نووری بێخاڵی
15 ملیۆن منداڵ بەدەست جەنگ و ناکۆکیی تایەفییهوه، دەناڵێنن
دواجار وەک دەڵین، ئەوەی لە شەڕەکاندا بە میرات بەجێ دەمێنێ، وێنە و نامەکانن. ڕەنگە لەو نێوەدا کورد خاوەنی دەوڵەمەندترین گەنجینە و میراتیی وێنە و نامەکان بێت، چ ئەو وێنە و نامانەی ناو زاکیرەی برینداری خۆی، کە لە گۆڕەپانەکانی شەڕ و لە چۆڵەوانی دوای ئافاتەکانی کۆمەڵکوژی و زیندەبەچاڵ و ڕاوەدووناندا لێی بەجێ مان. یان ئەو وێنە و نامانەی تەتەرێک، کە ئەو ڕۆژگارە بەسەر برینی کوردا هاتووە و ئێستا بۆیانی نمایش دەکات و دەگێڕێتەوە.ڕەنگە وێنەکەی عومەری خاوەر و جگەرگۆشەکەی نزیکترین نموونەی نێو ئەو مێژووە و نامە کەڕوو هەڵێناوەکانی ناو زیندانە تاکەکەسییەکانیش، زیندووترین بەڵگە بن. لەناو هەموو ئەمانەشدا و زیاتر لە نامەکان، وێنەکان هۆکار و تەنانەت کلیلی ئەوە بوونە، کە لە قۆناغێکی دیکەی دوای کوێرەوەری و لە سای هەلومەرجێکی دیکەی پاش بە کۆمردنی کوردان، قوفڵی دەرگای ئاسۆیەکی نوێیان بەڕووی کورددا کردبێتەوە. یان هەرنا کڵاوڕۆژنەی ئومێدێکیان لە دیواری بە خوێن و بارووت و دوکەڵ و مەرگ چنراوی مێژوویدا، بەسەر سبەیەکی نوێ کردبێتەوە. مێژووی مرۆڤایەتی و شەڕ و شۆڕەکانی، بۆمانی دەسەلمێنن کە ئەوە وێنەی کارەساتەکانن، لە وێستگەیەکدا ستۆپ بە ویژدانی خەوتووی مرۆڤ دەکەن و لە ئاستی برین و ژانی مرۆڤی برایدا بێداری دەکەنەوە.
وێنەی (کیم فۆک)، ئەو کچە ڤێتنامییەی کە بە ڕووت و قووتی لەتاو ئازاری سووتانی جەستەی بە ئاگری ناپاڵم ڕادەکات. وێنەیەک وەک قێزەونترین دیمەنی سەدەی ڕابردوو هاتە هەژمارکردن، بووە ڕووداوێکی مێژوویی جەرگبڕ و هۆکاری سەرەکی لە وەستاندنی شەڕی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا. وێنەیەک بە هۆیەوە، وێنەگرەکەیشی (نیک ئۆت)، ساڵی 1973 خەڵاتی پۆلیتەرزی وەرگرت.
( کچە ئەفغانییەک)، وێنەی ئەو کچە ئەفغانییە تەمەن 12 ساڵەی، کە بە هۆی شەڕی نێوان وڵاتەکەی و یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، بە ناچاری لەگەڵ خێزانەکەی لە خیوەتگایەکی پەنابەران لە ناوچەی پیشاوەر لە پاکستان دەگیرسێنەوە. وێنەیەک کە ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی (ستیف ماکۆری) ساڵی 1984 گرتوویەتی و دوای بڵاوبوونەوەی بۆ یەکەم جار ساڵی 1985 لەسەر بەرگی گۆڤاری (ناشیناڵ جیوگرافی) بڵاو کرایەوە، وەک دیمەنێکی قوربانیی جەنگ، سەرنجی تەواوی دونیای بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
(کیڤن کارتەر)، ئەو وێنەگرەی بە هۆی وێنەیەکییەوە لە سودان، ساڵی 1994 خەڵاتی پۆلیتەرزی وەرگرت و هەر بە کاریگەرییەکانی دیمەنەکەش دواجار و پاش سێ مانگ لە گرتنی وێنەکە، خۆی کوشت، یەکێکی دیکەیە لەو وێنە دەگمەنانەی ویژدانی مرۆڤایەتیی هەژاند. لە وێنەکەدا داڵێک بە دیار منداڵێکی سۆماڵیی ڕووت و برسی و لە چاوەڕوانی مردنیدا خۆی مەڵاس داوە، بۆ ئەوەی بیکاتە قووتی ئەو ڕۆژەی. منداڵێک کە بە دووریی یەک کیلۆ مەتر، لە برسان و بە سکەخشکێ دەیەوێ خۆی بگەیەنێتە کەمپێک، کە خواردن بەسەر خەڵک دابەش دەکات.
وێنەگر و پەیامنێری کەناڵی دووی فەڕەنسی (شارل ئەندەرلان) لە ساڵی 2000 و بە هۆی وێنەیەکەوە، کە تیایدا محەممەد دوڕە، ئەو منداڵە فەلەستینییەی بە فیشەکی ئیسرائیلییەکان دەکوژرێ، سەرنجی دونیا بەلای نەهامەتییەکانی خەڵکی غەززە ڕادەکێشێ. محەمەد دورەی تەمەن دوازدە ساڵ، لە پەنا دێوارێکەوە و لە پشتی شتایگەرێکەوە، لە ترسی شەڕە تەقە پاڵی وەپشتی باوکیدا داوە و خۆی لە پشت باوکی پەنا داوە، کەچی ئاگری شەڕ چڕنووک لە بیناقاقای منداڵی دەنێت و ژیان بەو منداڵە ڕەوا نابینێ.
بە پانایی شاخەکە و بە قووڵایی دۆڵەکانی، هەر مەمکمژەی بەجێماو و دەنگدانەوەی زیڕەی منداڵی بێ تاوانە. چیای شنگال، گۆڕێکی سەردانەپۆشراوی ڕستێک منداڵ بوو، کە تینوێتی بڕستی بردن و گیانی کێشان. ئەو منداڵانەی کەسوکارە کۆست کەوتووەکانیان مشتێ خۆڵیشیان شک نەبرد، جەستەی جگەرگۆشە بێنازەکانیانی پێ داپۆشن. ئەو دیمەنانەی بەبهرچاوی دونیا خوێن و مەرگیان لێ دەچۆڕا. منداڵانی کوردی ئێزدی، قوربانییەکی دیکەی ئەو مێژووە دووبارەی کۆکوژی کوردان بوون، ئەو منداڵانەی گوللە نەیپێکان، بەڵام تینی گەرما و تینوێتی هەناسەی ژیانی لێ سەندنەوە.
قەدەرێکی سەیرە، ئاو لە یەک کاتدا و لە دوو دۆخدا دەبێتە سەرچاوەی مەرگی مرۆڤی کورد. لە چیادا بێئاوی و تینویتی منداڵی کورد دەکوژێ، لە دەریاشدا بەربینگی دەگرێ و دەیخنکینێ..
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمە، 2ی ئەیلوولی 2015، دیمەنی منداڵێک، لە کەناری دەریای بۆدرومی تورکیا، کە پاژنەی پێڵاوەکانی ڕوو بەرەو ئاوەدانی کەوتبوون و سەری لە لمی بەدبەختی خۆیدا چەقیبوو. وەک ئەوەی هەموو مرۆڤایەتی بەر نەفرینی خۆی بدات، تەواوی مرۆڤایەتی لە خەوی بێ ئاگایی بێدار دەکاتەوە، چزوو بە ویژدانیانەوە دەنێ و هاوار دەکات: لە کاتێکدا ئاگر وڵاتمان دەکاتە قەرەبرووت، سەرهەڵگرتن و ئاوارەیی بووەتە قەدەری ئەبەدیی نەتەوەکەمان، دەریاش ڕەوایی ئەوەمان پێ نادا بژین.
ئالان کوردی، کە بە مەرگی خۆی سەرلەنوێ و وەک نموونەکانی ڕابردووی قوربانییەکانی جەنگ، وەک بوومەلەرزە جیهانی هەژاند و دونیای لە خەوی غەفڵەتدا بێدار کردەوە و بووە مانشێتی سەرەکیی کەناڵەکانی میدیای جیهانی و هەرێمایەتی و ناوخۆ.
ئەگەرچی دەریای خەونی منداڵیی ئالانی کوردی کوشت و چرای ئاییندەی خامۆش کرد، بەڵام ئالان بە مەرگی بێنازی خۆی بۆ هەمیشە پرسیارێکی لە بەردەم دونیای بانگەشەکاری دیموکراتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەیەکەوەژیان و ئاشتی دانا و خستنیە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و ویژدانی بۆ بەدەنگەچوون و بەهاناوەهاتنی لێشاوی بە سەدان هەزار کۆچبەر و پەنابەری سەرهەڵگرتوو لە ترسی شەڕ و ڕاکردوو لە سێبەری مردن.
ئامارەکان ترسناکن، ئایندەی ئاشتیش لێڵ…
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاسایشی مرۆیی لە ساڵی 2005، دوای تەواوبوونی جەنگی سارد لە سەرەتای نەوەدەکان، دابەزینێکی بەرچاوی ڕێژەی ناکۆکیی چەکداری هەبووە، بەڵام ئەو بەڵگانەی ساڵی 2005 کە لە لایەن سەنتەری نێودەوڵەتیی گەشەپێدان و ئیدارەدانی ناکۆکییەکان لە (ئاشتی و ململانێ)دا خراونەتە ڕوو، ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو پرۆسەی دابەزینە وەستاوە و دووبارە ناکۆکی و ململانێ چەکدارییەکان ڕوو بەرەو هەڵکشاننب.
ڕێکخراوی یونسێف ڕای گەیاند، ساڵی 2014 بۆ ملیۆنان منداڵی گۆی زەوی ساڵێکی پڕ ترس و هەڕەشە و بێئومێدی بووە. چونکە بە هۆی شەڕ و ناکۆکییە چەکدارییەکان ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونیی بەهێز بوونەتەوە، لەسەرووشیانەوە بە زۆر چەکدارکردنیان لەلایەن گرووپە شەڕکەرەکان و میلیشیا تائیفی و ئایینییە توندڕۆکان و بەشداری پێکردنیان لە کردەی سەربازی و شەڕەکاندا.
لەم بارەیەوە ئەنتۆنی لیک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە دەڵێ: اساڵی 2014 ساڵێکی تێکدەر و وێرانکەر بوو بۆ ملیۆنان منداڵ. هەندێکیان لەسەر کورسیی خوێندن، یان لە گەرمەی خەودا کوژران، هەندێکیان بێ دایک و باوک بوون، هەندێکیان ڕفێندران و ئەشکەنجە دران و دەستدرێژیی سێکسیان کرایە سەر، یان بەزۆر کرانە سەرباز و چەکدار، هەندێکیان لە بازاڕەکانی کۆیلەکڕیندا فرۆشران. هەرگیز لە ڕابردوو و لەناو یادەوەریی ئێمەدا کارەساتی وا ڕووی نەداوە، کە ئەو هەموو ژمارە بێ پایانەی منداڵ ببنە قوربانیب.
بە گوێرەی ئامارەکان، ئێستا نزیکەی 15 ملیۆن منداڵ بەدەست ململانێ چەکداری و شەڕەکانەوە لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، عێراق، باشووری سودان، فەلەستین و سووریا دەناڵێنن. زۆربەیان بەهۆی ئەو ناکۆکییانە بوونەتە ئاوارە و پەنابەر، ژمارەی ئەو منداڵانە کە ئیستا لە سەرتاسەری دونیا و بەتایبەتی لەو ناوچانەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی شەڕ و ناکۆکی چەکداری، دەگاتە نزیکەی 230 ملیۆن منداڵ.
تراژیدیای منداڵان لە دونیای جەنگدا
منداڵانی سووریا:
زیاتر لە 7300000 منداڵی سووریا کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ترسناکی شەڕ و ناکۆییەکانی ئەو وڵاتە، کە لەو ژمارەیە، 1700000 بوونەتە ئاوارە و پەنابەر. بە گوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، تەنیا لە نۆ مانگی دەسپێکی ئەمساڵدا 35هێرشی چەکداری کراونەتە سەر ناوەندەکانی خوێندن، کە بوونەتە هۆی کوشتنی 105 منداڵ و برینداربوونی 300ی دیکە. ئەمە و جگە لە کوژرانی 10000 منداڵی دیکە بە هۆی بۆردومان و تۆپبارانە هەڕەمەکییەکان، سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە 10000 منداڵ لە زیندانەکانی ڕژێمی سووریا، لەژێر ئەشکەنجەدان، وێڕای دەیان و سەدان منداڵی دیکە کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و میلیشیا توندڕۆکان ناچار بە چەک هەڵگرتن و کاری سەربازیان کردوون و بەشداری شەڕەکانیان پێ دەکەن، یان دەیانکەنە خۆکوژ، لەگەڵ دەیان و سەدان منداڵی دیکە کە دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتە سەر. بە گوێرەی ئامارێکی تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ و لیژنەی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی، لە سەرهتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە 4000 حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی تۆمار کراون.
منداڵانی عێراق
لە عێراقدا ژمارەی ئەو منداڵانەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ بوونەتە قوربانیی شەڕ و ململانێکان دەگاتە زیاتر لە 2700000 منداڵ. نزیکەی 700 منداڵ لە شەڕەکان کوژراون، یان پێکراون و بریندار بوون، تەنانەت هەیانە گوللەباران کراون، یاخود لەسێدارە دراون. بونسێف لە ڕاپۆرتێکیدا هۆشداریی ئەوە دەدات، کەوا منداڵانی عێراق لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەیەکی ترستانکدان. بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، زیاتر لە 360000 منداڵی عێراق تووشی نەخۆشیی دەروونی بوونە، لە 50٪ی منداڵانی ئەو وڵاتە لە خوێندن بێبەش بوونە، تەنیا 40٪ی منداڵانی عێراق دەستیان بە ئاوی خاوێنی خواردنەوە دەگات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووسی، کە هەردوو ڕۆژنامەنووس (تیریس کرستینسۆن و تۆربیۆرن ئەندرسۆن) بەنهێنی ئامادەیان کردووە و ڕاپۆرتەکە لە شەش ڕۆژنامەی بەناوبانگی سویدی و ئاژانسی ئێکسپرێس بڵاو بووەتەوە و تەلەفزیۆنی سویدی پەخشی کرد و وەرگێڕدراوەتە سەر 12 زمانی زیندووی جیهان، بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی منداڵی شیرەخۆر و گەورە لە ناوەڕاستی بەغدا دەردەکەوێ، کە تیایدا کڕین و فرۆشتن بەو منداڵانە دەکرێ و نرخی هیچ کامیان لە 500 دۆلار تێپەڕ ناکات.
کاریگەرییەکانی شەڕ بۆ منداڵان
بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی یونسێف، بە هۆی شەڕەکانەوە 10ملیۆن منداڵ تووشی نەخۆشیی دەروونی و خەمۆکی هاتوون، کە بەشی هەره زۆری ئەو منداڵانە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامین.
دەروونناسەکان و پسپۆرانی بواری پەروەردە جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، کە شەڕ کاریگەرییەکی ترسناکی لەسەر کەسێتیی منداڵ هەیە، بە جۆرێک کە ئەو ترسەی جەنگەکان بە هۆی دەنگی فڕۆکە و تەقە و تەقینەوەی تۆپ و مووشەک و ئاژیرەکانی ئاگادارکردنەوە و بەرهەمی دێنن، لەناو منداڵاندا دەبنە هۆی تووشبوون بە فۆبیا و خەمۆکییەکی توند. هاوکات شەڕەکان قەیرانی شوناس لای منداڵ دروست دەکەن، بەو پێیەی ئەو نازانێ سەر بە کام لایەنی شەڕکەرە و خۆی لێ ون دەبێت، تێناگات بۆچی تووشی ئەو ئێش و ئازارە دەبێت، لەبەرچی و لەپێناو چی و کێ دەبێتە قوربانی. هەروەها لێکۆڵینەوە دەروونی و کۆمەڵناسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کەوا کاردانەوە و ڕەنگدانەوەی مەترسیداری شەڕەکان لەسەر کەسێتی و دەروونی منداڵ لە کاتی شەڕەکاندا دەرناکەون، بەڵکو دوای شەڕ و لای ئەو نەوەیە کاریگەریی ترسناک و کوشندەیان دەبێت، کە لە شەڕەکان ڕزگاریان بووە، بەوەی تووشی چەندین نەخۆشیی دەروونی دەبن. هەر بۆ نموونە، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی یونسێف، نزیکەی 500 ههزار منداڵی عێراق پێویستیان بە چارەسەری دەروونی هەیە، ئەویش لە ئاکامی ئەو ترس و شۆکەی شەڕ لە دەروون و بیرەوەییاندا چاندوویەتی.
17/9/2015