سەرووتاری گاردیان
ناوچەی سووری ئامەد بە مێژووی دێرین و باڵەخانەکانی و لەباوەشگرتنی ئەم دواییەی تەواوی نەتەوەو ئایینە جیاوازەکان بەناوبانگە. بەڵام لە ئێستادا زیاد و کەم ئەوێ لە بەرەیەکی جەنگ دەچێت. عەبدوڵڵا دەمیرباشی سەرۆکی شارەوانی ناوچەی سوور لە راپۆرتێکی پێشتری گاردیاندا و لە باسی بارودۆخی ئێستای سوردا، وتی: "دەبابەکان بە کۆڵانە تەنگەکانی سووردا دێن و دەچن.. دانیشتوانی شار بۆ چەندین هەفتە لە نێو ماڵەکانی خۆیاندا گیریانخواردووە.. ئەوانەی دەچنە دەرەوە لە ژێر مەترسی گولـلەی قەناسەکاندان.. گەر بشپێکرێن لاشەکانیان بۆ چەندین رۆژ لە شەقامەکان دەمێننەوە". زۆرێک لە دانیشتوانی ناوچەی سوور ئەو بەشەی شاریان چۆڵکردووەو خانوو و باڵەخانە دێرینەکانی ناوچەکە بەر بۆردمانەکان کەوتوون و ئێستا تەنها چەند خشت و بەردێکن. لە سەرەتای مانگی ١٢- وە لە ناوچەی سوور هاتووچۆ بە تەواوی و بۆ ٢٤ کاتژمێر لە رۆژێکدا قەدەغەکراوە.
سەرکردەو سیاسییەکانی ناوچەی سوور ببون بە داکۆکیکەر لە دامەزراندنی دیالۆگی نەتەوەیی و ئاینی و لە هەوڵی بەردەوامدابوون بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئاشتیخوازی فرە نەتەوەی فرە ئاین لەم بەشەی تورکیادا کە کوردەکان و ئەرمەنییەکان و تورکەکان پەیوەندیەکانیان تیایدا باشتر ببێت، لە میانەی کارەکانیشیاندا کڵێسایەکی ئەرمینیەکانیان دوبارە بەڕووی مەسیحیەکاندا کردەوە و نۆژەنیان کردەوە. گۆڕانی ناوچەیەکی ئاشتیخوازی پڕهیوای وەک سوور بۆ بەرەیەکی جەنگ ئێستا بۆتە شتێکی ئاسایی لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا دوای تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی تورکیاو پەکەکە و شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی.
توندوتیژییەکانی لە ناوچەی سوور کەوتەوە سەرەتا تەنها لە چەند شوێنێک بوو، بەڵام وردەوردە خراپتر بوو و هێزە ئەمنیە تورکییەکان کران بەگژ شەڕڤانانی پەکەکەو گەنجە کوردە خوێنگەرمەکاندا. پێشتر، هەرچەندە چارەسەرێکی بنەڕەتی نەدەبیندرا، بەڵام ناوچەکە لەگەڵ ئاشتیدا راهاتبوو و بە درێژایی ئەو ساڵانەی کە حکومەت و پەکەکە لە دانوستاندا بوون ئاشتیان وەک بارودۆخێکی هەمیشەیی تەماشایان دەکرد. ئاسان نییە پەنجەی تۆمەت بخەینە سەر یەک لایەن و بڵێین ئەوان بەرپرسن لە تێكچوونی بارودۆخەکە، بەڵام ئەوە شکی تێدانییە کە حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان تێكچوونی بارودۆخەکەیان وەک موزایەدەی سیاسی بەکارهێنا تاکو چیرۆکی ترسی تیرۆری پێ بەرجەستە بکەن کە خستبوویانە دڵی دەنگدەرانەوەو لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی مانگی ١١ی ٢٠١٥ دا دەنگی دەنگدەرانیان بۆ لای خۆیان پێ راکێشابوو. زۆرێک پێیان وابوو کە ئەردۆغان دوای بەدەستهێنانی ئەوەی کە دەیویست ئیتر دوبارە پەرە بە پڕۆسەی ئاشتی دەداتەوە. بەڵام پێچەوانەکەی روویداو ئەردۆغان و ئەحمەد داودۆغڵوی سەرۆک وەزیرانی کابینەکەی بە گڕوتینێکی زیاترەوە ئاگری شەڕیان خۆشکرد.
حکومەتەکەی ئاک پارتی پشتی کردە پەیەدە (پارتی ئاشتی دیموکراتی کوردستان) لە سوریا لەبەرئەوەی بەشێکن لە پەکەکە هەرچەندە شەڕی هێزەکانی بەشار ئەسەدیشیان دەکرد. هەروەها ئاک پارتی پشتی کردە پارتە سیاسییە یاساییەکەی وڵاتەکەی خۆشی هەدەپە (پارتی دیموکراتی گەلان)، کە ئەمە وەک تۆڵەسەندنەوەبوو لە هەدەپە بۆ تێكشکاندنی بەربەستی ١٠% و رێگەنەدان بە ئەردۆغان تا دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی پاردا. جگە لەمەش پشتکردنە هەدەپە بە مانای تێکدانی هەموو پردەکانی پەیوەندی هات لەگەڵ پەکەکە لەبەرئەوەی هەدەپە پردی پەیوەندی نێوان حکومەتی تورکیاو پەکەکەبوو، ئەگەر پەیوەندیەکان بەرەو باشتر بڕۆشتنایە. دوابەدوای هەموو ئەمانە دواین کاری حکومەتی تورکیا هات کە ئیهانەکردنبوو بە ١٢٠٠ رۆشنبیرو مامۆستای زانکۆ کە ئیمزایان کۆکردبووەوە مانگی پێشوو و ئیدانەی توندوتیژیەکانی هێزە ئەمنیەکانی تورکیایان کردبوو لە باشوری رۆژهەڵاتی وڵات، لە ئەنجامدا ئەردۆغان ئەو رۆشنبیرو مامۆستایانەی زانکۆی بە ئاشکرا بە خیانەتکار لە قەڵەمدا. جگە لەمە، لە ئێستادا مەترسی ئەوە هەیە کە تورکیاو روسیا لەسەر شاری حەلەب ببێتە ناکۆکییان.
ناڕەزامەندی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیداو گوێنەدانە ئەو رێیەی گرتوێتیەبەر و زیانە مرۆییەکانی بەدوای خۆیدا هێناویەتی تەواو مەترسیدارە. ئەمە لە کاتێکدا دێت کە وڵاتانی ئەوروپا تەواو پێویستیان بە یارمەتی تورکیا هەیە لە چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەراندا. ئەوروپا دەبێت بەردەوامبێت لە داواکردنی یارمەتی لە تورکیا، بەڵام ناشبێت چاومان دابخەین لە سیاسات و بڕیارەکانی تورکیا کە پڕن لە دوفاقی و مەترسیداری. ئەم هەڵسوکەوتانەی تورکیا دیموکراسیە لەقەکەیان زیاتر دەخاتە ژێر پرسیارەوەو ئاگری جەنگێک خۆش دەکات کە تاکو ئێستا ناوچەکەی نیو خاپور کردووە.
وەرگێڕان: یاد زانا قوربانی
10/2/2016