د.عومهر نورهدینی
زانستە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکان ئەوەیان ساغ کردووهتەوە، کە سەرەکیترین پێداویستیى ژیانى مرۆف بریتین لە پێداویستییە سروشتییەکانى وەک نان و ئاو و هەوا، دواى ئەوانه ئاسایش و ئارامیى زۆر گرینگن و، دواى ئەوانیش ئازادى و سەربەخۆیییە، بەڵام مێژوویى مرۆڤایەتى ئەوەشى سەلماندووە، کە ئەوکاتە نان و ئارامى و ئاسایش مانا جەوهەرى و راستەقینەکەى خۆیان وەردەگرن و دەیبەخشنە ژیان، کە سەربەخۆیى و ئازادییشیان لەگەڵ بێت. بۆیە دهزانین کە خراپیى بژێوى و کەمداهاتیى خەڵکى کوردستان وەک ژەهر تاڵ و کوشەندەیە، بەڵام ئێمە کە بە دریژاییى مێژوو، شۆڕش و خەباتمان کردووە لە پێناو ئازادى و سەربەخۆیى، هیچ کات خراپیى بارى گوزرەران و کەمداهاتى، نەبوون بە پاساو بۆ ساردبوونەوە لە خەبات لە پێناو ئازادى. من دڵنیام لەوەى کە ئەگەر هەڵەسەنگاندن و بەراوردکاریێکى زانستیانە بۆ رەگوڕیشەى کۆمەڵایەتیى شەهیدانى بزاڤى ئازادیخوازى گەلی کوردستان بکرێت، بەو ئەنجامە دەگەین کە زۆربەیان کەسانى هەژار و سەربە چینى زەحمەتکێش و جووتیار و خاوەن داهاتى سنووردار بوون؛ واتا هەژارى هۆکارى جۆشدەرى خەبات لە پێناو ئازادیدا بووە نەک بە پێچەوانەوە. بۆیە ئیستایش نابێت سەختیی بارودۆخى ژیان و کەمداهاتى، وەک پاساوێک بۆ ساردبوونەوە لە پرسى ریفرادۆم و کشان بەرەو سەربەخۆیى و تێکشکاندنى بازنەى فیدراڵى بەکار بهێندرێت، من دڵنیام ئەگەر سەرمایەگوزاریی حزبى بە پرسى ریفراندومەوە نەکرێ و، بە بەرنامە خەڵک سارد نەکرێتەوە، ئەوا گەلى کوردستان هەرگیز بەوە رازى نەبووە و نابێت کە بەهۆى هەژارى و کەمداهاتییهوه ریفرادۆم رەت بکاتەوە.
کاتێک گەلى کۆسۆڤا و گەلى مۆنتینیگرۆ و گەلى باشوورى سودان، ریفراندۆمیان کرد بۆ سەربەخۆیى، بارودۆخى ئابوورى و دارایى و ژیانیان زۆر لە ئێستاى کوردستان خراپتر بوو، بەڵام بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان کردوو دەنگیان بە سەربەخۆیى دا و، لە ئاکامدا هەر سەندیان و پێى گەیشتن.
زۆر گرینگە هەوڵ بدەین نان و ئازادی پێکەوە فەراهەم کەین، بەڵام ئەگەر ناچار بین لە نێوان تێروپڕیی بێ ئازادى و، هەژاریى بە ئازادى، یەکێكیان هەڵبژێرین، دەبێت هى دووەم هەڵبژێرین، چونکە مردن بە هەژارى و ئازادییەوە سەد جار شەرافەتمەندانەترە لە لە ژیانى بە تێرى سەرشۆڕانەى بێ ئازادى.
16/2/2016