فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

بەفراو نوری

حەقیقەت لە کاتی ململانێ کۆمەڵایەتییەکاندا ون دەبێت

لە دونیای ئێستاماندا کە سیاسەت باڵی بەسەر ھەموو لایەنەکانی ژیانماندا گرتووە، یەکێ لەو چەمکانەی بەر ئەم دابەشبوون و قەیرانە کەوتووە، چەمکی روشنبیرە کە بەردەوام ماناکانی دەشوێنرێت و بە سیاسەتەوە گرێ دەدرێتەوە، روشنبیر لە ئێستادا وەک کەسێک کە ئیشی بەرھەمھێنانی فیکرە، لە پێشەوەی دیمەن دوور کەوتۆتەوە و باوی نەماوە و وەرگەڕاوە بۆ ئەکتیڤیستێکی سیاسی کە دەبێت بەردەوام لەسەر شاشەکان و میدیاکاندا ھەڵوێست بنوێنێت، ئەم جۆرە ڕوانینەش وای کردووە ھەموو بوارەکانی تری فیکری و کولتووری و زانست …ھتد نەزۆک و بێ بەرھەم بن و ھەمووی گرێ بدرێنەوە بە سیاسەتەوە. ئەم بەستنەوە موحکەم و بەھێزە بە سیاسەتەوە، بۆتە ھۆی ئەوەی گەر بێت و سیاسەتێکی سەرکەوتوومان نەبێت، ئەوا ھەموو کایەکانی تریش تووشی داڕمان و ئیفلیجی دەبن و پەکیان دەکەوێت. ڕوانین لە ڕۆشنبیر وەک کەسێکی سیاسی کە ئیشی بەس ھەڵوێست وەرگرتنە، ئەمڕۆ بۆتە بابەتی یەکەمی ژیانی ڕۆشنبیری و سیاسی. ئەم وێنەیە بۆ ڕۆشنبیر کە ئێستا ھەموو تەرەف و لایەنە سیاسییەکان ڕەواج و بازاڕی دەدەنێ، زیاتر لەژێر کاریگەریی ئایدیای چەپدایە، کە مانای ژیانی مرۆڤ دەبەستنەوە بە چالاکییە حزبی و شوڕشگێڕانەکەیەوە. بۆ نموونە روشنبیر لای ئەنتونیو گرامشی کە خۆی یەکێ لە تێوریسین و دامەزرێنەرەکانی حزبی کۆمۆنیستی ئیتالی بووە، مانایەکی سیاسی و وەزیفەیەکی ئایدۆلۆژیی ڕووتی ھەیە. لای گرامشی چەمکی ھەژموون بەشێکی گرنگە لە تیورە سیاسی و حزبییەکەی، ھەژمون بریتییە لە توانای چینێک لە چینەکان بە ڕازیکردنی چین و تاقمەکانی تر بەوەی قازانچ و ویستەکانی ئەو، وەک قازانچ و ویستی ھەموو کۆمەڵگا سەیر بکەن. ھەر چینێک بتوانێت، ھێزە کۆمەڵایەتییەکان بخاتە دوای ویست و بەرنامەی خۆی، ئەوا دەتوانێت ھەژموونی بەسەر جومگەکانی بیرکردنەوە و بڕیارداندا ھەبێت و دەست بەسەر کۆمەڵگادا بگرێت. ھەژموون لای گرامشی تەنیا دەسەڵاتی چینێک نییە بەسەر بواری ئابووریدا، بەڵکو ھەژموونی راستەقینە کاتێک دەچەسپێت کە ھزر و فیکری چینێک بەسەر سەرجەم کۆمەڵگادا بەرقەرار بێت، ئەمەش ئەو ڕەخنەیە کە گرامشی رووبەرووی مارکسیستە لنینیەکانی کردەوە و پێی وابووە چینی سەرمایەداری حەقیقەتی بوونی خۆی تەنیا لە ڕێگای باڵادەستیی ئابوورییەوە نەچەسپاندووە، بەڵکو لە پاڵیشیدا لە ڕێگای ھەژموونی فیکرییەوە ئەو باڵادەستییەی خۆی مسۆگەر کردووە. لێرەوە کە گرامشی دەگات بە چەمکی روشنبیر و باس لە ڕۆڵی گرنگی روشنبیر دەکات لە بواری بەرقەرارکردنی ھەژمووندا. لای گرامشی روشنبیر بەگشتی دەبێت بە دوو بەش، روشنبیری ترادسیونی یان سونەتی و روشنبیری ئۆرگانیک. روشنبیری سونەتی ئەو روشنبیرانەن کە لە چینی باڵادەست نزیکن و پتر نوێنەری کولتوورێکی مێژوویین و لە بوارەکانی مەعریفە و خوێندن و پەروەردەدا، دەبنە بەرھەمھێنەوەی کولتووری چینی باڵادەست، ئەمانە زیاتر پارێزگاری لە فیکر و مەعریفەی بەرھەمھاتوو دەکەن و خۆیان وەک کادێری روشنبیری و پەروەدەیی پیشان دەدەن. بەڕای گرامشی روشنبیری سونەتی کەرەستەی پیادەکردنی ھەژموونی چینی باڵادەستە لەسەر خانی کۆمەڵگادا. ئەم جۆرە لە روشنبیر پێشتر روشنبیری ئۆرگانیک بوون کە دواتر بە ھۆی گۆڕانی بارودۆخی سیاسییەوە، یان بە ھۆی گۆڕانی تێڕوانین و وەزیفەوە، دەبێت بە روشنبیری سونەتی. بەشی دووھەم لە رۆشنبیران، روشنبیری ئۆرگانیکن، ئەو روشنبیرانەن کە پێچەوانەی روشنبیری سونەتی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پاسەوانی ھەژموونی چینی باڵادەستن، دەبێت ئەنتی ھەژموون بەرھەم بھێنێت و خەڵکان و چینەکەی خۆی لەو ھوشیارییە درۆزنانەی چینی باڵادەست ئاگادار بکاتەوە و ھوشیاریی حەقیقیان پیشان بدات، واتە ئەم جۆرەش لە روشنبیر ھەر دەبێت لە بواری سیاسیدا چالاک بێت و ھەموو چالاکیی خۆی، وەک بەشێک لە چالاکیی چینایەتی و کۆمەڵایەتی سەیر بکات.

لای گرامشی، ھەردوو جۆرەکە لە رۆشنبیر، تەنیا لە ڕێگای شوناسی سیاسییەوە خۆیان پێناسە دەکەن و گرامشی شوێنێک بۆ ئەو روشنبیرانە ناھێڵێتەوە کە دەکرێت لە دەرەوەی سیاسەت، لە دەرەوەی ململانێی چینایەتی، لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیا خۆیان بناسێنن. روشنبیری ئۆرگانیک لای گرامشی بە جۆرێک لە جۆرەکان گرێدراوی چەمکێکی ترە کە چەمکی حزبی شوڕشگێڕە، بە بۆچوونی ئەو، روشنبیری ئۆرگانی بیرکردنەوە و بەرنامەی حزبی شوڕشگێر لە بواری سیاسییەوە دەگوازێتەوە بۆ بوارەکانی تری وەک میدیا و پەروەردە….ھتد. بە ڕای من ئەم وێنەی لە روشنبیر لای گرامشی بە شێوەیەکی زۆر تۆختر زاڵە بەسەر فەزای روشنبیریی کۆمەڵگای ئێمەشدا کە شوێنی ھەناسەدانیان لە دەرەوەی چالاکی و ھەڵوێستی سیاسی بۆ رۆشنبیر نەھێشتووەتەوە. بێ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە کە دەکرێت سیاسەت تەنیا بەشێک بێت لە ستراکتوری کۆمەڵگا و نابێ ھەموو شتێک بخرێتە خزمەتی ئەم بەشەوە. ڕەخنەیەک کە ڕەوایە رووبەرووی گرامشی و ئەم جۆرە لە ڕوانینانە بکرێتەوە ئەوەیە، گرامشی تەنیا لە گۆشەیەکی تەسکی سیاسییەوە روشنبیری خوێندووەتەوە. روشنبیر بەم پێناسەیە تەنیا بەوە دەخوێنرێتەوە کە ئایا لە ڕووی سیاسییەوە و لەناو کایەی سیاسیدا چۆن ڕەفتار دەکات. جگە لە ھەڵوێستی سیاسی، ھیچ شتێکی تر نرخی نامێنێت، غافڵ لەوەی کە دەکرێت بۆ خوێندنەوەی روشنبیر جگە لە پێوەری سیاسی، چەندەھا پێوەری فیکری و مەعریفیی تر ھەبن کە نرخی روشنبیر بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی دەستنیشان بکەن. زاڵبوونی ڕۆشنبیری گرامشیانە بەسەر بیرکردنەوەی ئێمەدا، وای کردووە ھەموو ھەڵوێستێکی سیاسی وەک گوتاری روشنبیری سەیر بکرێت.

لە بەرامبەر ڕوانینەکانی گرامشیدا، ڕوانینێکی پێچەوانەی دیکە ھەیە لە کارل مانھایم، کە لە کتێبێکدا بە ناونیشانی (ئایدۆلۆژیا و یوتوپیا)دا کە لە سەردەمی سەرھەڵدانی نازییەکاندا نووسیوێتی. مانھایم دەیەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە لە سەردەمێکدا کە کێشەی ئایدۆلۆژیا و یوتوپیا زاڵە، مرۆڤ چۆن دەتوانێت جارێکی تر بەردەوام بێت لە بیرکردنەوەدا. ئەو پێی وایە کە لە کاتی ململانێ سیاسییەکاندا، ھەر گرووپێک، گروپێکی تر تاوانبار دەکات بەوەی کە ھەڵگری حەقیقەت نین و باوەڕ و بیرکردنەوەیان تەنیا دەمامکێکە بۆ شاردنەوەی بەرژەوەندییە مادی و دەسەڵاتخوازییەکانی خۆیان. لای مانھایم حەقیقەت لە کاتی ململانێ کۆمەڵایەتییەکاندا ون دەبێت، ھەر ھێز و گرووپێک تەنیا نوێنەری قازانچ و ویستی تایبەتی خۆیەتی، لێرەوە ھیچ گرۆپێک ناتوانێت نوێنەری راستەقینەی بیرکردنەوە بێت، لەبەرئەوەی بیرکردنەوەی ھەر یەکێک لەم ھێزانە وابەستی ڕوانگە و پرسپێکتیڤی تایبەتی خۆیەتی. بەم پێیە دوو جۆر لە بیرکردنەوە لە کۆمەڵگادا زاڵ دەبێت کە یەکەمیان ئایدولۆژی دەبێت و دووھەم یوتوپی. ئایدولۆژیا تایبەتی ئەو گرووپەیە کە ویستی پاراستنی دۆخی ئێستا و ھەلومەرجەکەیە. بۆیە ئەمانە ڕاستییەکان بەو شێوەیە تەفسیر دەکەن لەپێناو نەگۆڕانی دۆخەکەدا. لە بەرامبەردا گرووپی ھەڵگڕی یوتوپیا دەوەستێت کە دەیانەوێت دۆخەکە بگۆڕێت و ھەموو حەقیقەتێک لەپێناو گۆڕینی دۆخەکەدا تەفسیر دەکەن. واتە ھەردوو گرووپەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان راستی و حەقیقەتەکان دەشێوێنن، ھیچ کام لە گرووپەکان ناتوانن راستی و حەقیقەت بەو شێوەیە کە ھەیە بیبین و بیگوێزنەوە. وەک چۆن پێشتریش مارکس گوتوێتی ھەموو فیکرەیەک ئایدۆلۆژیایە، لەبەرئەوەی ھەموو راستییەکان لە بەرژەوەندیی گرووپێکی تایبەتیدا دەشێوێنرێت، لای مارکس تەنیا گرووپێک کە ئەوەی نەکردووە پرولتاریایە، چونکە وەک ئەو دەڵێت پرۆلیتاریا ھیچی نییە لە دەستی بدات، لەبەرئەوە ئەوان دەبنە نوێنەری بیرکردنەوەی ڕاستەقینە. بەڵام بە ڕای کارل مانھایم تەنانەت پرولتاریاش بێ بەش نییە لەو شێواندنە. لای مانھایم ئەوەی کە راستییەکان ناشێونێت و ھەڵگری ڕاستی و حەقیقەتە، تەنیا روشنبیرانن. روشنبیرانن کە بەرگری لە ھیچ بەرژەوەندییەک ناکەن، وابەستەی ھیچ لایەن و گرووپێکی تایبەت نین، ئەوان بەردەوام لە ھاتوچۆدان و گیرۆدەی شوێنێک نین، مانھایم ئەم روشنبیرانە بە مەلەوانی ئازاد ناو دەبات کە لەناو ھەموو گرووپ و چینەکاندا لە ھاتووچۆدان، ھەمان ئەو روشنبیرەی کە دلوزیش بە روشنبیری کۆچەر (نۆماد) وەسفیان دەکات، کە روشنبیرێکن لە شوێنێکدا نامێننەوە و لە کایەیەکدا ناوەستن و پەیوەند نین بە ھیچ گرووپ و لایەنێکەوە، ئەمە ئەو روشنبیرانەن کە دەتوانن راستی و حەقیقەتەکان بە حوکمی ئەوەی لە دەرەوەی بازنەی ئایدۆلۆژیا و یوتوپیاوە دەژین، باشتر وەک خۆیان ببینن. بە ڕای من ئەو دەموچاوە سیاسییەی کە گرامشی دەیدات بە روشنبیر، مانھایم راستی دەکاتەوە و پێگە و شوێنی ڕاستەقینەی ئەم چەمکەمان بۆ دیاری دەکات. دەبێت بڵێم کە بۆچوونەکانی مانھایم لە بنەڕەتدا وەک دژی گرامشی نەنووسراون، چونکە ھەردوو بۆچوونەکە لە یەک قۆناغدا نووسراون کە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمە. ئێمەش دوای ئەم ھەژموونە زۆرەی کە ڕۆشنبیری گرامشیانە سەپاندوێتی، پێویستمان بە ڕۆشنبیرێک ھەیە لە جۆری مەلەوانە ئازادەکەی کارل مانھایم، کە وابەستەی ھیچ گرووپ و تاقمێک نەبێت و خۆی بە نوێنەری بیرکردنەوە بزانێت، نەوەک ھەڵگری حەقیقەت.

31/8/2015

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان