فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

نەجمەددین کەریم

پارێزگاری كەركووك دەڵێت شتێك بەناوی كاتی هەڵە بۆ گشتپرسی بوونی نییە و ئەگەر گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان بكرێ‌، دەبێ‌ پارێزگای كەركووكیش بگرێتەوە. هەروەها دەڵێت پێویستە كەركووك بكرێتە ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی لەنێو هەرێمی كوردستاندا و توركمان و عەرەبی كەركووكیش نوێنەریان لە سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستاندا هەبێ‌.د.نەجمەددین كەریم، پارێزگاری كەركووك لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ بەشی ئینگلیزیی پۆرتاڵی (رووداو) نایشارێتەوە كە قەیرانی دارایی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر پارێزگای كەركووكیش جێهێشتووە و دەڵێت "دابەزینی نرخی نەوت و جەنگی دژی داعش وەكوو هەموو بەشەكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر كەركووكیش داناوە، هەموو ئەو شتانەی كە دەستمان پێكردبوون وەستاون و هیچ پارەیەكیش نییە بۆ ئەوەی لەم پرۆژانەدا خەرجیان بكەین".پارێزگاری كەركووك هەروەها رایگەیاند لە ساڵی 2014ەوە هیچ بەشە بودجەیەكیان لە بەغداوە بۆ نەهاتووە، هیواشی خواست ساڵی 2016 باشتر بێت لە ساڵەكەی پێشتر كە هەمووی بە جەنگی دژی داعش تێپەڕی.

د.نەجمەدین دەڵێت كێشەكە تەنیا ئەوە نییە پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكە وەستاون، بەڵكو بەشی رۆژئاوای پارێزگاكەش لەژێر كۆنترۆڵی داعشدایە و بەم هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە خانووبەرەی خەڵك وێران بوون.

گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان

پارێزگاری كەركووك پێشتر رایگەیاندبوو ئەگەر بڕیاربێت كەركووك بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوە پێویستە حاڵەتێكی تایبەتی بۆ لەبەرچاو بگیرێت، لەبارەی ئەم پێشنیازەوە د. نەجمەدین كەریم گوتی "یەكەم شت دەبێت هەموو خەڵكانی ناو كەركووك باوەڕ بە بیرۆكەی گەڕانەوە بۆ سەر كوردستان بهێنن".

هەروەها دەڵێت "بۆ دڵنیاكردنەوەی عەرەب و توركمانەكان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كەركووك، پێویستە هەرێمی كوردستان چەند هەنگاوێك بنێت، لەوانە: ژمارەیەك یاسا لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێن كە دەربڕی مافەكانی كورد، عەرەب و توركمان بێت، كەركووك پێگەیەكی تایبەت و ئۆتۆنۆمی لەناو هەرێمی كوردستاندا هەبێت، چونكە كەركووك وەكوو هەولێر، دهۆك و سلێمانی نییە كە پێكهاتەیەكی یەكجۆریان هەیە و هەموویان كوردن".

ئەم ناوچە ئۆتۆنۆمەش بە گوتەی پارێزگای كەركووك "پۆلیسی خۆی دەبێت، خۆی چاودێری و كۆنترۆڵی دارایی خۆی بكات. هەروەها دەبێت رێوشوێنێك بگیرێتە بەر كە كورد و توركمان و عەرەب وەكوو یەك بەپێی رێژەی دانیشتووانیان نوێنەر و بەشدارییان لە سەرۆكایەتی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەماندا هەبێت. هەروەها دەبێت هەرێمی كوردستان دڵنیایی بدات كە بەپێی دەستووری عێراق پەروەردە بە زمانی عەرەبی و توركمانی هەبێت".

بە بۆچوونی د.نەجمەدین كەریم ئەگەر ئەم رێوشوێنانە بگیرێنە بەر، ئەگەری ئەوەش زیاتر دەبێت كە توركمان و عەرەبەكان دەنگ بە گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بدەن.

سەبارەت بە هەڵوێستی میلیشیا شیعەكان بۆ گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر خاكی كوردستان، د.نەجمەدین كەریم گوتی "ئێمە لە كەركووك هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ میلیشیا شیعەكاندا نییە. لەبەرئەوەی كەركووك ئێستا بەشێك نییە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو كێشەیەشیان نییە، بەڵام ئەگەر پرسەكە بخرێتە دەنگدانەوە، ئەوە دەبێت رێز لە ویستی خەڵك بگیرێت، هیچ پارتێكی سیاسی یان میلیشیایەك بۆی نییە دژایەتی بكات. ئەمە دەستوورە، ئەمە یاسای ئەم وڵاتەیە".

خەندەقەكانی دەوروبەری كەركووك

ماوەیەكە هەندێك لایەن رەخنە لەو خەندەقانە دەگرن كە لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگدا لێدراون. د.نەجمەدین هۆكاری رەخنەكانی بۆ "بێئاگایی" گەڕاندەوە و گوتی هۆكاری هەندێك لەو رەخنانە رەگەزپەرستانەیە "ئەمجۆرە خەڵكانە دژایەتی هەموو ئەو شتانە دەكەن كە كورد دەیانكات، بەڵام وابزانم هەموو جیهان لەوە تێدەگات كە ئێمە لەگەڵ دوژمنێكی خراپەكاردا رووبەڕووین".

پارێزگاری كەركووك لەبارەی كاریگەریی خەندەقەكان لەسەر ئاسایشی شارەكە گوتی "پێشتر هەفتانە 2 بۆ 3 ئوتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو دەتەقینەوە، بەڵام ئێستا ئەمانە نەماون".

نەوتی كەركووك و پێترۆدۆلار

لەمەڕ پشكی كەركووك لەو پارەیەی لە نەوتی هەناردەكراوی كەركووك بەدەست دێت، نەجمەدین كەریم گوتی "هەتا حوزەیرانی 2015 هەموو ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی نەوتی كەركووك دەستدەكەوت، بەوەشەوە كە لە رێگەی بۆڕییە نەوتەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكران، رەوانەی بەغدا دەكرا، بەڵام لە حوزەیرانی 2015ەوە هەتا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتەكە هەناردە دەكات و بە شێوازێكی سەربەخۆ دەیفرۆشێت، هەر بۆیەش ئێمە لە كەركووك چاوەڕوانی ئەوەمان هەیە پشكی خۆمان لە پێترۆدۆلار پێبدرێت".

گوتیشی "حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەر بەرمیلێك لە نەوتی كەركووك یەك دۆلارمان پێدەدات، وابزانم ئەم بڕە لە بودجەی عێراقدا 2 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك".

پارێزگاری كەركووك ئاماژەی بەوەش دا كە كەركووك نەك هەر نایەوێت لەو كێشەیەی نێوان بەغدا و هەولێردا تێوەگلێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەیەوێت پردێك بێت لە نێوانیاندا.

گشتپرسی

گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی ئێستا بووەتە رۆژەڤی هەرێمی كوردستان، هەندێك كەس و لایەن دەڵێن كات گونجاو نییە بۆ ئەو پرسە، بەڵام د.نەجمەدین كەریم كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانە، دەڵێت "شتێك بە ناوی كاتی هەڵە بۆ گشتپرسی بوونی نییە. كورد ئەو مافەی هەیە گشتپرسی بكات. كورد مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت، ئەگەر گەلی كورد ئەمەی ویست".

د.نەجمەدین زیاتر لەبارەی گشتپرسییەوە قسە دەكات و دەڵێت "بە بۆچوونی من ئەگەر بەنیازین گشتپرسی بكەین و سەربەخۆییش دەنگێكی بەهێزی لەپشت بوو، ئەوە هەندێك هەنگاو هەن دەبێت بیانهاوێژین. بچووكترینیشیان ئەوەیە لەو ناوچانەی لە ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە و ئیدارەی كوردیدان سەروەریی خاك رابگەیەنین. بە بۆچوونی من ئەم گشتپرسییە دەبێت كەركووكیش لەخۆبگرێت".

پارێزگاری كەركووك پێیوایە سیاسەتی عێراقی یەكگرتوو تەنیا كاتێك كاریگەر دەبێت كە "فیدراڵیزمێكی راستەقینە لەئارادا بێت". گوتیشی یەكێك لە مەرجەكانی سەركەوتنی ئەو سیاسەتە ئەوەیە كە رێگە بدرێت لە پاڵ هەرێمی كوردستاندا هەرێمی دیكەش پێكبهێنرێ، ئەو گوتی ئێستا شتێك بەناوی عێراقی یەكگرتوو نەماوە.

د. نەجمەدین لەسەر ئەو رایەیە كە "ئەگەر سوننەكان رێگەیان پێنەدرێت هەرێمی خۆیان پێكبهێنن و پۆلیس و دژەتیرۆری خۆیان هەبێت، ئەوە ئەگەر داعشیش نەمێنێت شتێكی دیكە سەرهەڵدەدات". گوتیشی "ئەگەر تێگەیشتنێكی راستەقینە بۆ فیدراڵیزم هەبێت، ئەوە عێراقیش وەكوو یەك یەكەی سیاسی دەمێنێتەوە، بەڵام بەبێ ئەمە عێراق پارچە پارچە دەبێت، ئێمە هیوادارین ئەمە بە ئاشتیانە رووبدات، بەڵام دەشێت زۆریش خوێناوی بێ".
19/2/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان