تەنیا کوردی
''لەتێ نان لە خاکێکی پڕ لە ئەمنیەتەوە دەستکەوێ باشترە، لە سکێکی تێر کە لەسەر کەشتییەکی بەڕێکراو لەنێو دەریایەک بۆ نقومبوون لە ڕێدا بێ.''ئەمنییەت بە (دی ئێن ئەی)ی مرۆڤ ناو دەبرێ، جیۆگرافیا و ناوچەیەک شەرعیەتی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و نکۆڵیی سیاسی لێ دەکرێ ئەگەر ئەمنیەتی نەبێ! خاک بەبێ ئەمنیەت چەندە گەشەسەندن لێیدا هەبێ، لەو کاتەی بێ ئەمنیەت دەبێ، بێ ماڵ و خودان دەبێ!..دەبینرێ لەوەتەی رووسیا و ئەمەریکا بوونەتە دوو رووی یەک دراو لە رۆژهەڵاتی ناویندا، مەلەفی ئابووری و سیاسی لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا پاشەکشەی کردووە، لە هەرێمی کوردستانیشدا قەیران بەرۆکی مەلەفی ئابووری و سیاسی گرتووە، بەڵام لە رووی مەلەفی ئەمنییەوە، دەکرێ بڵێین کورد یەکەمی ناوچەکەیە و سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەست هێناوە.. ئێستا ئەمنیەت پێوەرە بۆ مەنتیقی سیاسی و ئابووری، لە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستکەوتی ئەمنی بووەتە منکردنی رێگاچارەکان بۆ هەڵسانەوەی گەلی کورد لەم قەیرانەی کە هەیە.ئەمنیەت بە دی ئین ئەیی هەر دەوڵەت و خاکێک دادەنرێ، چونکە بەهۆی ئەمنیەتەوە شوناسی سیاسی و فەرهەنگی و جیۆگرافی، ناسنامەی راستەقینەی هەرێمی کوردستانی لەسەر نەخشەی دیپلۆماسیی جیهاندا دەرخستووە.
ههژموونی برسیبوون و گەمارۆی ئابووری، هەرچەند به تین بێ کاتییە، ئەگەر ئیرادەی چاکبوون هەبێ دەرچەی دەربازبوون ئاسان دەبێ، لەتێ نان لە خاکێکی پڕ لە ئەمنیەتەوە دەستکەوێ باشترە لە سکێکی تێر، کە لەسەر کەشتییەکی بەڕێکراو لەنێو دەریایەک بۆ نقومبوون لە ڕێدا بێ!. گۆڕاکاری له ناوچەکەدا بەڕێوەیە، هەر پێشهاتێک بێ لەبەر ئەوەی هەرێم مەلەفی ئەمنییهكهی سەرکەوتوو بووە، ناکەوێتە گێژاوێکهوه لێی دەرنەچێ، بە دڵنیاییەوە داهاتوو هیی هەرێمی کوردستان دەبێ.
ئەمنیەت کە هەبێ ئومێد هەیە! ئەو دەستەی کە کەڕامەتی پارێزگاریکردنی بۆ گەل لە دەستدا بێ، پشتئەستوورین کە هەوڵی زۆریشی هەیە بۆ چارەی ئەو قەیرانەی کە بەرۆکی گرتووین.
یەقینمان ههیه و دهزانین کە ئەم قەیرانەیش دەچێتە خانهی رابردووەوە، چونکە وانەکانی شۆڕش فێری کردووین، کە بە خۆڕاگری و بەردەوامی و هەوڵدان، قۆناخێکی دیکەی سەرکەوتن لەبەردەممانە بۆ درەوشانەوەی داهاتوو و دڵخۆشکردنی گەلی کوردستان.
رێگاکە سەختە بەڵام ڕوونە، ئەوانەی کە شەو و رۆژیان داوەتە پاڵ یەک بۆ سەرکەوتنی گەل و سەربەخۆییی کوردستان، دڵنیاین کە داهاتوو هیی ئەو کەسانەیە، ئەو جەنگاوەرە ونانە لە نیشتماندا بوونیان هەیە، بۆیە داهاتوویش لەسەردەستی ئەو سەربازە ونانە وەڵامێکی روونی بۆ گرووپێک لە ترسنۆکەکان پێیە، کە بە دوای دروستکردنی قەیرانەوەن.
ئەمنیەت و ئازادی لە باوەڕێکی تێرەوە، لە نەبوونی نان و پارە ناڕووخێ، چونکە کارگەی دروستکردنی باوەڕ و سەربەخۆیی و ئیرادە، جاران لە ئەمنیەتی شۆڕشەوە بوو، ئێستایش لە ئەمنیەتی بەرەو دروستکردتی دەوڵەتی کوردستانەوەیە.
ئەمنیەت کلیلی سەربەخۆیی و، شوناسی گەلی کوردە، بۆیە دەرگای گۆڕانکاریی نوێ و ئومێد و سەربەخۆیی، هەمیشە بە ڕووی کورددا کراوەیە.
17/2/2016