مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
بۆ هه‌ر چاو‌دێر و شرۆڤه‌كارێكی ئاگادار له‌ئاڵوگۆڕه جیۆسیاسیییهكان، له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ڕزگاركردنی عێراقه‌وه تاكو ئێستا. خاڵێك كه‌زۆر به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وت ئه‌وه‌بوو كه نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌هه‌بوو له‌سه‌رده‌ستی سایكس –بیكۆدا ڕه‌نگ ڕێژی كرابوو، پاساوه‌كانی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ده‌ستداوه، بۆیه حه‌تمیه‌تی گۆڕینی وه‌ك ڕۆژی ڕووناك خۆی نمایش ده‌كرد.دواجار ڕووداوه‌كانی ناسراو به‌به‌هاری عه‌ره‌بی هاتنه پێشه‌وه كه هیچ گومانێكیان له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌هێشته‌وه كه نه‌خشه‌كه توانای هه‌ڵمژینی گۆرانكارییه‌كانی نه‌ماوه، چونكه بچوكترین ڕووداوی كۆمه‌ڵایه‌تی –سیاسی، وه‌ك خۆپیشاندانی دانیشتوانی شاره‌دێیه‌كی تونس، وه‌ك ئاگری ناوكا هه‌موو سنوره‌كانی بڕی و، سنوره‌كان مه‌ناعه‌ی ئه‌وه‌یان نه‌بوو ڕێگری له‌گواستنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن. له‌كاتێكدا ئه‌و دۆخه‌ی له‌تونس خۆپیشاندانه‌كانی بۆ داوای قووتی ڕۆژانه دروستكرد، ڕه‌نگه له‌وڵاته‌كانی تر به‌و شێوه‌یه نه‌بووبێت، كه‌چی خۆپیشاندانه‌كان په‌ڕینه‌وه. ئینجا پرسیارێك كه ئه‌وكاته و ئێستاش كردوومانه ئه‌مه‌یه: چۆن سنوره‌كان ئه‌و مه‌ناعه‌یان له‌ده‌ستدا؟ چۆن ڕووداوێكی ئابوری-كۆمه‌ڵایه‌تی –سیاسی له‌تونس، بونیادی نه‌خشه‌و سنوره‌كانی هه‌ڵته‌كاند؟.
لهگوازرانهوهی كهڤاڵهكهدا بۆ سوریا، ئه‌وه‌ی له‌ژێر به‌ڕه‌دا بوو هاته سه‌ر به‌ڕه. یانی مرۆڤ بۆئه‌وه‌ی تێبگات له‌وه‌ی نه‌خشه‌كه كۆتایی هاتووه، پێویستی به‌ئه‌قڵێكی باڵا و چاودێرییه‌كی به‌رده‌وامی پێدراوه‌كان نه‌بوو، چونكه زووبه‌زوو خۆپیشاندانه‌كان له‌سوریا بوونه هۆی دروستبوونی جه‌مسه‌رگیری تایفی له‌ئاستی مرۆیی‌دا، دواتر ئه‌و جه‌مسه‌رگیرییه له‌سه‌ر جوگرافیای سیاسی ڕه‌نگی دایه‌وه، له‌سه‌ر زه‌وی خاكی سوریا بووبه چه‌ند كانتۆنێكی جیاجیا له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زه‌ب و ئیتنیك.
سه‌یری مه‌شهه‌ده‌كه بكه، گه‌لێكی وه‌ك كورد، ئه‌و به‌شه‌ی كه به‌زۆر خرایه ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو سوریا، به‌جۆرێك مافی پێشێڵكرابوو، كه ته‌نانه‌ت ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته داگیركهرهشیان پێ ڕه‌وا نه‌ده‌بینرا، كه‌چی له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ڕووداوه‌كان به‌خاكی سوریا، كورد له‌ناكاو(به‌پێوه‌ری ستراتیژی) ده‌بێته ژماره‌یه‌كی قورس، كه ته‌نانه‌ت وڵاتانی ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا بۆ داكۆكی كردن له‌مانه‌وه‌ی ئه‌و گه‌له دێنه سه‌رخه‌ت. خودی گه‌له‌كه‌ش ده‌بێته خاوه‌نی قه‌واره‌ی جیاجیا.
مه‌به‌ست له‌و نمونه‌یه ئه‌وه‌یه تێ بگه‌ین له‌ئاستی هه‌ڵكشانی خواست له‌سه‌ر به‌خێرایی ئاماده‌كردنی پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه له‌سه‌ر له‌ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیارێتی دابه‌شكردنی ناوچه‌كه به‌سه‌ر خۆیاندا.
ئیدی هاتنی داعش پرسه‌كه‌ی خێراتر كرد، یانی وه‌زیفه‌ی داعش له‌م نێوه‌نده‌دا ته‌نها ئه‌وه‌بوو گوڕێكی دابه پرۆژه‌ی دابه‌شكردنه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زه‌بی. تاكو كارگه‌یشته ئه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت له‌سوریا، ئه‌وه‌نده‌یان خوێن له‌جه‌سته‌ی یه‌كتر هێنا، چیتر ناتوانن پێكه‌وه له‌ناو یه‌ك ڕووبه‌ردا بژین. ئه‌وه‌ش ترۆپكی جێبه‌جێبوونی تیۆری فه‌وزای دروستكه‌ره"الفوضی الخلاقه".
ئینجا له‌كاتێكدا ناكۆكییه‌كانی پێكهاته‌كان ده‌گه‌نه خاڵی نه‌گه‌ڕانه‌وه، كیری و لاڤرۆڤ دێنه سه‌رخه‌ت و بڕیار له‌ڕاگرتنی خوێن ڕشتن ده‌ده‌ن، به‌یه‌ك مه‌رجی زۆر ساده وئاشكرا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه‌له ده‌قی ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له‌سوریادا هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا و ئه‌مریكا له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوون، كه‌نابێت هیچكام له‌لایه‌نه‌كان هه‌وڵ بده‌ن ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌دا بگرن، كه‌ئێستا له‌ژێر ده‌ست لایه‌نێكی تردایه، ئه‌وه‌ش به‌واتایه‌كی ڕوونتر واته: هه‌ركام له‌و لایه‌نانه‌ی جه‌نگی سوریا كه‌توانیویانه ده‌ست بهسهرخاكدا بگرن، لایه‌نێكی تر بۆی نیه هه‌وڵ بدات لهژێردهستیان ده‌ری بهێنێت. به‌ڵكو ده‌بێته سنوری جوڵه‌ی خۆیان. به‌ده‌ربڕینێكی تر: ئه‌و سنورانه‌ی كه‌شه‌ڕی سوریا له‌نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا دروستی كرد، له‌ڕێككه‌وتنی كیری-لاڤرۆڤ دا شه‌رعیه‌تی پێ دراوه. بگره وه‌ك مافێكی پێكهاته‌كان ئاماژه‌ی بۆكراوه.
هاوكات ڕێككه‌وتنه‌كه دان ده‌نێت به‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌دا كه‌له‌ناوچه جیاجیاكانی سوریادا دروست بوون، به‌و پێیه‌ی كه‌داوایان لێده‌كات وه‌ك ده‌سته‌ڵات ڕێگه‌بده‌ن گه‌یاندنی كۆمه‌كی مرۆیی بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی خۆیان، هاوكات داوایان لێده‌كات له‌هه‌ر پێشێل كارییه‌ك نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان به‌فه‌رمی ئاگادار بكه‌نه‌وه. سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش داوا له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات ده‌ستدرێژی نه‌كه‌نه سه‌ر سنوره‌كانی یه‌كتر.
دواجار: له‌هه‌موو ئه‌وانه‌وه تێده‌گه‌ین كه‌دابه‌ش بوونی سوریا له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زه‌ب و ئیتنیك بوو به‌ڕاستی و به‌چاوی سه‌ر ده‌ی بینین و دووگهوره هێزی جیهانی داكۆكی لێده‌كه‌ن و پێی قایلن. بۆیه پێم وایه له‌م سه‌ده‌یه‌دا، له‌بری سایكس-بیكۆ ڕێككه‌وتنی كیری-لاڤرۆڤ ده‌بێته ماده‌ی توێژینه‌وه‌كان. به‌حوكمی ئه‌وه‌ی هێشتا ئه‌و ڕێككه‌وتنه قاڵبی نه‌گرتووه، كورد ده‌توانێت بیكاته ده‌وازه‌ی ده‌رچوون له‌قۆناغی داگیركاری و، داوابه‌دوای مه‌رگ یان توانه‌وه‌ی داعش ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت.
26/2/2016