کرمانج عیزەت پەنا
سروشتی دەستەڵات وایە، کاتێ ئەو وڵاتانەی دەکەونە ناو گێژاوی قەیران و تێکڕای ھاووڵاتیانی سەرگەردان ئەبن، تەواو وەکو ئەمڕۆی کوردستان و سەرگەردانیی گەلەکەی بەدەست بارێک قەیرانەوە، ھەمیشە خەڵکەکەی چاویان لە زاری سەرکردەی یەکەمی وڵاتە تا تەنانەت بە وشەیەکیش بێت پەیامێک بدات، بۆ ئەوەی بزانن کە ئەوان لە کۆێی گێژاوەکەن و بەرەو کوێ دەڕۆن.
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە سەری ساڵ ئەو وشە چاوەڕوانکراوانە بوون کە خەڵکی کوردستان ھەست و گوێیان بۆ ھەڵواسیبوو. ناوەڕۆکی زۆر بابەتی گرنگی لەخۆ دەگرت، خۆشبینیەکی تێدا بەدی دەکرا، دڵنیام کوردستانیان زۆرینەی پێیان خۆش بوو. پەیامە ھەرە گرنگەکەی بۆ چارەسەری گەورەترین و ناخۆشترین قەیران کە چارەسەری ناوماڵی کورد بوو، لە دیاریکردنی چەند نەخشەڕێگەی کردەیی. لە ئاستی گشتییشدا بۆ ئایندەی کورد و لەنگەری کەشتییەکەی، مژدەی تێدابوو، تەنانەت بە پێچەوانەی خەمی باخەڵی بەتاڵی خەڵک، پەیمانی دووبارە ئاوەدانی و سەقامگیریی تێدا دەخوێنرایەوە.
بەڵام تۆ بڵێی ئەو پەیامە لەناو ئاڵۆزییەکانی تێکڕای ناوچەکەدا، سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە بە چ لێکدانەوەیەک خوێندبێتیانەوە؟ گومان لەوەدا نییە سیاسەت پەیوەستە بە بەرژەوەندییەوە، کەواتە خوێندنەوەی سیاسییانە بە ئاوێتەکردنی پەیامەکە و بەرژەوەندییەکان جیایە لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو ھاووڵاتیەی تەنھا خەمی سەلامەتیی لەنگەری کەشتییەکەیانە! بۆیەشە من زۆر لە خوێندنەوە سیاسییانەکەی ناوخۆ و دەرەوە خۆشبین نیم و وای بۆ دەچم بەکردەییکردنی پەیامەکە پێویستی بە زەمینە بۆ خۆشکردن ھەیە. ئاشکرایە بەوانەی کە باوەڕ بەوە دێنن بارزانی سەرۆکە و بەوانەی کە وەک مەلای مەشھور باوەڕ نایەنن (پیاو عەیبە لە قسەی خۆی بێتە خوار) کۆکن لەسەر ئەوەی کە کلیلی چارەسەری لای بارزانیە، لێرەوە دیارە ھەمووان کۆکن کە بارزانی ناوەندی بڕیارە، ئیتر خۆشمان بوێ یا نەوێ، کەواتە ئەگەر ئامانج چارەسەریە، دەبێ یەکێ لەو نەخشەڕێگایانە پەسەند بکەین و بە پیریەوە بچین، ئەگینا لەو بانگەشەیەی لایەنەکان بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان دەیکەن، گومان دروست ئەبێ و دەردەکەوێ کە لەگەڵ چارەسەریەکان ڕاستگۆ نین، چاوەڕێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەن بەڵکو قەدەری بەرژەوەندیی خۆیان لە دەرفەتێکی باشتر گیر ببێ.
بە بۆچوونی خۆم کە تێبینیم ھەیە لەسەر ئەو خاڵە، پەیامەکەی بارزانی ئەگەر لە چوارچێوەی حزبە ڕێپێدراوەکان ھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ (دیارە وا دەری دەخات)، ئاسۆبەخش نییە کە ببێتە مایەی کۆکردنەوەی ھەموو کورد و کوردستانیان لە دەوری یەکتر، چونکە پەیامەکە لە بنەڕەتدا نەتەوەیی و نیشتمانییە، لە بازنەی حزبایەتیی ئەوڕۆی کوردستان کە بەداخەوە حزبایەتی خەریکە ببێتە بنەمای ھەموو قەیران و لێکترازانەکان، گەورەترە! ئەبێ مەودای کۆکردنەوەی تێکڕای کوردستانیان جێ کاتەوە، نەک ھەندێ حزبی دیاریکراو کە ئەمە بازنەیەکی تەسکە و پێشتر تاقی کراوەتەوە. ئەو بازنەیەش بە شێوەیەک کە وەکو ئەو ژوورە عەمەلیاتەی بڕیار بوو بۆ سەربەخۆیی دەستبەکار بێ و نەکرا، لەبری زەمینەی ئەنجومەنێکی کوردستانی بڕەخسێنرێ بچوکتر لە کۆنگرەی نەتەوەیی، بە ئەندازەی کوردستانی باشوور تا ھەموو نیشتمانپەروەران و نەتەوەپەروەرانی ئەو پارچەیەی تیا جێ بێتەوە و مەودا بۆ پشتگیریی ھەموو پێکھاتەکانی کورد لە ناوەوە و دەرەوە کراوە بێت. تەنانەت ئەگەر حزبەکانیش لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان نەیەنە ناوی، شۆڕشگێڕانی دڵسۆز بە نەتەوە و نیشتمان بە تاک و کۆمەڵ لەناو ھەمان ئەو حزبانە ئاسێ نەبن و ھەڵوێست بە بەشداریی ئەو ئەنجومەنە وەرگرن و لەو ئەرکە نەتەوەییە خۆیان ببیننەوە و ڕۆل بگێڕێن. بێگومان ئەگەر توانیمان ئەو بازنە نەتەوەییە فراوانتر بکەین، ئەوا باری سەر شانی بارزانییش لادەچێ کە ھەمیشە لەو ڕەخنەیەدا ئاراستە دەکرێ بەوەی تەنیا سەرۆکی پارتییە! لێرەوە دوو دەستکەوتی گرنگ دێنە ئاراوە، یەکیان جولانەوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەورەتر لە حزب بۆ بڕیارە چارەنووسسازەکان و دووەم بارزانی جگە لە پاڵپشتیی ھێزی پارتی، ھێزێکی گەورەتر لە دوای خۆی دەبینێ تا بەرپرسیاریەتیی ئەو قۆناغەی لەگەڵ ھەڵگرن، خۆشی ببێتە موڵکی ھەموو لایەک.
٦/١/٢٠١٦