مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
لۆژیكی پزیشكه‌كان بۆ تێڕامان له بارودۆخی كورد و كێشه‌كانی، گونجاوتره له لۆژیكی فه‌یله‌سوفه‌كان و ئه‌هلی فیكر و سیاسه‌ت. چونكه، پزیشكه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ واقیعدا ده‌كه‌ن، نیو ئه‌وه‌نده بایه‌خ به‌لایه‌نه‌كانی تر ناده‌ن. به‌ڵام فه‌یله‌سوفه‌كان و ئه‌هلی فیكر و سیاسه‌ت، ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌یاڵی خۆیانه‌وه پێوه‌ر داده‌تاشن بۆ ئه‌ندازه‌گیری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه، نیو ئه‌وه‌نده ئاماده‌نین به‌واقیعی كێشه‌كان ببینن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
پزیشكه‌كان، سروشتیان وایه، یه‌كه‌م قۆناغی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ هه‌ر جه‌سته‌یه‌كی نه‌خۆشدا، دیاری كردن و ته‌شخیسی نه‌خۆشی و ته‌مه‌نی نه‌خۆشینه‌كه و دیاریكردنی قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتنی نه‌خۆشینه‌كه‌یه، به‌شێوه‌ی تاقیگه‌یی و سه‌یركردنی وردترین ڕواڵه‌ته‌كان و ده‌رهاویشته‌كانی نه‌خۆشینه‌كه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌مترین پێناسه‌ی نه‌خۆشینه‌كه بكه‌ن. به‌ڵام فه‌یله‌سوف و بیرمه‌نده‌كان، ئه‌وه‌نده‌ی پێناسه‌ی باڵا و فه‌وقی دیارده‌كان ده‌كه‌ن، نیو ئه‌وه‌نده ته‌شخیسی نه‌خۆشه‌كان ناكه‌ن.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه، پێویسته ئێمه له گۆشه‌نیگای پزیشكه‌كانه‌وه سه‌یر واقیعی نه‌ته‌وه‌ی كورد بكه‌ین، كه نه‌ته‌وه‌یه‌كه هێشتا نه‌یتوانیوه كه‌مترین قۆناغه‌كانی شارستانیه‌ت و ده‌وڵه‌تداری ببڕێت. كورد تا ساڵی 1991 نه‌یتوانیوه نامه‌یه‌ك له‌قوتابخانه‌یه‌كه‌وه بۆ قوتابخانه‌یه‌كی تر به‌كوردی بنێرێت، هه‌روه‌ها نه‌یشیتوانیوه به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌یه‌كی هه‌بێت.
هه‌روه‌ها له‌باری شارستانیه‌تیشه‌وه، كورد له‌قۆناغی گڕوگاڵدایه، ئه‌گه‌ر سه‌یری سیمای شاره‌كان بكه‌ین، یان سه‌یری جۆری خواردنی ناو چێشتخانه‌كان، به‌رنامه‌ی كه‌ناڵه‌كان، میتۆدی نووسینی نووسه‌ره‌كان، مۆدیله‌كانی جلوبه‌رگی مرۆڤی كورد، بیناسازی، به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق، وێناكردنی تابلۆیه‌ك، سیاسه‌تكردنی كورد، مۆدیلی حیزبایه‌تی، ژیانسازی به‌گشتی بكه‌ین، تێده‌گه‌ین كورد له قۆناغه هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كاندایه.
لێره‌دا، به‌راوردێكی زۆر سه‌رپێی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا به‌و حاڵه‌ته بكه‌ین كه كوردی تێدایه، ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌ڕووی هونه‌ری بیناسازییه‌وه به‌راوردێكی ڕووكه‌شانه به‌چاوی سه‌ر بكه‌ین له‌نێوان شارێكی یه‌مه‌ن و شارێكی كوردستاندا، مرۆڤ هه‌ر له‌ڕێی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه، ڕاسته‌وخۆ كه‌شارێكی یه‌مه‌ن ده‌بینێت، به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندی هونه‌ری بیناسازییه‌وه شاره‌كه ده‌ناسێته‌وه. یان شارێكی ئێرانی. یان بینایه‌كی ئه‌فریقی، ئه‌ها زۆربه‌ی جار هاووڵاتیی لای خۆمان ده‌ڵێت: "خانوویه‌كی غه‌ربی ده‌كه‌م" ئه‌وه ڕێك ته‌عبیركردنه له‌و ئاسته‌ی كه هونه‌ری بیناسازی له‌ناوشارستانیه‌تی غه‌ربیدا پێیگه‌یشتووه. یان لای یه‌مه‌نی و ئێرانییه‌كان.
ئایا كورد وه‌ك نه‌ته‌وه توانیویه‌تی هیچ به‌شدارییه‌ك بكات له‌دروستكردنی ئه‌و ده‌ستكه‌وته مرۆییانه‌دا؟ ئایا ده‌قی كوردی و تابلۆی كوردی و خواردنی كوردی و زانستی كوردی و شاری كوردیمان هه‌یه؟.
هه‌موو ئه‌و پرسیارانه بۆ ئه‌وه‌یه له پێگه‌ی شارستانی كورد له‌م چركه‌یه‌دا به‌ڕوونی تێبگه‌ین. ئه‌و كاته كاڵا له‌قه‌د باڵا ڕه‌خنه بگرین له‌دیارده‌كانی ژیان و سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداری كوردی.
ئایا نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌توانێت به دوو ده‌یه ببێته خاوه‌نی دیموكراسیه‌تی تایبه‌ت به‌خۆی؟ له‌كاتێكدا پێشتر هیچ ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌تداری و به‌ڕێوه‌بردنی نه‌بووه؟ پێشینه‌ی نییه و، به‌ڕێوه‌بردن و سیاسه‌تیش پرسێكی ته‌راكومییه؟!.
له‌كاتێكدا، به‌لۆژیكی پزیشكه‌كان سه‌یری نه‌خۆشینه‌كانی كورد ده‌كه‌ین، تێده‌گه‌ین كورد له‌قۆناغێكدایه، كه ناتوانێت له‌وه زیاتر بێت كه ئیستا هه‌یه. ناتوانێت نمونه‌یه‌كی پێشكه‌وتووتری شار و شارستانیه‌ت و حوكمی هه‌بێت.
ئه‌مه بۆ ئه‌و گه‌لانه‌ش ڕاسته كه له‌كاتی خۆیاندا به‌م قۆناغه‌ی ئێستای كوردستاندا تێپه‌ریون. ئایا كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی له‌سه‌رده‌می قڕكردنی هیندییه سووره‌كاندا، یان له‌سه‌رده‌می چه‌وساندنه‌وه‌ی ڕه‌شپێسته‌كان و شۆڕشه‌كانی مارتن لۆسه‌ردا، هه‌مان ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه بوو كه‌ئێستا هه‌یه؟ ئایا ئه‌زموونی دیموكراسی ئه‌و سه‌رده‌می له‌ئه‌ورووپا ڕێگه به‌ده‌نگدانی ژنان نه‌ده‌درا، هه‌مان ئه‌م ئه‌زموونه‌یه كه‌ئێستا هه‌یانه؟ بێگومان نه‌خێر.
ئه‌وان، له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌وشێوازه له‌دیموكراسیه‌ت تێگه‌یشتوون، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان ئه‌زموون هه‌بوو. بۆ كوردستانیش هه‌مان پڕنسیپ ڕاسته، ئێمه زوڵم له كوردستان و له‌كورد ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوان بین نموونه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌كۆمه‌ڵگه‌كانی تر هه‌یه پێشكه‌ش بكات، له‌هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه. چونكه كورد له‌ئێستادا "خیبره‌ی ته‌راكومی" هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه كه موماره‌سه‌ی ده‌كات.
دواجار: كه‌له كرۆكی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و نه‌ته‌وه‌ی كورد تێگه‌یشتین، هێورتر و ئه‌قڵانی تر مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ سروشتی كێشه‌كانی شارستانیه‌ت و حوكم و ئیداره‌دا كرد. جه‌ختمان كرده‌وه له لۆژیكی پزیشكه‌كان و ته‌شخیسی كێشه‌كان و، دوور كه‌وتینه‌وه له پێناسه فه‌وقی و پێوه‌ری باڵا و خه‌یاڵی ئه‌هلی فیكر و فه‌لسه‌فه، ئه‌وكاته واده‌كه‌ین كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئه‌م قۆناغه هه‌ستیاره به‌بێ پێكدادانی وێرانكه‌ر و خویناوی تێپه‌ڕێنێت.
به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، دانانی پێوه‌ری خه‌یاڵی باڵا بۆ دیموكراسیه‌ت و حوكم و شارستانیه‌تی كوردی، له‌كاتێكدا واقیعی ئه‌زمونی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌و پێوه‌ره ده‌ڵبانه‌دا ناگونجێت، مرۆڤی توڕه و توندمان بۆ دروست ده‌كات كه هه‌موو شتێك ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و، ناتوانێت هۆكارێكی پۆزه‌تیڤ بێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی و هێمن ئه‌م قۆناغه‌ی ته‌مه‌نی ببڕێت.
8/1/2016