کورد گوتوویەتی (دار کرمی لە خۆی نەبێت هەزار ساڵ دەژی)، لە واقعى ئەمڕۆماندا خەریکە کرمەکە ئەو دارەمان لێ دەخوا.ناگەڕێمەوە ساڵەکانی دوای 1916 و پەیماننامەی سایکس - بیکۆ و بەرژەوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا و ڕووسیای دوای فەرمانڕەوایەتیی عوسمانییەكان، بەڵکو هەڵوەستە لەسەر بابەتی دار و کرمەکە و پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد دەکەم.زۆر جار وتاری نیشتمانییمان بەهۆی هەندێک کەس و لایەنەوە پەرتەوازییەکی زۆری پێوە دیار بووە و بووەتە گرفتێکی جدی، بۆیە ئێستا جیاوازیی نێوان ئەو بەرەی (دژ) و بەرەی (لەگەڵ)، خەریکە یەک هەڵوێستی و یەک وتاریمان لاواز دەکات.بەرژەوەندیی حزبەکان و وڵاتانی ناوچەکەش کاریگەریی زۆریان بەسەر بەرەی (دژ)ـەوە بەجێ هێشتووە، ئەو کاریگەرییانە لە شیکردنەوەی دۆخەکە و لێدوانەکانیاندا هەست پێکراو بووە، بەتایبەتیش لە کاتە زۆر هەستیارەکاندا، لەبەر ئەم هۆکارە نەتوانراوە بە شێوەیەکی دروست بەرژەوەندییە باڵاکان بخرێنە پێش بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.
نەتەوەکەمان چواردەورى بەو وڵاتانە گیراوە کە هۆکاری سیاسەتی دابەشبوون و سەرکوتکردنمان بوونە، ئەمەش بووەتە هۆی لێکترازانمان و دروستکردنی جۆرەها کێشەی لاوەکی و هەمیشە یەکڕیزی و یەک گوتاریی ئێمەیان بە مەترسییەکی گەورە زانیوە و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژی مافە نەتەوایەتییەکانمان وەستاونەتەوە، ئێستاش بۆ کپکردنى دەنگی پڕ تامەزرۆی ئازادیمان، هەموو ڕێگایەکی دوژمنکارانەیان گرتووەتە بەر و لە هەوڵی تێکدەرانەی خۆیان نەوەستاون و تروسکاییەک هیوا بە گەلەکەمان بە ڕەوا نابینن و ئەوەی بۆیان لوابێت کردوویانە، هەر لە شەهیدکردن و بەندکردنى ڕۆڵەکانمان، تا دەگاتە زیندەبەچاڵ و ئەنفال و کیمیاباران کردنی ناوچەکانمان.
لەگەڵ ئەو هەموو کارەساتەی کە بە سەریشیاندا هێناوین، کەچى گەلەکەمان بۆ ساتێکیش لە خەباتکردن بۆ سەلماندنی ڕەوایی دۆزەکەمان کەمتەرخەم نەبووە، دەبێت بۆ سەلماندنی مافی خۆشمان سڵ لە هیچ کەس و وڵات ولایەنێک نەکەینەوە.
بۆ دوورخستەوەی فشارى ئەو کەس و وڵاتانە لەسەر هەردوو بەرەکە، پێویستمان بە گوتارێکی یەکگرتووی بەهێز هەیە، بەداخەوە تا ئەم دەمە بوونی ئەو گوتارە لە ئاست ئومێدەکانماندا نییە، ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازەیی لایەنەکان، بۆیە دەبێت لێک نزیک بوونەوە هەوێنى هەنگاوەکانی داهاتوومان بێت و بە دروستى و لە کاتى خۆیدا بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتمان و کاریگەریی حزبیی لێ دوور بخرێتەوە.
دوای سەد ساڵ پەیماننامەى سایکس بیکۆ، کپ کردنی دەنگی گەلانى ئازادیخواز، لەگەڵ ئاوابوونی خۆری ستەمکاری، گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، ئێستا گەلانی ژێردەستە لەپێناو ئازادی، شۆڕشی شارستانیی دژی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان بەرپا دەکەن، گەلی کوردیش تامەزرۆی ئازادی و بەدیهاتنى مافەکانیەتى، ئەو واقیعەی کە چەندەها ساڵە دوور لە ئیرادەى خۆى بەسەریدا سەپێنراوە کۆتایی هاتووە و ترس لە کۆتوبەندەکانی پێشووتر شکاوە و کاتی ئەوە هاتووە ئازادییە زەوتکراوەکان بە دەنگی گەلەکەمان و لە سندوقی دەنگدان وەربگیرێتەوە.
لە خوێندنەوەی مێژووشدا نابێ هەندێک لە وێستگەکانی خەباتمان بیر بچێتەوە، دەبێ بە وریاییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین و هەڵوەستە لەسەر هەندێک هەنگاوی نانیشتمانی بکەین، چونکە زۆرن ئەو کێشانەی خۆمان تیایاندا کەمتەرخەم بووینە و ستەممان لە دۆزەکەمان و مێژووی نەتەوەکەمان کردووە، بۆیە ئەستەمە بەو پەرتەوازەییەی نێوان ئەم دوو بەرەیە و ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە حزبییانە بگەینە ئامانجە گەورەکانمان و دەبێت چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ یەک گوتاریمان بدۆزینەوە.
14/2/2016