بەفراو نوری
پەنابەران نەتەوەیەکی نوێن لەسەر زەوی. ئەمە ڕستەیەکی بەختیار عەلییە لە ڕۆمانی جەمشید خانی مامەوە… لە زمانی جەمشیدەوە. ئەم ڕستەیە بەسە بۆ ئەوەی تێ بگەین کە پەنابەر لە ئەمڕۆدا هەم خۆی جۆرە دۆخێکی نوێیە و هەم ئەو کۆمەڵگایانەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە بەجێیان دەهیلێت و بەرەو ڕوویان دەچێت. سەرەتای دامەزراندنی هەموو سیستمێکی قانوونی لە چەمکی هاووڵاتییەوە دروست دەبێت، لە زۆرینەی کولتوور و کۆمەڵگاکاندا هاووڵاتی و مرۆڤ دەبن بە یەک چەمک کە لە یەک جیا نابنەوە. چەند ساڵێکە کە پرسی مافی مرۆڤ زۆر قسەی لەسەر دەکرێت، سەنگی پرس و پرسەکە لەوەدا کۆ دەبێتەوە، ئایا مرۆڤێکی خالس و گەردوونی لە سەرەوەی چین و نەتەوە و دین بوونی هەیە؟ کە باس لە مرۆڤ دەکەین باس لە چی دەکەین؟
باس لە هاووڵاتیی ناو دەوڵەت و نەتەوەیەک دەکەین یان باس لە مرۆڤ بەگشتی بێ گوێدان بە ڕەگەز و شوناس؟ لە ڕاستیدا مێژووی عمومی مرۆڤ ئەوە دەردەخات کە مرۆڤ و هاووڵاتی دوو چەمکی جیان. ئاگامبن فەیلەسوفی ئیتالی لە کۆی بیرکردنەوەی خۆیدا ئەم پرسیارە دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە کە ئایا پەنابەران و هاوشێوەکانیان لە خانەی مرۆڤدا حساب دەکرێن و چ جۆرە سیستمێکی قانوونی لەبەریان دەگرێت. ئەو لە وتارێکدا بە ناوی ئێمە و پەنابەران قسە لەسەر ئەو دۆخەی پەنابەران دەکات کە گرێدراوی لەدایکبوونی سیستمی دەوڵەت – نەتەوەیە. ئاگامبن باس لە دوو جۆر بوون دەکات، بوونێکی سیاسی و بوونێکی تر کە بە ژیانی ڕووت ناوی دەبات. ژیانی ڕووت ئەوەیە کە مرۆڤەکە دەژی بەڵام هیچ مافێکی هاووڵاتیی نییە. چەمکی هۆمۆساکر کە چەمکێکی سەرەکییە لە بیرکردنەوەی ئاگامبندا ئاماژەیەکە بۆ مرۆڤێک کە ژیانی هەیە و بێ ماف دەژی. ئەو دەڵێت هۆمۆساکر ئەو کەسەیە کە تەنیا خاوەنی ژیانی ڕووتە و هیچ مافێکی نییە و هەموو کەس بۆی هەیە بیکوژێت و کوشتنی لەژێر باری سزادا نییە. هۆمۆساکر بوونێکی قانوونی نییە. دروستبوونی مرۆڤی بێ ماف دیاردەیەکی کۆنە، بەڵام لەگەڵ هاتنەوەی دیاردەی پەنابەردا بەزۆر و بەچڕی، پرسیارەکە مەترەح دەبێتەوە. فەیلەسوفانی یونانی کۆن پێیان وابوو مرۆڤ گەر بێت و لە کۆمەڵگا یان شاری خۆی بە هەر شێوەیەک دوو بکەوێتەوە ئەوا مرۆڤ بوونی خۆی دەدۆڕێنێت. یان بە وتەی قسەی پێشینیانی کوردی کە دەڵێت بەرد لە جیی خۆی سەنگینە، تەواو ڕێز و کەرامەتی دەچنە ژێر پرسەوە. هەم لە کۆمەڵگای خۆی وەک هەڵاتوو و کەمتەرخەم و نابەرپرس سەیر دەکرێت و هەم لە کۆمەڵگاکانی تردا بە کینە و بێ ڕێزی پێشوازیی لێ دەکرێت. ئەم دۆخەی پەنابەر، ئەوە دەسەلمێنێت کە وشەی مرۆڤ وەک شتێکی خالیس و گشتی بوونی نییە، یان حیسابی بۆ ناکرێت. چەمکی مرۆڤ ئێستا گرێدراوی چەمکی هاووڵاتییە، لە زۆربەی سیستمە قانوونی و سیاسییەکاندا تەنیا بە هاووڵاتی دەوترێت مرۆڤ، هەر نیشتەجێیەکی تر کە بیەوێت درێژخایەن نیشتەجێ بێت و هاووڵاتی نەبێت، وەک مرۆڤ حیسابی بۆ ناکرێت. ئەم تێگەیشتنە لە سیستمی سیاسی تەنانەت بە سەر بیرکردنەوەی دوورترین گوندیشدا لە دونیادا زاڵی کردووە، مرۆڤ ئێستا لە هەر کوێ بێت بەو جۆرە بیر دەکاتەوە، گەر هاووڵاتیی ئەم جێگایە نیت، کەواتە مافی مرۆڤەکانی ئێرە ناتگرێتەوە. مرۆڤ وەک خودی مرۆڤ هیچ ڕێزێکی نییە و تەنیا کاتێک ڕێزی هەیە کە هاووڵاتی بێت. چەمکی هاووڵاتی دەتوانێت پلە و پایەی مرۆڤ بوونی تۆ دیاری بکات. بۆیە هیتلەر تەنانەت کاتێک نازییەکانی دەبردە ئۆردوگا بۆ لەناوبردنیان پێش سووتان و کوشتنیان لە چەمکی هاووڵاتی دایدەماڵاندن. بۆ ئەوە ببن بەو هۆمۆساکرەی کە ئاگامبن باسی لێ دەکات. لە ئێستادا پەنابەر بە وتەی ئاگامبن وێنەیەکە هەموو ئەو دەمامکانەی لە خۆی داماڵاندووە کە هاووڵاتی لە دەوڵەتی نەتەوەدا وەری دەگرێت. پەنابەران لە زۆربەی جێگاکاندا هیچ سیستمێکی ماف لەخۆیان ناگرێت. کوژرانی ڕۆژانەی هەزاران پەنابەر لەسەر سنوورەکان و لە ئاوی نێو دەریاکاندا، بێ ئەوەی هیچ یاسا و ڕێسایەکی جیهانی بتوانێت بەرگری لە مافی بوون و نیشتەجێبوونیان بگرێت، نیشانەی لەدایکبوونەوەی هۆمۆساکەرەکەی ئاگامبنە لەسەر سەتحی جیهانیدا. ئەمڕۆ هیچ فەزایەکی جیهانی نییە کە مافی پەنابەر بپارێزێت، پەنابەران نەتەوەیەکی تازەی بێ مافن، کە بوونیان کورت کراوەتەوە بۆ ژیانێکی ڕووت، ژیانێک کە هەر کەس دەتوانێت زەوتی بکات، بێ ئەوەی بکەوێتە ژێر باری لێپرسینەوەوە. مرۆڤ لەو ساتەوە کە لەوە دەکەوێ هاووڵاتی بێت، وەک مرۆڤیش کۆتایی دێت. بە هۆی کولتووری دەوڵەت ـ نەتەوەوە هاووڵاتی تەواو جێگای مرۆڤی گرتووەتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر سەتحی جیهان دەیبینین، جەنگی دوو چەمکی جیاوازن یەکێکیان هاووڵاتییە، ئەوی تریان مرۆڤە. ئەم کێشەیە دەری دەخات کە کێشەی جیهانی مافی مرۆڤ، لە بنەڕەتدا ڕیاکارییەکی سیاسییە کە هەندێ لە هێزەکانی خۆرئاوا وەک چەک بەکاری دەهێنن، مافی مرۆڤ وەک مەرسومێکی یاسایی کە دەبێت لە هەموو جێگا و هەموو دۆخێکدا ئیشی پێ بکرێت، تەواو لە کار کەوتووە. دژایەتیی زۆری پەنابەران لە هەموو کۆمەڵگاکان دژ بە پەنابەر، نیشانەیە بۆ ئەوەی شتێک نییە ناوی مافی مرۆڤ بێت و ئەم مافە تەواو بە مافی هاووڵاتییەوە نەبەسترابێت.
05/09/2015