆره‌كانى دیموكراسى، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نهڕهخسانى كه‌شوهه‌وایه‌كى گونجاو له‌ناو بۆشاییه ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییه‌كانى مێژوو كه له‌و بۆشاییانه‌دا ئازادىییهكانى تاك و كۆمه‌ڵ قه‌ده‌غه و دهمكوتراو بووه به‌هۆى زه‌بروزه‌نگى حوكمه تۆتالیتارییه یه‌ك له دواى یه‌كه‌كانى ئه‌و ڕژێمانه‌ى له دواى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عیراقیه‌وه حوكمى عیراقیان كردووه ، تا گه‌یشتنمان به قۆناغى دواى ڕاپه‌رین، كه قۆناغێكى زۆر به‌په‌له و خێرا بوو بۆ تێگه‌یشتنمان له وانه‌كانى ڕۆشنبیریى دیموكراسى و چه‌مكه‌كانى ئازادى له كوردستانێكى له‌ناكاو سه‌ربه‌خۆدا، چونكه ئه‌و قۆناغه له بۆشاییه‌كى ئیدارى و ناسروشتیدا دروست بوو واته به حاڵه‌تێكى سروشتییانهى سیاسى و ئابوورى و مێژوویی له‌دایك نه‌بوو كه كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیمان بتوانى به‌زوویی و به‌خێرایی هه‌زمى بكات. پێشینه‌یه‌كى فیكرى و سیاسى واش له ئارادا نه‌بوو بتوانین ده‌ستى ئه‌و پرۆسه نوێیه بگرین و له‌گه‌ڵ خۆماندا بیگونجێنین به گۆتهیهكى تر له‌ناكاو ئازادى و دیموكراسى هاتنه به‌رده‌ستمان و نه‌مانتوانى به‌و شێوه‌یه‌ى كه پێویسته مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین چونكه ڕۆشنبیریمان له‌و بوارانه‌دا كه‌م بوو له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌زموونیشمان كه‌م بوو ئه‌وه‌شیان به‌ڕاى من خه‌تا و هه‌ڵه‌ى ئێمه‌ى تێدا نه‌بوو به‌قه‌د ئه‌وه‌ى خه‌تا و هه‌ڵه و بگره غه‌درى مێژوو بووه به‌رامبه‌ر به گه‌له‌كه‌مان دیاره هه‌وڵدانیش بۆ تێگه‌یشتن له‌و ڕۆشنبیریانه ده‌بێت فێرى ڕۆشنبیرىیه جیاوازه‌كان ببین، كه ههنگاونانێكه به‌ره‌و پێشكه‌وتنمان وه‌ك چۆن دواكه‌وتن گرفتى خۆى هه‌یه پێشكه‌وتنیش گرفتى خۆى هه‌یه.
دیموكراسیه‌ت چه‌ندین جۆرى هه‌یه و هه‌ریه‌كه‌و چه‌مكى سیاسىی تایبه‌ت به خۆى هه‌یه.. له‌وانه:
ــ (دیموكراسیه‌تى سیاسى) واته مافى هاووڵاتیان له ده‌نگدانى گشتى و له ده‌نگدانى نهێنى.
ــ (دیموكراسیه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى) واته یه‌كسانى و ڕه‌خساندنى هه‌موو بواره‌كانى كار و كارگوزارى بۆ هه‌موو هاووڵاتیان بێ هیچ جیاوازییه‌ك.
ــ (دیموكراسیه‌تى میللى) ده‌سته‌واژه‌یه‌كى سیاسیى ڕژێمه‌كانى شیوعیه‌ته له دواى دووه‌مین جه‌نگى جیهانى له یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت و ڕۆمانیا و چین و ڤێتنام و هه‌ندێك له وڵاتانى تر سه‌رى هه‌ڵدا و جیاوازیى ناوچه‌ییش له چهمكهكانیاندا هه‌بوو.
مێژووى دیموكراسیه‌ت بۆ وڵاتى (گریگ ، یۆنانى كۆن) ده‌گه‌ڕێته‌وه بەتایبەتى له شارى (ئه‌سینا) و دیموكراسیه‌تى ئه‌سینا كه به دیموكراسیه‌تى (ڕاسته‌وخۆ) ده‌ناسرا، چونكه هاووڵاتیانى شاره‌كه بێ جیاوازى له دانیشتنه‌كانیاندا كۆ ده‌بوونه‌وه و ئاڵوگۆڕى بیروڕا و ڕاوێژ و ڕاوێژكاریان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌كرد، ده‌رباره‌ى كاروبارى شاره‌كه‌یان و به كۆى ده‌نگ بڕیار و یاساكانیان له هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كاندا بۆ چاكسازى و یه‌كسانى ده‌رده‌كرد، له‌و كۆبوونه‌وانه‌شدا كۆیله‌كان و ئه‌وانه‌ى خه‌ڵكى شارى (ئه‌سینا) نه‌بوون به‌شدارییان پێ نه‌ده‌كردن، چونكه كۆیله‌كان بیانى بوون و له ده‌ره‌وه‌ى یۆنان ده‌كڕدران.
دیموكراسیه‌ت به مانا لیبرالیهكهى به ته‌واوى بهدهرنهكهوت تا له سه‌ده‌ى هه‌ژده‌هه‌مدا و ئه‌و كاته‌ى بیرمه‌نده ئه‌وروپیه‌كان بیرۆكه‌ى یه‌كسانیى مافه‌كانى گه‌ل و هه‌ڵبژاردنى حكوومه‌ته‌كان له لایه‌ن گه‌لانه‌وه خسته ڕوو.
نامه‌وێ زیاتر بچمه ناو ورده‌كارییه‌كانى دیموكراسیه‌ته‌وه، چونكه ئه‌م بابه‌ته قسه‌ى زۆر هه‌ڵده‌گرێ.
هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن و گروپى سیاسیى وا له دیموكراسیه‌ت گه‌یشتوون كه ده‌بێ به ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندىی ئه‌وان بێت و بۆ چین و توێژه‌كانى تر‌ى كۆمه‌ڵگا نه‌بێت له كاتێكدا له پرۆسه‌كانى دیموكراسیدا (براوه) و (دۆڕاوى براوه‌ش) هه‌یه.
29/2/2016