نه‌دا مێرگه‌سۆری
عێراق هه‌ر دوای ساڵی (2003)و دوای ڕووخانی رژێمی به‌عس و هاتنه سه‌ر حوكمی عه‌ره‌بی شیعه و گوایه به به‌شداریی كورد و عه‌ره‌بی سوننه، به زۆر قۆناغی جیاجیا تێپه‌ڕیوه و ئومێدی هه‌موومان ئه‌وه بووه كه ببێته ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی كه هه‌ر هیچ نه‌بێت، ببێـته نموونه له رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست.تێپه‌ڕینی به قۆناغی حوكمی ئینتقالی و دواتریش پێكهێنانی حكوومه‌ته یه‌ك به‌دوایه‌كه‌كان و مه‌جلس حوكم و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و دانانی ده‌ستووری عێراق، كه گوایه ببێته گارانتییه‌ك بۆ رێكخستنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادییه‌كان هاووڵاتیان، به‌ڵام تاكو ئێستایش نه ده‌وڵه‌تێكی به مانای وشه فیدڕاڵیمان بینی كه هه‌رێم تێیدا خۆی به هه‌رێمێك له ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی سه‌یر بكات و بتوانێت مافه ده‌ستووریه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات، نه حكوومه‌تێكمان بینی كه ته‌كنۆكرات بێت و بتوانێت به شێوه‌یه‌كی موئه‌سه‌ساتی كار بكات، نه ده‌ستوورێكمان بینی كه وه‌ك لوتكه‌ی هه‌ره‌می یاسایی سه‌یر بكرێت و رێز له به‌نده‌كانی بگیرێت و پێشێل نه‌كرێت.
ئێستایش دوای (14) ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری عه‌ره‌بی رزگاربووی ژێر ده‌ستی (سه‌ددام حوسین) به‌و هه‌موو زه‌بروزه‌نگه‌ی به ده‌ست ئه‌م خوێنمێژه كێشایان و، به‌و هه‌موو كێشه سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازی و داراییه‌ی عێراقی پێی تێپه‌ڕ ده‌بێت، هێشتایش زۆرن ئه‌وانه‌ی حوكمی عێراق ده‌كه‌ن و به بیری شۆفینی له هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كان حوكم ده‌كه‌ن و، پێمان ده‌ڵێن، مافتان ده‌خۆین و باسی مافی خۆشتان نه‌كه‌ن، چونكه ئێوه(وه‌حده‌ی عێراق) تێك ده‌ده‌ن. من ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌م، ئایا(وه‌حده‌ی عێراق) راستییه و هه‌یه، یان له خه‌یاڵی ئه‌واندا بوونی هه‌یه؟
بێگومان وه‌حده‌ی عێراق وه‌ك دوو وشه ماوه، به‌ڵام له ئه‌رزی واقع نه‌ماوه و شتێك نییه به‌و مانایه له عێراق، چونكه شیعه بۆ شیعه حوكم ده‌كات و سوننه بۆ سوننه و كوردیش بۆ كورد، حوكمی ئێستای عێراق كه شیعه تێیدا باڵاده‌سته، به ناوی زۆرینه، ئه‌جێندای مه‌زهه‌بی و ئه‌جێندای ده‌ستگرتن به‌سه‌ر عه‌ره‌بی سوننه و كوردی هه‌یه و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی مافه‌كانیان ده‌دات. هێشتایش نایانه‌وێت د‌رك به‌وه بكه‌ن هه‌رێم هه‌رێمێكه كه تایبه‌تمه‌ندیی ده‌ستووری خۆی هه‌یه و ده‌بێت وه‌ك هه‌رێمێك ره‌فتار بكات، وا ده‌زانن هه‌رێم به‌غدایه و ده‌بێت به مه‌ركه‌زیه‌ت به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن.
ئه‌م مه‌ركه‌زیه‌ته ئه‌گه‌ر پێش (2014) به نائاشكرایی بووبێت و به نه‌دانی ته‌واوی رێژه‌ی(17%)و پاره‌ی پیشمه‌رگه بووبێ، به‌ڵام ئیتر هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵی (2014)ه‌وه خۆی به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌رخست و به بڕینی قوتی خه‌ڵك و دژایه‌تیی هه‌رێم و لێدوانه توونده‌كانی(نووری مالیكی) ده‌ستی پێكرد.
ئێستایش سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێ(حه‌یدر عه‌بادی) له‌به‌ر (وه‌حده‌ی عێراق) و تێكدانی باردودۆخی زیاتری هه‌رێم و یاریكردن به هه‌ستی هاووڵاتی كوردستانی، لێدوانی سه‌یر سه‌یری بێبنه‌ما له راگه‌یاندنه‌كان ده‌دات، گوایه ئه‌و وه‌ك عێراق هێنده باره دارایییه‌كه‌ی باشه كه گه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌موو نه‌وتی خۆی راده‌ستی عێراق بكات، پاره‌ی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دابین ده‌كات، باشه گه‌ر وایه و جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق راستگۆیه، بۆچی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق به‌س توانای خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی هه‌یه و هه‌موو خه‌رجییه‌كانی خۆی راگرتووه، بۆچی ده‌ستی بۆ وڵاتان و سندووقی نه‌ختینه‌ی ده‌ولی پان كردووه‌ته‌وه كه قه‌رزی پێبده‌ن و خۆی له قه‌یرانی دارایی رزگار بكات. ئه‌گه‌ر به راستی جه‌نابیان له خه‌می چاره‌سه‌ركردنی كێشه داراییه‌كانی هه‌رێمه، بۆچی له دواكۆبوونه‌وه‌ی خۆی و شاندی هه‌رێم ئه‌و قسه خێرانه‌ی نه‌كردووه، خۆ ژووری داخراوبوو و هه‌موویان له ته‌نیشت یه‌كتری دانیشتبوون و باشتر گوێبیستی یه‌كتر ده‌بوون و ده‌یانتوانی باشتر گفتوگۆ بكه‌ن.
ئه‌ى خودى جه‌نابی نه‌یگوتبوو چه‌ند نه‌وتم پێبده‌ن هه‌ر هێنده پاره‌تان پێده‌ده‌م. كێشه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه دوو قسه‌ی به‌غدا له لایه‌ن هاووڵاتی هه‌رێم باوه‌ری پێده‌كرێت، به‌ڵام ده‌یان قسه‌ی هه‌رێم باوه‌ڕی پێناكرێت، بۆیه هه‌ر لێره‌وه‌ش ئه‌و پرسیارانه ده‌كه‌م، ئایا بۆچی هاووڵاتی هه‌رێم بڕوا به قسه‌ی به‌غدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام گومانی له قسه‌كانی هه‌رێم هه‌یه، ئایا مه‌سه‌له متمانه‌یه؟ یان هه‌رێم نه‌یتوانیوه هاووڵاتیانی خۆی له دواپێشهاته‌كان و پاشهاته‌كان ئاگادار بكاته‌وه؟ گریمان هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ش وا بێت، به‌ڵام ئایا هێنده ساڵه و له‌وه‌ته‌ی عێراق بووه‌ته ده‌وڵه‌ت، قسه‌كانی به‌غدا هیچ خێرى بۆ كوردستان هه‌بووه؟
20/2/2016