رێكان سه‌باح
پاش ئه‌وه‌ی ئۆجه‌ڵان و سه‌ركردایه‌تیی ئێستای كه‌جه‌كه، كه‌وتنه نێو ناكۆكییه‌كی قووڵ له‌ناوه‌خۆی په‌كه‌كه، ئۆجه‌ڵان بریاری دا، كه په‌كه‌كه ده‌ست له چه‌ك هه‌ڵگرێت، ئه‌و بڕیاره‌ی ئۆجه‌لان ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ میلی كاتژمێری سیاسی‌دا یه‌كانگیر بوو، به‌ڵام مه‌به‌ستداریش بوو، ئۆجه‌لان ویستی دوو هه‌نگاو به‌یه‌ك بڕیار بنێت، به درێژایی مێژووی چه‌كداریی په‌كه‌كه، سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م پارته نه‌یتوانیوه كۆنترۆڵی ته‌واوی گرووپی چه‌كداریی په‌كه‌كه بكات، نموونه‌ش دانوستاندنه‌كانی په‌كه‌كه‌یه له‌گه‌ڵ توركیادا كه به‌رده‌وام هێزی چه‌كداریی په‌كه‌كه هۆكاری تێكچوونی ئه‌و دانوستاندانه بوونه، ئه‌گه‌رچی په‌كه‌كه سودمه‌ندی سه‌ره‌كی بووه له رووی سیاسییه‌وه. به نموونه دانوستاندنی نێوان تۆرگوت ئۆزال و ئه‌شره‌ف به‌تلیسی و ئۆجه‌لان، به‌ڵام له‌و دانوستاندنه‌دا ده‌ركه‌وت كه ئۆجه‌لان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كانی ناو په‌كه‌كه نییه، هه‌ر زوو ئه‌و دانوستاندنه‌ی ئۆجه‌لان له‌لایان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌وه شكه‌ستی پێهێنرا، بۆیه ئۆجه‌لان له بڕیاری چه‌كدانانی په‌كه‌كه‌دا، هه‌م ویستی درێژه به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بدات كه به‌رده‌وام چه‌ك رێگری لێ كردووه، هه‌م ویستی رای گشتیی په‌كه‌كه ئاراسته‌ی ناو قۆناغێكی نوێ بكات كه ئه‌ویش خه‌باتی سیاسی‌و مه‌ده‌نی بوو، له به‌یاننامه‌كه‌شدا له نه‌ورۆزی پاردا زۆر به ئاشكرا ئاماژه‌ی پێدابوو، به‌ڵام چۆن جه‌میل بایك و دۆران كالكان و مسته‌فا قه‌ره‌سوو، عوسمان و بۆتانیان به ناوی ئاپۆ له په‌كه‌كه دوور خسته‌وه، به‌هه‌مان شێوه، ناوی ئاپۆیان بۆ خودی ئۆجه‌لانیش به‌كار هێنا و، توانییان هه‌م شكه‌ست به بریاره‌كه‌ی ئۆجه‌لان بێنن هه‌م ئۆجه‌لان له‌ناو په‌كه‌كه‌دا له دروشم و وێنه‌دا قه‌تیس بكه‌ن، پاش ئه‌مه‌ش ده‌وڵه‌تی تورك و حكوومه‌تی توركیا به ته‌واوی تێگه‌یشتن كه ئۆجه‌لان ئێستا ته‌نها ناوه نه‌ك ده‌سه‌ڵات، بۆیه ئۆجه‌لان له‌و به‌ینه‌دا په‌راوێز خرا، ئۆجه‌لانیش بایكۆتی لێدوان و دیداره‌كانی كرد له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په و پارێزه‌ره‌كانی.
ئێستا ئه‌قڵی سیاسیی قه‌ندیل له بایكۆتی ئۆجه‌لاندایه، له‌و كاته‌شه‌وه كه ئۆجه‌لان له‌ناو په‌كه‌كه و توركیا ته‌نها له چوارچێوه‌ی دروشم و وێنه‌دا ماوه‌ته‌وه، قه‌ندیل له سه‌رگه‌ردانییه‌كی قووڵی سیاسی‌دا له ناوچه‌كه جوڵه ده‌كات، هه‌ر جووڵه‌یه‌كیشی كردبێت دواجار له زیانی خۆی وه‌كو حزب شكاوه‌ته‌وه، هه‌موو جووڵه‌كانی بێ ئۆجه‌لان نه‌ك ته‌نها وه‌كو حزب به‌ڵكو سێ ده‌سكه‌وتی كورد له سێ به‌شی كوردستان خستۆته ناو مه‌ترسی كه من كه‌م تا زۆر ده‌مه‌وێت ئاماژه‌یان پێ بده‌م.
یه‌كه‌م: باكووری كوردستان و توركیا
پاش ئه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی كورد، "پێشمه‌رگه و یه‌په‌گه"، توانییان له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعشدا له‌سه‌ر زه‌مین سه‌ركه‌وتن تۆمار بكه‌ن، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه له‌سه‌ر ئاستی جیهان به سه‌ركه‌وتنی مرۆڤایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی شارستانیه‌تی جیهان پێناسه كرا، ئه‌مه‌ش بووه هۆكاری سه‌ركه‌وتنی هه‌ده‌په له باكووری كوردستان "نه‌ك ته‌عریفی كۆكه‌ره‌وه‌ی چه‌پ كه هه‌ده‌په بۆ خۆی ده‌یكرد له توركیا"، قه‌ندیل پێچه‌وانه‌ی هه‌موو دونیا پێناسه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه كرد و به‌رگریی كۆبانێی به ستالینگراد پێناسه كرد و سه‌ركه‌وتنی یه‌په‌گه‌شی به به‌رخودانی ئایدۆلۆژی و حزبی پێناسه كرد، ئه‌وه‌بوو په‌كه‌كه غرور گرتی و ئه‌و غروره‌ش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیا و ئه‌كپارتییه‌وه به‌كار هێنرا بۆ تێكشاندنی هه‌ده‌په، له‌نێوان ئه‌و ملمڵانێیه‌دا هه‌م پرۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له باكووری كوردستان هه‌م هه‌ده‌په له متمانه‌ی خه‌ڵك پاشه‌كشه‌ی كرد.
دووه‌م: رۆژئاوای كوردستان و سووریا
ئه‌گه‌رچی رێككه‌وتنی په‌كه‌كه و به‌شار ئه‌سه‌د له پارێزگاریكردنی رۆژئاوای كوردستان به چاودێریی ئێران كراوه، رێككه‌وتنه‌كه‌ش عه‌سكه‌ری و مخابه‌راتییه نه‌ك سیاسی، به‌ڵام ده‌كرا په‌كه‌كه ئه‌و رێككه‌وتنه بقۆزێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی به‌هێزی سیاسیی كورد له رۆژئاوای كوردستان دروست بكات و هێزه‌كه‌ی تێكه‌ڵی پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوای كوردستان بكات، به‌مه‌ش واقیعێكی تری ده‌سه‌پاند به‌سه‌ر سووریا و ئێران، به‌ڵام په‌كه‌كه له سێ رێككه‌وتندا كه راسته‌وخۆ له‌ژێر چاودێریی بارزانی كرا كه به رێككه‌وتنی "هه‌ولێر یه‌ك و دوو و دهۆك ناویان دێت" نه‌یتوانی ئه‌و بریاره بدات، هه‌رسێ رێككه‌وتنه‌كه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرد، به‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها رۆژئاوای كوردستان به‌ڵكو هێزه‌كه‌ی خۆشی خستۆته نێو گره‌وی ئه‌و شه‌ڕه‌ی گۆڕه‌پانی سووریا كه هیچ داهاتوویێكی دیار نییه، به‌مه‌ش درێژه‌ی به سیاسه‌تێكدا، كه نه جیۆگرافیا نه هه‌لومه‌رجی ئۆپژكتیڤی ناسی، بۆیه كه‌وته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی توركیا، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ش ئه‌وه‌نده جیددیه ئه‌گه‌ری هه‌یه له هه‌ر رێككه‌وتنێك، توركیا په‌كه‌كه و رۆژئاوای كوردستان بخاته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سیاسی و عه‌سكه‌ری له سووریا.
سێیه‌م: باشووری كوردستان
له‌گه‌ڵ شه‌ڕی داعش، په‌كه‌كه هێزێكی نارد بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا شه‌ڕی داعشی كرد، كه بووه جێگای دڵخۆشیی خه‌ڵكی باشووری كوردستان، توانی ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی 24 ساڵ پێ نه‌كرا له رێگای پاشكۆ سیاسییه‌كانی له باشووری كوردستان له ماوه‌ی كه‌متر له ساڵێك له‌ناو خه‌ڵكی باشووری كوردستاندا به ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام ئه‌قڵی قه‌ندیل نه‌ك هه‌ر له پاش ئه‌و ساڵه‌دا نه‌یتوانی پێناسه‌یه‌كی سیاسی بۆ ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ی بكات له‌ناو دڵی خه‌ڵكی باشووری كوردستاندا، به‌ڵكو هه‌ر زوو بوونی ئه‌و هێزانه‌ی به مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر باشووری كوردستان و هێزی سیاسی وێنا بوو، كه بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به گومانی داگیركردنی باشووری كوردستان له په‌كه‌كه بڕوانێت، ئێستایش ئه‌و تێروانینه بۆ هێزه‌كانی په‌كه‌كه ده‌كرێت، كه تاوه‌كو ئێستا بێ هیچ شه‌ڕێك له‌و ناوچانه ماونه‌ته‌وه، به‌ڵكو بوونه‌ته مه‌ترسیش به‌سه‌ر هه‌ندێك محوه‌ره‌وه به‌تایبه‌تی محوه‌ری شنگال، به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا، قه‌ندیل باشوور كوردستان جێ بێلێت و ئه‌و سۆزه‌ی كه دروستی كردبوو له‌ناو خه‌ڵكی باشووری كوردستان ته‌عریفێكی سیاسی بكات بۆ هێزه‌كانی دروستكراوی خۆی له باشووری كوردستان، به‌ڵكو بووه هه‌ڕه‌شه‌ش له‌سه‌ر قوتی پێنج ملیۆن كورد، به چاوی قووڵكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خۆی پێشان ده‌دات و له ئێستادا له ئاستی خه‌ڵك و هێزی سیاسی‌دا به تووندی شه‌رمه‌زار ده‌كرێت.
كۆی ئه‌و واقیعانه پێمان ده‌ڵێت، كه قه‌ندیل به ته‌واوی له هاتنه پێشه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌كان له‌و هاوكێشه نوێیه سیاسییه‌دا شكستی هێناوه، توانای خوێندنه‌وه‌ی واقیعبینانه‌ی نییه بۆ پێشهاته‌كان و ته‌واوی جووڵه‌كانی بووه‌ته مه‌ترسیی به‌سه‌ر خۆی و ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا، بۆیه ده‌بێت بڵێین قه‌ندیل شكا.
27/2/2016