نوسینی: عەلی زیرەک
“كۆنگرەی ناسنامە” ساغمان دەكاتەوە.
بانگەوازێك بۆ كوردناسان و خەباتكارانی وڵاتەكەمان، لە ژێر ناوی: "بەستنی كۆنگرەیەك بە مەبەستی ساغبوونەوەمان لەسەر ناسنامەیەكی هەمەگیر لەسەر كورد، لە روانگەی كوردەوە" ئامانج لەم نووسینە بەرچاوڕونییەكی زیاترە بۆ كاراتركردنی "كۆنگرەی نەتەوەیی" و گیرابوونی پەیامەكەی لەسەر رای گشتی كورد و دنیا. بەستنی كۆنگرەیەكی كوردستانییانە لەسەر "ناسنامەی کورد" وەك سەرەتایەكی باش بۆ یەكترناسینی لایەنەكان و هێنانەبەرباسی كێشە بنەڕەتییەكان پێویستە و ئامانجەكانی دەتوانێ ئەم خاڵانەی خوارەوە بێت :
1- ساغبوونەوە لەسەر نەخشەیەكی جوغرافیایی بۆ هەموو كوردستانیان و میدیای كوردی كە تەنیا ئەم نەخشەیە بچەسپێنین و لە میدیا و پەروەردەدا بیگونجێنن.
(*) نەخشەیەک بە دڵی کوردان
ئەمەش بەو واتایە دێت كە كەسێك دەبێ بە تێروتەسەلی باس لە نیشتمانەكەمان بكات، با ئەو كەسە هەر خۆمان بین، نەك ئەوەی نەخشەی وڵاتانی دیكە بەسەرماندا بسەپێنرێت. یانی دەبێ لە دڵسۆزیی بێگانەش هەمیشە بە گومان بین، ئەگەرچی ئەو بێگانەیە تا رادەیەكیش خۆی وەك دۆست پیشاندابێت. بۆ نموونە نەخشەی ئامریكایییەكان لە باشووری گەورەی كوردستاندا، لوڕستان و بەشێكی هەمەدان و بەشی لوڕنشینی پاریزگای ئەراك و مەمەسەنی و بەختیاری و چوارمحاڵ و كۆگیلوویە و كازروون و بۆیێرئەحمەد و ناوچە كەناراوییەكانی خەلیج دیارینەكراون و ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە. یانی پشتیوانەكەی ئێمە ئەگەر ئامریكا بێت، لەگەڵ فارسەكان ساغ بووەتەوە كە بە رادەی پانتایی خاكی باشووری كوردستان، لە خاكی رۆژهەڵاتی كوردستان بدات بەوان و بەو شێوەیە هەم لەوان و هەم لە ئێمەش بچڕێت. یانی لەسەر نەوت و كانزا و ئیمكاناتی بەرفراوانی ئەم ناوچانە كە كوردستانن، لەگەڵ فرسەكان رێككەوتن بكات كە جێگای سەرسوڕمانیش نییە و لە رابردوودا ئەوەیان كردووە و ئێستاش لە بەرەكەی دەخۆن. نموونەكەی ویلایەتی موسڵی كۆنە، كە ئێستا پارێزگا و نیوێكمان لەدەست چووە. ئەمەش وامان پێدەڵێ: هیچ وڵاتێك بە قەدەر ئێمە شپرزە نییە، چونكا بە چاوی خۆمان دەیبینین و رێگاچارەشی بۆ نادۆزینەوە.
(**) نەخشەی ئامریکاییەکان کە کوردستانیان ئەوەندە بینیوە و چاوساغەکانیان دیارە باش نەبوون.
ئەم کارەش بەو مەبەستە دێت کە لانیکەم دەتوانێ لەدەست دەیان نەخشەی جوغرافیایی کوردستان رزگارمان بکات کە لەسەر هیچکامیان ساغ نەبووینەتەوە. ئەم خاڵەیان جەوهەریترین خاڵی "نەتەوایەتی"یە.
2- زمان و ئەدەبیاتی كوردی و ناساندنی بە جیهان، بە یەكدەست كردنی زمانەكەی و پێكهێنانی لێژنەیەك بە مەبەستی چالاكتركردنی زمانی پێوەندی و نووسینی كوردستانییانە.
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کە خەڵک دەیانەوێ هەموو زمانەکان فێر ببن و خۆیان راستەوخۆ سەفەر و پێوەندی بکەن، زمانی فەرمیی ئاسانکراو بۆ فێربوون گرنگە. بۆیەش لەم سەردەمەدا کە زمان دەتوانێ رۆڵێکی گەورە لە ئەستاندنەوەی شوناسی نەتەوەییماندا بگێڕێ، کۆک بوونی خۆمان لەسەر کۆمەڵە رێوشوێنێکی زمانەوانیی کوردستانییانە گرنگ و شایانی بایەخپێدانی زیاتر لە جارانە.دەتوانین بریاری خۆمان لەسەر بابەتە سەرەکییەکانی پێوەندیدار بە زمانی کوردییەوە بدەین. ساغ ببینەوە کە خۆمان چۆن لەگەڵ زمانەکەمان هەلسوکەوت بکەین.
بەم پییە پێویستە پێش لەوەی وەک نەخشە جوغرافییەکانی نەشارەزایانی دەرەوەی بازنەی ناسیارێتیی کورد لەسەرمان بریار بدرێت، ئێمە خۆمان بیر لە رێگا چارەیەکی لێزانانە بکەینەوە. پێویستە بریارێک لەسەر بەدەستەوەگرتنی رکێفی زماەکەمان بدەین. ئەمەش بە کارکردنی فرەرەهەند و فرەلایەن و کوردستانییانە دەکرێت.
یانی ئێمەش دەبێ وەک نەتەوە ساغ ببینەوەو کە زمانی راگەیاندن و پەروەردەمان ببێت و ئەو زمانەش رێککەوتنی لەسەرکرابێت.
3- پەسندكردنی ئاڵای كوردستان بۆ هەر چوارپارچەی كوردستان لە رێككەوتننامەیەكی نەتەوەییدا(هەڵمەتی ئیمزا كۆكردنەوە لە هێزەكان)
ئەم کارە دەتوانێ ئاسانترین و لەهەمانکاتیشدا پڕ لە بایەخێکی زیاتر لەوە بێت کە بۆی دەچین.
ماوەیەك لە فەیسبووك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا شتێكی وا هاتبووە ئاراوە كە باسی لە لاچوونی رەنگە سپییەكەی ناو ئاڵاكە و لابردن یان كەمرەنگكردنی رۆڵی خۆرەكەی (خۆر لەناو رەنگی سپیدا) و زەردكردنی ناوەڕاستی ئاڵاكە دەكرد. خۆ لەوانەیە ئەمەش باس لە بۆشاییەك بكات. یانی رەنگی سپی ناو ئاڵاکەیان زۆر کەمبایەخ پیشاندابوو.
دیارە(كۆما جڤاكێن كوردستان) یش ئاڵایەکی تایبەتی قبووڵە و هەرێمی باشووری کوردستانیش هاوڕا لەگەڵ بەشی زۆری رۆژهەڵات و رۆژئاواش ئاڵای پەسندکراوی پارلمانی باشووریان لەلا پەسندە.
کورد دەتوانێ بە پەرەپێدانی دۆخێکی لەبار بۆ وەگەڕخستنی متمانەی نەتەوەیی و کوردستانییانە، لەسەر ئاڵایەکی خۆشفۆڕم و هەمەپەسند ساغ ببێتەوە. ئەمەش بە دەمارگیری ناکرێت بەڵکوو بە متمانەی زیاتری لایەنەکان دروست دەبێت و نابێ هێزی پارچەکانیش لەبیر بکرێن. یانی دەبێ کۆی هێزی پارچەکان لە ٤ فێدراسیۆندا ئەم ئاڵایە پەسند بکەن. ئەمەش رێزگرتنە لە خەباتی سیاسیی پارچە رزگارنەکراوەکانی کوردستان و مافەکانیان کە خۆمان وەک دەسپێکێکی دێمۆکراتیک دانی پێدا بنێین.
4- سروودی نەتەوەیی "ئەی رەقیب" و پێشنیارو ناڕەزایییە نوێیەکان
سروودی نەتەوەیی کەسایەتیی نەتەوەیەکە کە بە زماندا دێت. ئەمە دەبێ دەربڕی ئازارەکان، شانازییەکان، سەروەری و ئامانجەکانی ئەو گەلە بێت.
بۆیە پێویستە لەگەڵ رۆژگاردا ئاهەنگەکانمان بخەینەوە بەردەم ڕای گشتی و دەنگی پێبدەین.
پێموانییە نەتەوەکان لەشوێنی خۆیاندا ببەستن. پێموانییە بە هیچ لایەنێکیشمان بتوانین بە زۆری سروودێک بەسەر نەتەوەیەکدا بسەپێنین.
بەتایبەت نەتەوەی کورد خاوەنی ویژدانێکی مێژوویی بووە کە سەپاندنی تا سەر قبووڵ نەکردووە و دەبێ سروود و هێماکانی بە شێوازێک بن کە کاریگەرییەکی رۆحی لەسەر تاکەکانی دروست بکەن تا ئەوانیش بتوانن بیپارێزن.
لەم ماوەی چەند ساڵەدا زۆر کەس و لایەن باسی گۆڕینی سروودیان کردووە و ئەمەش ناچێتە خانەی دژایەتیەوە مەگەر نییەتی لایەنی بەرانبەر دەربکەوێت.
بۆیە ئەگەر کێشەش لە سرووددا بێ یان وشەکان بە جۆرێک بن پڕاپڕ ئامانجەکانی کورد نەپێکن دەتوانین پێداچوونەوەیان بۆ بکەین بە بێ ئەوەی پێمانوابێ کارێکی سەیرمان کردوە.
5- هەڵسەنگاندنێكی كۆمەڵناسی – دەروونیی چەمكی پێوەندیی نەتەوەیی و چالاكتركردنی ئەم بوارە بۆ پەرەگرتنی چالاكیی كلتووری - نێوخۆییمان.
یەکێک لەو بابەتە نەتەوەییانەی کەمتر ئاماژەی پێکراوە، پێوەندیی لاوازی نێوان تاکەکانی کوردە. بە گوێرەی خەبات و کارکردنمان لەسەر کاراترکردنی پرسی نەتەوەیی و تێپەڕاندنی چاخی ژێردەستی، ئێمە لەم بوارەدا کەمترخەمیمان زۆر کردوە و بۆیەش دوژمن توانیویەتی لەم بۆشاییە رۆحییە کوردستانییانەیەی نێوان تاکەکانی پارچە و ناوچەکانی کوردستان کەڵک وەربگرێت.
پێویستە لەم بوارەدا بە دانان و بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵە کلتوورییەکان و دروستکردنی بۆنەی زیاتر و داتاشینی بۆنەی نەتەوەییانەی وەک "رۆژی یەکێتی نەتەوەیی" ئەم قۆناغەی خەباتمان تێپەڕ بکەین و بڕۆینە قۆناغێکی سەرەوەتر.
6- دروستكردنی وەفدێكی دیپلۆماتیكی نەتەوەیی و هەڵبژاردنی كاراكتەری شارەزا لە نوێنەرانی سیاسی و مەدەنی و میدیایی و ئاكادێمیك، بە مەبەستی كاركردن لە ناوەندە جیهانییەكاندا بۆ ناساندنی دۆزی كورد و كێشەكانی بە دنیای دەرەوەی خۆمان.
ئەمە دەبێ بە بەشداریی نوێنەری پارچەکان و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان بەڕێوە بچێت.
لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێ کە مەبەستی سەرەکیی ئەم بانگەوازە، پەرەپێدانی ستراتێژێکی نەتەوەیی و کوردستانییانەی دێمۆکراتیکە کە رێگا لە خەسارکردنی هێزەکانی کورد دەگرێت. رێگا لە دەستێوەردانی دەرەکی دەگرێت.
رێگا لە هەڵپەی لایەنەکان دەگرێت. رێگا لەوە دەگرێت کە چەند لایەن بە ناوی نەتەوەیەکەوە بێن و دیسانەوە کوردستان بکەن بە مەیدانی رمبازێنی شەڕی ناوخۆیی. هەمووی ئەم ئەگەرانەش بۆیە دەبێ بگوترێ کە ئامانج لە کۆبوونەوەی هێزەکانمان لە "کۆنگرەی نەتەوەییدا" ململانیی ناوخۆیی نەبێت، بەڵکوو دەبێ ساغبوونەوە لەسەر سڕینەوەی ناکۆییەکان بێت. کۆتاییهێنان بە کێشەی ناوماڵی کورد بێت، ئەو مەرجەش دابنێین کە لەسەر لاوازکردنی هێزی هیچ لایەن و پارچەیەک کار نەکەین. یانی "کۆنگرەی ناسنامە" رێگاخۆشکەرە بۆ "کۆنگەرەی نەتەوەیی" سەرکەوتوو.