حەمەسەعید حەسەن
ئەوە ئاسایییە، ئەم نووسەر، ئیرەیی بەو نووسەر ببات، ڤیرجینیا ۆلف، چونکە ئیرەیی بە جیمس جۆیس دەبرد، بە نووسەرێکی خراپی لە قەڵەم دەدا. تۆلستۆی بەشداریی هیچ جڤینێکی ئەدەبیی نەدەکرد، ئەگەر دەستۆیفسکیی بۆ بانگ کرابا. سارتەر بۆیە خەڵاتی نۆبێڵی ڕەت کردەوە، چونکە کامۆ پێش وی وەریگرتبوو! ئەدونیس دەڵێت: خەلیل حاوی چونکە ئیرەیی پێ دەبردم، هەمیشە لەنێو هاوڕێیەکانیدا خراپ باسی دەکردم. کە لێی دەپرسن، ئەدی ڕای تۆ لەبارەی ئەوەوە چییە، دەڵێت: (ڕێز لە ئەزموونی دەگرم، بەڵام چێژ لە شیعری وەرناگرم.) لەبارەی ئەوەیشەوە کە مەحموود دەرویش گوتوویەتی: (شەرم لە فرمێسکی دایکم دەکەم، تامەزرۆییم بۆ نانی دەستی دایکم هەیە،) ئەدونیس دەڵێت: (پێکەنینم بەو گریانە شیعرییە دێت.)
ئەز لەمیژە ڕەخنە دەنووسم، زۆرینەی ئەوانەی بایەخم بە بەرهەمیان داوە، ئاوڕم لێ داونەتەوە، دەرفەتم بۆ ڕەخساندوون و ڕۆڵم لەوەدا هەبووە، بناسرێن، لێم هەڵگەڕاونەتەوە، ئەوە بۆیە ماوەیەکە زۆر بە وریایییەوە، ناوێک دەخەمە ڕستەوە! ئەوی خوو دەداتە نووسین، پێویستی بە زانینی زمان هەیە، بەڵام شاعیر پێویستە وێڕای زمانێکی جوان، زمانێکی دیکەیش کە زمانی شیعری پێ دەڵێن، بزانێت، کە بە یەکێک لەوانەم گوتووە، هێشتا زووە بۆ بڵاوکردنەوە، لەبری ئەوەی سوپاسم بکات، تۆمەتی بۆ هەڵبەستووم! نزیکەی هەموو ئەوانەی لەڕێی دەستنیشانکردنی کەموکووڕیی نووسینەکانیانەوە، یارمەتیم داون، ڕقێکی هێندە ئەستووریان لێ هەڵگرتووم، ساڵان تێدەپەڕن و بەستەڵەکی ڕقەکەیان ناتوێتەوە. ئەوەی باشە من وەخت شک نابەم، بۆ ڕقهەڵگرتن لەم و لەو تەرخانی بکەم.
بۆ ئەوەی توانای داهێنانمان هەبێت، پێویستە پێشەکی خەیاڵی خۆمان لە کەلەپووری سەرکوتکەر قوتار کردبێت، ئەگەر نا هەر گوتراو دەڵێینەوە. داهێنان زادەی ورووژاندنی گومانە بە ڕووی یەقیندا، ئەوی بە چاوی گومانەوە سەیری کولتووری باو نەکات، ناتوانێت لێی تێبپەڕێنیت و شتی نوێ بڵێت. داهێنەر کەسێکە ترسی لە یەقین هەیە و ئاسوودەیی لە گوماندا دەبینێتەوە، ئاخر تا بە پردی گوماندا ڕەت نەبین، لە بەهەشتی داهێنان نزیک نابینەوە.
ڕۆشنبیر لێ ناگەڕێت، حیزب کارگەیەک بێت و لە ئینسانێکی ئاسایی، فاشیستێکمان بۆ بەرهەم بهێنێت، کە بەبێ بیرکردنەوە، داخوازییەکانی حیزب جێبەجێ بکات. هەوڵی ڕۆشنبیر بۆ ئەوەیە، تاک نەبێتە یەکێک لە مێگەل. ڕۆشنبیر کەسێکە غەریب و تەنیا، سەر بە هیچ لایەن و گرووپێک نییە، سەنگەری هەق، لە دەسەڵاتی ستەمکار دەگرێت. ڕۆشنبیر ئەگەر شاعیر بوو، لەو شاعیرانە نییە کە تووڕەبوونی سیاسی بە شیعریانەوە دیارە و شیعر بۆ ئەوە دەنووسن، بەدەم نەڕەنەڕەوە بۆ جەماوەری بخوێننەوە، ئاخر سرووشتی شیعر وایە، لەگەڵ دروشمبازی و قیژە و هاواردا ناکۆکە.
ئەوە جێی بڕوا نییە، خۆمان بە ڕۆشنبیر بزانین و دژایەتیی دەسەڵاتی هیج ستەمکارێکیشمان نەکردبێت، نە سەنگەرمان لە هیچ دیکتاتۆرێکی داگیرکار گرتبێت، نە لە گوڵ کاڵترمان بە هیچ زاڵمێکی کورد گوتبێت و نە ڕەخنەیەکیشمان لە هەژموونی ئایین هەبووبێت. ئەگەر توانای ئەوەمان هەبێت، وا بنووسین و وا هەڵسوکەوت بکەین کە هەمووان لێمان ڕازی بن، ئەوە هەر چییەک بین، ڕۆشنبیر نین، ئاخر هەرگیز کۆدەنگی لەسەر هیچ ڕۆشنبیرێک نەبووە.
ڕەخنەگری لێزان بکەرە، ئەوی فیکرێک بۆ ڕەخنەگرتن دنەی بدات، بەرکارە. ڕەخنەگر کە دەقێک هەڵدەکۆڵێت، هەست و بیری نووسەرەکەی ناخوێنێتەوە، نەستی بەسەر دەکاتەوە، ئەو لایەنە ڕۆشن دەکاتەوە کە نووسەر بیری لێ نەکردووەتەوە و دەق لێی بێدەنگ بووە، لایەنێک کە ڕەنگە هۆشیارترین خوێنەریش زەینی بۆی نەچێت. هەڵکۆڵین: ڕۆچوونە بە ناخی دەقدا و بایەخدانە بە دیوی ناوەوەی دەق، وەک چۆن ئەگەر پەیکەرتاش هەبێت، لەنێو هەموو گابەردێکدا پەیکەرێک هەیە، ڕەخنەگریش لە هەوڵی دۆزینەوەی پەیکەری نێو دەقدایە. لایەنێکی هاوبەشی نێوان ئایین و ئەدەب ئەوەیە، هەردووکیان پێوەندییان بە ڕۆحی ئینسانەوە هەیە، ڕەخنەگر تیشک دەخاتە سەر ئەو لایەنە ڕۆحییە.
ڕەنگە شیعرێک کە باسی پەپوولەپاییزەیەک دەکات، لە شیعرێک باڵاتر بێت کە باسی نیشتمان دەکات، ئاخر گرنگ بابەتی شیعرەکە نییە، گرنگ بە شیعرکردنی بابەتی شیعرەکەیە. ئەگەر بڵێین: بابەتی شیعری باڵا لەناو شیعرەکەوە هەڵدەقوڵێت و دەڕژێتەوە ناو شیعرەکە، بە هەڵەدا نەچووین. ئەگەر بە ڕاستی شاعیر بین، ئازادیش دەبین، ئاخر ئەوی بۆ بەرزکردنەوەی پایەی شیعریی خۆی، پێویستی بە سیاسەت هەبێت، ڕەنگە ناوبانگ پەیدا بکات، بەڵام هیچ بە شیعر نابەخشێت. ئەوە زادەی هەست بە کەموکووڕی کردنە، ئەگەر بۆ سەلماندنی خۆمان وەک شاعیر، شان لەسەر بالیفی سیاسەت دابدەین، یان دارشەقی حیزب بخەینە بن هەنگڵمان. کە توانای شیعرنووسینمان شک نەبرد، سیاسەت قەرەبووی ئەو بێ توانایییەمان بۆ ناکاتەوە.
مانیفێستی ڕوانگە لە 1970دا، هەرچەندە بە کاریگەریی بەیانە شیعرییەکەی 1969ی گرووپی فازیل عەززاوی و هاوڕێیەکانی نووسرا، بەڵام لە کرۆکدا لەوەی ئەوان نەدەچوو، ئاخر (شیعر 69) داوای ئەوەی دەکرد، ئەدەب لە هەموو دەسەڵاتێک، ئیدی فیکری بێت یان سیاسی، جودا بکرێتەوە و سەربەخۆ بێت، بەڵام (ڕوانگە) بانگەشەی بۆ ئەدەبێکی سیاسیی هاوچەرخ دەکرد. کەسێک لە جیمس جۆیسی پرسیبوو: سەروەختی یەکەمین جەنگی جیهانگرەوە چیت دەکرد؟ گوتبووی: من (یۆلیسیس)م دەنووسی، ئەدی تۆ سەرقاڵی چی بوویت! ڕوانگەیییەکان خۆیان وەک سەربەخۆ و ئازاد نمایش دەکرد، بەڵام ئەدەبی ئایدۆلۆجییان دەنووسی!
بەرهەمی نوێ و نەمر پێشکەش ناکەین، ئیللا مەگەر دەست بە داوێنی ئەو سەروەختەوە بگرین کە تێیدا کۆمەڵ ئەم قۆناغ بەجێ دەهێڵێت و پێ دەنێتە ئەو قۆناغەوە، وەک سێرڤانتس کە بە هۆی (دۆن کیخۆتە)وە، ماڵئاوایی لە سەدەکانی ناوەڕاست کرد، یان وەک دانیاڵ دیفۆ کە لەڕێی (ڕۆبنسۆن کرۆسۆ)وە، جاڕی سەرهەڵدانی کۆمەڵی بۆرژوای دا. سەییاب دەیگوت: (تەنانەت تاریکایییش لە نیشتمانەکەمدا، لە تاریکاییی وەڵاتانی دیکە جوانترە!) ئەگەر بە هیوا بین، بە گوتەی وا نیشتمان پێش بخەین، نائومێد دەبین، ئاخر خۆشویستنی نیشتمان لەوەدا ڕەنگ دەداتەوە، وەک خۆی چۆنە، وەهای ببینین، بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو پێشەوەی ببەین.
با خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندیش بین، ناتوانین بە زمانێکی هەژار، گیان بەبەر جەستەیدا بکەین، بەڵام ئەگەر زمانێکی دەوڵەمەند شک ببەین، دەتوانین نەمریی بۆ ئەزموونێکی هەژاریش دابین بکەین. زمان بەشێکە لە کولتوور، بۆیە زمانی دەوڵەمەند، زادەی کولتووری دەوڵەمەندە، کە باسێک وەردەگێڕین و زمان بە هانامانەوە نایەت، هەڵە لای زمانەکەمان نییە، لای کولتوورەکەمانە. دەتوانین ئایدیا و دونیابینیی شیعرێک جوان تەرجەمە بکەین، بەڵام موزیکی شیعرەکە، پێوەندیی نێوان وشەکان و چۆنییەتیی داڕشتنی وێنە شیعرییەکان، جوان تەرجەمە ناکرێن، ئیللا مەگەر ناپاکی لە دەقی ئۆرگیناڵ بکەین. شیعرێکی باڵای بە زمانێکی پوختی کورتبڕ نووسراو، چۆن تەرجەمە بکەین، کە هەم هەستێکی قووڵی تێدا خەست کرابێتەوە و هەم دەربڕی ئایدیایەکی گەردوونی بێت؟ شیعرێک هەم زادەی واقیع بێت و هەم بە خەیاڵیش ئاو درابێت؟ شیعرێک هەم لایەنی ئاشکرای تێدابێت و هەم لایەنی شاراوە؟ شیعرێک بە زمانێکی کۆنکرێت باس لە ئەبستراکت بکات؟
ئەگەر هەر ئەو ڕێبازە ئەدەبییە پەسەند بکەین کە لە ڕوانگەی خۆمانەوە دروستە، ئەوە پێ بزانین یان نا، لە سەنگەری فاشیزمداین، ئاخر فاشیست کەسێکە بڕوای بە فرەیی و بە جیاوازی نەبێت. ئەگەر لە بازنەی فیکرێکدا خۆمان زیندانی بکەین، ئیدی بە هیوای ئەوە دەبین، کۆمەڵ خۆی لەگەڵ ئێمەدا بگونجێنێت، نەک ئێمە لەگەڵ ڕەوتی کۆمەڵدا بگونجێین، ئەوسا فیکرمان وەک ئایینێکی لێ دێت، ملکەچی یاسای گۆڕان نەبێت و گوێ بە بزاڤی مێژوو نەدات.
نوێکردنەوە کە دابڕانێکی ڕیشەیییە لە کەلەپوور، لە شیعردا هەر بریتی نییە لەوەی: دەست لە کێشی دێرین هەڵبگرین و کێش بە پەخشان ببەخشین، واز لە سەروا بهێنین و خوو بدەینە شیعری بێ پاشبەند، دەستبەرداری دێڕەشیعر ببین و پشت بە ڕستەی شیعری ببەستین، واز لە زمانی حوجرە بهێنین و بە زمانێک بنووسین نزیک لە ترپەی دڵی شەقامەوە، پشت بکەینە ئاخاوتن بە ناوی کۆوە و بایەخ بە تاک بدەین، لە جیاتی ناڵەناڵ و کڕووزانەوەی ڕووکەش، دەربڕی خەمە قووڵ و وجوودییەکانی ئینسانێکی گەردوونی بین، نوێکردنەوە بە پلەی یەکەم ئەوەیە، توانای ئەوەمان هەبێت، مێژووی شیعر بکەین بە دوو بەشەوە، بەشە کۆنەکە و ئەو بەشەی لەوێوە دەست پێ دەکات، ئێمە دەستمان بە نووسینی شیعر کردووە، کاری وا مەزنیش لە گەورەشاعیرانێک دەوەشێتەوە کە لەسەر ئاستی دونیا دەگمەنن و ڕەنگە دەیان ساڵ جارێک، یەکێکیان پەیدا ببێت.
نووسینی ئەدەبی، جا شیعر بێت، یان گێڕانەوە، ئەوە نییە، خەیاڵ تێکەڵ بە واقیع بکەین و هیچی تر، ئەوەیە بزانین خەیاڵ بەگەڕ بخەین، ئەگەر نا ڕەنگە ئەوەی وەک ئەدەبی ڕیالیزمی ئەفسووناوی بە خوێنەری دەفرۆشین، لە درۆیەکی زل بەولاوە هیچی دیکە نەبێت. مەحالە بتوانین، مامەڵە لەگەڵ فانتازیادا بکەین، ئەگەر خاوەنی دونیابینییەکی گەش و کراوە، هەستێکی قووڵ، توانایەکی گەورەی دەربڕین و زمانێکی پوخت و زەنگین نەبین. هونەری بەگەڕخستنی خەیاڵ ناکۆکە لەگەڵ ئەوەدا، هیچی هاوبەش لە نێوان ژیانی ڕۆژانە و دونیای نووسینماندا نەبێت.
لە دونیای نووسیندا، ناوبانگ ناکرێت بە پێوەر، لە نێوان نێرودا و (ڕیتسۆس)دا کە هەردووکیان کۆمۆنیست بوون، یەکەمیان بەناوباگترە، بەڵام لە ڕوانگەی (ئەدونیس)ەوە، دووەمیان شاعیرترە. ئەوە عەوام نییە کە بڕیار لەسەر کارێکی ئەدەبی دەدا، نرخاندنی ڕاستەقینە لای کەسانی شارەزایە، ئەوانەی شیعر لە وڕێنە و فانتازیا لە درۆ جیا دەەکەنەوە. هەموو بەشەکانی (هاری پۆتەر)ی جەی کەی ڕۆڵینگ، کە پڕفرۆشترین زنجیرە کتێبە لەسەر ئاستی دونیا، لە ڕووی هونەرییەوە، بایەخی چیرۆکێکی کورتی (چیخۆف)یان نییە. دونیا (بەیاتی)ی دەناسی، هەرچەندە (سەرگۆن پۆڵس)ی گومناو لەو شاعیرتر بوو.
ئەگەر ئایین بایەخی بە شیعر دابا، زۆر شاعیر شیعری ئایینییان دەنووسی، بەوەیش هەم زیان بە شیعر دەگەییشت و هەم بە زمان، وەک چۆن شیعری سیاسی زیانی بە شیعر و بە زمان گەیاندووە. ئەوەی شاعیرانی سۆفی لە چەشنی حەللاج کە هەم شیعری جوانیان نووسیوە و هەم گەشەیشیان بە زمان داوە، لە لایەن دەسەڵاتی ئایینییەوە نەک هەر هان نەدراون، بەڵکوو بە زەندیقیش لە قەڵەم دراون و دووچاری توندترین سزا بوونەتەوە، ئیدی هەر لە فەرامۆشکردن و نانبڕینەوە، تا زێدبەدەرکردن و لێسەندنەوەی مافی ژیان.
(1) صموئیل شمعون، حوار مع فاضل العزاوی، ما بقی منجماعه کرکوک، کلمات، اخبار 25 تموز 2015
(2) عبدە وازن، حوار الحیاه مع أدونیس، مارس 2010
6/9/2015