د. ساقی بارزان
سەربەخۆیی بنەمای شوناس و مۆرکی نەتەوەیە. گەلێک تا نەگاتە قۆناغی سەربەخۆیی، نکارێ بەرەوکامیل بوون و شارستانیەت هەنگاو بنێ. چەمکی ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و تاکەکەسی بێ واتایە کاتێ ئازادیی نەتەوەیی دەستەبەر نەکرابێ. ئەم چەشنە ئازادیی یانە و تەنانەت جێکەوتکردنی سیستمی دیموکراسی دەبێ چی مانایەک ببەخشێ کاتێ نەتەوەیەک بندەست بێ و داگیرکەردەستەڵاتی بە سەر تەواوی ڕەهەندەکانی ژیانی دا بشکێ؟ لە نێو هەناوی سیستمی سیاسیی فرەنەتەوەیی و فرە ئەتنیکیی کام ووڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، گەلێکی ژێر دەستە سەرجەم مافەکانی پارێزراوە و بەختەوەرە؟ ووڵاتێکیش نادۆزینەوە کە تژی نەبێ لە تەنگژە و کێشمەکێشی سیاسیی کەمە نەتەوەکانی ناوخۆیی و تەنانەت نیوەی مافەکانی کەمایەتییەکانی پاراستبێ. ئەنجا سیستەمی سیاسیی ئەو ووڵاتە چی ئیسلامی بێ یان سکیولار؛ دیموکراسی بێ یانیش دیکتاتۆری؛ لە ناو هەموو ئەم حکومەتانە دا ئاراستەیەکی وێکچووی تاکڕەویی و تۆتالیتاریی بەدی دەکرێ کە دان بە مافی کەمە نەتەوەکانی تری ئایینی و ئەتنیکی دا نانێ نەخاسمە گەلی کورد .
زۆرن ئەو نەتەوانەی کە لە ئەنجامی بندەستی دا ئەسیمیلە " ilationAssim" کران؛ یانیش بە تەواوەتی لە نێو بران. تا نەتەوەیەک نەگاتە سەربەخۆیی، ناشێ داکۆکی لە بنەما سەرەکییەکانی بوونی خۆی بکات و گەلەکەی لە توانەوەو و داگیرکاری بپارێزێ. لە ئەنجامی کێشە نێونەتەوەییەکان و بالانسی هێز و دەستەڵاتی زلهێزەکان، وڵاتان لە ناو دەبرێن یان دابەشدەکرێن و ووڵاتیكی تر چێ دەبێ وسنوورەکان دووبارە دادەڕێژرێنەوە. بە پێی سەرجەم داکومێنتەکانی بەردەست و نەخشەی زلهێزەکان، ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەرەو ئاقاری لێکترازان و جیابوونەوە ئاراستە کراوە و ئەمەش دەرفەتێکی لەبار بۆ کورد دەڕەخسێنێ تاکو لە سەر چارەنووسی خۆی دا بڕیار دەر بێ و نەیاررانی گەلی کوردیش درکیان بەم بابەتە گرینگە کردووە و لە ئاستێکی فراواندا دژایەتیی دەکەن و لە ناوخۆشدا کەم نین ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی تەبڵی دژایەتیی دەکوتن و بۆ سەربەخۆیی پێشمەرجی نابەجێ دادەنێن و خەڵکی بە لاڕێدا دەبەن بە بیانووی نەبوونی مووچەو خزمەتگوزاریی. وەلێ، ئەوە ئاماژەیەکە بە تێنەگەیشتن یان هەڵە تێگەیشتن لە چەمکی سەربەخۆیی. کاتێ کەسایەتییەکی مێژویی وەکو گاندی گەلەکەی بەرەو سەربەخۆیی لە بندەستی ئیمپریالیستی بریتانی هاندا، تەنیا سەرمایەی، گەلەکەی بوو و لە ئاکامدا سەرکەوت و تەنانەت بوو بە داهێنەری چەمکێکی ئازادیخوازانەی نوێ کە کردی بە ڕابەرێکی جیهانی و چەمک وتیورییەکانی لە زۆر ووڵات سودییان لێ وەرگیرا. سەرمایەی گاندیی بێجگە لە سەرمایەی مرۆیی چیتر بوو؟ ئایا گاندی و لایەنگرانی، خاوەنی ئابوورییەکی تۆکمە، سیستمێکی دیموکراسیی جێگیر، هێزێکی سەربازیی مۆدێرن و مەزن بوون ؟ یانیش خاوەنی بیری نەوت و کەرتی پیشەسازیی و کشت وکاڵ بوون؟؟ ئەوان بێجگە لە چەند مەتر قوماش بو جلی هیندی چی تریان هەبوو؟ گاندی دەیزانی لە پێش هەموو ئەو بابەتە گرنگانەی کە ناوم برد، شتێک هەیە کە لە سەروو هەموویانە ! ئەوەش سەربەخۆیی یە. هەموو ئەو بابەتانەی تر لە کاتێکدا دێنە ئاراوە و گرنگ دەبن کە سەربەخۆیی دەستەبەر کرابێ. بۆیە لەپاش سەربەخۆیی و لە ماوەیەکی کورتدا هیندوستان بوو بە زلهێزێکی سیاسیی و ئابووری و زانستی.
سەربەخۆیی نیازی بە قوربانی یە. قوربانیی ماددی و مەعنەویی گەرەکە. ئێمڕۆ سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیران و ئەکادیمییەکانی کورد سەرجەمیان بەرپرسن بەرامبەر ئەم بابەتە گرنگە. فرانتز فانون (Frantz Fanon) گووتەنی: "هەموو نەوەیەک دەبێ لە بەرپرسیارێتی خۆی تێبگات و ئەنجا؛ دەبێ یان ئەرکەکانی جێبەجێ بکات؛ یانیش دەتوانێ خیانەتی لێ بکات". بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیرانە کە تێزی سەربەخۆیی بۆ هاووڵاتیان شی بکەنەوە و لە هەمان کاتدا، پێداویستیی و گرنگیی سەربەخۆیی بئاخنە ناو زەینی خوێنەر و بینەر و بیسەری کورد. هنووکە ڕۆشنبیران لە هەموو کات پترئەرک و بەرپرسیارێتییان هەیە. لەبری ئەوەی ببنە سوارچاکی مەیدانی ئەجێندای دەرەکیی و نەیارانی دژ بە سەربەخۆیی، بەرپرسن بەرامبەر بە گەل و نیشتمان دا. چۆنکە عەوام کە شەوانەڕۆژ بە دوای پارووی نان دەگەڕێ؛ پەی بە گرنگیی سەربەخۆیی نابات و بۆ ئەوان مووچە گرنگترین بابەتە و لێشیان ناگیرێ و بە هەڵە تێگەیێنراون . لەوە خراپتر، هەندێ بە ناو ڕوناکبیر لەم کاتە هەستیارەدا، سواری شەپۆلی ناڕەزایی هاووڵاتیان بوونە و بە زوڵم لێکراو دەیانچوێنن و داوای ڕاپەڕینیان لێ دەکەن. وەکو فرانتز فانون دەڵێ :" زوڵم لێکراو هەمیشە سەبارەت بە دۆخی ژیانی خۆی، باوەڕی بە خراپیترینە. " عەوام بێئاگان کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی ئازاد و سەربەخۆدا، مافی خۆی و خێزانی مسۆگەردەبێ و لە پاش سەربەخۆیی بە جێگر کردنی سیستمێکی سیاسیی و ئابووری توکمە، نەوەی داهاتوو بەختەوەر دەبێ... ئەم کارە نابەجێیانەی هەندێ ڕۆشنبیر دەچنە ناو خانەی دیپۆلیتایزیشن؛ واتە کاتێ کە ئەرک و بەرپرسێتی یەکی زۆر گرنگتر هاتۆتە کایەوە؛ گەل سەرقال بکەیت بە شتگەلێکی لاوەکیی و کەم بایەختری خزمەتگوزاریی وەکو مووچە و ئاو و کارەبا. ئایا لەم قۆناخە هەستیارەدا کامەیان پڕگرنگە؟ ئەمە بێجگە لە خەیانەت، دەبێ چی ناوزەت بکرێ؟ ئەم جۆرە ناڕۆشنبیرانە لە هەموو سەردەم و شۆڕشێکی ئازادیخوازی گەلان بۆ سەربەخۆیی بوونیان هەبووە و گەلی کوردیش بێبەری نییە لێیان. ئەو ناڕۆشنبیرانە نەک ئەرک و بەرپرسیارێتی یان ڕا نەپەڕاندووە، بەڵکو بوونەتە لەمپەر و بەربەست لە تێگەیاندنی خەڵک و پرۆسەی سەربەخۆیی. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەگەر سەربەخۆیی ڕانەگەینین، بابەتەکانی مووچە و کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتی یەکان سەرجەمییان جێبەجێ دەبن ؟؟؟ چی پەیوەندییەک هەیە لە نێوان خزمەتگوزاریی و سەربەخۆیی ؟؟؟ من تێناگەم کام گەلە ئامادەیە لە ناو زیندان بێ و کارەبای هەبێ؟؟ گەلۆ ئازادیی و سەربەخۆیی لە سەروو هەموو شتێکەوەیە. ئازادی و سەربەخۆیی کلیلی پێشکەوتن و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی ترە. کاتێ سەربەخۆیی هاتە کایەوە، ئەنجا پێویستیی بە شۆڕشێکی مەدەنیانەی دژە گەندەڵیی یە بۆ سەپاندنی سیستمی دیموکراسیی و مافەکانی تاک و کۆمەڵ. چۆنکە خاک و ئازادیی و سەربەخۆیی پێناسەی شەڕەفی نەتەوەیی دەکات. هەمدیس فرانتیز فانون دەڵێ: " بۆ خەڵکی داگیرکراو، گرانترین بەها، لە پێش هەموو شتێک خاکە، ئەو خاکەی نان و لە سەروو هەمووی شەڕەفت بۆ دێنێ."
ئایا ئەگەر ئەم دەرفەتە مێژوویی یەی بۆ سەربەخۆیی هاتۆتە کایەوە لە کیس بدەین، لە داهاتوودەرفەتیكی وا گرنگ دەڕەخسێتەوە؟ با هەندێ خۆڕاگربین وتێبکۆشین بۆجێکەوتکردنی ستراتیژیەتێکی نەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی کە بەم نزیکانە تەنێ بە یەکگرتووییی و هاوهزریی و هاوکارایی هەموو لایەکمان دێتە دی. بێگومان ئەم ڕێیە پڕە لە کۆسپ و تەگەرە و هیچ ماف و ئازادییەکیش بە خۆڕایی بە کەس نادرێت. "ماندێلای مەزن" دەڵێ: "هیچ ڕێیەکی ئاسان بۆ ئازادی بوونی نیە و زۆربەمان بەر لەوەی بگەینە ترۆپکی ئامانجەکانمان، پێویستە لە ناو دۆڵی سێبەری مەرگدا دووبارە و دووبارە تێپەرینەوە ."
13/2/2016