فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

عارف قوربانی

ئه‌مریكا وه‌ك زلهێزێكی جیهانی كه‌ ده‌ستی گه‌یشتووه‌ته‌ زۆر كونج و كه‌له‌به‌ری رووی زه‌وی، به‌ درێژایی ته‌مه‌نی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كورد، كاریگه‌ری و په‌یوه‌ندی به‌م به‌شه‌ی كوردستانه‌وه‌ هه‌بووه‌. ئێرانیش وه‌ك وڵاتێكی كاریگه‌ر و گه‌وره‌ی ناوچه‌كه‌، كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵگری هه‌مان خه‌سڵه‌تی ئه‌مریكایه‌ له‌ هاویشتنی په‌لوپۆ بۆ ناو هاوكێشه‌ و ململانێكان، به‌ڵام له‌ ناوچه‌یه‌كی بچووكتردا، ئه‌ویش به‌ حوكمی دراوسێیه‌تی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی و كاریگه‌ری به‌ جوڵانه‌وه‌كانی كورده‌وه‌ له‌ عیراقدا هه‌بووه‌ و ئێستاش له‌ هه‌مووكات زیاتر هه‌یمه‌نه‌ی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و ئابووریی ناوچه‌كه‌ دروستكردووه‌.

ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی دوور و درێژه‌ نه‌یاری یه‌كترین، به‌ڵام هه‌ردووكیان كه‌ له‌ هه‌ندێ‌ قۆناغدا پێكه‌وه‌ و زۆر جاریش به‌ جیا، هاوكاریی كوردیان كردووه‌. ئه‌گه‌ر بڕیار بێت له‌ سیاسه‌ت و ئه‌ته‌كێتی دیپلۆماسی پشتیوانی و به‌ هاناوه‌چوون و كۆمه‌ك، وه‌ك قه‌رزێك وێنا بكرێت، ئه‌وه‌ كورد قه‌رزاری ئێران و ئه‌مریكایه‌.

گه‌رچی له‌پاڵ پشتیوانی و هاوكارییه‌كانیان بۆ كورد، به‌شێك له‌ ئۆباڵی شكستی شۆڕشی ئه‌یلولیش ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆیان، جا ئه‌وه‌یان وه‌ك موئامه‌ره‌یه‌ك له‌ كورد و شۆڕشه‌كه‌ی كردبێت، یان ره‌وتی رووداوه‌كان به‌و جۆره‌ ئاراسته‌ی كردبن، له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌، سه‌رباری چاكه‌ و قه‌رزه‌كانیان به‌سه‌ر كورده‌وه‌، ئه‌و خراپه‌یه‌ش له‌ مێژوودا له‌سه‌ریان تۆمار كراوه‌.

به‌ درێژایی ته‌مه‌نی شۆڕشه‌كانی كورد، به‌هۆی ناكۆكیی ئێران له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عیراق، ئێران كۆمه‌كی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردی كردووه‌، ئه‌مریكاش به‌ڕێگه‌ی جۆراوجۆر و شێوازی دیكه‌، له‌ چه‌ند قۆناغێكدا ده‌ستی به‌ كورده‌وه‌ گرتووه‌. له‌كاتی جه‌نگی ئێران- عیراقدا، له‌كاتێكدا رۆژئاوا به‌ هه‌موو جۆرێك پشتیوانی سه‌دام بوون دژ به‌ ئێران، به‌ڵام له‌ كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌كاتی ئه‌نفالدا، ئێران و رۆژئاوا پێكه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگییان كردووه‌ بۆ یارمه‌تیدانی كورد.

له‌ كۆڕه‌وی ساڵی 1991یشدا به‌ هه‌مان شێوه‌، ئێران سنووره‌كانی به‌ رووی لێشاوی ئاواره‌كاندا كرده‌وه‌ و ده‌رگاكانی بۆ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان خسته‌ سه‌رپشت بۆ به‌هاناوه‌چوونی كورد. له‌ قۆناغی دواتریشدا كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بناغه‌ی حوكمڕانیی كوردی دانرا، له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌ی رۆژئاوا و جۆرێك له‌ پشتیوانی و مامه‌ڵه‌ی فه‌رمی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم، ئێرانیش بناغه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراند و مامه‌ڵه‌یه‌كی واقیعیانه‌ی له‌گه‌ڵ كرد.

له‌ سه‌روبه‌ندی بڕیاردان له‌ رووخانی سه‌دام و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ عیراق، به‌هاناوه‌هاتنی ئه‌مریكا بۆ لێدان له‌ گرووپی (ئه‌نساری ئیسلام) و وێناكردنی كورد وه‌كو هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا و په‌ره‌سه‌ندنی خێرای په‌یوه‌ندیی سیاسی و دیپلۆماسی له‌نێوان كورد و ئه‌مریكا، دابڕانی له‌ په‌یوه‌ندیی كورد و ئێران دروست نه‌كرد و كورد ئه‌و قۆناغانه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتوویی بڕی.

ته‌نانه‌ت ته‌واجوودی ئه‌مریكا له‌ عیراق و په‌یوه‌ندیی پته‌وی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كورد، سه‌رباری قووڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران، كورد له‌و دۆخه‌شدا هاوسه‌نگی له‌ده‌ست نه‌دا، له‌یه‌ككاتدا دۆستی ئێران و دۆستی ئه‌مریكاش بوو، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكییه‌ مه‌زهه‌بییه‌كانی عیراق و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، جۆرێك له‌ ترازان له‌و هاوسه‌نگیه‌ دروست بوو.

زۆری پێنه‌چوو به‌هۆی هاتنی داعشه‌وه‌ دۆخێك هاته‌وه‌ پێش كه‌ له‌یه‌ككاتدا ئێران و ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی دژ به‌ داعش پشتیوانی له‌ كورد بكه‌نه‌وه‌ و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی دایه‌وه‌ كورد، پارسه‌نگی هاوكێشه‌كه‌ وه‌ك خۆی رابگرێته‌وه‌.

له‌ئێستاشدا سه‌رباری رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئێران كه‌ ئه‌مریكا رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌و رێككه‌وتنه‌دا بینی و ره‌زامه‌ندیدانی ئه‌مریكا به‌ سووككردنی ئابڵوقه‌ی سه‌ر ئێران، به‌ڵام ململانێكانیان هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و تا دێت زیاتر دابه‌شبوون و جه‌مسه‌ربه‌ندیی جیهان، لێكیان دوور ده‌خاته‌وه‌ و دوور نییه‌ له‌ ئاینده‌دا ناكۆكییه‌كانیان زیاتر قووڵ ببێته‌وه‌.

مه‌به‌ست لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كورد چی بكات تا په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا بپارێزێت و نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كانیان، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ رابردوودا جۆرێك له‌ هاوكاری و كۆمه‌كی كوردیان كردووه‌ و نابێت ئێمه‌ نمه‌ك حه‌رام بین، له‌ سیاسه‌تدا خۆ به‌ قه‌رزار بینین جۆرێكه‌ له‌ خوارده‌سته‌یی، زۆر وڵاتی دونیامان بینی رۆژانێك هاوپه‌یمان بوون و دواجار به‌رژه‌وه‌ندی كردنی به‌ دوژمن. واتا ته‌نیا له‌به‌ر رێزگرتن له‌ مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی رابردوومان نییه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ رابگرین و نه‌بینه‌ ته‌ره‌فی هیچ لایه‌كیان، به‌ڵكو پێویستییه‌كانی قۆناغی داهاتوو ئه‌وه‌مان لێ ده‌خوازێت كه‌ ئێمه‌ دۆست و هاوپه‌یمانی هه‌ردوولا بین.

له‌كاتێكیشدا كه‌ جیهان به‌ ته‌واوی خه‌ریكه‌ له‌ دابه‌شبوونی جه‌مسه‌ره‌كان یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ر وڵاته‌ و به‌پێی پێگه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، رۆڵی خۆی له‌ جه‌مسه‌ره‌كاندا به‌هێزتر ده‌كات، بێگومان كارێكی قورسه‌ كورد له‌م نێوه‌نده‌دا بتوانێت بێلایه‌ن بێت و دۆستی هه‌ردوو به‌ره‌ی ململانێكه‌ بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ش ده‌بێته‌ شوێنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندی و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان.

به‌ڵام ئه‌زموونی رابردووی هه‌رێمی كوردستان پێمان ده‌ڵێت، كورد ده‌توانێت ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ بپارێزێت كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ پلان و سیاسه‌تی تاكتیكیش نه‌بووبێت، ره‌نگه‌ ئاسه‌واری دووبه‌ره‌یی ئه‌و خێره‌ی بۆ كورد هه‌بووبێت. ئێستاش پێویستمان به‌وه‌یه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم له‌سه‌ر ستراتیژێك رێككه‌ون و پاشان به‌ حوكمی جوگرافیا و به‌رژه‌وه‌ندی رۆڵ له‌نێوان هێزه‌كان دابه‌ش بكرێت بۆ راگرتنی هاوسه‌نگیی په‌یوه‌ندییه‌كان، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی باڵای میلله‌ته‌كه‌مان.

هه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، هه‌ركات كورد هه‌موو ئومێدێكی له‌سه‌ر لایه‌نێكی ململانێ یان هاوكێشه‌كان بنیات نابێت، سه‌رئه‌نجام شكستی خواردووه‌، ئه‌وه‌شمان بۆ سه‌لماوه‌ كه‌ كورد له‌ راگرتنی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ قازانجی كردووه‌. پێشتریش ره‌خنه‌یه‌كی زۆر هه‌بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد نابێ هه‌موو هێلكه‌كانی بخاته‌ سه‌به‌ته‌ی به‌ره‌ی رۆژئاوا و توركیاوه‌، پاساوێك هه‌بوو كه‌ توركیا ده‌روازه‌كانی به‌ڕووی جیهاندا كراوه‌ن و ئێران ئابڵوقه‌ی ئابووری له‌سه‌ره‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئابڵۆقه‌ له‌سه‌ر ئێران لاده‌برێت، قۆناغێكی تازه‌ له‌ كرانه‌وه‌ی جیهان به‌ڕووی ئێراندا ده‌ستپێده‌كات و كورد ده‌توانێ سوود له‌و كرانه‌وه‌یه‌ وه‌ربگرێت و هاوسه‌نگی له‌نێوان هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ دروست بكات.

مه‌رجیش نییه‌ پێویست بێت بۆ موباده‌ره‌ی پێویستی ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ر چاومان له‌ به‌رپرسان و سیاسییه‌كانی وڵات بێت، ده‌شێ نوخبه‌ی رۆشنبیر، كه‌سایه‌تییه‌ خاوه‌ن پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌رمه‌شقی كردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رگا تازه‌یه‌ بن بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ توركیا به‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌ره‌ی رۆژئاوا و ئێران.

28/1/2016

 

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان