عادل باخەوان
به‌ڵام له 2010وه هاوکێشه‌که ده‌گۆڕێت! وڵاتانی خاکی ئیسلام به‌گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی پێ ده‌نێنه قۆناغێکی دیکه‌وه. ڕاپه‌ڕینه‌کان ده‌گه‌ن، بن عه‌لی، موباره‌ك، قه‌زافی، ساڵح کوری ده‌سه‌ڵات به‌جێ ده‌هێڵن. سووریا و عێراق ده‌بن به گۆمی خوێن. به‌حره‌ین ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێکی گه‌وره ده‌بێته‌وه. خۆپیشاندانه‌کان له مه‌غریب ده‌ست پێده‌که‌ن…له هه‌لومه‌رجێکی بابه‌تیانه‌ی وادا، هه‌لومه‌رجی ڕاپه‌ڕین، جه‌نگ، به‌تایبه‌تی جه‌نگی هه‌موان دژ به هه‌موان وه‌ك هۆبز پێی گوتین، ئه‌کته‌ره‌کانی ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ، به‌هێزێکی ئه‌فسوناویه‌وه دێنه‌وه مه‌یدان و هه‌م جوگرافیای جووڵانه‌وه‌یان فراوان ده‌که‌ن، هه‌م ژماره‌شیان به شێوه‌یه‌کی خه‌یاڵی به‌رز ده‌بێته‌وه.
من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دا نیم که فیلیپ میگۆ باسی ده‌کات و پێیوایه که بزووتنه‌وه‌کانی ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ،
بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به ئامانجی باڵایان که بریتییه له دامه‌زراندنی خیلافه‌تی ئیسلامی، هه‌میشه به پله‌به‌ندیی دروستکردنی ئیماره‌تدا تێ ده‌په‌ڕن و باشترین نموونه‌ش بریتییه له ئه‌فغانستان. به‌ڵام له‌ڕاستیدا، چرکه‌ساتی داعش تێمان ده‌گه‌یه‌نێت که مۆدێلی ئه‌فغانستانی تاڵیبان و ئه‌لقاعیده یونیڤێرسال نییه و له هه‌موو کات و شوێنێکدا پراکتیك ناکرێت. باشترین نموونه‌ش ڕاگه‌یاندنی خیلافه‌تی ئیسلامییه له‌لایه‌ن داعشه‌وه له 29ی ژونی 2014دا، به‌بێ ئه‌وه‌ی به قۆناغی ئیماره‌تدا تێپه‌ڕێت.
به دیوێکی دیکه‌دا، له‌گه‌ڵ فراوانبوونی جوگرافیای ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ و به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی جیهادیسته‌کاندا، دڕانه‌کانیش ده‌ست پێده‌که‌ن، «براکانی» دوێنێ به‌رده‌بنه گیانی یه‌کتر، حه‌رامه‌کان هه‌تك ده‌کرێن و له‌پێناوی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆکایه‌تیدا، قه‌سابخانه بۆ یه‌کتری دروست ده‌که‌ن. لێره به‌دواوه، چیدی ئه‌لقاعیده‌ی زه‌واهیری مۆنۆپۆلی ئیسلامیزمی ڕادیکاڵی له‌ده‌ستدا نامێنێت، چیدی تاکه به‌ڕێوبه‌ری هه‌ژموون نییه. لێره به‌دواوه، چه‌ندین ستراکتۆری دیکه‌ی جیهادیست له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ناوچه‌یی و جیهانی دروست ده‌بن و له‌نێو کێڵگه‌ی ئیسلامیزمی ڕادیکاڵدا، ده‌بن به خاوه‌نی پێگه‌ی هه‌ژمووندار. کۆی نامه‌کانی زه‌واهیری، کۆی پرانسیپه ئایینییه‌کان له‌سه‌ر چه‌مکی برایه‌تی و پێکه‌وه کارکردن و جیهادی هاوبه‌ش، نه‌ك هه‌ر ناتوانن پارێزگاری له یه‌کگرتووی ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ بکه‌ن، به‌ڵکو هه‌مان ئه‌زموونی سه‌رده‌می یه‌که‌می ئیسلام دووباره ده‌که‌نه‌وه: هه‌روه‌ك چۆن پاش کۆچی دوایی پێغه‌مبه‌ر، هاوڕێکانی ده‌ستیان کرد به دروستکردنی قه‌سابخانه بۆ یه‌کتری، ئاواش ئه‌مان هه‌مان قه‌سابخانه‌یان بۆ یه‌کتری دروست کرده‌وه.
من ده‌مه‌وێت له کۆتایی سه‌ره‌تای ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، ئاماژه به‌وه بده‌م که ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ له جووڵانه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامدایه، له‌گه‌ڵ گۆڕانی دۆخه‌کاندا ئه‌ویش ده‌گۆڕێت و تێکه‌ڵ به ڕووداوه‌کان ده‌بێت. ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ به‌تەنیا شتێك نییه، به‌ڵکو چه‌ندین شته، به‌تەنیا له ئاستێک‌دا خۆی مانیفێست ناکات، به‌ڵکو له چه‌ندین ئاستدا.
لێره‌وه ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی که من له‌م چرکه‌ساته‌دا داده‌پۆشێت، ده‌بێت به گه‌ڕانێکی چڕ بۆ پشکینی هه‌موو ئه‌و ئاستانه: ئایدۆلۆژیا، ستراتیژیه‌ت، میتۆد، ئه‌کته‌ر، گره‌وی کۆی ئه‌م بزووتنه‌وانه. بێگومان هه‌ر یه‌کێك له‌م ئاستانه‌ش له‌نێو مێژوویه‌کدا دروست ده‌بێت و له‌نێو مێژوویه‌کدا گۆڕانکاری به‌سه‌ر خۆیدا دێنێت. ئه‌م مێژووه‌ش لای من له سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامه‌وه ده‌ست پێده‌کات تا ده‌گاته ئه‌بوبه‌کری به‌غدادی و ئه‌وانه‌ش که به‌دوای ئه‌ودا دێن، له سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامه‌وه ده‌ست پێده‌کات تا ده‌گاته دروستبوونی داعش و ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی دیکه‌ش که به‌دوای ئه‌ودا دێن. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه خوێندنه‌وه‌یه‌کی سۆسیۆ پۆلیتیکانه‌ی کۆی ئه‌م مێژووه‌یه.
19/9/2015