شەریف فەلاح
بە گوتەی سەرۆكی ئاژانسی هەواڵدەریی نیوە فەرمیی میهری ئێران لە رۆژانی داهاتوودا بەشی كوردیی ئەو هەواڵدەرییە دەكرێتەوە.“عەلی عەسكەری” سەرۆكی ئاژانسی میهر كە رۆژی یەكشەممە سەردانی پارێزگای سنەی كردووە، باسی لەوە كردووە كە ئامادەكارییەكان بۆ كەوتنەگەڕی بەشی كوردیی هەواڵدەریی میهر جێبەجێ كراون و لە ماوەی 10 رۆژی داهاتودا یەكلایی دەبێتەوە.ناوبراو لەباری گرنگیی پارێزگای سنە لە چوارچێوەی كولتووردا كردووە، بۆیە ناوەندی ئەو هەواڵدەرییە لەوێ دەبێت.بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە كاتێك دایە كە چالاكوانانی فەرهەنگی و مەدەنیی كورد پێیان وایە ئەو هەوڵانە لە بەرژەوەندیی كورد و زمانی كوردیدا نین و تەنیا چەواشەكردنی زمان و فەرهەنگی كوردین و بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنن.
Read More
ئەرسەلان چەڵەبی شاعیر و چالاكوانی فەرهەنگیی كورد لە لیدوانێکدا بۆ باسنیوز گوتی: “حکوومەت بەم کارە ئەو هەلە دەقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، واتە هەر لەو زمانە کەڵک وەردەگرێ کە زمانەکەی پێ چەواشە بکا، بیخاتە خزمەت ئایدیۆلۆژیای خۆی و پەیامێکی تر کە پێیەتی ئەوەیە کە بیسەلمێنێ تەنیا پارێزگای سنە کوردە و ئەوانی دی کورد نین، واتە ئەو مژارەش دەپێکێ.”
لە درێژە دگوتیشی: ” حکوومەتی ئێران لە رێگەی زمانی زگماگییەوە رەنگە باشتر بتوانێ زەفەر بەریتە مێشکەکان بۆ پڕوپاگەندەکانی خۆی، چۆن ئەو لەو باوەڕە دایە لە ریگەی هەواڵنێرییەکان باشتر دەتوانی لەو زمانە کەڵک وەرگرێ و ئەو جارەیان لە رەهەندێکی ترەوە هێڵی سیاسیی خۆی بەرێتە ناو کۆمەڵگەی کوردستانەوە، ئەگەر لە قوتابخانەکانیش بخوێندرێ بە دڵنیاییەوە مێژووی خۆی و ستانداری خۆی تێدا دەخیل دەکا.”
هەر لەم پەیوەندییەدا “هەڵمەت مەعرووفی” مامۆستای پێشووی قوتابخانەكانی مەهاباد و چالاكوانی فەرهەنگی و سیاسی لە وڵامی (باسنیوز)دا لەبارەی ئەم پرسەوە گوتی: “پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆن کە لە ئێران لە سەردەمی ڕەزاخان و بەناوی ئینقلابی سپی سەریهەڵدا و یەکێک لە خاڵەکانی بریتی بوو لە یەکدەست کردنی جلوبەرگی هەموو خەڵکی ئێران، هیچکات سەری نەگرت ئەوە بە پێچەوانەی تورکیای ئاتاتورک بوو کە سەری گرت و تا ساڵی 1980 ئەو پرۆسەیە بە سەرکەوتنەوە کۆتایی هات، مخابن، بەڵام لە تورکیاش دواتر ناچار بوون دان بە کورددا بنێنەوە و هەندێ ماف بدەن بە کورد.”
ئەوەشی زیاد کرد: “کۆماری ئیسلامیش بەتایبەتی کە ئێستە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی مەبەستم کوردە، چالاک بووەتەوە و بە پێچەوانەی قسەی ئەوان هیچکات لەناو نەچوو و هەڵنەوەشاوە و خاوەنی خەڵکی خۆیەتی، دەیهەوێ مۆدێلی ئێستەی تورکیا هەڵبەت لە ڕووبەر و بازنەیەکی تەسکتردا ڕەچاو بکات کە لەوانە دەتوانین ئاماژە بە دانانی رشتەی خوێندنی زمانی کوردی لە زانکۆی سنە (کوردستان) کە هەڵگری قسە و باسی خۆیەتی، هەروەها باس لە خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا دەکات کە ئەوەش قسەی خۆی لەسەرە لەو لاشەوە بەشی کوردی هەواڵدەری مێهری کردووەتەوە، کە من لام وایە بەپێی ڕێسا و ئامانجەکانی ئەو هەواڵدەرییە، بە باشی بزانین کە ئامانجی دوو شتە: یەکیان دانی هەواڵی دڵخوازی خۆیان بە کوردەکان، دوو: کەمکردنەوەی سەردانی هەواڵدەرییە کوردەکان. هەروەک دەشزانین پێشتریش ماڵپەڕی دیار و نادیار و ….تاد یان هەیە.
لەبارەی ئەو هەوڵەی حكوومەت كە بۆچی تەنیا هەوڵەكانی لە پارێزگای سنە چڕ كردووەتەوە ئەو چالاكوانە سیاسییە گوتی:” نەک ئێستا بەڵکوو لە سەردەمی پەهلەویشەوە بە بەردەوامی تێکۆشاون کوردستان بچووک بکەنەوە و لە چوار پارێزگاوە بیکەن بە یەک و بڵێن کوردستان یانی ئەو یەک پارێزگایە کە مخابن هەندێ بەشەکانیشی وەبەر پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆن کەوتوون.”
“هەر بۆیەش ناوی پارێزگای کوردستانی شومالی کراوە بە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئەوەی ڕاستییە ئەوەیە کە دڵخۆش کردن بە هەر گۆڕانکارییەک لە چوارچیوەی ئەو سیستمەدا تەنیا خۆ فریودان و خۆگەمژاندنە و جۆرێک ماندوویی لە خەباتی پێوە دیارە.”
15/9/2015